راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

داعش‌و میلیشیا شیعه‌كان ژیانی‌ به‌غدایان شێواندووه‌

خلود ره‌مزی
هه‌ر له‌گه‌ڵ‌ خۆرئاوابووندا به‌غدا به‌ته‌واوی‌ خامۆش ده‌بێت، له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانیش ته‌نها چه‌ند رێبوارێك به‌دی‌ ده‌كرێن…
17.06.2014  |  به‌غدا
Document sent out by Iraq's Ministry of Communication detailing Internet shut down.
Document sent out by Iraq's Ministry of Communication detailing Internet shut down.

Tweet
//

ئه‌و بارودۆخه‌ی‌ ئه‌مڕۆ به‌غدای‌ پیادا تێپه‌ڕ ده‌بێت، زۆر له‌بارودۆخی‌ ساڵانی‌ 2003و 1991 ده‌چێت، له‌سه‌ر شارێ‌و له‌گه‌ڕه‌كه‌كاندا به‌سه‌دان خاڵی‌ پشكنین داندراون‌و خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ به‌هه‌موو مه‌زهه‌ب‌و ئاینه‌ جیاوازه‌كان ترسیان لێنیشتووه‌، له‌م شاره‌ هیچ شتێك وه‌كو پڕوپاگه‌نده‌ به‌خێرایی‌ بڵاونابێته‌وه‌.

كونسوڵخانه‌و باڵیۆزخانه‌ی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌‌و بیانی‌ له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ ناوچه‌ی‌ سه‌وزو به‌باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكاشه‌وه‌ كه‌ گه‌وره‌ترین باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌یه‌ له‌جیهاندا، له‌هه‌فته‌ی‌ رابردووه‌وه‌ ده‌رگاكانیان داخستووه‌و تا كاتێكی‌ نادیار پشوو دراوه‌ به‌كارمه‌نده‌كانیان، هه‌ندێكی‌ تریشیان ته‌نها فه‌رمانبه‌ره‌ لۆكاڵییه‌كان ماون‌و بیانییه‌كان جێیان هێشتووه‌، سه‌رجه‌م ئه‌و باڵیۆزخانانه‌ش پرۆسه‌ی‌ پێدانی‌ ڤیزایان راگرتووه‌.

موسه‌ننا عه‌بدولره‌حمان كه‌ فه‌رمانبه‌ری‌ یه‌كێك له‌باڵیۆزخانه‌كانه‌ له‌به‌غدا به‌"نیقاش"ی‌ وت "مۆڵه‌تیان پێداین‌و هه‌موویان وڵاتیان جێهێشت، به‌ئێمه‌شیان وت بارودۆخه‌كه‌ خراپتر ده‌بێت، پێشم وانییه‌ هه‌تا كۆتایی‌ قه‌یرانه‌كه‌ ده‌رگای‌ باڵیۆزخانه‌ بكرێته‌وه‌ بۆیه‌ له‌سه‌ر ده‌رگاكه‌ كاغه‌زێكمان هه‌ڵواسی‌ كه‌ لێی‌ نوسراوه‌ تا كاتێكی‌ نادیار داخراوه‌".

په‌یمانگای‌ فه‌ره‌نسی‌ له‌به‌غدا كه‌ هه‌تا چه‌ند رۆژی‌ رابردوو سووربوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كاربكات، سه‌رله‌به‌یانی‌ رۆژی‌ دووشه‌ممه‌ 16ی‌ حوزه‌یران نامه‌یه‌كی‌ بۆ سه‌رجه‌م رۆژنامه‌نووسان ناردو تیایدا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ هه‌تا كاتێكی‌ نادیار هه‌موو چالاكییه‌كان راگیراون.

له‌پاڵ‌ هه‌موو ئه‌مانه‌دا حكومه‌تی‌ عێراق له‌رۆژی‌ 13ی‌ مانگه‌وه‌ فه‌رمانیداوه‌ به‌داخستنی‌ فه‌یسبوك‌و یوتیوب‌و تویته‌ر، پاش ئه‌وه‌ش به‌ته‌واوی‌ ئینته‌رنێتی‌ له‌به‌غداو ئه‌نبارو كه‌ربه‌لا‌و چه‌ند شارێكی‌ تری‌ عێراقی‌ كوژانده‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ بیانووی‌ حكومه‌ت ئه‌وه‌ بوو كه‌ له‌به‌ر بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ ئه‌و كاره‌ كراوه‌، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ نزیكه‌كانی‌ ناوه‌ندی‌ بڕیار ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هۆكاره‌كه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ داعش ڤیدیۆی‌ كوشتنی‌ خه‌ڵكی‌ له‌موسڵ‌‌و تكریت له‌سه‌ر ئه‌و په‌یجانه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌و به‌هۆی‌ ئه‌وه‌وه‌ وره‌ی‌ خه‌ڵكی‌ له‌شاره‌كانی‌ تر ده‌روخێت.

كێشه‌یه‌كی‌ تری‌ ئه‌م سایتانه‌ ئه‌وه‌یه‌ بوونه‌ته‌ جێگه‌یه‌ك بۆ هاندانی‌ تائیفی‌، ته‌نانه‌ت زۆرێك له‌رۆشنبیرو رۆژنامه‌نووس‌و خاوه‌ن بڕوانامه‌و كه‌سایه‌تییه‌ گرنگه‌كان، له‌سه‌ر ئه‌و په‌یجانه‌ به‌پێی‌ ئینتیمای‌ تایفی‌ خۆیان نوسین بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌ندێ‌ له‌وانه‌ش جنێوو قسه‌ی‌ ناشرین به‌لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ر ده‌ڵێن.

رۆژنامه‌نووسان له‌هه‌مووان زیاتر گیرۆده‌ی‌ راگرتنی‌ خزمه‌تگوزاری‌ ئینته‌رنێت بوون، تا ئه‌و راده‌یه‌ی‌ هه‌ندێ‌ له‌رۆژنامه‌نووسه‌كان په‌نایان برده‌ به‌ر هاكه‌ر بۆ كردنه‌وه‌ی‌ ئینته‌رنێت‌و له‌رێی‌ پێگه‌ی‌ "proxy"یه‌وه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان ده‌كرده‌وه‌ یان ئینته‌رنێتی‌ مۆبایلیان به‌كارده‌هێنا سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ تێچوونی‌ زۆره‌.

رۆژنامه‌نووس مازن نعمه‌ كه‌ بۆ یه‌كێك له‌رۆژنامه‌ عه‌ره‌بییه‌كان كارده‌كات به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند كه‌ پشتی‌ به‌هاكه‌رێكی‌ شاره‌زا به‌ستووه‌و چه‌ند كاتژمێرێك له‌گه‌ڵیدا بووه‌ تا توانیوێتی‌ به‌رێگای‌ تر ئینته‌رنێت بكاته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئینته‌رنێته‌كه‌ش لاوازو پچڕپچڕ بووه‌، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌شه‌وه‌ كه‌ دره‌نگ بابه‌ته‌كانی‌ ناردووه‌، نه‌یتوانیوه‌ به‌باشی‌ رووماڵی‌ رووداوه‌كان بكات.

فه‌توای‌ عه‌لی‌ سیستانی‌ مه‌رجه‌عی‌ شیعه‌ بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ داعش وایكرد به‌ده‌یان گه‌نج به‌تایبه‌تی‌ بێ‌ كاره‌كان خۆبه‌خشانه‌ بچنه‌ بنكه‌كانی‌ ناونوسین‌و پێیان وابوو فه‌تواكه‌ ئه‌ركێكی‌ شه‌رعییه‌ له‌سه‌ریان.

كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كانی‌ سه‌ر به‌هێزه‌ شیعه‌كان چاوپێكه‌وتنی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و خۆبه‌خشانه‌دا ئه‌نجامدا كه‌ له‌وڵاتانی‌ سویدو نه‌رویج‌و چه‌ند وڵاتێكی‌ تره‌وه‌ گه‌ڕابوونه‌وه‌و چوونه‌ته‌ به‌غداو نه‌جه‌ف بۆ وه‌رگرتنی‌ چه‌ك، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی‌ ناوی‌ خۆیان نوسیوه‌و بۆ ماوه‌ی‌ دوو هه‌فته‌ راهێنانیان پێكراوه‌، ئینجا نێردراون به‌ئاراسته‌ی‌ ئه‌و شارانه‌ی‌ داعش تیایاندا باڵاده‌سته‌.

دیارده‌ی‌ چه‌كداری‌ بووه‌ته‌ یه‌كێك له‌سیما هه‌ره‌ دیاره‌كانی‌ به‌غدای‌ پایته‌خت، ئێستا له‌هه‌موو كوچه‌و كۆڵانێكدا خاڵی‌ پشكنین داندراوه‌، به‌ڵام ئه‌م خاڵانه‌ له‌لایه‌ن سوپاوه‌ به‌ڕێوه‌ نابرێن، به‌ڵكو گروپه‌ میلیشیاكانی‌ عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق‌و به‌درو سه‌در سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كه‌ن‌و ئۆتۆمبێله‌كان ده‌پشكنن، هه‌ر ئۆتۆمبێلێكیش چه‌كی‌ پێبێت ته‌نها پرسیاری‌ ئه‌وه‌ی‌ لێده‌كرێت له‌كوێوه‌ هاتووه‌و بۆ كوێ‌ ده‌چێت.

به‌شێكی‌ زۆری‌ خێزانه‌ به‌غدادییه‌كان بڕێكی‌ زۆری‌ پێداویستییه‌ خۆراكییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ وه‌ك برنج‌و رۆن‌و شه‌كریان كڕیوه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا كه‌ نرخه‌كه‌یان دوو ئه‌وه‌نده‌ زیادی‌ كردووه‌.

به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نرخ به‌هۆی‌ داخرانی‌ رێگای‌ كوردستانه‌وه‌یه‌، چونكه‌ به‌غداو شاره‌كانی‌ تری‌ ناوه‌ڕاست‌و خواروو پشت به‌و كه‌لوپه‌لانه‌ ده‌به‌ستن كه‌ له‌توركیاوه‌ ده‌چێته‌ ده‌روازه‌ی‌ ئیبراهیم خه‌لیكی‌ دهۆك‌و له‌وێشه‌وه‌ بۆ شاره‌كانی‌ تر.

عه‌لی‌ سه‌عدون كه‌ پیاوێكی‌ ته‌مه‌ن شه‌ست ساڵه‌‌و له‌گه‌ڕه‌كی‌ شه‌عبی‌ به‌غدا نیشته‌جێیه‌‌و یه‌كێكه‌ له‌گه‌ڕه‌كه‌ شیعه‌ نشینه‌كانی‌ به‌ری‌ كه‌رخی‌ به‌غدا، به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند كه‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نرخ ته‌نها كه‌لوپه‌لی‌ خۆراكی‌ نه‌گرتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌موو پێداویستییه‌ گرنگه‌كانی‌ تر، بۆ نموونه‌ نرخی‌ یه‌ك بوتڵ‌ غاز بووه‌ته‌ 40 هه‌زار دینار له‌كاتێكدا پێش هه‌فته‌یه‌ك به‌شه‌ش هه‌زار دینار بووه‌.

ئه‌مڕۆ چایخانه‌و شوێنه‌ گشتییه‌كانی‌ به‌غدا هه‌موو سه‌رقاڵن به‌باس‌و خواسی‌ ئه‌م بارودۆخه‌ نوێیه‌، هه‌ندێكیان گه‌شبینن به‌وه‌ی‌ زوو ئه‌م قه‌یرانه‌ كۆتایی‌ دێت‌و هه‌ندێكی‌ تریشیان به‌ره‌شبینییه‌وه‌ لێی‌ ده‌ڕوانن، به‌ڵام هه‌موویان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ پێشبینی‌ رووداوه‌كان ناكرێت، كاتێكیش ده‌چنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ تا به‌ره‌به‌یان درێژه‌ به‌و گفتوگۆیانه‌ ده‌ده‌ن.

هه‌موو ئه‌م رووداوانه‌ پێشتر به‌سه‌ر خه‌ڵكی‌ به‌غدادا هاتووه‌، جاری‌ یه‌كه‌م له‌ساڵی‌ 1991 ئه‌و ده‌مه‌ی‌ رژێمه‌كه‌ی‌ سه‌دام حسێن په‌لاماری‌ كوه‌یتی‌ دا، جاری‌ دووهه‌میش ساڵی‌ 2003 له‌كاتی‌ هێرشی‌ ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر عێراق، به‌ڵام جیاوازی‌ رووداوه‌كه‌ی‌ ئه‌مجاره‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ رقی‌ تایفی‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وپه‌ڕی‌‌و له‌هه‌ر ساتێكدا ئه‌گه‌ری‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌