راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئاواره‌كانی‌ موسڵ‌ چاویان له‌گه‌ڕانه‌وه‌یه‌

عەبدولخالق دۆسکی
ئه‌و خێزانه‌ ئاوارانه‌ی‌ له‌موسڵه‌وه‌ روویان له‌دهۆك كردووه‌، چاویان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ شاره‌كه‌یان مه‌ترسی‌…
13.06.2014  |  دهۆك
A family from Mosul waits at the checkpoint going into Iraqi Kurdistan.
A family from Mosul waits at the checkpoint going into Iraqi Kurdistan.

Tweet
//

ئه‌بوعه‌مارو خێزانه‌كه‌ی‌ بۆ ماوه‌ی‌ چوار كاتژمێری‌ له‌سه‌ر یه‌ك به‌پێ‌ له‌موسڵه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ڕێكه‌وتن، ترسی‌ گه‌وره‌یان ئه‌وه‌ نه‌بوو به‌ده‌ستی‌ داعش بكوژرێن، به‌ڵكو خه‌میان بوو وه‌ك فه‌لوجه‌ شاره‌كه‌ی‌ ئه‌وانیش بۆردومان بكرێت‌و ببن به‌ژێر داروپه‌ردوی‌ خانووه‌كانیانه‌وه‌.

ئه‌و پیاوه‌ ته‌مه‌ن 43 ساڵه‌ له‌وكاته‌ی‌ له‌ریزێكی‌ دوورو درێژی‌ خاڵی‌ پشكنینی‌ به‌درییه‌ له‌سه‌ر سنوری‌ پارێزگای‌ دهۆك وه‌ستابوو به‌"نیقاش"ی‌ وت "چه‌ند كاتژمێرێكه‌ لێره‌ چاوه‌ڕێین، لێناگه‌ڕێن بچینه‌ ژووره‌وه‌و داوای‌ كه‌فیلمان لێده‌كه‌ن".

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ ته‌مر ره‌مه‌زان پارێزگاری‌ دهۆك رایگه‌یاند نزیكه‌ی‌ 200 هه‌زار ئاواره‌ روویان له‌دهۆك كردووه‌‌و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد بۆ پاراستنی‌ باری‌ ئه‌منی‌ رێ‌ به‌هیچ ئاواره‌یه‌ك ناده‌ن بچێته‌ پارێزگاكه‌ ئه‌گه‌ر كه‌فیلی‌ نه‌بێت.

پارێزگاری‌ دهۆك ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد كه‌ ئه‌وان به‌هاوكاری‌ رێكخراوی‌ بڕیاری‌ دروستكردنی‌ دوو كامپیان داوه‌و ئاماده‌كاری‌ بۆ سێهه‌میش ده‌كه‌ن، یه‌كه‌میان له‌ناوچه‌ی‌ خازری‌ نزیك كه‌ڵه‌كچییه‌و دووه‌میان له‌گوندی‌ پیرۆزئاڤای‌ قه‌زای‌ شێخانه‌و سێهه‌میشیان له‌ناوچه‌ی‌ زومار ده‌بێت ئه‌گه‌ر قه‌یرانه‌كه‌ به‌رده‌وام بێت

په‌یامنێری‌ نیقاش سه‌ردانی‌ كامپی‌ پیرۆزئاڤای‌ كرد كه‌ له‌ناحیه‌ی‌ باعه‌زره‌ی‌ قه‌زای‌ شێخانه‌و به‌چاوی‌ خۆی‌ بینی‌ كه‌ ئاماده‌كاری‌ ده‌كرێت بۆ دانانی‌ هه‌زار چادر، هه‌ر له‌مڕووه‌وه‌ زوبێر ته‌ها له‌رێكخراوی‌ كۆردس به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "خه‌ریكه‌ دانانی‌ چادره‌كان ته‌واو ده‌بێت‌و كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین ئاوو كاره‌بایان پێبگه‌یه‌نین".

رائیده‌ فالح له‌گه‌ڵ‌ مێرده‌ نه‌خۆشه‌كه‌ی‌و شه‌ش منداڵه‌كه‌ی‌ تاقه‌ خێزانێك بوون كه‌ له‌و كامپه‌دابوون، رائیده‌ ژنی‌ دووه‌می‌ ئه‌و پیاوه‌بوو كه‌ ناوی‌ حه‌سه‌نه‌و چاوه‌ڕێی‌ هاتنی‌ ژنی‌ یه‌كه‌میشیان ده‌كرد، له‌مڕووه‌وه‌ وتی‌ "سه‌رجه‌م خێزانه‌كه‌مان له‌ 17 كه‌س پێكدێت، ته‌نانه‌ت خواردنیشمان پێ نییه‌".

دوان له‌منداڵه‌كانی‌ رائیده‌ تووشی‌ نه‌خۆشی‌ بووبوون‌و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ بنكه‌ی‌ پزیشكی‌ لێنه‌بوو چاره‌سه‌ر نه‌ده‌كران، خۆیشی‌ نه‌یده‌توانی‌ چادره‌كه‌ جێبهێڵێت، چونكه‌ مێرده‌كه‌ی‌ نه‌خۆشه‌و له‌جێگادا كه‌وتووه‌.

له‌سه‌ر خاڵی‌ سنوری‌ به‌دریه‌ش پێده‌چوو ژماره‌ی‌ ئاواره‌كان كه‌م بوبێتنه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا ئۆتۆمبێله‌كان ریزی‌ درێژیان به‌ستووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ رێی‌ چوونه‌ ژووره‌وه‌یان پێبدرێت.

ئه‌حمه‌د ساڵح یه‌كێك بوو له‌و هاوڵاتیانه‌ی‌ له‌خاڵی‌ پشكنین په‌ڕیبووه‌وه‌، له‌باره‌ی‌ بارودۆخی‌ موسڵه‌وه‌ وتی‌ "هیچ شه‌ڕێك له‌شاره‌كه‌دا نییه‌‌و به‌ته‌واوی‌ له‌ده‌ستی‌ داعشدایه‌، به‌ڵام ئێمه‌ له‌وه‌ ده‌ترسین له‌پڕ حكومه‌ت بێت‌و شه‌ڕی‌ قورس دروست ببێت، بۆیه‌ به‌په‌له‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌مان چۆڵكردوو بۆ ماوه‌یه‌ك له‌لای‌ دۆست‌و ناسیاوه‌كانمان له‌سیمیل ده‌مێنینه‌وه‌".

هه‌رچه‌نده‌ به‌شێك له‌خێزانه‌كان په‌له‌یان بوو له‌خاڵی‌ پشكنین بپه‌ڕنه‌وه‌، به‌ڵام به‌شێكی‌ تریان بڕیاریاندا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌ی‌ خۆیان، ئیسماعیل نعێمی‌ یه‌كێك بوو له‌و هاوڵاتیانه‌ی‌ له‌پێشی‌ ئۆتۆمبێلێكدا دانیشتبوو به‌ره‌و موسڵ‌ ده‌گه‌ڕانه‌وه‌، به‌"نیقاش"ی‌ وت "خزمه‌كانمان له‌موسڵ‌ په‌یوه‌ندییان پێوه‌كردین‌و پێیان راگه‌یاندین كه‌ بارودۆخ ئارامه‌، ئه‌وه‌نده‌ش پاره‌مان پێ نییه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر له‌دهۆك بمێنینه‌وه‌، چونكه‌ ده‌بێت بۆ هه‌ر شه‌وێك 50 دۆلار بده‌ین به‌مۆتێل، بۆیه‌ باشترین شت ئه‌وه‌یه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌ر ماڵ‌‌و حاڵی‌ خۆمان".

له‌شاری‌ دهۆكیش ئه‌بو عه‌بدوڵا به‌ریشه‌ سپییه‌كه‌ی‌‌و دشداشه‌كه‌ی‌ به‌ریه‌وه‌ له‌به‌رده‌م یه‌كێك له‌هۆتێله‌كان وه‌ستابوو، ئه‌ویش باسی‌ ئه‌و بارودۆخه‌ی‌ ده‌كرد كه‌ تیایدا هاتووه‌ته‌ ناو دهۆك‌و وتی‌ "زیاتر له‌شه‌ش كاتژمێر ماینه‌وه‌ هه‌تا توانیمان له‌خاڵی‌ پشكنین بپه‌ڕینه‌وه‌، به‌ڵام كاتێك هاتوینه‌ته‌ دهۆك هه‌ست به‌دڵنیایی‌ ده‌كه‌ین، هه‌رچه‌نده‌ كرێی‌ مانه‌وه‌ لێره‌ زۆر گرانه‌".

ئه‌بو عه‌بدوڵا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێشتر ئه‌وان بڕیاریان وابووه‌ له‌موسڵ‌ بمێننه‌وه‌و نه‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌تا له‌بڵندگۆی‌ مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ بانگه‌واز كراوه‌ كه‌ شه‌ڕێكی‌ قورس له‌شاره‌كه‌دا رووده‌دات، وه‌ك ده‌ڵێت "هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی‌ له‌ماڵه‌وه‌ هه‌مانبوو به‌جێمانهێشت، ته‌نها له‌خه‌می‌ ئه‌وه‌دابووین گیانمان رزگار بكه‌ین، بایی‌ ئه‌وه‌نده‌ پاره‌مان پێیه‌ كه‌ به‌شی‌ چه‌ند رۆژێكی‌ كه‌م بكات".