راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

به‌ربڵاوی‌ شێرپه‌نجه‌ خه‌ڵكی‌ به‌سره‌ ده‌تۆقێنێت

سه‌لیم وه‌ززان
له‌تاكه‌ شه‌قامێكی‌ قه‌زای‌ زوبێری‌ سه‌ر به‌به‌سره‌ بیست حاڵه‌تی‌ شێرپه‌نجه‌ تۆماركراون، هه‌شت له‌وانه‌ كه‌ منداڵبوون…
5.06.2014  |  به‌سرا

Tweet
//

بیست توشبووی‌ شێرپه‌نجه‌ له‌شه‌قامی‌ مه‌حكه‌مه‌ی‌ ناوچه‌ی‌ كوتی‌ ناوه‌ندی‌ زوبێر وایكرد پارێزگاری‌ ئه‌و شاره‌ بكه‌وێته‌ خۆو لیژنه‌یه‌كی‌ هاوبه‌ش له‌ته‌ندروستی‌‌و ژینگه‌ پێكبهێنێت بۆ ده‌ستنیشانكردنی‌ هۆكاره‌كه‌.

به‌شێك له‌به‌رپرسانی‌ ناوچه‌كه‌ داوایانكردووه‌ پشت به‌پسپۆڕانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ببه‌سترێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ هۆكاره‌كان به‌زوویی‌ بدۆزرێنه‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌له‌نزیك ئه‌و ناوچه‌یه‌ باره‌گایه‌كی‌ رژێمی‌ پێشوو هه‌بووه‌و ساڵی‌ 2003 له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ وێران كراوه‌.

خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ بۆ خۆیان گومانیان بۆ ئه‌و چه‌كانه‌ ده‌چێت كه‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا بۆ په‌لاماردانی‌ باره‌گاكه‌ به‌كاریانهێناوه‌، به‌ڵام پسپۆڕان‌و شاره‌زایانی‌ ژینگه‌ی‌ به‌سره‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئاستی‌ تیشكی‌ ژه‌هراوی‌ له‌و ناوچه‌یه‌ له‌نێوان 20 بۆ 25 دایه‌، ئه‌مه‌ش ئاستێكی‌ مه‌ترسیدار نییه‌.

سه‌كر سامی‌ به‌در كه‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌یه‌و به‌ر له‌شه‌ش ساڵ‌ كوڕه‌كه‌ی‌ به‌هۆی‌ شێرپه‌نجه‌وه‌ گیانی‌ له‌ده‌ستداوه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ زۆر هه‌وڵماندا چاره‌سه‌ی‌ بكه‌ین، به‌ڵام دوای‌ شێرپه‌نجه‌كه‌ ته‌نها ساڵێك ژیا".

به‌در له‌گه‌ڵ‌ چه‌ند هاوخه‌مێكیدا سكاڵایان بۆ ده‌سه‌ڵاتی‌ لۆكاڵی‌‌و رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ به‌رزكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا هیچ وه‌ڵامێكیان ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌.

محه‌مه‌د غیدان ئه‌حمه‌د كه‌ موختاری‌ ناوچه‌كه‌یه‌ باس له‌هه‌ڵكشانی‌ ژماره‌ی‌ توشبووانی‌ شێرپه‌نجه‌ ده‌كات‌و ده‌ڵێت "زیاتر له‌بیست حاڵه‌تی‌ ئه‌و نه‌خۆشییه‌مان تۆماركردووه‌، به‌شێك له‌وانه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، بۆیه‌ ترسێكی‌ زۆر له‌دڵی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌دا دروستبووه‌و ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌خێزانه‌كان ئێره‌یان جێهێشتووه‌".

د. شوكری‌ حه‌سه‌ن كه‌ شاره‌زایه‌كی‌ بواری‌ ژینگه‌و مامۆستای‌ زانكۆی‌ به‌سره‌یه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئاوو هه‌وای‌ به‌سره‌ ژه‌هراوی‌ بووه‌و به‌قسه‌ی‌ ئه‌و له‌رێی‌ توێژینه‌وه‌ زانستییه‌كانه‌وه‌ چه‌سپاوه‌ كه‌ یه‌كه‌م‌و دووه‌م ئۆكسیدی‌ كاربۆن‌و ئۆكسیدی‌ نایترۆجین‌و ئۆزۆنی‌ زه‌وی‌‌و ماده‌ هیدرۆكاربۆنییه‌كان ساڵانه‌ به‌رێژه‌ی‌ 18% هه‌ڵده‌كشێن "ئه‌مه‌ش مانای‌ ئه‌وه‌یه‌ ژینگه‌ی‌ ناوچه‌كه‌ له‌به‌رده‌م مه‌ترسییه‌كی‌ گه‌وره‌دایه‌".

ئه‌و پسپۆڕه‌ پێی‌ وایه‌ به‌هۆی‌ ئه‌و چه‌كه‌ یۆرانیۆمانه‌ی‌ له‌هه‌ردوو جه‌نگی‌ ساڵانی‌ 1991و 2003دا به‌كارهێنراون ژینگه‌ی‌ به‌سره‌ به‌ته‌واوی‌ ژه‌هراوی‌ بووه‌، بۆ ئه‌مه‌ ده‌ڵێت "به‌سه‌دان ته‌ن بۆمبی‌ یۆرانیۆم ئاراسته‌ی‌ به‌سره‌ كران، ئه‌مانه‌ش هه‌تا ماوه‌یه‌كی‌ دوورو درێژ كاریگه‌رییان ده‌مێنێت‌و نه‌خۆشی‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌ندێ‌ له‌به‌ڵگه‌كانیش ده‌یسه‌لمێنن ئه‌وانه‌ هۆكاری‌ زۆربوونی‌ شێرپه‌نجه‌ن".

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ موسته‌فا حافز ته‌میمی‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ته‌ندروستی‌‌و ژینگه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ قه‌زای‌ زوبێر ئه‌وه‌ پشت راست ده‌كاته‌وه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ حاڵه‌ توشبووه‌كان له‌نزیك ئه‌و باره‌گایه‌ی‌ حیزبی‌ به‌عس‌و سه‌ربازگه‌كانن كه‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا خاپوریان كردوون.

ته‌میمی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وان لیژنه‌ی‌ هاوبه‌شیان له‌فه‌رمانگه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ زوبێرو به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ ژینگه‌ی‌ به‌سره‌ پێكهێناوه‌ بۆ پشكنینی‌ ئه‌و ناوچانه‌و ده‌كه‌وتووه‌ رێژه‌ی‌ تیشكاویبوونیان له‌نێوان 20 بۆ 25 دایه‌.

ته‌میمی‌ پێی‌ وایه‌ ئه‌و پشكنینه‌ سه‌ره‌تایییه‌ جێگه‌ی‌ باوه‌ڕ نییه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "بۆ دڵنیایی‌ زیاتر ده‌بێت ئامێری‌ پێشكه‌وتوو هه‌بێت راست‌و دروستی‌ ئه‌و توێژینه‌وانه‌ بسه‌لمێنێت"، بۆ ئه‌مه‌ش پشتی‌ به‌ستووه‌ به‌و توێژینه‌وانه‌ی‌ ساڵانی‌ 2006و 2007 ئه‌نجامدراون‌و ده‌ركه‌وتووه‌ رێژه‌كان زۆر به‌رزتر بوون.

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ عه‌باس ره‌شم حه‌یده‌ری‌ قایمقامی‌ زوبێر داوایكردووه‌ حكومه‌تی‌ لۆكاڵی‌ به‌سره‌ پشت به‌پسپۆڕانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ببه‌ستێت‌و ده‌ڵێت "هۆشداریمان داوه‌ له‌هه‌ڵكشانی‌ حاڵه‌ته‌كان، هاوكات داوامانكردووه‌ توشبووه‌كان ببرێنه‌ نه‌خۆشخانه‌ بیانییه‌كان".

له‌كاتێكدا وه‌لید مه‌نسوری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ قه‌زای‌ زوبێر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێشتر بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ ژه‌هراوی‌ له‌قه‌زاكه‌دا هه‌یه‌، به‌ڵام وه‌ڵامی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ ژینگه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ هیچ ناوچه‌یه‌كی‌ ژه‌هراویبووی‌ مه‌ترسیدار له‌ئارادا نییه‌.

هه‌رچه‌نده‌ دانیشتوانی‌ ناوچه‌كه‌ گومانیان هه‌یه‌ له‌هۆكاره‌كانی‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشی‌ شێرپه‌نجه‌، كه‌چی‌ موسته‌فا ته‌میمی‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ته‌ندروستی‌‌و ژینگه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ قه‌زای‌ زوبێر دڵنیایی‌ ده‌داته‌ هاوڵاتیان‌و ده‌ڵێت "به‌پێی‌ توێژینه‌وه‌كان راده‌ی‌ ژه‌هراویبوون له‌ئاستێكدا نییه‌ كه‌ مه‌ترسی‌ بێت بۆ سه‌ر گیانی‌ هاوڵاتیان"، به‌ڵام هۆكاره‌كانی‌ زیادبوونی‌ توشبووانی‌ شێرپه‌نجه‌ش روون ناكاته‌وه‌.