راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

چیرۆكی‌ سه‌ركه‌وتن له‌ناو ژیانی‌ ناهه‌مواری‌ ئاواره‌یدا

سازان مه‌نده‌لاوی‌
ره‌نگه‌ زۆركه‌س پێی‌ وابێت ئه‌و چیرۆكانه‌ی‌ له‌كامپی‌ دۆمیزی‌ په‌نابه‌رانی‌ كوردی‌ سوریا رووده‌ده‌ن هه‌موویان چیرۆكی‌…
17.04.2014  |  دهۆك
An exhibition at the youth centre in Domiz refugee camp drew around 250 visitors. Pic: Aral Kakl
An exhibition at the youth centre in Domiz refugee camp drew around 250 visitors. Pic: Aral Kakl

Tweet

//

له‌و شه‌ست هه‌زار په‌نابه‌ره‌ی‌ له‌كامپی‌ دۆمیزی‌ پارێزگای‌ سوریا كۆبوونه‌ته‌وه‌، به‌م دواییه‌ چیرۆكی‌ ژنه‌ كوردێك باڵی‌ به‌سه‌ر خه‌م‌و نه‌هامه‌تییه‌كانی‌ ئه‌وێدا كێشا، ئه‌و ژنه‌ له‌ناو كه‌مپه‌كه‌ خه‌ونی‌ ده‌رخستنی‌ هونه‌ره‌كه‌ی‌ به‌رجه‌سته‌بوو توانی‌ ئه‌و به‌هره‌یه‌ی‌ خۆی‌ ده‌ربخات.

فایزه‌ حسێن كه‌ به‌م دواییه‌ پێشانگایه‌كی‌ چنینی‌ هونه‌ری‌ كرده‌وه‌، به‌دڵخۆشییه‌وه‌ له‌كاتی‌ كردنه‌وه‌ی‌ پێشانگاكه‌دا وتی‌ "ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین پێشانگامه‌، ده‌مێكه‌ خه‌ون به‌وه‌وه‌ ده‌بینم".

فایزه‌ ته‌مه‌نی‌ 37 ساڵه‌و هێشتا ژیانی‌ هاوسه‌ری‌ پێكنه‌هێناوه‌، ئه‌و له‌گه‌ڵ‌ خوشكه‌كه‌ی‌و مێردی‌ خوشه‌كه‌كه‌ی‌ له‌كامپی‌ دۆمیزدا ده‌ژی‌‌و ده‌ مانگه‌ له‌شاری‌ قامیشلۆوه‌ رووی‌ كردووه‌ته‌وه‌ ئه‌وێ‌‌و له‌و كاته‌وه‌ هه‌وڵده‌دات چادرێكی‌ تایبه‌ت به‌خۆی‌ ده‌ست بكه‌وێت.

ئه‌و پێشانگایه‌ی‌ فایزه‌ به‌شداری‌ تێداكردووه‌ له‌ناو چادره‌كانی‌ ناوه‌ندی‌ سه‌رده‌می‌ گه‌نجاندا، چه‌ندین تابلۆو خه‌تی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌خۆگرتووه‌، ئه‌مانه‌ش هه‌مووی‌ به‌ری‌ خولێكی‌ تایبه‌ت بوو له‌كامپه‌كه‌دا كرایه‌وه‌، له‌م پێشانگایه‌دا فایزه‌ چه‌ند نموونه‌یه‌كی‌ چنینی‌ نمایش كردبوو.

ناوه‌ندی‌ سه‌رده‌م له‌لایه‌ن سندوقی‌ نیشته‌جێكردنی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌پاڵ‌ ئه‌م پرۆژانه‌دا كارده‌كات بۆ ته‌ندروست راگرتنی‌ بواره‌كانی‌ سێكس‌و منداڵبوون له‌و باره‌ ناهه‌مواره‌ی‌ ئاواره‌كان تیایدا ده‌ژین.

حسێن هه‌ناری‌ كه‌ وه‌ك شیكاری‌ پرۆگرام له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و رێكخراوه‌دا كارده‌كات وتی‌ "ئه‌م جۆره‌ پرۆگرامه‌ له‌ناو كامپی‌ ئاواره‌كان زۆرمان لێ‌ ئه‌نجام داوه‌ كه‌ له‌پاڵ‌ مه‌سه‌له‌ ته‌ندروستییه‌كاندا ده‌مانه‌وێت چالاكی‌ جۆراوجۆر له‌بواره‌كانی‌ میوزیك‌و ئه‌ده‌ب‌و راهێنانی‌ وه‌رزشی‌ ئه‌نجام بده‌ین".

به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ چیرۆكه‌كه‌ی‌ فایزه‌، ئه‌و رۆژی‌ كردنه‌وه‌ی‌ پێشانگاكه‌ به‌جله‌ كوردییه‌كانیه‌وه‌ له‌به‌ر ده‌می‌ چادره‌كه‌دا وه‌ستابوو، یه‌كێكیش له‌و كارانه‌ی‌ خۆی‌ چنیبووی‌ به‌دیوی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ناوه‌نده‌كه‌وه‌ هه‌ڵیواسیبوو كه‌ ورده‌ ورده‌ به‌شنه‌بایه‌ك ده‌شنایه‌وه‌، ئه‌و كاته‌ ته‌ماشای‌ ئاسمانی‌ كرد وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ داوا بكات له‌و رۆژه‌ گرنگه‌دا باران نه‌بارێت.

فایزه‌ وتی‌ "راهێنانم به‌زۆرێك له‌كچه‌كان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كاری‌ ده‌ستیان هه‌بێت، ئه‌مڕۆش به‌رهه‌مه‌كانی‌ ئه‌وان نمایش ده‌كه‌ین".

فایزه‌ درێژه‌ به‌قسه‌كانی‌ ده‌دات‌و ده‌ڵێت "دایكم به‌ره‌حمه‌ت بێت فێری‌ چنینی‌ كردم، كه‌ هاتمه‌ چادرگه‌كه‌ بیرۆكه‌ی‌ كردنه‌وه‌ی‌ خولێك هات به‌خه‌یاڵمدا، كاتێك پێشكه‌شی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانم كرد، پرۆژه‌كه‌م قبوڵكرا".

فایزه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات هه‌ر له‌منداڵییه‌وه‌ به‌هره‌ی‌ هونه‌ری‌ هه‌بووه‌‌و ده‌ڵێت "دوو ساڵ‌ چومه‌ په‌یمانگای‌ هونه‌ر، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كوردبووم دانیان به‌بڕوانامه‌كه‌مدا نه‌ناو منیش له‌بواری‌ په‌رستاری‌ كه‌وتمه‌ كاركردن".

هه‌تا چه‌ند ساڵێك پێش ئێستاش كورده‌كانی‌ سوریا وه‌ك هاوڵاتی‌ پله‌ دوو له‌و وڵاته‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كراو به‌شێكی‌ زۆری‌ ناوچه‌كانیان به‌ر شاڵاو ته‌عریب كه‌وتن، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا هێشتا كورد رێژه‌ی‌ 15%ی‌ سوریا پێكده‌هێنێت كه‌ به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆریان ره‌گه‌زنامه‌یان پێنه‌دراوه‌و له‌رووی‌ سیاسی‌‌و ئابورییه‌وه‌ په‌راوێزخراون، هه‌ربۆیه‌ بڕوانامه‌كه‌ی‌ فایزه‌ش قبوڵنه‌كراوه‌.

له‌وكاته‌ی‌ له‌سوریا بووه‌ فایزه‌ گوزه‌رانێكی‌ سه‌ختی‌ هه‌بووه‌، چونكه‌ ناچار بووه‌ هاوكاری‌ باوكی‌ بكات بۆ په‌یداكردنی‌ بژێوی‌ سیانزه‌ خوشك‌و براكه‌ی‌.

كاتێكیش گه‌یشتووه‌ته‌ دۆمیز یه‌كسه‌ر فایزه‌ ده‌ستی‌ داوه‌ته‌ پرۆژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ پیشه‌یی‌ كچانی‌ كامپه‌كه‌ فێری‌ چنین بكات، خولی‌ یه‌كه‌می‌ یه‌ك مانگه‌ خایاندووه‌و ئێستاش سه‌رقاڵی‌ كردنه‌وه‌ی‌ خولی‌ دووه‌مه‌، له‌و پێشانگایه‌شدا كه‌ كردوویانه‌ته‌وه‌ پێشبینی‌ ده‌كرێت نزیكه‌ی‌ 250 كه‌س بۆ بینینی‌ كاره‌ ده‌ستییه‌كان سه‌ردانیان بكه‌ن.

له‌و كاته‌ی‌ فایزه‌ قسه‌ی‌ بۆ "نیقاش" ده‌كرد یه‌كێك له‌خوێندكاره‌كانی‌ به‌ناوی‌ سه‌وسه‌ن عه‌بدولباقی‌ لێی‌ نزیك بووه‌وه‌و به‌گه‌رم‌و گوڕی‌ باوه‌شی‌ پێداكرد، سه‌وسه‌ن وتی‌ "سه‌ره‌تا زانیاری‌ زۆر كه‌مم هه‌بوو، به‌ڵام پاش به‌شداریكردن له‌خوله‌كه‌ ئێستا ده‌توانم له‌یه‌ك كاتدا پێنج شیشی‌ چنین به‌كاربهێنم، هه‌ر به‌هۆی‌ ئه‌م كاره‌شه‌وه‌ ئیتر دڵنیاده‌بم له‌وه‌ی‌ ده‌توانم بژێوی‌ سێ‌ منداڵه‌كه‌م دابین بكه‌م".

پاش كۆتایی‌ هاتنی‌ خوله‌كه‌ زۆرێك له‌كچ‌و ژنه‌ به‌شداربووه‌كان له‌بواره‌كه‌ی‌ خۆیاندا كارده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌و هیوایه‌ن ده‌ستگیرۆیی‌ بكرێن له‌رووی‌ پێدانی‌ قه‌رزی‌ بچوكه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ پرۆژه‌ی‌ تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌بێت.

سه‌وسه‌ن ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ده‌ستكه‌وتنی‌ خوری‌ بۆ ئه‌وان كارێكی‌ ئاسان نییه‌ به‌و هۆیه‌ی‌ نرخه‌كه‌ی‌ گرانه‌، به‌ڵام چاوی‌ له‌وه‌یه‌ كه‌ پشتیوانی‌ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانێت به‌رده‌وام بێت.

*سازان مه‌نده‌لاوی‌ پێشتر كاری‌ رۆژنامه‌نووسی‌ كردووه‌و ئێستا وه‌ك مامۆستا له‌پرۆژه‌كانی‌ سندوقی‌ نیشته‌جێكردنی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كارده‌كات بۆ هاوكاری‌ گه‌نجان تا په‌ره‌ به‌تواناكانیان بده‌ن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌