راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

منداڵه‌ ئاواره‌كان ده‌ست له‌خوێندن هه‌ڵده‌گرن

عەبدولخالق دۆسکی
وه‌كو منداڵه‌كانی‌ تری‌ هاوشێوه‌ی‌، محه‌مه‌د له‌سه‌ر یه‌كێك له‌یه‌كتربڕه‌كانی‌ شه‌قامێكی‌ دهۆك راوه‌ستابوو، هه‌ر…
13.03.2014  |  دهۆك
Syrian children in the Domiz refugee camp just out of Dohuk.
Syrian children in the Domiz refugee camp just out of Dohuk.

محه‌مه‌د یه‌كێكه‌ له‌و ده‌یان منداڵه‌ ئاواره‌ سورییه‌ی‌ ده‌ستیان له‌خوێندن هه‌ڵگرتووه‌و له‌كه‌مپه‌كان هاتوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بژێوری‌ ژیانیان په‌یدا بكه‌ن، ئه‌و كه‌ ته‌مه‌نی‌ له‌ ده‌ ساڵ‌ تێپه‌ڕ ناكات به‌ده‌نگێكی‌ شه‌رمنانه‌وه‌ وتی‌ "كه‌ هاتینه‌ هه‌رێم ئیتر ده‌ستم له‌خوێندن هه‌ڵگرت، باوكم نه‌خۆشه‌و ناتوانێت له‌ماڵ‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌، بۆیه‌ من‌و خوشكه‌كه‌م ناچارین كاربكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌رمان‌و خۆراكی‌ پێبكڕین بۆ خێزانه‌كه‌مان".

جگه‌ له‌ئاسته‌نگی‌ بژێوی‌، به‌ده‌یان خوێندكاری‌ ئاواره‌ی‌ سوریا ناوه‌نده‌كانی‌ خوێندنیان جێهێشتووه‌، چونكه‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ی‌ ئه‌وان خوێندویانه‌ جیاوازه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌هه‌رێم خوێندن به‌كوردییه‌و ئه‌وانیش له‌سوریا به‌عه‌ره‌بی‌ خوێندویانه‌.

ئیدریس كه‌ منداڵێكی‌ ته‌مه‌ن دوانزه‌ ساڵه‌ ئه‌ویش خوێندنگای‌ قامشیلۆی‌ تایبه‌ت به‌ئاواره‌كانی‌ جێهێشتووه‌و له‌سه‌ر رێگای‌ كامپی‌ دۆمیز جگه‌ره‌ ده‌فرۆشێت، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "نامه‌وێت به‌یانیان زوو هه‌ڵبستم‌و بڕۆم بۆ خوێندن، چونكه‌ خوێندنگاكه‌ زۆر دووره‌و رێگاكه‌شی‌ هه‌مووی‌ قوڕه‌".

شه‌یمای‌ ته‌مه‌ن هه‌شت ساڵیش خه‌ریكی‌ ئاوفرۆشتنه‌، ئه‌و ده‌ڵێت "باوكم هه‌موو رۆژێك پێنج كارتۆن ئاو بۆ من‌و خوشكه‌ بچوكه‌كه‌م ده‌كڕێت‌و ده‌یفرۆشینه‌وه‌، ئێواره‌ ده‌ هه‌زار دینار ده‌ده‌ینه‌وه‌ به‌باوكم، ئه‌ویش جل‌و به‌رگ‌و پێداویستیمان بۆ ده‌كڕێت".

شه‌یما هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ نه‌چووه‌ته‌ به‌ر خوێندن‌و ده‌ڵێت "باوكم زۆر ویستی‌ بمانباته‌ خوێندنگا، به‌ڵام چونكه‌ هیچ مامه‌ڵه‌یه‌كی‌ ره‌سمیمان نه‌بوو وه‌رنه‌گیراین، ئێمه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان لێره‌ دایناوین‌و هیچمان پێ نییه‌".

ساندی‌ دایكی‌ سێ‌ منداڵه‌و له‌گه‌ڵ‌ خۆی‌ بردبوونی‌ بۆ خوێندنگای‌ عه‌فرین كه‌ به‌م دواییه‌ كراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات پێشتر بردونی‌ بۆ هه‌ر خوێندنگایه‌ك وه‌رنه‌گیراون، چونكه‌ شوێن نه‌ماوه‌، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "به‌ڵكو ئه‌مجاره‌ وه‌ربگیرێن، هه‌رچه‌نده‌ شوێنه‌كه‌ش دووره‌، به‌ڵام ناچارین".

ئه‌وانه‌ی‌ ئاگایان له‌كاروباری‌ خوێندنگاكانه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ژماره‌ی‌ ئاواره‌كان زۆرن‌و جێگه‌و مامۆستا كه‌من، بۆیه‌ هه‌موو منداڵێكی‌ ئاواره‌ چانسی‌ خوێندنی‌ بۆ ده‌سته‌به‌ر نابێت.

جیهاد محه‌مه‌د كه‌ خۆیشی‌ ئاواره‌ی‌ سورییه‌و له‌خوێندنگای‌ عه‌فرین كارده‌كات، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات له‌خوێندنگاكه‌ی‌ ئه‌وان 1350 خوێندكاریان هه‌یه‌و ته‌نها 35 مامۆستا هه‌یه‌ بۆ وانه‌و وتنه‌وه‌و كاروباری‌ كارگێڕی‌.

جیهاد ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌خوێندنگاكه‌ی‌ ئه‌وان هه‌مان ئه‌و پرۆگرامه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌خوێندنگاكانی‌ سوریا هه‌بوون، ئه‌مه‌ش یارمه‌تی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌و خوێندكارانه‌ ده‌دات كه‌ له‌سوریا له‌خوێندن دابڕاون‌و پێشتر چه‌ند قۆناغێكیان بڕیوه‌.

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ سالم سه‌عید به‌ڕێوه‌به‌ری‌ راگه‌یاند‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ كامپی‌ دۆمیز ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌كامپه‌كه‌ی‌ ئه‌واندا نزیكه‌ی‌ بیست هه‌زار منداڵ‌ هه‌یه‌، ئه‌وانه‌شی‌ كه‌ ده‌بێت بخرێنه‌ به‌ر خوێندن ژماره‌یان 12 هه‌زار منداڵه‌‌و ده‌ڵێت "به‌هاوكاری‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان شه‌ش خوێندنگامان له‌كه‌مپه‌كه‌دا كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ سه‌ره‌تایی‌‌و ناوه‌ندی‌‌و ئاماده‌ییان تێدایه‌و هه‌ر خوێندنگایه‌كیش 1200 كه‌س تیایدا ده‌خوێنن".

هه‌رچه‌نده‌ ئامارێكی‌ ورد له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌و منداڵانه‌ی‌ ده‌ستیان له‌خوێندن هه‌ڵگرتووه‌، به‌ڵام به‌ته‌نها بینینیان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌ریده‌خان كه‌ رێژه‌كه‌یان چه‌نده‌ زۆره‌، پسپۆڕانیش ئه‌مه‌ به‌مه‌ترسییه‌كی‌ گه‌وره‌ ده‌زانن بۆ سه‌ر ئاینده‌ی‌ ئه‌و منداڵانه‌.