راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

رۆتین‌و مامه‌ڵه‌ی‌ بێفه‌ڕ هاوڵاتیانی‌ كه‌ربه‌لای‌ گیرۆده‌ كردووه‌

عه‌باس سه‌رحان
له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ هاوڵاتیانی‌ كه‌ربه‌لا به‌ده‌ست درێژه‌كێشانی‌ مامه‌ڵه‌كانیانه‌وه‌ گیرۆده‌بوون، كه‌چی‌…
6.02.2014  |  كه‌ربه‌لا
Karbala draws millions of visitors every year.
Karbala draws millions of visitors every year.

به‌شێكی‌ به‌رچاوی‌ هاوڵاتیانی‌ كه‌ربه‌لا ناڕه‌زایی‌ ئه‌وه‌ نیشان ده‌ده‌ن كه‌ مامه‌ڵه‌ ره‌سمییه‌كانیان له‌فه‌رمانگا حكومییه‌كان ته‌واو بێزاری‌ كردوون‌و ئه‌و رۆتینه‌ی‌ پیایدا تێپه‌ڕده‌بن تاقه‌ت پڕوكێنه‌.

ده‌رهێنانی‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ ره‌سمی‌ بۆ هاوڵاتیانی‌ كه‌ربه‌لا یه‌كێكه‌ له‌قورسترین كاره‌كان، چونكه‌ بۆ ده‌رهێنانی‌ پێناسی‌ باری‌ شارستانی‌ بۆ منداڵی‌ تازه‌ له‌دایكبوو، ده‌بێ‌ هاوڵاتی‌ سێ‌ مانگ چاوه‌ڕێ‌ بكات تا به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ له‌دایكبوون ده‌گاته‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ باری‌ شارستانی‌، ئینجا دوای‌ ئه‌وه‌ پێناسه‌كه‌ ده‌رده‌هێنرێت، بۆ زیادكردنی‌ ناوی‌ منداڵیش له‌سه‌ر كۆبوونی‌ خۆراك ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر ده‌خایه‌نێت.

هه‌ر هاوڵاتییه‌كی‌ كه‌ربه‌لا سه‌ردانی‌ فه‌رمانگه‌یه‌كی‌ حكومی‌ بكات، ده‌بێت لانی‌ كه‌م چوار به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ پێبێت، كه‌ بریتین له‌ره‌گه‌زنامه‌و پێناسی‌ باری‌ شارستانی‌‌و كارتی‌ نیشته‌جێبوون‌و كۆبوونی‌ خۆراك، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وێنه‌ی‌ خۆی‌‌و فۆتۆكۆپی‌ هه‌ریه‌ك له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌.

سه‌یر له‌وه‌دایه‌ ساڵانه‌ له‌كه‌ربه‌لا چه‌ندین ته‌ن كاغه‌زی‌ كه‌ڵه‌كه‌بووی‌ مامه‌ڵه‌ی‌ هاوڵاتیان ده‌سوتێنرێت‌و هاوڵاتیانیش پرسیاری‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر ئه‌و مامه‌ڵانه‌ پێویست نین، بۆچی‌ خه‌ڵكی‌ پێوه‌ سه‌رقاڵ‌ ده‌كرێت.

نافع جیاد كه‌ فه‌رمانبه‌ری‌ یه‌كێك له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌رایه‌تییه‌كانه‌ له‌كه‌ربه‌لا به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان ساڵانه‌ ده‌یان هه‌زار كاغه‌زی‌ مامه‌ڵه‌ ده‌سوتێنن له‌وانه‌ی‌ كاریان پێیان نه‌ماوه‌.

جیاد بیانووی‌ ئه‌وه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ له‌كاتی‌ خۆیدا ئه‌و كاغه‌زانه‌ بۆ هاوڵاتیان گرنگبوون، به‌ڵام پاش چه‌ند ساڵێك گرنگییان نه‌ماوه‌و ده‌سوتێنرێن.

به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ لۆكاڵی‌ كه‌ربه‌لا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وانیش ئاگاداری‌ ئه‌و رۆتینه‌ن كه‌ به‌رۆكی‌ هاوڵاتیان‌و فه‌رمانبه‌رانی‌ گرتووه‌و له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دان كه‌می‌ بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان له‌سه‌ر سیسته‌مێكی‌ كۆنی‌ ئیداری‌ به‌ڕێوه‌ده‌چن.

له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ماوه‌ی‌ رابردوو ژماره‌یه‌ك له‌پسپۆڕانی‌ زانكۆكانی‌ كه‌ربه‌لاو كوفه‌ راسپێردرابوون بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ رۆتین كه‌م بكه‌نه‌وه‌، ئه‌و لیژنه‌یه‌ی‌ كاره‌كه‌یان گرتبووه‌ ئه‌ستۆ گه‌یشتنه‌ ئه‌و سه‌ره‌نجامه‌ی‌ ده‌بێت ته‌كنه‌لۆژیای‌ نوێ‌ له‌فه‌رمانگه‌كاندا به‌كاربهێنرێت‌و داتابه‌یسێك هه‌بێت كه‌ كاری‌ هاوڵاتیان ئاسان بكات.

له‌مڕووه‌وه‌ حسێن مه‌نكوشی‌ قایمقامی‌ قه‌زای‌ ناوه‌ندی‌ كه‌ربه‌لا رایگه‌یاند "پرۆژه‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ زانیاری‌ پێكدێت‌و زانیارییه‌كانی‌ هه‌ر هاوڵاتییه‌ك ده‌خرێته‌ داتابه‌یسه‌وه‌و ژماره‌یه‌كی‌ ده‌درێتێ‌ كه‌ ئیتر پێویست نه‌كات هه‌موو جارێك به‌ڵگه‌نامه‌كان له‌گه‌ڵ‌ خۆی‌ هه‌ڵبگرێت".

ئه‌گه‌ر ئه‌م شێوازه‌ سه‌ربگرێت، به‌راده‌یه‌كی‌ زۆر كاری‌ هاوڵاتیان ئاسان ده‌بێت‌و له‌ده‌ست به‌ڵای‌ هه‌ڵگرتنی‌ ئه‌و هه‌موو به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ رزگاریان ده‌بێت.

مه‌نكوشی‌ وتیشی‌ "زانیاری‌ له‌باره‌ی‌ هاوڵاتیان نوێده‌كرێنه‌وه‌و باری‌ مردن‌و له‌دایكبوون وردتر ده‌زانرێت‌و تۆمار ده‌كرێن".

ئه‌م هه‌نگاوه‌ له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ مایه‌ی‌ پێشوازییه‌كی‌ گه‌رموگوڕه‌، له‌مڕووه‌وه‌ هاوڵاتییه‌كی‌ وه‌كو عه‌لی‌ خه‌فاجی‌ ده‌ڵێت "ئێمه‌ له‌چاو وڵاتانی‌ تر زۆر دواكه‌وتووین‌و ئێستا هه‌موو دنیا كار به‌كۆمپیوته‌ر ده‌كات، ته‌نها لێره‌ كاغه‌ز باوی‌ ماوه‌".

به‌شێكی‌ له‌هاوڵاتیان هیوای‌ ئه‌وه‌ ده‌خوازن جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌وسیسته‌می‌ ئه‌لكترۆنییه‌ كێشه‌ی‌ هه‌ڵه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانیان له‌كۆڵ‌ بكاته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ عه‌لی‌ شه‌عبان ده‌ڵێت "كه‌ فه‌رمانبه‌رێك هه‌ڵه‌ ده‌كات، هاوڵاتی‌ ناچاره‌ یه‌ك دنیا به‌ڵگه‌نامه‌ كۆبكاته‌وه‌ هه‌تا هه‌ڵه‌كه‌ راست بكاته‌وه‌".

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ له‌لایه‌ن به‌شێكی‌ زۆری‌ هاوڵاتیانه‌وه‌ مایه‌ی‌ پێشوازییه‌، به‌ڵام بۆ هه‌ندێكی‌ تر هێشتا شێوازه‌ كۆنه‌كه‌ مسۆگه‌رتره‌و پێیان وایه‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌شی‌ زۆری‌ فه‌رمانبه‌ران له‌كۆمپیوته‌ر نازانن بۆیه‌ كارپێكردنی‌ بۆ به‌ڕێكردنی‌ كاری‌ هاوڵاتیان كارێكی‌ ئاسان نییه‌، هه‌ندێكی‌ تریش ئه‌وه‌ به‌بیر ده‌هێننه‌وه‌ كه‌ بارودۆخی‌ كاره‌با ئه‌وه‌نده‌ باش نییه‌ هه‌تا پشت به‌كۆمپیوته‌ر ببه‌سترێت.

مه‌سه‌له‌ی‌ دواكه‌وتن‌و رۆتین له‌راپه‌راندنی‌ كاری‌ هاوڵاتیان ئه‌وه‌نده‌ بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ بارگرانی‌ تا ئه‌و راده‌یه‌ی‌ دامه‌زراوه‌ یاساییه‌كان لێی‌ بێنه‌ ده‌نگ، ئه‌وه‌تا ئه‌حمه‌د جوید به‌رێوه‌به‌ری‌ ناوه‌ندی‌ ئاده‌م بۆ ماف‌و ئازادییه‌كان به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت پێویسته‌ خزمه‌تگوزاری‌ ئیداری‌ بۆ هاوڵاتیان دابین بكات‌و به‌جۆرێك بێت زیانیان پێنه‌گات".

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات زۆربه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ سه‌ردانی‌ فه‌مانگه‌كانی‌ ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن رووبه‌رووی‌ پێشێلكاری‌ ده‌بنه‌وه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ تا ئه‌و راده‌یه‌ی‌ له‌هه‌ندێ‌ جێگا بۆ راپه‌ڕاندنی‌ كاره‌كانیان به‌رتیلیان لێوه‌رده‌گیرێت، ره‌خنه‌ی‌ ئه‌وه‌شی‌ گرت كه‌ هه‌ندێ‌ له‌فه‌رمانبه‌ران به‌جۆرێك مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ بیریان چوبێته‌وه‌ كه‌ كاری‌ ده‌وڵه‌ت كارئاسانییه‌ بۆ هاوڵاتیان.

ئه‌حمه‌د جوید پاڵپشتی‌ له‌هه‌وڵه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ لۆكاڵ‌ ده‌كات بۆ دروستكردنی‌ حكومه‌تی‌ ئه‌لكترۆنی‌‌و پێی‌ وایه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ گۆڕانكاری‌ گه‌وره‌ دروست ده‌كات بۆ ده‌ربازبوون له‌ده‌رده‌سه‌ری‌ مامه‌ڵه‌ی‌ كاغه‌ز.