راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گۆڕێك له‌كه‌ربه‌لا به‌سێ‌ ملیۆن دیناره‌

ئیبراهیم ئەلجبوری
پاش ئه‌وه‌ی‌ كه‌ربه‌لا له‌گرانی‌ نرخی‌ خانوبه‌ره‌ پێش هه‌موو پارێزگاكانی‌ تری‌ عێراق كه‌وته‌وه‌، ئێستا نۆره‌ی‌…
30.01.2014  |  كه‌ربه‌لا

عه‌واد عادلی‌ هه‌وڵی‌ زۆریدا تا پارچه‌ زه‌وییه‌كی‌ 40 مه‌تری‌ له‌گۆڕستانه‌كه‌ به‌نرخی‌ حه‌وت ملیۆن دینار ده‌ستكه‌وت، ئه‌و هۆكاری‌ كڕینی‌ زه‌وییه‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ هه‌م له‌گۆڕی‌ ژنه‌كه‌یه‌وه‌ نزیكه‌ كه‌ به‌ر له‌مانگێك كۆچی‌ دوایی‌ كردووه‌، هه‌م ترسی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ به‌هۆی‌ پڕبوونه‌وه‌ی‌ گۆڕستانه‌كه‌، ئیتر گۆڕ له‌و نزیكانه‌ بۆ كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ نه‌مێنێت.

دانیشتوانی‌ كه‌ربه‌لاو ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی‌ تریش كه‌ له‌ناوچه‌كانی‌ تری‌ عێراقه‌وه‌ رووفاتی‌ مردووه‌كانیان ده‌به‌نه‌ وادی‌ سه‌لام، به‌ده‌ست ئه‌وه‌وه‌ ده‌ناڵێنن كه‌ رۆژ به‌رۆژ نرخی‌ زه‌وی‌ له‌و گۆڕستانه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌، ئه‌م زانیارییه‌ش له‌سه‌ر زاری‌ یه‌كێك له‌گۆڕهه‌ڵكه‌نه‌كانه‌وه‌ پشت راست ده‌كرێته‌وه‌.

عه‌بدوڵا خێكانی‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌گۆڕهه‌ڵكه‌نه‌كان، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات نرخی‌ گۆڕ به‌پێی‌ رووبه‌ره‌كه‌یی‌‌و دووری‌‌و نزیكی‌ له‌شه‌قام‌و ده‌روازه‌ی‌ سه‌ره‌كییه‌وه‌ ده‌گۆڕێت، به‌جۆرێك تاقه‌ گۆڕێك له‌شوێنێكی‌ گونجاودا نرخه‌كه‌ی‌ ده‌گاته‌ سێ‌ ملیۆن دینار.

ئوم ئه‌حمه‌د یه‌كێكه‌ له‌و هاوڵاتیانه‌ی‌ له‌و گۆڕستانه‌ هه‌وڵی‌ ده‌ستخستنی‌ گۆڕی‌ داوه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌وپه‌ڕی‌ گۆڕستانه‌كه‌ پارچه‌ زه‌وییه‌كی‌ ده‌ست كه‌وتووه‌ كه‌ شوێنی‌ چه‌ند گۆڕێكی‌ تیا ده‌بێته‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر نرخی‌ چوار ملیۆن دینار، ئه‌مه‌ش هه‌مان ئه‌و زه‌وییه‌یه‌ كه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌حمه‌دی‌ كوڕی‌ تیا ناشتووه‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌شه‌ڕی‌ نێوان سوپاو چه‌كدارانی‌ قاعیده‌ له‌ئه‌نبار كوژراوه‌.

گرانی‌ ئه‌م گۆڕانه‌ بۆ هه‌ندێكه‌س بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ كاسپییه‌كی‌ قازانج به‌خش، ئه‌وه‌تا وه‌ك محه‌مه‌د فه‌ره‌جاوی‌ گۆڕهه‌ڵكه‌ن ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر شاره‌وانی‌ كه‌ربه‌لا پارچه‌ زه‌وی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌گۆڕستانه‌كه‌ی‌ له‌شوێنی‌ باشدا داوه‌ به‌چه‌ند كه‌سێك به‌نرخی‌ شه‌ست‌و پێنج ملیۆن دینار، ئێستا ئه‌وانه‌ش گۆڕ - گۆڕ به‌نرخی‌ گرانبه‌ها ده‌یفرۆشنه‌وه‌و ده‌یان ملیۆن دیناری‌ لێ‌ قازانج ده‌كه‌ن.

ئه‌بو سه‌جاد كه‌ خاوه‌نی‌ نوسینگه‌ی‌ كڕین‌و فرۆشتنی‌ خانوو زه‌وییه‌ له‌نزیك گۆڕستانه‌كه‌، ئه‌وه‌ی‌ بۆ "نیقاش" باسكرد كه‌ چه‌ند ساڵێك به‌ر له‌ئێستا شاره‌وانی‌ پارچه‌ زه‌وی‌ به‌رفراوانی‌ داوه‌ به‌چه‌ند كه‌سێك بۆ ئه‌وه‌ی‌ بۆ گۆڕی‌ كه‌سوكاره‌كه‌یان به‌كاری‌ بهێنن، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌م ساڵانه‌ی‌ دوایدا رووداوه‌ ئه‌منییه‌كان ژماره‌ی‌ كوژراوه‌كانیان ئێجگار زیادكردووه‌، بۆیه‌ نرخی‌ گۆڕ به‌و راده‌یه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌.

ئه‌بو سه‌جاد ئه‌وه‌ی‌ باسكرد ئه‌م به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نرخه‌ بۆ هه‌ندێكه‌س بووه‌ته‌ بازرگانییه‌كه‌ی‌ گه‌وره‌و رۆژانه‌ نرخی‌ گۆڕه‌كان به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌.

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ ئه‌بو زوهێر كه‌ هاوڵاتییه‌كی‌ دانیشتوی‌ كه‌ربه‌لایه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ نوسینگه‌ی‌ گۆڕهه‌ڵكه‌ن‌و ناشتنه‌كان له‌"فێڵی‌" په‌یداكردنی‌ پاره‌ فێربوون، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ خێزانێك كه‌سێكیان ده‌مرێت‌و له‌و گۆڕستانه‌ ده‌ینێژن، دواتر به‌نرخی‌ گران زه‌وییه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ریان پێده‌فرۆشنه‌وه‌، چونكه‌ ده‌زانن به‌رهه‌ر نرخێك بێت ده‌یكڕن.

بۆخۆی‌ ئه‌بو زوهێر یه‌كێكه‌ له‌قوربانیانی‌ ده‌ستی‌ ئه‌و بازرگانییه‌ كاتێك ناچار بووه‌ ته‌نها گۆڕێك له‌نزیك رێگای‌ سه‌ره‌كی‌ بۆ كوڕه‌كه‌ی‌ بكڕێت به‌یه‌ك ملیۆن دینار، چونكه‌ ده‌یه‌وێت ناوه‌ ناوه‌ به‌ئاسانی‌ بگاته‌ نزیك گۆڕی‌ ئه‌و كوڕه‌ی‌ كه‌ له‌توندوتیژییه‌كانی‌ سوریادا كوژراوه‌.

هه‌ر له‌م رووه‌وه‌ ماجید ناجی‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ راگه‌یاندنی‌ شاره‌وانی‌ كه‌ربه‌لا به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند بۆ به‌رگرتن له‌هه‌ڵكشانی‌ نرخ، ئه‌وان به‌نیازن ئه‌مساڵ‌ چه‌ند پارچه‌ زه‌وییه‌ك ئیفراز بكه‌ن‌و به‌نرخی‌ گونجاو بیفرۆشن به‌و هاوڵاتیانه‌ی‌ بۆ گۆڕ ده‌یانه‌وێت، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد كه‌ ساڵی‌ 2011 شاره‌وانی‌ 1633 پارچه‌ زه‌وی‌ به‌خه‌ڵكی‌ فرۆشتووه‌، به‌ڵام سه‌رجه‌میان پڕبوونه‌ته‌وه‌.

محه‌مه‌د یاسری‌ پسپۆڕی‌ ئابوری‌ هۆكاری‌ هه‌ڵكشانی‌ ئه‌و نرخه‌ بۆ "نیقاش" روونده‌كاته‌وه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ گۆڕستانه‌كه‌ له‌لایه‌ن هاوڵاتیانی‌ شیعه‌وه‌ خواستی‌ زۆری‌ له‌سه‌ره‌، چونكه‌ شیعه‌كانی‌ عێراق كردویانه‌ به‌نه‌ریت كه‌ كه‌سێكیان لێده‌مرێت له‌هه‌ر پارێزگایه‌كه‌وه‌ بێت، جگه‌ له‌نه‌جه‌ف ده‌یبه‌نه‌ كه‌ربه‌لا ده‌ینێژن، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ گۆڕ به‌زه‌حمه‌ت ده‌ست بكه‌وێت.

قه‌ره‌باڵغی‌ گۆڕستانه‌كه‌ كێشه‌ی‌ بۆ كه‌سێكی‌ وه‌ك ئوم یاسین دروستكردووه‌ كه‌ به‌م دواییه‌ ناچار بوو گۆڕی‌ مێردو كوڕه‌كه‌ی‌ بگوێزێته‌وه‌ بۆ شوێنێكی‌ تر، پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ قه‌ره‌باڵغی‌ شه‌قامێك له‌ناو گۆڕستانه‌كه‌ دروستكرا كه‌ به‌شێكی‌ به‌ر گۆڕی‌ كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ ده‌كه‌وتن.

ئوم یاسین كه‌ كوڕو مێرده‌كه‌ی‌ پێكه‌وه‌ له‌ته‌قینه‌وه‌یه‌كدا له‌كه‌ربه‌لا كوژراون، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئه‌و بووه‌ته‌ قوربانی‌ ده‌ستی‌ گۆڕهه‌ڵكه‌نه‌كان، چونكه‌ پێشتر له‌نه‌خشه‌دا ئه‌و جێگه‌یه‌ بۆ شه‌قام دیاریكراوه‌، به‌ڵام گۆڕهه‌ڵكه‌نه‌كان ته‌نها قازانجیان له‌به‌رچاو گرتووه‌و ئه‌و شوێنه‌یان پێفرۆشتووه‌.

به‌شێك له‌هاوڵاتیان پێیان وایه‌ بۆ به‌رگرتن له‌م كێشانه‌ پێویست ده‌كات فه‌رمانگه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت به‌گۆڕستانه‌كان دروست بكرێت كه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ‌ شاره‌وانی‌‌و وه‌قفی‌ شیعه‌ شوێنی‌ گۆڕه‌كان رێكبخات‌و دیزاینیان بۆ بكێشێت.

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ كه‌سێكی‌ وه‌ك حسێن شمه‌ری‌ راگه‌یاندكار پێی‌ وایه‌ ده‌بێت لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان رێوشوێنی‌ توند به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ بگرنه‌ به‌ر كه‌ بازرگانی‌ به‌گۆڕه‌كانه‌وه‌ ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌مه‌ شمه‌ری‌ ده‌ڵێت "كه‌سانی‌ هه‌لپه‌رست به‌و بنه‌مایه‌ كار ده‌كه‌ن كه‌ ده‌رده‌سه‌ری‌ كه‌سانی‌ تر بۆ ئه‌وان ببێته‌ قازانج" هه‌ر بۆیه‌ داوای‌ له‌حكومه‌تی‌ عێراقی‌ كرد یاسای‌ تایبه‌ت ده‌ربكات بۆ گۆڕستانه‌كان‌و رێگه‌ نه‌درێت كه‌سوكاری‌ مردووه‌كان هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنرێن.