راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

په‌یكه‌ره‌كه‌ی‌ جه‌واهیری‌ رووبه‌رووی‌ ره‌خنه‌ ده‌بێته‌وه‌

ئەحمەد روبێعی
كاتێك بینی‌ له‌یه‌كێك له‌ناوه‌نده‌ رۆشنبیرییه‌كانی‌ شه‌قامی‌ موته‌نه‌بی‌ په‌یكه‌ره‌كه‌ی‌ محه‌مه‌د…
23.01.2014  |  به‌غدا
Unlike the latest additions, Baghdad\\\'s Liberty Monument is celebrated around the world.
Unlike the latest additions, Baghdad\\\'s Liberty Monument is celebrated around the world.

مسته‌فا كه‌ خۆی‌ خوێندكاری‌ كۆلێژی‌ هونه‌ره‌ جوانه‌كانی‌ به‌غدایه‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ پێكه‌نینه‌كه‌ی‌ وه‌ستایه‌وه‌، هه‌ردوو ده‌ستیدا به‌یه‌كداداو به‌بێزارییه‌وه‌ وتی‌ "وامزانی‌ گاڵته‌جاڕی‌ ته‌نها گه‌یشتووه‌ته‌ گلگامێش، نه‌مزانی‌ ئه‌م په‌تایه‌ جه‌واهیریشی‌ گرتووه‌ته‌وه‌".

به‌ر له‌چه‌ند رۆژێك له‌ناوه‌ندێكی‌ رۆشنبیری‌ به‌غدا په‌رده‌ له‌سه‌ر په‌یكه‌ری‌ محه‌مه‌د مه‌هدی‌ جه‌واهیری‌ شاعیری‌ به‌ناوبانگی‌ عێراقی‌ لابرا كه‌ له‌لایه‌ن مه‌جید سه‌باغی‌ په‌یكه‌رتاشه‌وه‌ دروستكرابوو، ساڵی‌ پاریش كۆلێژی‌ راگه‌یاندنی‌ زانكۆی‌ به‌غدا په‌یكه‌رێكی‌ گلگامێشی‌ نمایشكرد كه‌ سه‌حنێكی‌ سه‌ته‌لایتی‌ به‌ده‌سته‌وه‌بوو، ئه‌ویش له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د ساعدییه‌وه‌ دروستكرابوو.

ئه‌م په‌یكه‌ره‌ هه‌رزوو بووه‌ جێی‌ نیگه‌رانی‌ هونه‌رمه‌ندان‌و رۆشنبیران له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق‌و هه‌ندێك ده‌یانوت ئه‌مه‌ "پیلانێكه‌ له‌لایه‌ن دوژمنانی‌ بیری‌ ئازادو لیبرالییه‌وه‌ داڕێژراوه‌"، یه‌كێك له‌وانه‌ی‌ ئه‌م قسه‌یه‌ی‌ ده‌كرد زوبێده‌ ئه‌تیمش بوو كه‌ ده‌یوت "ئه‌مه‌ سوكایه‌تییه‌ به‌ره‌مزی‌ رۆشنبیری‌‌و هونه‌ری‌ عێراقی‌".

زوبێده‌ كه‌ خۆیشی‌ هونه‌رمه‌ندی‌ وێنه‌كێشه‌ په‌یكه‌ره‌كه‌ی‌ جه‌واهیری‌ به‌"گاڵته‌جاڕی‌" وه‌سفكردو پێی‌ وایه‌ جه‌واهیری‌ وه‌ك چایچی‌ ده‌رده‌خات‌و وتی‌ "ئه‌مه‌ كۆتایی‌ رۆشنبیری‌ ئازاده‌و تێڕوانینه‌ به‌چاوێكی‌ گاڵته‌جاڕییه‌وه‌".

مشرق عه‌باس نووسه‌رو رۆژنامه‌نووس رایه‌كی‌ تری‌ هه‌یه‌و له‌و ده‌مه‌ی‌ له‌به‌رده‌م په‌یكه‌ره‌كه‌دا وه‌ستابوو وتی‌ "ئه‌م په‌یكه‌ره‌ پێویستی‌ به‌تێڕامانی‌ ورد هه‌یه‌‌و ده‌بێت دوورتر له‌خه‌م‌و گاڵته‌جاڕی‌ لێی‌ بڕوانین".

عه‌باس به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌م كاره‌ هونه‌ریانه‌ هاوته‌ریبن له‌گه‌ڵ‌ واقیعی‌ خراپی‌ عێراق، ئه‌مانه‌ ئاوێنه‌ی‌ ئه‌و تێكشانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ن كه‌ هاتوونه‌ته‌ به‌رهه‌م".

كیفاح جه‌واهیری‌ كوڕی‌ محه‌مه‌د جه‌واهیری‌ شاعیر نامه‌یه‌كی‌ ئاراسته‌ی‌ پارێزگاری‌ به‌غدا كردووه‌و تیایدا داوایلێكردووه‌ په‌له‌ بكه‌ن له‌لابردنی‌ ئه‌و په‌یكه‌ره‌و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كردووه‌ "بێزه‌وقانه‌ دروستكراوه‌و ئه‌وه‌ی‌ كاره‌كه‌ی‌ كردووه‌ هیچ له‌بیروبۆچوون‌و شیعره‌كانی‌ جه‌واهیری‌ نازانێت".

ره‌نگه‌ هیچ كارێكی‌ هونه‌ری‌ له‌عێراقدا هێنده‌ی‌ ئه‌م په‌یكه‌ره‌ نه‌بووبێته‌ مایه‌ی‌ گاڵته‌پێكردن له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌ وه‌ك فه‌یسبوك تویته‌ر‌و هه‌ر كاتێك باسێك دێته‌ پێشه‌وه‌ له‌سه‌ر په‌یكه‌ره‌كه‌ی‌ جه‌واهیری‌‌و گه‌لگامێش زۆرترین پیت كه‌ وه‌ك كۆمێنت ده‌نوسرێ‌ بریتییه‌ له‌"هههههههههههه" وه‌ك ده‌سته‌واژه‌یه‌ك بۆ پێكه‌نین‌و گاڵته‌پێكردن.

فاتیمه‌ ناوی‌ یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌رێی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ گاڵته‌ی‌ به‌په‌یكه‌ره‌كه‌ كردووه‌و به‌"پێكه‌نیناوی‌" ناوی‌ هێناوه‌و داوایكردووه‌ ئه‌و په‌یكه‌ره‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ كاتی‌ قبوڵ‌ بكرێت تا سه‌رده‌می‌ "دواكه‌وتوویی‌ تێپه‌ڕ ده‌بێت"، كه‌سێكی‌ تریش به‌شێوه‌زاری‌ میسری‌ نوسیوێتی‌ "جه‌واد سه‌لیم له‌كوێ‌ بتهێنم ئه‌م گاڵته‌جاڕییه‌ ببینیت".

محه‌مه‌د هادیش له‌سه‌ر فه‌یسبووك نوسیوێتی‌ "ئا قاوه‌یه‌كمان بۆ تێبكه‌" پاش ئه‌وه‌ درێژه‌ی‌ به‌كۆمێنته‌كه‌ی‌ داوه‌و ده‌نوسێت "باشه‌ هیچ بیرۆكه‌یه‌كی‌ تر نه‌مابوو جگه‌ له‌وه‌ی‌ جه‌واهیری‌ بكرێت به‌قاوه‌چی‌؟".

عومه‌ر جه‌فالی‌ شاعیریش نوسیوێتی‌ "به‌غداد دووجار جه‌واهیری‌ تیرۆر كردووه‌، جارێك كه‌ له‌به‌غدا ده‌ریكردو جارێكی‌ تریش كه‌ په‌یكه‌رێكی‌ بێ‌ ئاستیان بۆ دروستكردبوو".

عومه‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات له‌ماوه‌ی‌ شه‌وو رۆژێكدا هه‌موو شتێك له‌باره‌ی‌ په‌یكه‌ره‌وه‌ گۆڕاوه‌و "ئازادی‌ بووه‌ به‌باینجان‌و جه‌واهیریش به‌قاوه‌چی‌".

ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر حكومه‌تی‌ لۆكاڵی‌ به‌سره‌ كۆمپانیایه‌كی‌ راسپارد تا به‌بڕی‌ شه‌ش ملیۆن دۆلار مۆنۆمێنتێك بۆ ئازادی‌ دروستبكات، كۆمپانیاكه‌ش مۆنۆمێنته‌كه‌ی‌ له‌شێوه‌ی‌ باینجانێك دروستكرد كه‌ ژماره‌یه‌ك ئه‌سپی‌ له‌ده‌وره‌و بیرۆكه‌كه‌ی‌ له‌شاری‌ یارییه‌وه‌ وه‌رگیرابوو.

حه‌سه‌ن عه‌بود نووسه‌رو رۆژنامه‌نووس ده‌پرسێت چۆن گه‌لگامێشی‌ هێمای‌ مێژووی‌ مرۆڤایه‌تی‌ سه‌حنی‌ دراوه‌ته‌ ده‌ست‌و ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی‌ له‌به‌رده‌م كۆلێژی‌ راگه‌یاندندا كراوه‌ كاریكاتێره‌ كه‌ له‌یه‌ك كاتدا ده‌تخاته‌ پێكه‌نین‌و ده‌شگریت"، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر په‌یكه‌رتاشه‌كه‌ گه‌لگامێشی‌ بخوێندایه‌وه‌، بێگومان بیرۆكه‌یه‌كی‌ تری‌ ده‌بوو بۆ په‌یكه‌ره‌كه‌".

هونه‌ری‌ په‌یكه‌رتاشین له‌عێراقدا، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ مێژوویه‌كی‌ كۆنی‌ هه‌یه‌، هاوكات له‌هونه‌ری‌ هاوچه‌رخیشدا چه‌ندین گه‌وره‌ په‌یكه‌رتاشی‌ به‌رهه‌مهێناوه‌، هاوشێوه‌ی‌ جه‌واد سه‌لیمی‌ خاوه‌نی‌ مۆنۆمێنتی‌ ئازادی‌‌و محه‌مه‌د غه‌نی‌ حیكمه‌ت كه‌ پرۆژه‌ی‌ كه‌هره‌مانه‌ی‌ له‌ناوه‌ندی‌ به‌غدا دروستكرد.

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ خێزانی‌ جه‌واهیری‌ رایانگه‌یاند كه‌ داوایه‌كیان پێشكه‌شی‌ پارێزگاری‌ به‌غدا كردووه‌ بۆ لابردنی‌ په‌یكه‌ره‌كه‌ی‌ جه‌واهیری‌، له‌مڕووه‌وه‌ فورات جه‌واهیری‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌نه‌وه‌كانی‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند ئه‌و په‌یكه‌ره‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ به‌جه‌واهیرییه‌وه‌ نییه‌.

جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت په‌یكه‌رێك بۆ جه‌واهیری‌ دروست بكرێت له‌ئاست پێگه‌ی‌ ئه‌ودا بێت، به‌وپێیه‌ی‌ یه‌كێكه‌ له‌گه‌وره‌ترین شاعیره‌كانی‌ عه‌ره‌ب.

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ محه‌مه‌د روبێعی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ به‌غدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌وان هیچ ئاگاداری‌ دروستكردنی‌ په‌یكه‌ر نین بۆ جه‌واهیری‌‌و وتی‌ "ئه‌نجومه‌ن په‌یكه‌ره‌كه‌ لاده‌بات یان گۆڕانكاری‌ تێدا ده‌كات".

د. حه‌سه‌ن جاره‌ڵا مامۆستای‌ وێنه‌كێش له‌زانكۆی‌ موسته‌نسرییه‌ ئه‌نجامده‌رانی‌ ئه‌م جۆره‌ كارانه‌و ده‌زگا حكومییه‌كان به‌به‌پرسیار ده‌زانێت له‌به‌رامبه‌ر "هاتنه‌ خواره‌وه‌ی‌ ئاستی‌ رۆشنبیری‌‌و زه‌وقی‌ هونه‌ری‌".

جاره‌ڵا ده‌ڵێت "زۆربه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ له‌پاش ساڵی‌ 2003وه‌ له‌بواری‌ هونه‌ردا شتیان به‌ده‌سته‌، ئه‌وانه‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای‌ پشكی‌ تایفی‌ چوونه‌ته‌ پێشه‌وه‌و هیچ له‌هونه‌ر نازانن".

ته‌ها عامری‌ مامۆستای‌ په‌یمانگای‌ هونه‌ر پێی‌ وایه‌ زۆربه‌ی‌ كاره‌ هونه‌رییه‌ خراپه‌كانی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوو به‌بێ‌ ره‌خنه‌گرتن تێپه‌ڕیون بۆیه‌ زۆر دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌.

عامری‌ له‌مڕووه‌وه‌ پێی‌ وایه‌ ئه‌مه‌ "پێشێلكاری‌ روونه‌ به‌رامبه‌ر هونه‌رو رۆشنبیری‌، كه‌ له‌پاش ساڵی‌ 2003وه‌ روویداوه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌