راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كه‌ربه‌لای‌ شیعه‌، فه‌لوجه‌ی‌ سوننه‌ له‌خۆده‌گرێت

عه‌باس سه‌رحان
له‌گه‌رمه‌ی‌ قوڵبوونه‌وه‌ی‌ ناكۆكی‌ تایفیدا، دانیشتوانی‌ سووننه‌ی‌ فه‌لوجه‌ له‌ده‌ست شه‌ڕی‌ حكومه‌ت‌و گروپه‌…
16.01.2014  |  كه‌ربه‌لا
Refugees from the Fallujah crisis wait to enter Karbala. Pic: Getty
Refugees from the Fallujah crisis wait to enter Karbala. Pic: Getty

به‌درێژایی‌ ماوه‌ی‌ نێوان فه‌لوجه‌و قه‌زای‌ عه‌ین ته‌مر، دایكی‌ محه‌مه‌د ده‌ستی‌ به‌سه‌ری‌ دوو منداڵه‌كه‌ی‌، محه‌مه‌دو حه‌ناندا ده‌هێناو له‌خه‌یاڵێكی‌ قوڵدابوو، باوكی‌ محه‌مه‌دیش له‌پێشه‌وه‌ی‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ ناوه‌ناوه‌ به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ پرسیاری‌ به‌رده‌وامی‌ شۆفێره‌كه‌ له‌سه‌ر بارودۆخی‌ فه‌لوجه‌، خه‌یاڵی‌ ئه‌و ژنه‌ ته‌مه‌ن 38 ساڵه‌ی‌ ده‌بڕی‌.

پێده‌چوو ئه‌و ژن‌و پیاوه‌ له‌خه‌یاڵی‌ چاره‌نوسیاندابن، له‌كاتێكدا له‌شارێكی‌ سوننه‌نشینی‌ وه‌ك فه‌لوجه‌وه‌ بۆ دیارترین شاری‌ شیعه‌ی‌ عێراق كه‌ كه‌ربه‌لایه‌ رێیان ده‌كرد، له‌سه‌رده‌مێكدا كه‌ ململانێی‌ تایفی‌ خه‌ریكه‌ ده‌گاته‌ ئه‌وپه‌ڕی‌.

له‌گه‌ڵ‌ قوڵبوونه‌وه‌ قه‌یرانه‌ ئه‌منییه‌كه‌ی‌ ئه‌نبارو كۆنترۆڵكردنی‌ به‌شێكی‌ ئه‌و پارێزگایه‌ له‌لایه‌ن گروپه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌، به‌شێك له‌هاوڵاتیانی‌ ئه‌و شاره‌ ناچاربوون له‌ترسی‌ ماڵ‌‌و حاڵی‌ خۆیان هه‌ڵبێن بۆ كه‌ربه‌لای‌ هاوسێیان كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ئارامترین ناوچه‌كانی‌ عێراق.

له‌سه‌ر رێگای‌ عه‌ین ته‌مر هێزێكی‌ زۆری‌ چه‌كدار وه‌ستابوون‌و هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ به‌وێدا تێده‌په‌ڕین ده‌بوو ناسنامه‌ی‌ خۆیان نیشان بده‌ن، له‌و ده‌مه‌دا دایكی‌ محه‌مه‌د ترسێكی‌ زۆری‌ لێنیشت‌و له‌وه‌ ده‌ترسا ئه‌و بازگه‌یه‌ هی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان نه‌بێت‌و له‌لایه‌ن گروپی‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ دروستكرابێت، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ پۆلیس له‌فه‌لوجه‌ له‌ترسی‌ خۆی‌ چه‌ك‌و جل‌و به‌رگ‌و ئۆتۆمبێله‌كانی‌ له‌كاتی‌ هه‌ڵهاتندا جێهێشتبوو.

ترسه‌كه‌شی‌ ئه‌و كاته‌ زیاتر بوو كه‌ چه‌ند كه‌سێك به‌به‌رگی‌ مه‌ده‌نییه‌وه‌ لێیان نزیكبوونه‌وه‌ی‌ داوای‌ ناسنامه‌یان ده‌كرد، له‌و كاته‌دا هه‌موو ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی‌ خه‌ڵكه‌كه‌یان هه‌ڵگرتبوو گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ره‌و فه‌لوجه‌و سه‌رنشینه‌كانیش خۆیان‌و جانتاكانیان له‌نزیك خاڵی‌ پشكنینه‌كه‌ مانه‌وه‌.

له‌دووری‌ چه‌ند مه‌ترێك له‌بازگه‌كه‌وه‌، باوكی‌ خالید له‌گه‌ڵ‌ خێزانه‌كه‌یدا وه‌ستابوو، ئه‌ویش به‌دوودڵییه‌وه‌ له‌بارودۆخه‌كه‌ی‌ ده‌ڕوانی‌‌و نه‌یده‌زانی‌ چی‌ رووده‌دات.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و پیاوه‌ ته‌مه‌ن 47 ساڵه‌ سوپاسگوزاری‌ خوای‌ ده‌كرد كه‌ به‌سه‌لامه‌تی‌ له‌فه‌لوجه‌ ده‌رچووه‌، به‌ڵام دڵی‌ لای‌ ماڵ‌‌و حاڵه‌كه‌ی‌ بوو، نه‌یده‌زانی‌ ئاخۆ له‌شه‌ڕێكدا وێران ده‌بێت یان به‌سه‌لامه‌تی‌ ده‌مێنێته‌وه‌، جارجاره‌ش ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و خه‌یاڵه‌ی‌ ئایا باشی‌ كردووه‌ پێش ته‌واوبوونی‌ خوێندنی‌ منداڵه‌كانی‌ شاره‌كه‌ی‌ به‌جێهێشتووه‌ یان به‌هه‌ڵه‌دا چووه‌، ئاخۆ بڕیارێكی‌ راستی‌ داوا كه‌ له‌م بارودۆخه‌دا رووی‌ كردووه‌ته‌ ناوچه‌یه‌كی‌ شیعه‌نشین.

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ فه‌زاڵ‌ مه‌شهه‌دانی‌ قایمقامی‌ قه‌زای‌ عه‌ین ته‌مر پێی‌ وانییه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ ئاواره‌یه‌ی‌ فه‌لوجه‌ بڕیارێكی‌ هه‌ڵه‌یان دابێت بۆ رووكردنه‌ ناوچه‌كه‌ی‌ ئه‌وان‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ په‌یوه‌ندی‌ خزمایه‌تی‌ له‌نێوان به‌شێكی‌ زۆری‌ هاوڵاتیانی‌ فه‌لوجه‌و قه‌زاكه‌ی‌ ئه‌ودا هه‌یه‌.

مه‌شهه‌دانی‌ پێی‌ وایه‌ پێشوازی‌ خه‌ڵكی‌ عه‌ین ته‌مر له‌ئاواره‌كانی‌ فه‌لوجه‌ باشترین نموونه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ توندوتۆڵ‌ له‌نێوان خه‌ڵكی‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی‌ عێراقدا هه‌یه‌.

به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ رووداوه‌كانی‌ ئه‌ورۆژه‌، پاش دڵنیابوونی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، ئینجا ده‌رگا به‌رووی‌ ئاواره‌كانی‌ فه‌لوجه‌دا كرایه‌وه‌و رێیان پێدرا بچنه‌ عه‌ین ته‌مره‌وه‌‌و له‌وێش له‌لایه‌ن رێكخراوه‌ حكومی‌‌و ناحكومییه‌كانه‌وه‌ كۆمه‌كیان پێشكه‌ش كرا.

له‌گه‌ڵ‌ گه‌یشتنی‌ خێزانه‌كان، ماڵێكی‌ شیعه‌ محه‌مه‌دیان له‌دایك‌و باوكی‌ وه‌رگرت‌و له‌لای‌ خۆیان هێشتیانه‌وه‌، سه‌ره‌تا دایكی‌ محه‌مه‌د وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ ئاماژه‌ی‌ پێكرد له‌وه‌ ده‌ترسا كه‌ ناكۆكی‌ تایفی‌ ژیان له‌وان تاڵ‌ بكات، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ له‌جێگه‌یه‌كدان دانیشتوانه‌كه‌ی‌ شیعه‌یه‌و ئه‌وانیش سوننه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ شاشه‌ی‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ ماڵه‌كان سه‌رجه‌می‌ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌ناڵانه‌ بوون كه‌ قوڵایی‌ ناكۆكی‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ شیعه‌و سوننه‌یان نمایش ده‌كرد.

به‌ڵام پاش چه‌ند رۆژێك دایكی‌ محه‌مه‌د له‌وه‌ دڵنیابوون ئه‌و جێیه‌ی‌ بۆی‌ هاتوون ره‌نگه‌ ئارامترین شوێن بێت‌و له‌به‌ڵای‌ شاره‌كه‌ی‌ خۆیان رزگاریان بوبێت كه‌ ئێستا تانك‌و زرێپۆش چوارده‌وری‌ ته‌نیوه‌.

سێ‌ رۆژ پاش مانه‌وه‌یان وه‌فدێكی‌ مه‌زارگه‌ ئاینییه‌كان داوایان له‌هاوڵاتیانی‌ فه‌لوجه‌ كرد كه‌ بچنه‌ شاری‌ زیاره‌تكاران، ئه‌و جێگه‌یه‌ی‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكه‌ بۆ زیاره‌تكارانی‌ مه‌زارگه‌ ئاینییه‌كان دروست كراوه‌.

له‌مڕووه‌وه‌ دایكی‌ محه‌مه‌د ده‌ڵێت "سه‌ره‌تا زۆر دوودڵ‌ بووم، له‌وه‌ ده‌ترسام رقی‌ تایفه‌گه‌ری‌ له‌م شوێنه‌ش هه‌ڵمانكه‌نێت، به‌ڵام دڵنیابووم ئه‌وانه‌ی‌ هاتبوونه‌ لامان نیه‌تێكی‌ راستگۆیانه‌یان هه‌بوو".

ئێستا دایكی‌ محه‌مه‌دو باوكی‌ خالیدو 350 ئاواره‌ی‌ تر له‌شاری‌ زیاره‌تكارانی‌ كه‌ربه‌لا ده‌ژین‌و وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ خۆیان ئاماژه‌ی‌ پێده‌كه‌ن له‌وێ‌ خزمه‌تێكی‌ زۆر ده‌كرێن.

خزمه‌تی‌ خه‌ڵكی‌ كه‌ربه‌لا بۆ ئه‌و ئاواره‌نه‌ هه‌رچییه‌ك بێت، به‌ڵام ئه‌وان هێشتا چاویان له‌سه‌ر شوێنه‌یه‌ كه‌ لێوه‌ی‌ هاتوون‌و چاوه‌ڕێن رۆژێك بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ جێگه‌كه‌ی‌ خۆیان.