راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌بێهیوایدا په‌نا بۆ مه‌زارگه‌كان ده‌به‌ن

عه‌باس سه‌رحان
له‌ناوچه‌یه‌كی‌ گوندنشینی‌ نێوان كه‌ربه‌لاو بابل له‌سه‌ر شه‌قامێكی‌ سه‌ره‌كی‌ لافیته‌یه‌ك هه‌ڵواسراوه‌و ئاماژه‌…
27.12.2013  |  كه‌ربه‌لا

مه‌زاره‌كه‌ ده‌وره‌دراوه‌ به‌بێستانی‌ خورما، له‌ژێر سێبه‌ری‌ یه‌كێك له‌داره‌كانیشدا سالم عه‌واد خه‌یروڵای‌ ته‌مه‌ن چل ساڵ‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌ندامانی‌ خێزانه‌كه‌یدا دانیشتووه‌.

خه‌یروڵا له‌پارێزگای‌ دیاله‌وه‌ سه‌دان كیلۆمه‌تری‌ بڕیوه‌ بۆ سه‌ردانی‌ مه‌زاره‌كه‌ به‌ڵكو ببێته‌ شیفای‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ی‌ كه‌ دوو ساڵه‌ به‌ده‌ستیه‌وه‌ گیرۆده‌ بووه‌و وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت "پزیشكه‌كان هیچ چاره‌سه‌رێكیان پێنه‌بوو"، ئه‌مه‌ش سێهه‌مین زیاره‌تێتی‌ بۆ هه‌مان مه‌زارگه‌.

به‌ر له‌دوو ساڵ‌ له‌ده‌وری‌ مه‌زاره‌كه‌ ته‌نها 15 دوكان هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا ژماره‌یان گه‌یشتووته‌ 50‌و سێ‌ پاركی‌ گه‌وره‌ش بۆ راوه‌ستانی‌ ئۆتۆمبێل دروستكراوه‌.

خه‌یروڵاو هاوشێوه‌كانی‌ بڕوایان وایه‌ به‌سه‌ردانی‌ ئه‌و مه‌زاره‌ مرازیان حاسڵ‌ ده‌بێت، به‌مه‌رجێك سێ‌ هه‌ینی‌ له‌سه‌ر یه‌ك بۆی‌ بچنه‌وه‌.

وه‌ك جۆرێك له‌پێزانینیش له‌دیواره‌كانی‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ مه‌زاره‌كه‌ به‌ده‌یان لافیته‌ هه‌ڵواسراون‌و خاوه‌نه‌كانی‌ تیایاندا نوسیوه‌ گوایه‌ به‌سه‌ردانی‌ ئه‌و مه‌زاره‌ چاكبوونه‌ته‌وه‌ له‌نه‌خۆشیه‌ درێژخایه‌نه‌كانیان، به‌ڵام هیچكام له‌وانه‌ ناوی‌ خۆیان به‌روونی‌ نه‌نوسیوه‌.

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ خه‌یروڵا به‌ڵێنی‌ داوه‌ ئه‌گه‌ر به‌هۆی‌ ئه‌و سه‌ردانانه‌وه‌ چاك ببێته‌وه‌ ئه‌وا چه‌ند لافیته‌یه‌ك هه‌ڵبواسێت، له‌م رووه‌وه‌ ده‌ڵێت "له‌به‌غداو شاره‌كانی‌ تر سه‌ردانی‌ چه‌ند پزیشكێكم كردووه‌، سه‌رجه‌میان ده‌ڵێن چاكبوونه‌وه‌م زه‌حمه‌ته‌، مه‌گه‌ر به‌پشتیوانی‌ خوا نه‌بێت، پاره‌یه‌كی‌ زۆرم خه‌رجكردووه‌و هیچم به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ماوه‌ ته‌نها پاڕانه‌وه‌ نه‌بێت له‌پیاوچاكان".

سه‌یده‌ شه‌ریفه‌ كچی‌ ئیمام حه‌سه‌نی‌ كچه‌زای‌ پێغه‌مبه‌رو كوڕی‌ ئیمام عه‌لییه‌، مه‌زاره‌كه‌ی‌ ئه‌ویش ته‌نها مه‌زار نییه‌ له‌ناوه‌ڕاست‌و خوارووی‌ عێراق كه‌ مایه‌ی‌ گرنگیپێدانی‌ زیاره‌تكاران بێت، له‌وانه‌ی‌ سه‌دان كیلۆمه‌تر ده‌بڕن تا ئارامی‌ ده‌رونیان ده‌ست بكه‌وێت.

به‌دووری‌ چه‌ند سه‌د مه‌ترێك له‌خوارووی‌ مه‌زاره‌كه‌ی‌ سه‌یده‌ شه‌ریفه‌ مه‌زارگه‌یه‌كی‌ تری‌ نه‌وه‌كانی‌ پێغه‌مبه‌ر هه‌یه‌ به‌ناوی‌ حه‌مزه‌ شه‌رقی‌ كه‌ سێ‌ سه‌ده‌ پێش ئێستا مردووه‌، له‌و ده‌مه‌ی‌ له‌به‌حره‌ینه‌وه‌ بۆ سه‌ردانی‌ مه‌زارگه‌كانی‌ نه‌جه‌ف‌و كه‌ربه‌لا رووی‌ له‌ناوچه‌كه‌ كردووه‌.

ئه‌م مه‌زاره‌ش بۆ ئه‌وانه‌ی‌ به‌شوێن چاره‌سه‌ری‌ نه‌خۆشیدا ده‌گه‌ڕێن مایه‌ی‌ گرنگییه‌كی‌ زۆره‌، ئه‌وانه‌ی‌ سه‌ردانی‌ ده‌كه‌ن ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ده‌یان كه‌س به‌هۆی‌ ئه‌م مه‌زارگه‌یه‌وه‌ له‌نه‌خۆشی‌ بێچاره‌ چاك بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ نه‌مانتوانی‌ هیچ یه‌كێك له‌وانه‌ بدۆزینه‌وه‌ كه‌ مه‌زاره‌كه‌ شیفای‌ داون.

ده‌نگۆی‌ ئه‌وه‌ له‌ناو سه‌ردانكه‌رانی‌ ئه‌م مه‌زاره‌ باویه‌تی‌ كه‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ردانی‌ بكات له‌نه‌خۆشی‌ چاكده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌تا ئه‌كره‌م حه‌یده‌ مه‌هدی‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌دانیشتوانی‌ نزیك مه‌زاره‌كه‌ پێی‌ وایه‌ "كاریگه‌ری‌ رۆحی‌" ئه‌م مه‌زاره‌ به‌ئاسانی‌ خه‌ڵك له‌نه‌خۆشی‌ بێچاره‌ چاكده‌كاته‌وه‌.

ئه‌كره‌م ده‌ڵێت "ژنێك كه‌ له‌قه‌زای‌ هیندییه‌وه‌ هاتبوو عه‌قڵی‌ تێكچوو بوو، براكانی‌ چه‌ند رۆژێك به‌په‌نجه‌ره‌ی‌ مه‌زاری‌ سه‌یده‌ شه‌ریفه‌وه‌ به‌ستیانه‌وه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ چاكبووه‌وه‌".

مه‌هدی‌ ئه‌و قسانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌ندێك پێیان وایه‌ ئه‌م مه‌زارانه‌ ته‌نها بۆ ده‌ستكه‌وتی‌ دارایی‌ كراونه‌ته‌وه‌و ئه‌و قسانه‌ی‌ باس ده‌كرێ، راست نین.

خه‌ڵكی‌ عێراق له‌ماوه‌ی‌ چوار ده‌یه‌ی‌ رابردوودا به‌چه‌ندین كاره‌ساتی‌ وه‌ك شه‌ڕی‌ ناوخۆو ده‌ره‌كی‌‌و ئابڵوقه‌ی‌ ئابوری‌‌و بارودۆخی‌ ناله‌باری‌ سیاسیدا تێپه‌ڕیون، كه‌سێكی‌ وه‌ك د. فازل جه‌وادی‌ پسپۆڕی‌ ده‌رونی‌ پێی‌ وایه‌ هه‌موو ئه‌و بارودۆخانه‌ وای‌ له‌خه‌ڵكی‌ عێراق كردووه‌ په‌نا بۆ غه‌یب ببه‌ن له‌چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانداو ده‌ڵێت "چینی‌ هه‌ژاران كه‌ له‌هه‌موو كاره‌ساته‌كاندا زه‌ره‌رمه‌ندی‌ یه‌كه‌من په‌نا بۆ غه‌یب ده‌به‌ن".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "لایه‌نێكی‌ په‌یوه‌ندیدار نییه‌ له‌كێشه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ بكۆڵێته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وانیش په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر مه‌زاره‌كان، ئه‌مه‌ له‌وڵاتانی‌ پێشكه‌وتوو روونادات".

د. فازل ده‌ڵێت "له‌عێراقدا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هیچ سیسته‌مێك نییه‌، ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێ‌ ئۆتۆمبێل بكڕێت یان پاره‌ی‌ ده‌ست بكه‌وێت ده‌چێته‌ مه‌زاره‌كان، به‌ڵام خه‌ڵك له‌وڵاتانی‌ تر ده‌چێت له‌بانك قه‌رز ده‌كات‌و ئۆتۆمبێله‌كه‌ ده‌كڕێت".

هه‌روه‌ها پێی‌ وایه‌ به‌هۆی‌ دواكه‌وتوویی‌ بواری‌ پزیشكییه‌وه‌ له‌عێراقدا‌و كه‌مده‌رامه‌تی‌ نه‌خۆشه‌كان، په‌نا بردن بۆ غه‌یب بووه‌ته‌ باشترین رێچارو به‌دووریشی‌ نازانێت ئه‌و كه‌سانه‌ رووبه‌رووی‌ فێل‌و قۆڵبڕین ببنه‌وه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا شێخ وه‌جیه ئه‌سه‌دی‌ پێی‌ وایه‌ ئه‌و مه‌زارانه‌ ده‌رگای‌ ره‌حمه‌تن‌و ده‌ڵێت "ده‌بێت بڕوامان به‌وه‌ هه‌بێت كه‌ خواوه‌ند هه‌موو شتێكی‌ پێده‌كرێت‌و هیچ شتێك ئاسته‌م نییه‌"‌و پێی‌ وایه‌ خه‌ڵكی‌ ده‌یانه‌وێت به‌هۆی‌ ئه‌و مه‌زارانه‌وه‌ له‌خوا نزیك ببنه‌وه‌.

ئه‌سه‌دی‌ وایده‌بینێت چاكبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌نه‌خۆشییه‌ك بێهیوا بوون پاش سه‌ردانی‌ مه‌زاره‌كان، پابه‌نده‌ به‌هێزی‌ باوه‌ڕی‌ ئه‌و كه‌سه‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ خه‌ڵكانێكی‌ زۆریش ده‌چنه‌ مه‌زاره‌كان‌و هیچیان ده‌ست ناكه‌وێت "چونكه‌ بڕوای‌ ته‌واویان به‌مه‌زاره‌كان‌و پێگه‌ی‌ خاوه‌نه‌كانیان نه‌بووه‌ له‌لای‌ خوا".

به‌م ساڵانه‌ی‌ دوایی‌ له‌عێراقدا ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ مه‌زار نوێكراونه‌ته‌وه‌ كه‌ زۆرینه‌یان له‌ناوچه‌كانی‌ ناوه‌ڕاست‌و باشوورن‌و هه‌موشیان جمه‌یان دێت له‌زیاره‌تكاران، ئه‌مه‌ش به‌قسه‌ی‌ كه‌سێكی‌ وه‌ك شێخ ئه‌سه‌دی‌ هۆكه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ خه‌ڵك بڕوایان به‌كاریگه‌ری‌ مه‌زارگه‌كان هه‌یه‌.