راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

خه‌ڵكی‌ شاره‌ موحافیزكاره‌كه‌ به‌فه‌یسبووك ژن ده‌هێنن

ئیبراهیم ئەلجبوری
ره‌نگه‌ هه‌رگیز له‌خه‌یاڵی‌ خه‌ڵكی‌ كه‌ربه‌لادا نه‌بوبێت كه‌ له‌و كۆمه‌ڵگا موحافیزه‌كاره‌ رۆژێك ببێت فه‌یسبووك ببێته‌…
27.12.2013  |  كه‌ربه‌لا

حه‌یده‌ر سه‌عد كه‌ بازرگانێكه‌، له‌رێی‌ فه‌یسبوكه‌وه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ ناسیوه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی‌ فه‌یسبووك دوو مانگی‌ خایاندووه‌و پاش ئه‌وه‌ی‌ چووه‌ته‌ داوای‌ كچه‌كه‌.

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ ئه‌فراح حسێنی‌ خوێندكار ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌كه‌سێكه‌وه‌ له‌رێی‌ فه‌یسبووك داوای‌ هاوسه‌رێتی‌ لێكراوه‌، دواتر ئه‌م هاوڕێیه‌تییه‌ گه‌شه‌ی‌ كردووه‌ تا گه‌یشتووته‌ ئه‌وه‌ی‌ ببنه‌ هاوسه‌ری‌ یه‌ك، وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت فه‌یسبووك شه‌رمی‌ لێكنزیكبوونه‌وه‌ی‌ ره‌واندووه‌ته‌وه‌.

ره‌نگه‌ حاڵه‌ته‌كانی‌ هاوشێوه‌ی‌ حه‌یده‌رو ئه‌فراح زۆربن، به‌ڵام كه‌م كه‌س به‌هۆی‌ لۆمه‌ی‌ كۆمه‌ڵگاوه‌ ئاماده‌یه‌ باس له‌وه‌ بكات كه‌ له‌رێی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ ناسیوه‌، هه‌رچه‌نده‌ پسپۆڕان ئه‌مه‌ به‌حاڵه‌تێكی‌ ناته‌ندروست نازانن.

عه‌بدولكه‌ریم عامری‌ توێژه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ فه‌یسبووك كه‌شێكی‌ رۆمانسی‌ بۆ گه‌نجان ده‌خولقێنێت‌و ئه‌و په‌رده‌ی‌ ترس‌و شه‌رمه‌ ناهێڵێت كه‌ رووبه‌روو له‌نێوان كچ‌و كوڕدا هه‌یه‌.

ئه‌و توێژه‌ره‌ روونیده‌كاته‌وه‌ ئه‌م هۆكاره‌ مه‌ترسی‌ خراپ به‌كارهێنانیشی‌ زۆره‌و تائێستا چه‌ندین گه‌نج بوونه‌ته‌ قوربانی‌ فه‌یسبووك، چونكه‌ "ره‌نگه‌ كه‌سێك به‌هۆی‌ نه‌زانی‌ خۆیه‌وه‌ ببێته‌ پاروویه‌كی‌ ئاسان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ده‌یانه‌وێت خراپ سوودی‌ لێ ببینن".

هه‌رچه‌نده‌ هیچ ئامارێكی‌ فه‌رمی‌ له‌لایه‌ن ده‌زگا پسپۆڕه‌كانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام په‌نا بردن بۆ دادگا بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ دۆسێكان ده‌ریده‌خات كه‌ حاڵه‌ته‌كانی‌ خراپ به‌كارهێنانی‌ فه‌یسبووك كه‌م نین.

عه‌بدولزه‌هرا حه‌سناوی‌ كه‌ ئه‌فسه‌رێكی‌ پۆلیسه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئه‌و له‌میانی‌ كاره‌كه‌ی‌ خۆیدا رووبه‌رووی‌ چه‌ندین حاڵه‌تی‌ خراپ به‌كارهێنانی‌ فه‌یسبووك بووه‌ته‌وه‌‌و ده‌ڵێت "هه‌ندێ‌ له‌گه‌نجان به‌شێوازی‌ جۆراو جۆره‌ وێنه‌و ده‌نگی‌ كچان ده‌دزن‌و دوایی‌ هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر خۆیان نه‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌ بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌".

ئه‌و روونیكرده‌وه‌ كه‌ یاسا سزای‌ روونی‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ داناوه‌و ده‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌ كه‌سێك له‌رێی‌ خراپ به‌كارهێنانی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ به‌یاسای‌ ژماره‌ چواری‌ تیرۆر حوكم بدرێت.

سه‌ره‌ڕای‌ بوونی‌ ئه‌و مه‌ترسییانه‌ له‌رێی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا هه‌ندێ‌ كه‌س به‌شێوازێكی‌ باشی‌ ده‌زانن بۆ دروستكردنی‌ په‌یوه‌ندی‌ كه‌هه‌ندێكیان ده‌گات به‌هاوسه‌رگیری‌‌و هه‌ندێكی‌ تریان ئه‌نجامی‌ نابێت.

له‌مڕووه‌وه‌ فازیل مه‌سعودی‌ به‌ڵێنده‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ئێستا كچێك سه‌ردانی‌ نوسینگه‌كه‌ی‌ كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر پارچه‌ زه‌وییه‌ك خانووی‌ بۆ دروست بكات، ئه‌میش به‌كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی‌ سه‌رسام بووه‌، به‌ڵام نه‌یوێراوه‌ راسته‌وخۆ قسه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ بكات، بۆیه‌ په‌نای‌ بردووه‌ته‌ به‌ر فه‌یسبووك‌و پاش هه‌فته‌یه‌ك له‌چاتكردن چووه‌ته‌ داوای‌.

سالم جه‌واد كه‌ فه‌رمانبه‌رێكه‌، به‌شێوه‌یه‌كی‌ تر له‌رێی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ ناسیوه‌، ئه‌و باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌سه‌ر په‌یجه‌كه‌ی‌ خۆی‌ نوسینێكی‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر وه‌سفه‌كانی‌ مرۆڤی‌ باش، یه‌كێك له‌وانه‌ی‌ كۆمێنی‌ له‌سه‌ر داوه‌ ئه‌و كچه‌ بووه‌ كه‌ ئێستا هاوسه‌رێتی‌ كه‌ پاش پێنج مانگ به‌یه‌ك گه‌یشتوون.

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و نموونه‌ سه‌ركه‌وتووانه‌، به‌ڵام هێشتا شاره‌زایان ترسیان هه‌یه‌ له‌به‌كارهێنانی‌ ئه‌و هۆكاره‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ پارێزه‌ر محه‌مه‌د مه‌نكوشی‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند چه‌ندین حاڵه‌ت هه‌بووه‌ كه‌ گه‌نجان بوونه‌ته‌ قوربانی‌ خراپ به‌كارهێنانی‌ فه‌یسبووك‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌ تر.

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ عزرا خه‌فاجی‌ چالاكوان پێی‌ وایه‌ به‌كارهێنانی‌ فه‌یسبووك بۆ هاوسه‌رگیری‌ ته‌ندروسته‌و ده‌ڵێت "ئه‌مه‌ هێمایه‌كه‌ بۆ پێشكه‌وتنی‌ كۆمه‌ڵگا".