راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

نه‌خۆشییه‌كانی‌ خوێن منداڵانی‌ عێراق له‌ناو ده‌بات

ئەحمەد روبێعی
به‌پێی‌ ئاماره‌ نافه‌رمییه‌كان له‌ماوه‌ی‌ ده‌ ساڵی‌ رابردوودا ژماره‌ی‌ منداڵانی‌ توشبوو به‌نه‌خۆشی‌ سالاسیماو نه‌خۆشی‌…
27.12.2013  |  به‌غدا

هاله‌ عومه‌ری‌ ته‌مه‌ن 13 ساڵ‌ یه‌كێكه‌ له‌و منداڵانه‌ی‌ تووشی‌ نه‌خۆشی‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ خوێن هاتووه‌، له‌و كاته‌ی‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ منداڵان دایكی‌ ده‌ستی‌ گرتبوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ بیباته‌ سه‌ر جێگاكه‌ی‌ خۆی‌، هاله‌ وتی‌ "كاتێك هاوپۆله‌كانم به‌جۆرێك ته‌ماشام ده‌كه‌ن به‌ته‌واوی‌ وێران ده‌بم، ئێمه‌ له‌كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ دڵره‌قداین".

نه‌خۆشی‌ ته‌واو ته‌نگی‌ به‌هاله‌ هه‌ڵچنیوه‌و جه‌سته‌ی‌ لاواز كردووه‌، به‌هۆی‌ جۆری‌ نه‌خۆشیه‌كه‌یه‌وه‌ ناتوانێت وه‌ك منداڵانی‌ تر یاری‌ بكات‌و تێكه‌ڵی‌ یادو بۆنه‌كانی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ ببێت.

دایكی‌ هاله‌ به‌چاوی پڕ له‌فرمێسكه‌وه‌ باشی‌ نه‌خۆشی‌ كچه‌كه‌ی‌ ده‌كردو ده‌یوت "ماوه‌یه‌كی‌ زۆره‌ ره‌نگی‌ زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاوه‌و نان ناخوات، له‌ماوه‌ی‌ 20 رۆژی‌ رابردوودا پله‌ی‌ گه‌رمای‌ له‌شی‌ گه‌یشتووته‌ 39و پاش ئه‌وه‌ش تووشی‌ خوێنبه‌ربوون هات".

عامر جه‌باری‌ ته‌مه‌ن ده‌ ساڵ‌، تووشبوویه‌كی‌ تره‌ به‌و نه‌خۆشیانه‌ی‌ منداڵانی‌ عێراقی‌ گیرۆده‌ كردووه‌، به‌ڵام نه‌خۆشییه‌كه‌ی‌ ئه‌و سالاسیمایه‌، كه‌ كار له‌سه‌ر دورستبوونی‌ ماده‌ی‌ هیمیگلۆبین ده‌كات له‌ناو خرۆكه‌ سووره‌كانی‌ خوێنداو ناتوانن كاری‌ خۆیان بكه‌ن، بۆیه‌ ده‌بێت به‌رده‌وام خوێنی‌ بگۆڕێت، ئه‌گه‌رنا رووبه‌رووی‌ مه‌رگ ده‌بێته‌وه‌.

به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند ساڵێك بێت ده‌رمانی‌ لێبڕابێت، كه‌چی‌ له‌و كاته‌ی‌ گفتوگۆمان له‌گه‌ڵدا ده‌كرد عامر به‌هۆی‌ نه‌گه‌یشتنی‌ هه‌وا به‌شێوه‌یه‌كی‌ باش بۆ دڵی‌ به‌زه‌حمه‌ت ده‌یتوانی‌ قسه‌ بكات، باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ له‌ته‌مه‌نی‌ دوو ساڵییه‌وه‌ تووشی‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ هاتووه‌.

باوكی‌ عامر بۆ "نیقاش"ی‌ باسكرد كه‌ ئه‌و پێی‌ وایه‌ كه‌می‌ رۆشنبیری‌ هۆكاره‌ له‌زۆربوونی‌ ژماره‌ی‌ ئه‌و منداڵانه‌ی‌ نه‌خۆشی‌ سالاسیما یان شێرپه‌نجه‌ی‌ خوێنیان هه‌یه‌.

ئه‌م قسه‌یه‌ له‌لایه‌ن پزیشكێكی‌ پسپۆڕه‌وه‌ پشت راست ده‌كرێته‌وه‌و له‌مڕووه‌وه‌ د. مه‌نال چه‌له‌بی‌ ده‌ڵێت "نه‌خۆی‌ سالاسیما له‌دایك‌و باوكه‌وه‌ ده‌گوێزرێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وان هه‌ڵگری‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ن‌و پێیانه‌وه‌ ده‌رنه‌كه‌وتووه‌و به‌رێژه‌ی‌ 25% بۆ منداڵه‌كانی‌ ده‌گوێزنه‌وه‌".

گه‌وره‌ترین كێشه‌ی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشی‌ سالاسیما، هاوسه‌رگیرییه‌ له‌نێوان ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ خزمی‌ یه‌كن، به‌تایبه‌تی‌ هاوسه‌رگیری‌ له‌نێوان ئامۆزادا كه‌ ئه‌گه‌ری‌ توشبوون به‌نه‌خۆشییه‌كه‌ به‌رز ده‌كاته‌وه‌.

هه‌موو ئاماره‌ فه‌رمی‌‌و نا فه‌رمییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ رێژه‌ی‌ ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ له‌ناو منداڵانی‌ عێراق رووه‌و هه‌ڵكشانه‌، به‌ڵام جیاوازییه‌كی‌ زۆر له‌نێو ئه‌و ئامارانه‌دا هه‌یه‌، ئه‌وه‌تا جه‌مال تالقانی‌ سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ئه‌لئه‌یسار بۆ به‌هاناوه‌چوونی‌ توشبووانی‌ سالا سیما ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ 16 هه‌زار منداڵی‌ توشبووی‌ ئه‌و نه‌خۆشییه‌ هه‌یه‌و وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ راسته‌قینه‌ی‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ ده‌شارێته‌وه‌.

جه‌مال ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ساڵانه‌ نزیكه‌ی‌ دوو هه‌زار منداڵی‌ توشبوو به‌و نه‌خۆشییه‌ له‌دایك ده‌بن، ئه‌مه‌ش به‌به‌راورد به‌وڵاتانی‌ تر "كاره‌ساته‌".

ئه‌وه‌نده‌ی‌ په‌وه‌ندی‌ به‌نه‌خۆشی‌ لۆكیمیا (شێرپه‌نجه‌ی‌ خوێن)ه‌وه‌ هه‌یه‌، د. زه‌كه‌ریا خه‌یات پسپۆرشی‌ ئه‌و نه‌خۆشییه‌ هێما بۆ هه‌ڵكشانی‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ ده‌كات له‌پاش ساڵی‌ 2003وه‌.

خه‌یات به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند كه‌ مانگانه‌ زیاتر له‌منداڵێك تووشی‌ ئه‌و نه‌خۆشییه‌ ده‌بێت‌و هۆكاری‌ هه‌ڵكشانی‌ نه‌خۆشییه‌ بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ تیشكی‌ ئه‌تۆمی‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ له‌به‌ره‌نجامی‌ موشه‌كه‌كانی‌ سوپای‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ساڵی‌ 2003 بڵاوبوونه‌ته‌وه‌.

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌مه‌ش ئه‌و چه‌كانه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ هه‌شت ساڵی‌ شه‌ڕی‌ ئێران عێراقدا به‌كارهاتوون كاریگه‌رییان له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ توشبووان به‌نه‌خۆشییه‌كه‌ هه‌بووه‌،

به‌پێی‌ توێژینه‌وه‌یه‌ك كه‌ به‌م دواییه‌ ئه‌نجامدراوه‌، ده‌ریخستووه‌ رێژه‌ی‌ منداڵانی‌ توشبوو به‌شێرپه‌نجه‌ی‌ خوێن زیادیكردووه‌، له‌توێژینه‌وه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتووه‌ له‌پا شه‌ڕی‌ دووه‌می‌ كه‌نداوه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی‌ له‌خوار ته‌مه‌نی‌ پانزه‌ ساڵه‌وه‌ن مه‌ترسی‌ توشبوونیان به‌و نه‌خۆشییه‌ زیادی‌ كردووه‌.

به‌جۆرێك ساڵی‌ 1990 له‌كۆی‌ هه‌ر سه‌د هه‌زار منداڵێك چواریان تووشی‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ خوێن بووه‌، به‌ڵام پاش جه‌نگی‌ كه‌نداو ئه‌م ژماره‌یه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌ بۆ 22 منداڵ‌ له‌كۆی‌ هه‌ر سه‌د هه‌زار منداڵێك.

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ پرۆفیسۆر زوهێر فتوحی‌ پسپۆڕی‌ نه‌خۆشییه‌كانی‌ خوێن له‌كۆلێژی‌ زانستی‌ ژیان به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند خانه‌ شێرپه‌نجه‌ییه‌كان كارده‌كه‌نه‌ سه‌ر خوێنی‌ منداڵ‌‌و به‌هۆیه‌وه‌ تووشی‌ خوێنبه‌ربوون ده‌بێت‌و كاریگه‌ری‌ ده‌بێت له‌سه‌ر هیمۆگۆلۆبین‌و خرۆكه‌ سپییه‌كان.

باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ هۆكاره‌كانی‌ تووشبوون به‌و نه‌خۆشییه‌ هه‌مه‌ چه‌شنن، یان ئه‌وه‌تا به‌هۆی‌ كاریگه‌ری‌ تیشكی‌ ئه‌تۆمییه‌وه‌یه‌، یان ته‌قینه‌وه‌ی‌ گه‌وره‌ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر منداڵه‌كه‌ ده‌بێت.

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ لیقا ئال یاسین سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ته‌ندروستی‌‌و ژینگه‌ی‌ په‌رله‌مان ره‌خنه‌ی‌ له‌وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ گرت به‌وه‌ كه‌مته‌رخه‌مه‌ له‌چاره‌سه‌ركردنی‌ منداڵانی‌ توشبوو به‌و نه‌خۆشییانه‌‌و چاودێری‌‌و تاقیگه‌ی‌ پێویستی‌ نییه‌.

ئه‌م قسه‌یه‌ له‌سه‌ر زاری‌ تالقانی‌ سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ئه‌لئه‌یساره‌وه‌ پشت راست ده‌كرێته‌وه‌و وتی‌ "ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ دابینی‌ ده‌كات ته‌نها به‌شی‌ 60% توشبووان ده‌كات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ خوێنی‌ پێویستی‌ نییه‌".

پێشتریش لیژنه‌ی‌ ته‌ندروستی‌‌و ژینگه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ به‌غدا رایگه‌یاندبوو كه‌ نزیكه‌ی‌ 2500 منداڵ‌ له‌به‌غدا تووشی‌ نه‌خۆشییه‌كانی‌ سالاسیماو شێرپه‌نجه‌ی‌ خوێن هاتوون.

له‌ماوه‌ی‌ سێ‌ رۆژدا په‌یامنێری‌ "نیقاش" هه‌وڵیدا لێدوان له‌زیاد تاریق به‌رێوه‌به‌ری‌ راگه‌یاندنی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ وه‌ربگرێت، به‌ڵام وه‌ڵامی‌ په‌یوه‌ندی‌‌و كورته‌ نامه‌كانی‌ نه‌دایه‌وه‌.