راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

به‌هۆی‌ مانگرتنی‌ پارێزه‌رانه‌وه‌ دادگای‌ نه‌ینه‌وا په‌كی‌ كه‌وتووه‌

تایبه‌ت
له‌وكاته‌وه‌ی‌ پارێزه‌رانی‌ موسڵ‌ له‌ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ رابردووه‌وه‌ مانیانگرتووه‌، به‌شێكی‌ زۆری‌ داواكانی‌ دادگای‌…
5.12.2013  |  موسڵ
Lawyers on strike: Mosuls law courts have been unusually quiet of late.
Lawyers on strike: Mosuls law courts have been unusually quiet of late.

ناڕه‌زایی‌ پارێزه‌ران له‌و كاته‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵدا كه‌ بڕیاردرا به‌گوێزانه‌وه‌ی‌ دادگای‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ تاوانه‌كانی‌ تیرۆر بۆ باره‌گایه‌كی‌ سه‌ربازی‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ شارو دادوه‌ره‌كانیشی‌ گۆڕان به‌چه‌ند دانه‌یه‌كی‌ تر كه‌ له‌به‌غداوه‌ هێنرابوون.

نفال تائی‌ نه‌قیبی‌ لقی‌ نه‌ینه‌وای‌ سه‌ندیكای‌ پارێزه‌ران ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌موو هاوپیشه‌كانی‌ خۆیان ده‌بوێرن له‌وه‌ی‌ بچنه‌ دادگاكانی‌ كه‌تن‌و شارستانی‌‌و لێكۆڵینه‌وه‌، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ دادوه‌ری‌ رازی‌ نه‌بوو دادگای‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ تاوانه‌كانی‌ تیرۆر بگێڕێته‌وه‌ بۆ شوێنی‌ جارانی‌ خۆی‌ كه‌ له‌ناو بینای‌ دادگای‌ تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی‌ نه‌ینه‌وادا بوو، له‌بری‌ ئه‌وه‌ له‌نزیك باره‌گای‌ فه‌رمانده‌یی‌ فیرقه‌ی‌ پیاده‌ی‌ دووی‌ سه‌ربه‌ سوپای‌ عێراقی‌ هێڵدرایه‌وه‌.

تائی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ سه‌ره‌تای‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ كێشه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێـته‌وه‌ بۆ ئه‌و ده‌مه‌ی‌ كه‌ له‌به‌غداوه‌ دادوه‌رو لێكۆڵه‌ری‌ داد ره‌وانه‌ی‌ دادگای‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ كه‌یسه‌كانی‌ تیرۆر كران، ئه‌مه‌ش هاوكات بوو له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ده‌سته‌ی‌ كێشه‌كان كه‌ له‌دادوه‌رو لێكۆڵه‌ره‌وه‌ی‌ دادی‌ نه‌ینه‌وا پێكهاتبوون، فه‌رمانه‌كه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ دادوه‌رییه‌وه‌و له‌پاش جه‌ژنی‌ قوربانه‌وه‌ ده‌رچووه‌.

نفال ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ بڕیاری‌ ئه‌و دادگایه‌ كتوپڕ بووه‌، چونكه‌ له‌كاتێكدا هاتووه‌ كه‌ دادگا له‌پشوی‌ جه‌ژنی‌ قورباندا بووه‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ژماره‌ی‌ ده‌ستگیكراوه‌كان هه‌ڵكشاوه‌ بۆ سه‌دان به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ وته‌شیان لێ‌ وه‌ربگیرێت.

نه‌قیبی‌ پارێزه‌رانی‌ نه‌ینه‌وا ئه‌وه‌شی‌ بۆ نیقاش ئاشكرا كرد كه‌ هۆكاری‌ تر هه‌یه‌ له‌پشت مانگرتنی‌ پارێزه‌رانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌قسه‌ی‌ ئه‌و په‌یوه‌ندی‌ هه‌یه‌ به‌"پێشێلكاری‌ روونی‌ یاساكان" به‌و پێیه‌ی‌ له‌كاتی‌ دانیشتنی‌ دادگای‌ لێكۆڵینه‌وه‌، ئه‌فسه‌ره‌كان ئاماده‌ی‌ هۆڵی‌ دادگاییه‌كه‌ ده‌بن، هه‌روه‌ها بۆ ده‌ستگیركردنی‌ گوامانلێكراوانیش پشت ده‌به‌سترێت به‌وته‌ی‌ هه‌واڵنێری‌ نهێنی‌.

نفال ده‌ڵێت "له‌گه‌ڵ‌ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا پارێزه‌ران له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كرێت‌و به‌شێك له‌گومانلێكراوانیش ناچار ده‌كه‌ن قسه‌یه‌ك بكه‌ن كه‌ راستی‌ نییه‌‌و ئازار ده‌درێن".

له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی‌ مانگرتنی‌ پارێزه‌ران دوو هه‌فته‌ی‌ تێپه‌ڕاندووه‌، هاوكات به‌پێی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ له‌ژووری‌ پارێزه‌رانه‌وه‌ ده‌ستكه‌وتووه‌، ژماره‌ی‌ ئه‌و گومانلێكراوانه‌ی‌ ده‌ستگیركراون‌و وته‌یان وه‌رنه‌گیراوه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ سێ‌ هه‌زار كه‌س، هه‌رچی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ پارێزگاریشه‌ بۆ گوێزانه‌وه‌ی‌ باره‌گای‌ دادگاكه‌ بۆ شوێنێكی‌ بێلایه‌ن شكستی‌ هێناوه‌، ته‌نانه‌ت ناوبژیوانی‌ یه‌كێتی‌ مافپه‌روه‌رانیش هیچ ئه‌نجامێكی‌ لێنه‌كه‌وته‌وه‌و سوپاش له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا بێده‌نگه‌.

به‌هۆی‌ كارنه‌كردنی‌ پارێزه‌رانه‌وه‌، به‌شێكی‌ زۆر له‌داواكانی‌ دادگای‌ نه‌ینه‌وا په‌كی‌ كه‌وتووه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی‌ كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌كه‌یسی‌ تیرۆره‌وه‌ نییه‌.

هه‌ندێك له‌و پارێزه‌رانه‌ی‌ به‌رده‌وامن له‌كاركردن‌و مانیان نه‌گرتووه‌، "نیقاش" چاوی‌ پێیان كه‌وت، ئه‌وان ئاماژه‌یان به‌وه‌ ده‌كرد كه‌ ناچارن كاربكه‌ن، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ هه‌ندێ‌ ده‌نگۆ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن لایه‌نێكی‌ چه‌كدار ناوی‌ ئه‌و پارێزه‌رانه‌ تۆمار ده‌كات كه‌ بایكۆته‌كه‌ ده‌شكێنن، هه‌ندێكی‌ تریش نایانه‌وێت كاره‌كه‌یان په‌كی‌ بكه‌وێت، به‌ڵام "نیقاش" نه‌یتوانی‌ له‌هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆوه‌ ئه‌و زانیاریانه‌ پشت راست بكاته‌وه‌.

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار به‌"نیقاش"یان راگه‌یاند ئه‌سیل نوجێفی‌ پارێزگاری‌ نه‌ینه‌وا هه‌وڵی‌ داوه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام ئه‌نجامی‌ نه‌بووه‌، هه‌رچه‌ند یه‌كێك له‌سه‌رچاوه‌كان ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌ به‌هۆی‌ لێكنزیكبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ پارێزگارو هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، پێده‌چێت كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.

هه‌تا ئێستا ئه‌و كێشه‌یه‌ وه‌ك خۆی‌ ماوه‌ته‌وه‌و هیچی‌ له‌باره‌وه‌ نه‌كراوه‌، له‌مڕووه‌وه‌ نه‌شوان عه‌بدوڵای‌ نوسه‌رو رۆژنامه‌نووس پێی‌ وایه‌ له‌دوا ساته‌كاندا په‌رله‌مانتارانی‌ نه‌ینه‌وا كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ ریكلامێكی‌ به‌خۆڕایی‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو.

ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ پارێزه‌ران مانده‌گرن، چونكه‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا چه‌ند جارێكی‌ تر به‌هۆی‌ ده‌ستگیركردنی‌ پارێزه‌ران یان به‌هۆی‌ ده‌ستدرێژی‌ بۆ سه‌ر دادگا مانیانگرتووه‌، به‌ڵام ئه‌و مانگرتنانه‌یان زۆربه‌ی‌ كات ته‌نها یه‌ك رۆژی‌ خایاندووه‌.

مانگرتنی‌ ئه‌مجاره‌ درێژترین مانگرتنه‌ له‌مێژووی‌ پارێزه‌رانی‌ نه‌ینه‌وادا، هاوڵاتیانیش ترسیان هه‌یه‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌وه‌ كاره‌كانی‌ ئه‌وان په‌كی‌ بكه‌وێت، یان داواكانیان بدۆڕێنن، به‌ڵام پارێزه‌ر ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵا ئه‌و حاڵه‌ته‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌و روونی‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌بێ‌ بوونی‌ یه‌كێك له‌لایه‌نه‌كانی‌ داوا، یان نوێنه‌رانیان، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و داوایانه‌ یه‌كلایی‌ ناكرێته‌وه‌.

ئه‌و پارێزه‌ره‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات مانگرتنه‌كه‌ی‌ ئه‌وان به‌چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كه‌ كۆتایی‌ دێت‌و وه‌ك جاران ده‌ست ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌كاری‌ ئاسایی‌ خۆیان.