راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ژنانی‌ كه‌ربه‌لا روویان كردووه‌ته‌ شۆفێری‌

عه‌باس سه‌رحان
به‌ر له‌چه‌ند ساڵێك زه‌حمه‌تبوو ژنێك له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی‌ كه‌ربه‌لا ببینیت ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت، چونكه‌ بۆ شارێك كه‌ به‌رگی‌…
28.11.2013  |  كه‌ربه‌لا
Cultural import: A woman in Baghdad starts her driving lesson.
Cultural import: A woman in Baghdad starts her driving lesson.

هه‌رچه‌نده‌ هیچ یه‌كێك له‌مه‌رجه‌عه‌ ئاینییه‌كان فه‌توای‌ حه‌رامبوونی‌ لێخوڕینی‌ ئۆتۆمبێلیان نه‌داوه‌ له‌لایه‌ن ژنانه‌وه‌، به‌ڵام له‌رابردوودا ژنێكت نه‌ده‌بینی‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان له‌پشت سوكانه‌وه‌ بێت، كه‌چی‌ ئه‌وا چه‌ند ساڵێكه‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ خه‌ریكه‌ كاڵ‌ ده‌بێته‌وه‌و ورده‌ ورده‌ ژنان وه‌ك شۆفێر دێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان.

ئوم روقیه‌ كه‌ ناوی‌ خوازراوی‌ ژنێكه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئه‌و یه‌كه‌مین ژن بووه‌ ساڵی‌ 2005 له‌كه‌ربه‌لا ئۆتۆمبێلی‌ لێخوڕیوه‌، ئه‌وه‌شی‌ به‌بیر نایه‌ت له‌مێژووی‌ دوور نزیكدا ژنێك پێش ئه‌و هه‌نگاوه‌ی‌ هه‌ڵهێنابێت.

ئوم روقیه‌ له‌یه‌كێك له‌خوێندنگاكانی‌ شاره‌كه‌ مامۆستایه‌و وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت هه‌موو رۆژێك ناچار ده‌بوو به‌تاكسی‌ له‌ماڵه‌وه‌ بچێته‌ ده‌وام‌و بگه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش چاره‌گێكی‌ موچه‌كه‌ی‌ ده‌برد، بۆیه‌ بڕیاریداوه‌ ئه‌و كات ئۆتۆمبێلێكی‌ دایۆی‌ كۆن به‌سێ‌ هه‌زار دۆلار بكڕێت هه‌رچه‌ند دواتر كردوویه‌تی‌ به‌كیایه‌كی‌ سپۆتاجی‌ مۆدێل 2009.

ئوم روقیه‌ پێی‌ وایه‌ ئه‌و بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ هاندانی‌ ژنانی‌ تر بۆ لێخوڕین‌و ده‌ڵێت "ئه‌مڕۆ ده‌یان ژن له‌ناو شاره‌كه‌دا ئۆتۆمبێل لێده‌خوڕن‌و هه‌ندێكیان هاتوچۆی‌ شاره‌كانی‌ تریش ده‌كه‌ن".

له‌مانگی‌ ئه‌یلولی‌ رابردوو به‌شی‌ ژنان له‌به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ وه‌رزش‌و لاوانی‌ كه‌ربه‌لا خولێكی‌ فێربوونی‌ شۆفێری‌‌و كاری‌ میكانیكی‌ كرده‌وه‌و دوانزه‌ ژنه‌ فه‌رمانبه‌ر تیایدا به‌شداربوون، ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ئاینده‌شدا خولی‌ هاوشێوه‌ ده‌كاته‌وه‌.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ لێخوڕینی‌ ئۆتۆمبێل له‌شارێكی‌ وه‌ك كه‌ربه‌لا هه‌نگاوێكی‌ نوێیه‌، بۆیه‌ زۆرجار ژنان تووشی‌ گێچه‌ڵ‌ ده‌بنه‌وه‌، له‌مڕووه‌وه‌ ئوم روقیه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ورده‌ ورده‌ شۆفێره‌ پیاوه‌كان چاویان به‌بوونی‌ ژن رادێت‌و ده‌ڵێت "به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ خه‌ڵكی‌ كه‌ربه‌لا شارستانیانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ شۆفێری‌ ژن ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌لایه‌ن هه‌ندێ‌ گه‌نجه‌وه‌ رووبه‌رووی‌ گێچه‌ڵ‌ ده‌بینه‌وه‌".

ئوم روقیه‌ ئه‌وه‌ ناشارێته‌وه‌ كه‌ هه‌نگاوه‌كه‌ی‌ ئه‌وان له‌كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ پیاوسالاردا كارێكی‌ ئاسان نییه‌، به‌ڵام خه‌ریكه‌ دیارده‌ی‌ ژنه‌ شۆفێره‌كان له‌نامۆیی‌ ده‌رده‌چێت، له‌كاتێكدا له‌رابردوودا چه‌ندین جار شۆفێری‌ ژنان به‌تایبه‌تی‌ له‌لای‌ شۆفێری‌ تاكسییه‌كان بوبووه‌ بابه‌تێك بۆ نوكته‌و قسه‌ی‌ خۆش.

ئوم روقیه‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌یاده‌ كه‌ ساڵی‌ 2006 كاتێك ئۆتۆمبێله‌كه‌ی‌ په‌كی‌ كه‌وتووه‌، سه‌رجه‌م ئه‌و شۆفێرانه‌ی‌ به‌لایدا تێپه‌ڕیون به‌گاڵته‌جاڕییه‌وه‌ تانه‌یان لێداوه‌.

جه‌عفه‌ر سه‌عد كه‌ شۆفێری‌ تاكسییه‌ ده‌ڵێت "جاران به‌گاڵته‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ هاوڕێكانمان ده‌مانووت باشه‌ ئه‌گه‌ر ژنێك تایه‌كه‌ی‌ په‌نچه‌ بێت چی‌ ده‌كات، خۆ ماڵی‌ وێران ده‌بێت، به‌ڵام ئێستا ژنان سه‌لماندویانه‌ كه‌ ئه‌و كێشانه‌یان پێ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت".

مه‌سه‌له‌ی‌ شۆفێری‌ ژنان له‌شارێكی‌ وه‌ك كه‌ربه‌لا كه‌ شارێكی‌ ئاینییه‌، هیچ مشتومڕێكی‌ نه‌هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌و پیاوانی‌ ئاینیش ناڕازی‌ نه‌بوون لێی‌، له‌كاتێكدا له‌وڵاتانی‌ تری‌ ناوچه‌كه‌ رێ‌ به‌ژنان نادرێت ئۆتۆمبێل لێبخوڕن.

عه‌بدولحه‌سه‌ن ئیبراهیم كه‌ پیاوێكی‌ ئاینییه‌ پێی‌ وایه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ شۆفێری‌ ژنان پێویستی‌ به‌فه‌توا نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ رێی‌ پێبدرێت، چونكه‌ هیچ دژایه‌تییه‌كی‌ شه‌رعی‌ تێدا نییه‌و له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "چ شتێك هه‌یه‌ رێگری‌ له‌ژن بكات، مادام به‌شێوه‌یه‌كی‌ پۆشته‌ كاره‌كه‌ی‌ ده‌كات‌و بۆ كاروباری‌ مه‌شروع ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ به‌كارده‌هێنێت".

سادق عه‌بدوڵا كه‌ پیاوێكی‌ ته‌مه‌ن چل ساڵه‌ هیچ رێگرییه‌كی‌ نییه‌ له‌وه‌ی‌ ژنه‌كه‌ی‌ ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت، به‌ڵكو پێی‌ وایه‌ ئه‌وه‌ زۆر بۆ ژنه‌كه‌ی‌ باشتره‌، هه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هاتوچۆی‌ ئاسان ده‌كات‌و هه‌م كه‌متریش به‌ر كه‌سانی‌ بێگانه‌ ده‌كه‌وێت.

ئه‌و پێی‌ وایه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ژن ئۆتۆمبێلی‌ پێنه‌بێت زیاتر رووبه‌رووی‌ گێچه‌ڵ‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێ‌ كه‌سی‌ به‌د سلوكه‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌و كاتانه‌ی‌ هاتوچۆی‌ به‌رده‌وامی‌ هه‌یه‌، بۆ ئه‌مه‌ ده‌ڵێت "ئێستا پێم وایه‌ تێڕوانینی‌ كۆمه‌ڵگا بۆ ژنه‌ شۆفێره‌كان گۆڕاوه‌و ژنانیش زیاتر متمانه‌یان به‌خۆیان هه‌یه‌".

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ موحسین ره‌زای‌ توێژه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئێستا كه‌ربه‌لا شارێكی‌ داخراو نییه‌و له‌ماوه‌ی‌ دوو ده‌یه‌ی‌ رابردوودا به‌هه‌زاران خێزان له‌شاره‌كانی‌ تر، به‌تایبه‌تی‌ له‌به‌غداوه‌ روویان تێكردووه‌، ئه‌مه‌ش ئاڵوگۆڕی‌ رۆشنبیری‌ خولقاندووه‌‌و چه‌ندین دیارده‌ی‌ باوی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ كاڵكردووه‌ته‌وه‌، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "له‌به‌غداو حله‌و به‌سره‌و شاره‌كانی‌ تر شۆفێری‌ ژنان كارێكی‌ ئاساییه‌، ئه‌و خێزانانه‌ش كه‌روویان كردووه‌ته‌ ئه‌م شاره‌، تێڕوانین‌و بۆچوونی‌ خۆیان گوێزاوه‌ته‌وه‌ بۆ كه‌ربه‌لا".

موحسین پێی‌ وایه‌ دانیشتوانی‌ راسته‌قینه‌ی‌ كه‌ربه‌لا كه‌ زۆرینه‌یان له‌ناوه‌ندی‌ شاره‌كه‌دا نیشته‌جێبوون، له‌رابردوودا شۆفێری‌ ژنانیان به‌حه‌رام زانیووه‌‌و ده‌ڵێت "ئێستا خه‌ڵكی‌ راسته‌قینه‌ی‌ كه‌ربه‌لا له‌هه‌موو كه‌س زیاتر پێیان وایه‌ شۆفێری‌ ژنان كارێكی‌ ئاسایی‌‌و پێویسته‌".

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ هاتوچۆی‌ كه‌ربه‌لا رایگه‌یاند ساڵی‌ 2011 سی‌ ژن داوای‌ مۆڵه‌تی‌ شۆفێرییان كردووه‌، له‌ماوه‌ی‌ دوو ساڵی‌ رابردووشدا ئه‌و داواكارییه‌ دوو هێنده‌و چوار هێنده‌ بووه‌.