راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

دوو یاسای‌ شیعه‌ بارودۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كه‌ن

موسته‌فا حه‌بیب
له‌كاتێكدا عێراق له‌لێواری‌ شه‌ڕێكی‌ تایفیدایه‌، جارێكی‌ تر یاسای‌ باری‌ كه‌سێتی‌ جه‌عفه‌ری‌‌و دادی‌ جه‌عفه‌ری‌…
31.10.2013  |  به‌غدا

راگه‌یاندنه‌كه‌ی‌ حه‌سه‌ن شه‌مه‌ری‌ (شیعه‌)ی‌ وه‌زیری‌ داد كه‌ سه‌ر به‌پارتی‌ فه‌زیله‌یه‌ زۆربه‌ی‌ ناوه‌نده‌ سیاسی‌‌و میللییه‌كانی‌ تووشی‌ شۆك كرد كاتێك رایگه‌یاند یاسای‌ باری‌ كه‌سێتی‌ جه‌عفه‌ری‌‌و دادی‌ شه‌رعی‌ جه‌عفه‌ری‌ ئاماده‌كراوه‌و ره‌وانه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ شورا كراون بۆ لێكۆڵینه‌وه‌.

ئامانج له‌م دوو یاسایه‌ رێكخستنی‌ كاروباری‌ ژنهێنان‌و ته‌ڵاق‌و وه‌سیه‌ت‌و میراتییه‌ له‌سه‌ر منداڵانی‌ خوار ته‌مه‌نی‌ یاسایی‌ سه‌ر به‌شیعه‌ مه‌زهه‌ب، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ عێراق یاسای‌ باری‌ كه‌سێتی‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌رووی‌ بونیادی‌ یاساییه‌وه‌ ته‌واوه‌و هیچ گرفتێكی‌ دیاری‌ له‌سه‌ر نییه‌.

ئه‌م دوو یاسا نوێیه‌ رووبه‌رووی‌ ناڕه‌زایی‌ زۆر بوونه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ توندوتیژی‌ نێوان سوننه‌و شیعه‌ له‌عێراق به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌چێت، به‌بڕوای‌ هه‌ندێ‌ كه‌سیش ئه‌مه‌ هاندانێكه‌ بۆ قوڵبوونه‌وه‌ی‌ زیاتری‌ كێشه‌ تایفییه‌كان، هه‌ندێكی‌ تریش وایده‌بینن كه‌ هه‌ندێ‌ له‌سیاسه‌تمه‌دارانی‌ شیعه‌ ده‌یانه‌وێت له‌رێی‌ یاساكانه‌وه‌ باڵاده‌ستی‌ تایفه‌كه‌یان بسه‌پێنن.

یه‌كه‌م یاسای‌ باری‌ كه‌سێكی‌ له‌عێراقدا كه‌ ژماره‌كه‌ی‌ 188ه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی‌ 1959و هه‌تا ئه‌مڕۆیش كاری‌ پێده‌كرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ پشتی‌ به‌ستووه‌ به‌بنه‌ماكانی‌ ئاینی‌ ئیسلام، كه‌ به‌سه‌ر هه‌ردوو شوێنكه‌وته‌ی‌ سووننه‌و شیعه‌دا وه‌ك یه‌ك جێبه‌جێ‌ ده‌بێت.

له‌و كاته‌وه‌ تائێستا چه‌ندی گۆڕانكاری‌ به‌سه‌ر یاساكه‌دا هێنراوه‌، دیارترینیان له‌ساڵی‌ 1963 بووه‌، پاش ئه‌وه‌ش له‌ساڵانی‌ حه‌فتاكان‌و هه‌شتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو هه‌موار كرایه‌وه‌و چه‌ند بنه‌مایه‌كی‌ بۆ زیادكرا كه‌ زۆربه‌یان له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ ژنانن.

له‌پاش كه‌وتنی‌ رژێمه‌كه‌ی‌ سه‌دام حسێن ئه‌نجومه‌نی‌ حوكم كه‌ به‌شێكی‌ ئیداره‌ی‌ عێراقی‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بوو یاسای‌ ژماره‌ 137ی‌ ده‌ركرد كه‌ له‌رێیه‌وه‌ یاسای‌ باری‌ كه‌سێتی‌ هه‌ڵده‌وه‌شایه‌وه‌و كار به‌دادی‌ مه‌زهه‌بی‌ ده‌كرا، به‌ڵام هه‌ر زوو له‌ژێر فشاری‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ ساڵی‌ 2004 ئه‌ویش هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌.

له‌كاتێكدا ده‌یان رێكخراوی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌‌و چالاكوانی‌ بواری‌ ژنان ده‌یانه‌وێت گۆڕانكاری‌ له‌م یاسایه‌دا بكرێت كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ ژنان بێت‌و پێیان وایه‌ یاسایه‌كه‌ لایه‌نه‌ باشه‌كانی‌ به‌راورد به‌خراپه‌كانی‌ زیاترن، به‌ڵام ئه‌م دوو یاسایه‌ی‌ وه‌زیری‌ داد گورزی‌ گه‌وره‌ی‌ لێدان.

ئه‌و یاسایه‌ی‌ ئێستا كاری‌ پێده‌كرێت كه‌ له‌سه‌رده‌می‌ یه‌كه‌م سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق عه‌بدولكه‌ریم قاسم ده‌رچووه‌، رێ‌ به‌فره‌ ژنی‌‌و به‌شوودانی‌ كچانی‌ خوار ته‌مه‌نی‌ یاسایی‌ نادات ته‌نها به‌چه‌ند مه‌رجێكی‌ دیاریكراو نه‌بێت‌و مافی‌ به‌خێوكردنی‌ منداڵ‌ به‌دایكان ده‌به‌خشێت.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مانه‌شدا ئه‌و یاسایه‌ ماف ده‌دات به‌ژن كه‌ میراتی‌ مێرده‌كه‌ی‌ وه‌ربگرێت له‌كاتی‌ مردنیداو به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ندێ‌ له‌رای‌ شوێنكه‌وتوانی‌ مه‌زهه‌بی‌ جه‌عفه‌ری‌ رێنادات ژن خانوبه‌ره‌و زه‌وی‌ به‌میراتی‌ وه‌ربگرێت‌و مافی‌ به‌خێوكردنی‌ منداڵیش به‌پیاو ده‌دات.

ماجد محه‌مه‌د چالاكوانی‌ بواری‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ به‌"نیقاش"ی‌ وت "سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م دوو یاسایه‌ی‌ له‌لایه‌ن وه‌زیری‌ داده‌وه‌ ده‌رچوون هیچیان پێویست نین‌و نه‌ خه‌ڵك داوای‌ كردوون‌و نه‌ كێشه‌ش له‌سه‌ر یاساكه‌ی‌ پێشوو هه‌یه‌ هه‌تا پێویست به‌یاسای‌ نوێ‌ بكات".

ئه‌وه‌ی‌ مایه‌ی‌ سه‌رسوڕمانه‌ ئه‌وه‌یه‌ حه‌سه‌ن شه‌مه‌ری‌ كه‌ سه‌ر به‌حیزبی‌ فه‌زیله‌ی‌ شیعه‌یه‌و مه‌رجه‌عی‌ ئاینی‌ محه‌مه‌د یه‌عقوبی‌ به‌رێوه‌ی‌ ده‌بات، پێشبینی‌ ئه‌وه‌یكردبوو كه‌ ئه‌م یاسایه‌ رووبه‌رووی‌ ناڕه‌زایی‌ توندی‌ سیاسی‌‌و میللی ببێته‌وه‌‌و داوایكرد "شه‌ریعه‌ی‌ ئیسلامی‌ له‌سه‌رجه‌م كاروباری‌ رێكخستن‌و دادگادا په‌یڕه‌و بكرێت".

جگه‌ له‌یاسای‌ باری‌ كه‌سێتی‌ جه‌عفه‌ری‌، یاساكه‌ی‌ تر كاروباری‌ دادگاكان له‌سه‌ر بنه‌مای‌ مه‌زهه‌بی‌ جه‌عفه‌ری‌ رێكده‌خات كه‌ ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن زۆربه‌ی‌ دادوه‌رو پارێزه‌رانه‌وه‌ ره‌ت ده‌كرێته‌وه‌، به‌و پێیه‌ی‌ دادگای‌ ئاینی‌ دروست ده‌كات‌و باڵاده‌ستی‌ پیاوانی‌ ئاینی‌ ده‌سه‌پێنێت.

له‌مڕووه‌وه‌ دادوه‌ر سامی‌ موسه‌وی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "پێكهێنانی‌ دادگا له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ئاینی‌ دژ به‌بنه‌ماكانی‌ ده‌ستوره‌ كه‌ قه‌زای‌ ته‌نها له‌ده‌ستی‌ داوه‌راندا هێشتووه‌ته‌وه‌و بنه‌مای‌ جیاكاری‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌ی‌ تیا جێبۆته‌وه‌".

ئه‌وانه‌ی‌ به‌رگری‌ له‌م دوو یاسایه‌ ده‌كه‌ن زۆرینه‌یان له‌پیاوانی‌ ئاینی‌ شیعه‌ن‌و بیانووی‌ ئه‌وه‌ ده‌هێننه‌وه‌ كه‌ پشتی‌ به‌ستووه‌ به‌ماده‌ی‌ (41)ی‌ ده‌ستور كه‌ تیایدا هاتووه‌ "عێراقییه‌كان ئازادن له‌وه‌ی‌ چۆن مه‌سه‌له‌ی‌ باری‌ كه‌سێتییان رێكده‌خه‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ئاین‌و مه‌زهه‌ب‌و تێڕوانینیان، ئه‌مه‌ش به‌یاسا رێكده‌خرێت".

عه‌مار ته‌عمه‌ په‌رله‌مانتاری‌ فه‌زیله‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك په‌له‌ نه‌كه‌ن له‌ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م یاسایه‌، چونكه‌ یاساكه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ به‌ده‌ست كه‌سه‌كه‌ خۆیه‌تی‌‌و یاسا كارپێكراوه‌كانی‌ ئێستا هه‌ڵناوه‌شێنێته‌وه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ده‌ستوری‌ عێراقی‌ به‌سه‌ریدا سه‌پاندوین به‌پێی‌ ماده‌ی‌ 41 ئه‌م دوو یاسا نوێیه‌ ده‌ربكه‌ین".

كێشه‌یه‌كی‌ تری‌ ئه‌م یاسایه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پشتی‌ به‌ستووه‌ به‌ماده‌ی‌ 41ی‌ له‌كاتێكدا ئه‌م ماده‌یه‌ یه‌كێكه‌ له‌و مادانه‌ی‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌مواركردنه‌وه‌دان‌و كوتله‌ سیاسییه‌كان كۆك بوون له‌وه‌ی‌ هه‌موار بكرێته‌وه‌و بخرێته‌ راپرسییه‌وه‌.

واحیده‌ جومێلی‌ په‌رله‌مانتاری‌ عێراقیه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "وه‌زیری‌ داد ئه‌وه‌ی‌ له‌یادكردووه‌ كه‌ ماده‌ی‌ 41ی‌ ده‌ستور له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی‌ هه‌مواركردنه‌وه‌یه‌دایه‌و هێشتا یه‌كلایی‌ نه‌بووه‌ته‌وه‌".

ته‌نانه‌ت هه‌ندێ‌ له‌حیزبه‌ شیعییه‌ باڵاده‌سته‌كانیش بۆ ئه‌م یاسایه‌ گه‌رموگوڕ نه‌بوون، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ندێكیان پاڵپشتییان كرد، به‌ڵام پێیان وایه‌ كاته‌كه‌ی‌ گونجاو نییه‌.

عه‌لی‌ شبر په‌رله‌مانتاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا به‌"نیقاش"ی‌ وت "بێگومان پێویستمان به‌م یاسایانه‌یه‌، به‌ڵام له‌كاتی‌ ئه‌م قه‌یرانانه‌دا كاتێكی‌ گونجاو نییه‌" هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "هه‌ندێ‌ یاسای‌ گرنگ هه‌یه‌ ده‌بێت ئه‌وانه‌ پێش بخرێن كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ عێراقییه‌كانه‌".

به‌پێی‌ ئه‌و بارودۆخه‌ی‌ ئێستا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌و ئه‌و ره‌خنانه‌ی‌ له‌سه‌ر هێزه‌ شیعییه‌كان هه‌یه‌ ده‌ركردنی‌ یاساكه‌ ئاسته‌مه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ناڕه‌زایی‌ زۆر له‌سه‌ر ده‌رچوونی‌ هه‌یه‌.

شه‌مێران موه‌كل سكرتێری‌ رابیته‌ی‌ ژنانی‌ عێراقی‌ ده‌ڵێت "یاسای‌ باری‌ كه‌سێتی‌ ژماره‌ 188ی‌ ساڵی‌ 1959 یه‌كێكه‌ له‌شارستانیترین یاساكانی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست‌و وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "چاومان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ یاسایه‌كی‌ مه‌ده‌نیتر ده‌ربچێت، به‌ڵام پێده‌چێت وه‌زاره‌تی‌ داد بیه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی‌ پیاوانی‌ ئاینی‌ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا بسه‌پێنێت".

له‌سه‌ر ئاستی‌ ته‌كنیكیش ئه‌م دوو یاسایه‌ چه‌ندین رێوشوێنی‌ ئاڵۆزیان له‌پێشه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ره‌زامه‌ندی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ ده‌وێت‌و پاش ئه‌وه‌ش به‌رزده‌كرێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان‌و ده‌نگدانی‌ ئه‌وانی‌ ده‌وێت له‌چوارچێوه‌ی‌ ئه‌م كه‌شه‌ بارگاویه‌ی‌ ئێستادا.