راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

به‌رشه‌لۆنه‌و ریال مه‌درید هاتوونه‌ته‌ ناو دیزاینی‌ ماڵه‌كانه‌وه‌

مه‌حمود ئەلمەفره‌جی‌
هیچ شتێك نییه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ تۆپی‌ پێ عێراقییه‌كانی‌ له‌ده‌وری‌ خۆی‌ كۆكردبێته‌وه‌و ئاسووده‌یان بكات، ئه‌و خۆشییه‌…
10.10.2013  |  به‌غدا
A new decorating trend? One dedicated football fan\'s house in Baghdad.
A new decorating trend? One dedicated football fan\'s house in Baghdad.

خۆشه‌ویستی‌ عێراقییه‌كان بۆ ئه‌م وه‌رزشه‌ ته‌نها به‌هه‌ڵبژارده‌ نیشتیمانییه‌كه‌یانه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵكو گه‌یشتووه‌ته‌ تیپه‌ جیهانییه‌كانیش، هاوشێوه‌ به‌رشه‌لۆنه‌و ریال مه‌دریدی‌ ئیسپانی‌‌و مانچسته‌ر یونایتد‌و لیڤه‌رپول‌و چێڵسی‌‌و ئارسناڵی‌ ئینگلیزی‌‌و بایه‌رمیونخی‌ ئه‌ڵمانی‌، هه‌ركه‌سه‌ش به‌ڕێگای‌ خۆی‌ گوزارشت له‌هاندانه‌كه‌ی‌ ده‌كات، كارگه‌یشتووته‌ ئه‌وه‌ی‌ دیزاینی‌ خانووه‌كانیش لۆگۆی‌ ئه‌و یانانه‌ی‌ تێبكه‌وێت.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ یانه‌كانی‌ به‌رشه‌لۆنه‌و ریال مه‌درید له‌عێراقدا زۆرترین هانده‌ریان هه‌یه‌، بۆیه‌ هه‌ندێ‌ كه‌س بیرۆكه‌ی‌ ماڵه‌كانیان له‌لۆگۆی‌ ئه‌و یانانه‌وه‌ دروست كردووه‌.

محه‌مه‌د جاسب كه‌ هانده‌ری‌ یانه‌ی‌ به‌رشه‌لۆنه‌یه‌ خانووه‌كه‌ی‌ به‌ره‌نگه‌كانی‌ لۆگۆی‌ به‌شه‌لۆنه‌ ره‌نگكردووه‌و ده‌ڵێت "بێئه‌ندازه‌ ئه‌و یانه‌یه‌م خۆش ده‌وێت، ده‌مه‌وێت به‌هه‌موو كه‌سێك بڵێم كه‌ من چه‌نده‌ لایه‌نگری‌ به‌رشه‌لۆنه‌م".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئه‌و رۆژه‌ی‌ به‌رشه‌لۆنه‌ ده‌یباته‌وه‌ تا یارییه‌كی‌ داهاتوو خۆشییه‌كی‌ ئێجگار زۆر دامده‌گرێت، شێوه‌ی‌ خانووه‌كه‌شم كه‌ له‌لۆگۆی‌ به‌رشه‌لۆنه‌وه‌ نزیكه‌ كه‌سوكارو منداڵه‌كانمی‌ ئاسووده‌ كردووه‌".

محه‌مه‌د ده‌ڵێت "به‌م هه‌نگاوه‌ ده‌مه‌وێت هیچ نه‌بێت بڕێك له‌ئێش‌و ئازاركانمان كه‌م بكه‌مه‌وه‌و ئه‌و هه‌موو تیرۆرو ماڵوێرانییه‌ له‌بیر خۆمان ببه‌ینه‌وه‌".

هه‌رچی‌ ئوسامه‌ فه‌رحانیشه‌ كه‌ له‌ناوچه‌كه‌ی‌ خۆیان به‌ئوسامه‌ ریالی‌ ناسراوه‌ هانده‌رێكی‌ سه‌رسه‌ختی‌ یانه‌ی‌ ریال مه‌دریده‌، ئه‌م هاندانه‌ش له‌ژووری‌ نوستنه‌كه‌یدا ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌.

ئوسامه‌ ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر پاره‌ی‌ باشم به‌ده‌سته‌وه‌ بوایه‌ هه‌موو ماڵه‌كه‌م وه‌كو لۆگۆی‌ ریال مه‌درید لێده‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ی‌ دڵی‌ هانده‌رانی‌ به‌رشه‌لۆنه‌ بته‌قێنم، چونكه‌ ناوچه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ هانده‌ری‌ هه‌ردوو تیپه‌كه‌ی‌ تێدایه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "یه‌كێك له‌كێشه‌كانم ئه‌وه‌یه‌ دوا بڕیار له‌م ماڵه‌دا به‌ده‌ست دایك‌و باوكمه‌، بۆیه‌ ناتوانم هیچ له‌خانووه‌كه‌ بكه‌م، ئه‌وه‌ی‌ پێمكراوه‌ له‌ژووره‌كه‌ی‌ خۆمدا كردوومه‌، هه‌موو دیوارو دۆڵابه‌كانم كردووه‌ به‌لۆگۆی‌ ریال مه‌درید".

دیزاینكردنی‌ خانووه‌كان له‌سه‌ر لۆگۆی‌ یانه‌كان ئێستا له‌به‌غدا باویه‌تی‌‌و هانده‌رانی‌ یانه‌كان له‌سه‌ر دیزاینكردن كێبڕكێیانه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ل حه‌نینی‌ چالاكوانی‌ مه‌ده‌نی‌ پێی‌ وایه‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵكی‌ له‌ئازارو ئێشی‌ رۆژانه‌ خۆیان ده‌رباز بكه‌ن.

حه‌نین به‌"نیقاش"ی‌ وت "عێراقییه‌كان حه‌زیان له‌ژیانه‌و هه‌موو رێگایه‌ك ده‌دۆزنه‌وه‌ بۆ ده‌ربازبوون له‌ئێش‌و ئازار، كاری‌ زۆر ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ خۆیان له‌سه‌رئێشه‌ی‌ سیاسه‌ت به‌دوور بگرن".

هه‌روه‌ها وتی‌ "زۆربه‌ی‌ خه‌ڵك بێزارن‌و تووشی‌ بێهیوایی‌ هاتوون ده‌یانه‌وێت شێوه‌ی‌ نوێ‌ دابهێنن تا گوزارشت بكه‌ن له‌وه‌ی‌ خۆ به‌ده‌سته‌وه‌ ناده‌ن‌و ژیانی‌ رۆژانه‌ی‌ خۆیان ده‌ژین".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌