راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ستامپا عێراق ده‌باته‌ ده‌ره‌وه‌

خلود ره‌مزی
عێراق‌و میسرو فه‌ره‌نسا‌و ئه‌ڵمانیا پرۆژه‌یه‌كی‌ هاوبه‌شیان ده‌ستپێكردووه‌ به‌ناوی‌ "ستامپا" كه‌ ئامانج لێی‌ گوێزانه‌وه‌و…
10.10.2013  |  به‌غدا

پرۆژه‌كه‌ به‌پاڵپشتی‌ چه‌ند رێكخراوێكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و به‌هاوكاری‌ له‌گه‌ڵ‌ وه‌زاره‌تی‌ رۆشنبیری‌ له‌عێراق به‌رێوه‌ده‌چێت، تیایدا چه‌ند نمایشێكی‌ شانۆگه‌ری‌ له‌به‌رلین‌و قاهیره‌و پاریس پێشكه‌ش ده‌كرێت‌و عێراق‌و هه‌ریه‌ك له‌و وڵاتانه‌ نه‌ریت‌و شێوه‌ ژیانی‌ خۆیان نمایش ده‌كه‌ن.

هیلا میوز به‌رێوه‌به‌ری‌ ئه‌و پرۆژه‌ عێراقیه‌ ئه‌ڵمانیه‌ ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ساڵێكه‌ له‌عێراق ده‌ژی‌، له‌باره‌ی‌ پرۆژه‌كه‌وه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد جگه‌ له‌نمایشی‌ شانۆ چه‌ند چالاكییه‌كی‌ رۆشنبیری‌‌و پێشانگای‌ شێوه‌كاری‌ ئه‌نجام ده‌درێت.

هیلا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ جیاوازی‌ رۆشنبیری‌ نێوان خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست‌و ئه‌وروپا‌و كرانه‌وه‌ی‌ ئه‌و رۆشنبیرییانه‌ به‌رووی‌ یه‌كتر، واده‌كات هه‌ریه‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی‌ راسته‌وخۆ له‌وه‌ی‌ تریان تێبگه‌ن نه‌ك له‌رێی‌ شاشه‌ی‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه‌، به‌جۆرێك ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ئه‌وروپا ئه‌ژی‌ پێی‌ وایه‌ عێراق ته‌نها پێكهاتووه‌ له‌ته‌قینه‌وه‌و تۆقاندن.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "هیچ كه‌س به‌ته‌واوی‌ له‌مێژووی‌ عێراق‌و نه‌ریته‌كانی‌ شاره‌زا نییه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌باشی‌ تێبگه‌ین ده‌بێت بزانین له‌شه‌ش ده‌یه‌ی‌ رابردوودا چی‌ روویداوه‌، ستامپا كار له‌سه‌ر ناخی‌ مرۆڤه‌كان ده‌كات‌و گرنگی‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ ده‌بێت چۆن خۆیان بگۆڕن".

هیلا درێژه‌ به‌قسه‌كانی‌ ده‌دات‌و ده‌ڵێت "ده‌بێت خه‌ڵكی‌ وڵاتان له‌وه‌ تێبگه‌ن چۆن رێز له‌یه‌كتر ده‌گرن‌و ته‌نها یه‌ك دیمه‌ن له‌هزری‌ خۆیاندا وێنا نه‌كه‌ن".

یه‌كه‌م چالاكی‌ كه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ پرۆژه‌ی‌ ستامپادا پێشكه‌ش ده‌كرێت بریتییه‌ له‌شانۆگه‌رییه‌ك به‌ناوی‌ "مردنی‌ هاوڵاتییه‌كی‌ سه‌رسه‌خت"، بڕیار وایه‌ كاره‌كه‌ كۆتایی‌ ئه‌م مانگه‌ نمایش بكرێت‌و تیایدا ئه‌كته‌رو ده‌رهێنه‌ره‌كه‌ی‌ له‌ناو باڵه‌خانه‌ی‌ شانۆی‌ نیشتمانی‌ سه‌رقاڵی‌ ئاماده‌سازین.

شانۆگه‌رییه‌كه‌ باس له‌بارودۆخی‌ ژیانی‌ عێراقییه‌كان ده‌كات‌و له‌كه‌سێكدا كۆكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ پاڵه‌وانه‌كه‌یه‌، ئه‌و كه‌سه‌ له‌ده‌ست كێشه‌كانی‌ شاره‌كه‌ی‌ هه‌ڵدێت‌و له‌ماڵی‌ هاوڕێیه‌كی‌ نابینای‌ ده‌گیرسێته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌گه‌ڵ‌ باوكه‌ به‌ته‌مه‌نه‌كه‌یدا ده‌ژی‌، لێره‌وه‌ چیرۆكی‌ ئه‌و كه‌سه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ له‌ئێش‌و ئازاره‌كانی‌ خه‌ڵك تێده‌گات‌و هه‌وڵده‌دات له‌ناخه‌وه‌ خۆی‌ بگۆڕێت.

یاس خزێر كه‌ پاڵه‌وانی‌ شانۆگه‌رییه‌كه‌یه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "چیرۆكی‌ شانۆگه‌رییه‌كه‌ ئێش‌و ئازاری‌ عێراقییه‌كان له‌خۆیدا كۆده‌كاته‌وه‌و وێنای‌ ده‌كات".

هه‌رچی‌ یه‌حیا ئیبراهیمی‌ ده‌رهێنه‌ری‌ شانۆگه‌رییه‌كه‌شه‌ ده‌ڵێت "بیرۆكه‌كه‌ی‌ له‌دیمه‌نی‌ راسته‌قینه‌ی‌ شه‌ست ساڵی‌ رابردووی‌ عێراقه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "شانۆگه‌رییه‌كه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌ریبخات ئێمه‌ كۆمه‌ڵگایه‌كین دان به‌هه‌ڵه‌كانماندا نانێین‌و ده‌ریناخه‌ین كه‌ چه‌نده‌ ده‌ترسین".

نمایشی‌ یه‌كه‌می‌ شانۆگه‌رییه‌كه‌ له‌به‌غدا ده‌بێت، پاش ئه‌وه‌ی‌ ساڵی‌ داهاتوو ده‌چێته‌ به‌رلین‌و ئینجا بۆ مه‌رسیلیای‌ فه‌ره‌نسی‌‌و پاشانیش بۆ ئه‌سكه‌نده‌رییه‌و قاهیره‌ی‌ میسر، هه‌مانكات تیمه‌ ئه‌ڵمانی‌‌و فه‌ره‌نسی‌‌و میسرییه‌كانیش له‌عێراق نمایشی‌ خۆیان ده‌كه‌ن.