راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

تۆپی‌ به‌ربانگیش به‌زمی‌ خۆی‌ هه‌یه‌

كاتی‌ خۆرئاوابوونه‌، جیاواز له‌جاران گه‌ڕه‌كی‌ ئیسلاح زراعی‌ چۆڵه‌، ته‌نها ئوم یاسین ژه‌مێكی‌ به‌ربانگی‌ پێیه‌و…
18.07.2013  |  موسڵ

راسته‌ گۆڕینه‌وه‌ی‌ خواردن له‌ره‌مه‌زاندا یه‌كێكه‌ له‌و نه‌ریتانه‌ی‌ هێشتا خه‌ڵكی‌ موسڵ‌ ده‌ستیان پێوه‌ گرتووه‌، ته‌نانه‌ت خواردنیش ده‌به‌ن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ موسوڵمان نین، به‌ڵام هه‌ندێ‌ نه‌ریتی‌ تر له‌ناوچوون، وه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ی‌ پارشێوان خه‌ڵكی‌ خه‌به‌ر ده‌كرده‌وه‌، دیارنه‌مانی‌ ئه‌مه‌ش به‌هۆی‌ باری‌ ئه‌منییه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو به‌هۆی‌ ته‌كنه‌لۆژیای‌ سه‌رده‌میانه‌وه‌ بووه‌.

ئوم یاسین ده‌ڵێت "له‌ دوو ده‌یه‌ی‌ رابردوودا گه‌ڕه‌ك ده‌گه‌ڕام‌و له‌ده‌رگای‌ ماڵانم ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌خه‌به‌ر بێنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ هه‌موو شت گۆڕدراوه‌، هه‌ر كه‌سه‌و مۆبایلی‌ خۆی‌ پێیه‌و پێویستیان به‌ من نه‌ماوه‌".

بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ رۆڵی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بووه‌ بۆ كاڵبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و نه‌ریتانه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ خه‌ڵك شه‌وانه‌ ناتوانێت به‌ئاسایی‌ بسوڕێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مساڵ‌ بۆ یه‌كه‌مینجار به‌هۆی‌ ره‌مه‌زانه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ هاتوچۆ هه‌ڵگیراوه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئه‌سیل نوجێفی‌ پارێزگاری‌ موسڵ‌ له‌په‌یجه‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبوك نوسیوێتی‌ "بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ خه‌ڵك ئاسان بكه‌ین‌و دڵنیایی‌‌و ئارامی‌ بچه‌سپێنین".

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌م راگه‌یاندنه‌، به‌ڵام هێشتا له‌زۆر شوێن هاتوچۆ ئاسان نییه‌، ئه‌وه‌دا ئه‌حمه‌د حه‌مدانی‌ راگه‌یاندكار ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ رێیان نه‌داوه‌ له‌نیوه‌ شه‌ودا له‌پردی‌ حوریه‌ بپه‌ڕێته‌وه‌، ده‌ڵێت "ئۆپه‌راسیۆنی‌ نه‌ینه‌وا له‌راگه‌یاندنه‌كاندا شتێك ده‌ڵێت‌و له‌سه‌ر ئه‌رزی‌ واقیع كارێكی‌ تر ده‌كات".

ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی‌ زۆر گوێ‌ به‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ناده‌ن، پاش به‌ربانگ به‌كاتێكی‌ باش ده‌زانن بۆ ئه‌وه‌ی‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌، ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ گه‌نج‌و خه‌ڵكی‌ خێزاندار ده‌چنه‌ ناوچه‌ی‌ غاباتی‌ موسڵ‌‌و ئه‌و ناوچه‌ میللیانه‌ی‌ خورادنگه‌و گازینۆی‌ تێدایه‌، له‌وێ‌ بۆ خۆیان ئه‌خۆن‌و ئه‌خۆنه‌وه‌و نێرگه‌له‌ ده‌كێشن‌و چه‌ند یارییه‌كی‌ میللی‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا ته‌ماشاكردنی‌ زنجیره‌و به‌رنامه‌كانی‌ ره‌مه‌زانیان له‌كیس ناچێت.

له‌رۆژدا برسێتی‌‌و تینوێتی‌ هاتوچۆ له‌خه‌ڵك قه‌ده‌غه‌ ده‌كات، چونكه‌ به‌هۆی‌ ئه‌و رۆژگاره‌ درێژو گه‌رمه‌وه‌ خه‌ڵكی‌ ناچنه‌ ده‌ره‌وه‌و سه‌ر شه‌قامه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ نیمچه‌ ته‌واو خاڵی‌ ده‌بن له‌ئۆتۆمبێل‌و پیاده‌، پێش به‌ربانگیش هه‌مووی‌ ده‌ڕواته‌وه‌ ماڵه‌وه‌و شه‌قامه‌كان به‌ته‌واوی‌ چۆڵ‌ ده‌بن.

له‌م مانگه‌دا بازاڕه‌كان له‌هه‌موو شوێنێك گه‌رموگوڕترن، هه‌ر له‌یه‌كه‌م رۆژه‌وه‌ خواردنی‌ ره‌مه‌زان به‌شێوه‌یه‌كی‌ فراوان بڵاوبووه‌ته‌وه‌و زۆربه‌ی‌ فرۆشیارو بازرگان‌و ده‌ستگێڕه‌كان دوكان‌و شوێنه‌كانیان كردووه‌ته‌ جێگه‌ی‌ فرۆشتنی‌ خوارده‌مه‌نی‌ ره‌مه‌زان.

ئه‌بو محه‌مه‌د كه‌ دوكانی‌ قرتاسیه‌ی‌ هه‌یه‌ له‌شه‌قامی‌ نوجێفی‌ ناوه‌ندی‌ موسڵ‌، پێده‌چێت بابه‌تێكی‌ پێكه‌نین ئامێزی‌ دۆزیبێته‌وه‌ بۆ به‌ڕێكردنی‌ ئه‌و رۆژوه‌ درێژه‌ی‌ ده‌گاته‌ 16 كاتژمێر، ئه‌و هێما بۆ دراوسێكه‌ی‌ ده‌كات كه‌ دوكانی‌ فرۆشتنی‌ پێلاوی‌ كردووه‌ته‌ جێگه‌ی‌ شیرنی‌‌و ده‌ڵێت "له‌بری‌ كه‌لوپه‌له‌كه‌ی‌ پێشووی‌، ئه‌م شته‌ تازانه‌ی‌ هێناوه‌".

به‌گاڵته‌جاڕییه‌وه‌ ده‌ڵێت "سه‌یره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ پێڵاوه‌كان له‌ناو شوشه‌دان، كه‌چی‌ شیرینییه‌كان له‌به‌ر ئه‌و هه‌تاوو شێیه‌دان‌و مێشیان له‌سه‌ر نیشتووه‌".

ئه‌بو محه‌مه‌د ده‌ڵێت "زۆربه‌ی‌ دوكانداره‌كان ئیشه‌كه‌ی‌ پێشوویان ته‌ڵاق داوه‌و له‌ره‌مه‌زاندا زلوبیاو شه‌ربه‌تی‌ مێوژو ترشیات ده‌فرۆشن".

له‌ناوچه‌ی‌ ده‌واسه‌ی‌ بارزگانی‌ یه‌كێك له‌چێشتخانه‌كان به‌رناكه‌وێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ته‌نها دوو چێشتخانه‌ له‌هه‌موو موسڵدا مۆڵه‌تیان دراوه‌تێ‌ له‌شه‌وو رۆژی‌ ره‌مه‌زاندا كاربكه‌ن.

له‌به‌رده‌م چێشتخانه‌كه‌ په‌رده‌ هه‌ڵواسراوه‌و ژووره‌وه‌ دیار نییه‌، له‌لایه‌كی‌ ئه‌و په‌ردانه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی‌ سه‌ردانی‌ ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر موسڵمان بن یان نا، به‌دزیه‌وه‌ خۆیان ده‌كه‌ن به‌ژووردا بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌س نه‌یانبینێت.

له‌به‌رده‌م ده‌رگاكه‌دا پیاوێكی‌ ته‌مه‌ن په‌نجا ساڵ‌ پێشوازییان لێده‌كات‌و ته‌ماشای‌ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ ده‌چنه‌ ژووره‌وه‌، ئه‌م جێگانه‌ ئاسانترین ئامانجن بۆ ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كان.

ده‌نگی‌ به‌رزو ته‌قه‌ته‌قی‌ قاپ‌و كه‌وچك‌و ده‌به‌ی‌ ساردی‌ ئاوو، ئێره‌ جیهانێكی‌ ته‌واو جیاوازه‌ له‌وه‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ په‌رده‌كه‌.

ته‌نها پێنج خوله‌ك پێش كاتی‌ به‌ربانگ، ئه‌حمه‌د حه‌مدان‌و براكانی‌ له‌ده‌وری‌ مێزی‌ نانخواردن كۆبوونه‌ته‌وه‌، له‌و كاته‌ی‌ ئه‌حمه‌د ده‌ستی‌ بۆ ده‌نكێ‌ خورما برد له‌چاوه‌ڕوانی‌ ده‌ستپێكردنی‌ ماراسۆنی‌ خواردن‌و خواردنه‌وه‌، ده‌نگێكی‌ به‌هێز جامی‌ ماڵه‌كه‌ی‌ شكاندو ده‌رگاكه‌ی‌ فڕێدا، ئه‌ویش به‌په‌له‌ ده‌نكه‌ خورماكه‌ی‌ له‌ده‌ست كه‌وته‌ خواره‌وه‌و رایكرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌لامه‌تی‌ ماڵ‌‌و منداڵه‌كه‌ی‌ دڵنیا بێت‌و هێوریان بكاته‌وه‌.

رۆژگارێكی‌ خراپه‌، زنجیره‌یه‌ك ته‌قینه‌وه‌ باره‌گا ئه‌منییه‌كانی‌ كرده‌ ئامانج، هه‌ر به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاو چه‌ند رۆژێكی‌ تر به‌هه‌مان شێوه‌ ته‌قینه‌وه‌ به‌رده‌وام بوون، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ خه‌ڵكی‌ موسڵ‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ ئۆتۆمبێله‌كانیان له‌ره‌مه‌زاندا ناوناوه‌ تۆپی‌ به‌ربانگ.

ئه‌و رۆژه‌ ئه‌حمه‌د شكاندنی‌ رۆژووه‌كه‌ی‌ دواخست بۆ كاتژمێر دوانزه‌ی‌ شه‌و، به‌ڵام ئه‌وكات خورماكه‌ هه‌مان چێژی‌ ئێواره‌ی‌ نه‌بوو.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌