راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

قه‌ڵای‌ نزاكێ‌ پرۆژه‌یه‌ك بۆ هێشتنه‌وه‌ی‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی‌ ئه‌نفال

عەبدولخالق دۆسکی
له‌م عێراقه‌ هه‌ر قه‌ڵایه‌كت بوێت له‌هه‌ر لایه‌كه‌وه‌ بێت ده‌توانیت بیبینیت، ته‌نها قه‌ڵای‌ نزاركێ‌ نه‌بێت كه‌ به‌هۆی‌…
27.06.2013  |  دهۆك

ئه‌و قه‌ڵایه‌ی‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می‌ ئه‌نفال‌و دواتریشدا زیندان ئینجا په‌ناگه‌ی‌ كورد بووه‌، ئه‌مڕۆ ده‌كرێته‌ مۆزه‌خانه‌یه‌كی‌ تایبه‌تی‌ كورد هاوشێوه‌ی‌ مۆزه‌خانه‌ی‌ هۆڵۆكۆستی‌ جوله‌كه‌ له‌ئه‌ڵمانیا.

ئه‌م قه‌ڵایه‌ ساڵی‌ 1976 له‌لایه‌ن رژێمی‌ به‌عسه‌وه‌ بنیادنراوه‌و ئه‌وكات وه‌ك سه‌ربازگه‌ به‌كارهاتووه‌، پاش ئه‌وه‌ش له‌ساڵانی‌ هه‌شتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو له‌كاتی‌ شاڵاوی‌ ئه‌نفالدا كراوه‌ته‌ گرتوخانه‌ی‌ خێزانه‌ كوردییه‌كان‌و هه‌تا ساڵی‌ 1990 به‌و شێوه‌یه‌ ماوه‌ته‌وه‌و دواتریش بووه‌ته‌ په‌ناگه‌ی‌ ئه‌و كوردانه‌ی‌ له‌وڵاتانی‌ توركیاو ئێرانه‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌و قه‌ڵایه‌ ناوی‌ (قه‌ڵای‌ دهۆك)ی‌ لێنراوه‌، به‌ڵام به‌و پێیه‌ی‌ ده‌كه‌وێته‌ نزیك گوندی‌ نزاركێ‌، بۆیه‌ له‌لای‌ خه‌ڵكی‌ هه‌ر ناوی‌ قه‌ڵای‌ نزاركێ‌ بووه‌.

گۆهدار سه‌لاح هونه‌رمه‌ندی‌ شێوه‌كارو سه‌رپه‌رشتیاری‌ رێكخستن‌و بنیادنانی‌ مۆزه‌خانه‌كه‌ له‌گه‌ڵ‌ په‌یامنێری‌ "نیقاش" به‌ناو قه‌ڵاكه‌دا سوڕایه‌وه‌و ورده‌كارییه‌كانی‌ بۆ روونكرده‌وه‌.

گوهدار به‌گرنگیه‌وه‌ باسی‌ له‌پرۆژه‌كه‌ ده‌كردو له‌پڕ له‌ناوه‌ڕاستی‌ گۆڕه‌پانی‌ سه‌ره‌كی‌ قه‌ڵاكه‌دا وه‌ستاو وتی‌ "ئه‌م گۆڕه‌پانه‌ هاوشێوه‌ی‌ بیابان لێده‌كه‌ین‌و چیرۆكی‌ خه‌ڵكه‌كانی‌ تیا ده‌نوسینه‌وه‌، ژنانیش كاراكته‌ری‌ هه‌ره‌ به‌رچاو ده‌بن، چونكه‌ قوربانی‌ یه‌كه‌می‌ شاڵاوی‌ ئه‌نفال بوون".

ئه‌و مۆزه‌خانه‌یه‌ كه‌ بڕیار وایه‌ سێ‌ ساڵی‌ تر كاره‌كانی‌ ته‌واو ببێت، ده‌بێت جێگه‌یه‌ك بۆ زیندوكردنه‌وه‌ی‌ كاره‌ساته‌كانی‌ شاڵاوی‌ ئه‌نفال‌و وه‌ك گۆهدار ده‌ڵێت "پشت به‌كه‌سانی‌ شاره‌زاو نوسه‌رو هونه‌رمه‌ندان ده‌به‌ستین بۆ نوسینه‌وه‌ی‌ یاده‌وه‌رییه‌ تاڵه‌كانی‌ قه‌ڵاكه‌، به‌شێكیشی‌ تایبه‌ت ده‌بێت به‌نه‌هامه‌تی‌ كورده‌ فه‌یلییه‌كان‌و بارزانییه‌كان، سه‌ربانی‌ قه‌ڵاكه‌ش هێما ده‌بێت بۆ كۆچ‌و ره‌وی‌ ملیۆنی‌ كورد له‌ساڵی‌ 1991، ئه‌مه‌ش له‌رێی‌ چه‌ند پارچه‌یه‌كی‌ داتاشراوی‌ برۆنزه‌وه‌ نمایش ده‌كرێت".

ده‌رگای‌ به‌ری‌ خۆرئاوای‌ قه‌ڵاكه‌ ده‌یان په‌نجه‌ره‌ی‌ تێدا ده‌بێت‌و به‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌ڕوانێت كه‌ بۆ چاودێری‌ جێگه‌كه‌ به‌كارده‌هات، دیوی‌ ناوه‌وه‌ی‌ دیواره‌كانیش نوسراوه‌كانی‌ سه‌رده‌می‌ به‌عسی‌ لێده‌مێنێته‌وه‌ وه‌ك ده‌سته‌واژه‌ی‌ "هه‌موو شتێك له‌پێناوی‌ سه‌ركه‌وتندا" یان قسه‌كانی‌ سه‌دام حسێنی‌ سه‌رۆكی‌ له‌ناوچووی‌ عێراق.

ئه‌م كه‌شوهه‌وایه‌ دیمه‌نی‌ ئه‌و سه‌دان سه‌ربازه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ پێش چاو كه‌ به‌چه‌كه‌ روسییه‌كانیانه‌وه‌ له‌ئۆتۆمبێله‌ ئیڤا سه‌ربازییه‌كان داده‌به‌زین‌و به‌زۆر خه‌ڵكه‌ ئه‌نفالكراوه‌كه‌یان ده‌برده‌ ناو هۆڵه‌كان.

ئه‌نفالكراوانی‌ ئێره‌ چه‌ندین ده‌سته‌واژه‌یان له‌سه‌ر دیواری‌ قه‌ڵاكه‌ نوسیوه‌، هه‌ندێكی‌ تریشیان ده‌سته‌واژه‌ی‌ خۆشه‌ویستیان جێهێشتووه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ تیرو دڵێك كێشراوه‌و له‌پاڵیدا نوسراوه‌ "هێلان، خۆشه‌ویستی‌ هه‌تا هه‌تایی‌".

گۆهدار ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ قه‌ڵاكه‌ 80 هۆڵی‌ تێدایه‌و ده‌بێته‌ مۆزه‌خانه‌ی‌ ئه‌نفال‌و بیره‌وه‌ری‌ كوردستانی‌، هاوشێوه‌ی‌ مۆزه‌خانه‌ی‌ هۆڵۆكۆستی‌ تایبه‌ت به‌جوله‌كه‌ له‌ئه‌ڵمانیا.

له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "سه‌ره‌تا راوێژمان به‌ئه‌ندازیارێكی‌ ته‌لارسازی‌ ئه‌ڵمانی‌ كرد به‌ناوی‌ كارستن بۆرگ، چونكه‌ ئه‌و شاره‌زاییه‌كی‌ ته‌واوی‌ هه‌یه‌ له‌چۆنێتی‌ هێشتنه‌وه‌ی‌ هه‌یكه‌لی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ قه‌ڵاكه‌و دانانی‌ دیزاینی‌ ناوه‌وه‌ مۆزه‌خانه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ هاوچه‌رخ".

ئه‌م پرۆژه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بڕی‌ 12 ملیۆن دۆلاری‌ بۆ ته‌رخانكردووه‌، هۆڵێكی‌ تیادا ده‌بێت بۆ نمایشكردنی‌ وێنه‌و پرۆفایلی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ شاڵاوی‌ ئه‌نفالیان ئه‌نجامداوه‌، هه‌روه‌ها هۆڵی‌ تێدا ده‌بێت بۆ نمایشكردنی‌ فیلمی‌ دیكۆمێنته‌ری‌ له‌سه‌ر ئێش‌و ئازارو ده‌رده‌سه‌ری‌ خه‌ڵك له‌ناو قه‌ڵاكه‌، هه‌روه‌ها هۆڵیشی‌ تێدایه‌ كه‌ شێوازی‌ روخاندنی‌ گونده‌ كوردییه‌كان ده‌رده‌خات.

وه‌ك گۆهدار ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات هۆڵی‌ تایبه‌ت به‌منداڵانی‌ تێدا ده‌بێت "ده‌مانه‌وێت ئه‌م تاوانه‌ له‌یاده‌وه‌ری‌ خه‌ڵكدا بمێنێته‌وه‌ تا دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌".

بینایه‌كی‌ به‌رز رووبه‌رێكی‌ (15) هه‌زار مه‌تری‌ داپۆشیوه‌و له‌ناو خۆیدا چه‌ندین چیرۆكی‌ كاره‌ساتباری‌ هه‌ڵگرتووه‌، لێره‌ دڕنده‌ترین تاوانه‌كان ئه‌نجامدراوه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئه‌یوب نه‌سری‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ناوه‌ندی‌ ئه‌نفال له‌دهۆك ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات ده‌یان پیاو له‌ناو ئه‌م قه‌ڵایه‌ به‌به‌رچاوی‌ خه‌ڵكی‌‌و ماڵ‌‌و منداڵه‌كانیانه‌وه‌ به‌به‌ردو بلۆك كوژراون.

ئه‌یوبی‌ ته‌مه‌ن (33) چه‌ند ساڵێك له‌ناو ئه‌م قه‌ڵایه‌ زیندانی‌ بووه‌‌و هه‌ندێ‌ له‌یاده‌وارییه‌كانی‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ "به‌كۆمه‌ڵ‌ گیراوه‌كانیان ده‌هێناو ژن‌و منداڵیان له‌پیاوه‌كان جیاده‌كرده‌وه‌، زۆربه‌ی‌ ژن‌و منداڵه‌كان ده‌خرانه‌ ناو هۆڵه‌كانه‌وه‌و پیاوه‌كانیشیان ده‌برد بۆ شوێنی‌ نادیار كه‌ تا ئه‌مڕۆ نه‌مانزانیوه‌ بۆ كوێ‌ براون".

دایكی‌ هاوار ئه‌و ژنه‌ ته‌مه‌ن (64) ساڵه‌ی‌ له‌دهۆك ده‌ژی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات هه‌تا ئه‌مڕۆ ناوێرێت له‌قه‌ڵاكه‌ نزیك ببێته‌وه‌‌و ده‌ڵێت "له‌و شوێنه‌ كوڕه‌كه‌میان به‌به‌رچاوی‌ خۆمه‌وه‌ له‌سێداره‌دا، شه‌وان نه‌مانده‌وێرا بخه‌وین نه‌وه‌ك سه‌ربازێك بێته‌ ژووره‌وه‌و ئه‌وه‌ی‌ ده‌یه‌وێت بیكات، یان ناومان بهێنێت‌و دیار نه‌مێنین، وه‌ك ئه‌و هه‌موو كه‌سه‌ی‌ كه‌ دیار نه‌مان".

ئه‌م قه‌ڵایه‌ پڕیه‌تی‌ له‌چیرۆكی‌ كاره‌ساتبار، دیواره‌كانیشی‌ ئه‌و چیرۆكانه‌یان له‌هه‌ناوی‌ خۆیاندا هه‌ڵگرتووه‌، ئه‌مڕۆ هۆڵۆكۆستی‌ كورد ده‌یه‌وێت ئه‌و یاده‌وه‌رییانه‌ زیندوو بكاته‌وه‌.