راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌دهۆك شاجوانی‌ كورته‌باڵاكان ده‌ستنیشان كرا

عەبدولخالق دۆسکی
بۆ یه‌كه‌مجار له‌سه‌ر ئاستی‌ عێراق كۆمه‌ڵه‌ی‌ كورته‌باڵاكان له‌پارێزگای‌ دهۆك كێبڕكێی‌ شاجوانی‌ كورته‌باڵایانی‌ رێكخست،…
20.06.2013  |  دهۆك
Shayan Hassan was voted Miss Petite Dohuk in the country\\\'s first beauty contest for little people.
Shayan Hassan was voted Miss Petite Dohuk in the country\\\'s first beauty contest for little people.

ئاهه‌نگی‌ به‌رێوه‌بردنی‌ كێبڕكێیه‌كه‌ كه‌ نوخبه‌یه‌ك له‌كه‌سانی‌ رۆشنبیرو مامۆستای‌ زانكۆو نوێنه‌رانی‌ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ ئاماده‌ی‌ بوون، تیایدا پێنج كورته‌باڵا كێبڕكێیان بوو بۆ بردنه‌وه‌ی‌ نازناوه‌كه‌و دواجار (شیان حه‌سه‌ن) به‌12 ده‌نگ له‌كۆی‌ 25 ده‌نگ بووه‌ براوه‌ی‌ یه‌كه‌م.

شیان له‌چاوپێكه‌وتنێكی‌ "نیقاش"دا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات بردنه‌وه‌ی‌ كێبڕكێیه‌كه‌ وایكردووه‌ متمانه‌ی‌ زیاتری‌ به‌خۆی‌ هه‌بێت، له‌كاتێكدا چه‌ند ساڵی‌ رابردوو كورتی‌ باڵاكه‌ی‌ به‌نه‌نگی‌ زانیوه‌، ئه‌مه‌ش ده‌قی‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یه‌:

نیقاش: چۆن به‌كێبڕكێیه‌كه‌ت زانی‌‌و كێ‌ هانیدای‌ بۆ به‌شداریكردن؟

شیان حه‌سه‌ن: بیرۆكه‌كه‌ هاوبه‌ش بوو، بۆخۆم پێشنیارم بۆ سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ كورته‌باڵایان كرد ئه‌ویش به‌دڵی‌ بوو هانیدام، هه‌روه‌ك چۆن رۆڵی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بوو له‌هاندانی‌ به‌شداربووه‌كانی‌ تر، بۆ ئه‌وه‌ی‌ كێبڕكێیه‌كه‌ش جه‌ماوه‌ری‌ بێت، ئاهه‌نگێكمان بۆ سازكراو كه‌سایه‌تییه‌ گرنگه‌كانی‌ شاری‌ دهۆك‌و چالاكوانانی‌ بواری‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ ئاماده‌ی‌ بوون.

نیقاش: هه‌ستت به‌روگیری‌ نه‌ده‌كرد؟

شیان حه‌سه‌ن: له‌سه‌ره‌تاوه‌ كه‌مێك روگیر بووم‌و تووشی‌ دڵه‌راوكێ‌ بووم، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ په‌یوه‌ست بوو به‌ده‌نگدانی‌ به‌شداربوانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مینجاره‌ له‌به‌رچاوی‌ خه‌ڵكیدا ئه‌و نمایشه‌ بكه‌م.

نیقاش: كه‌سێكی‌ دیاریكراو هه‌بوو هانت بدات؟

شیان حه‌سه‌ن: كه‌سوكاره‌كه‌م به‌تایبه‌تی‌ باوكم زۆر هانیدام، هه‌روه‌ك هاوڕێكانم له‌كۆمه‌ڵه‌كه‌ هانیانده‌دام، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ زانیان پێشنیاره‌كه‌ سه‌ریگرتووه‌.

نیقاش: به‌رزی‌ باڵات چه‌نده‌و كێشت چه‌نده‌، ئه‌وانه‌ رۆڵیان هه‌بوو بۆ بردنه‌وه‌؟

شیان حه‌سه‌ن: به‌رزی‌ باڵام 129 سانتیمه‌تره‌و كێشم 35 كیلۆگرامه‌، ره‌نگه‌ ئه‌وانه‌ش رۆڵیا هه‌بوبێت، راسته‌ هه‌ندێ‌ له‌به‌شداربووه‌كان باڵایان له‌من به‌رزتر بوو، به‌ڵام هاوسه‌نگی‌ نێوان باڵاو كێشم یه‌كێك بوو له‌هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ بردنه‌وه‌.

نیقاش: كاتی‌ بردنه‌وه‌ هه‌ستت به‌چی‌ ده‌كرد؟

شیان حه‌سه‌ن: هه‌ستێكی‌ جوان بوو، كه‌م كات ئه‌و هه‌سته‌م هه‌بووه‌، زۆر ئاسووده‌ بووم‌و چاوه‌كانم پڕبوون له‌فرمێسك، كاتێكی‌ خۆش‌و ئاسووده‌ به‌خش بوو.

نیقاش: هیچ یه‌كێك له‌به‌شداربووه‌كان هه‌بوو لێی‌ بترسیت ئه‌و نازناوه‌كه‌ ببات؟

شیان حه‌سه‌ن: زۆر متمانه‌م به‌خۆم هه‌بوو، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و ترسه‌شم هه‌بوو، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ كێبڕكێیه‌كه‌ په‌یوه‌ندی‌ هه‌بوو به‌زه‌وقی‌ ئاماده‌بووانه‌وه‌و هیچ رێساو یاسایه‌كی‌ دیاریكراو نه‌بوو، یه‌كێك له‌به‌شداربووه‌كان به‌ناوی‌ نه‌سرین حه‌مید زۆر نزیك بوو له‌نازناوه‌كه‌و له‌ده‌نگه‌كانیشدا دووهه‌م بوو.

نیقاش: پێت وابوو نازناوه‌كه‌ ده‌به‌یته‌وه‌؟

شیان حه‌سه‌ن: به‌ڵێ‌ كه‌ به‌شداریم كرد ده‌مزانی‌ ده‌رفه‌تێكی‌ زۆرم هه‌یه‌ بۆ بردنه‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ هاوڕێكانم هه‌مان بۆچونیان هه‌بوو، به‌ڵام كاتی‌ ده‌نگدانه‌كه‌ زۆر ده‌ترسام.

نیقاش: شاجوانه‌كان كاری‌ خۆبه‌خشانه‌و خێرخوازی‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ئاخۆ پرۆژه‌ی‌ له‌و جۆره‌ت هه‌یه‌؟

شیان حه‌سه‌ن: پێم خۆشه‌ پرۆژه‌ی‌ خێرخوازی‌ ئه‌نجام بده‌م، وه‌ك هاوكاری‌ منداڵان‌و چاودێری‌ بارودۆخی‌ خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان‌و ده‌رخستنی‌ ئێش‌و ئازاری‌ كورته‌باڵاكان‌و هاندانیان بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ماڵه‌كانیان بێنه‌ ده‌ره‌وه‌و تێكه‌ڵی‌ كۆمه‌ڵگا بن، شاجوانی‌ كوردستانیش سه‌ردانی‌ كردین‌و دڵخۆشی‌ خۆی‌ ده‌ربڕی‌، هیوادارم لایه‌نه‌ حكومییه‌كان‌و رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ هاوكاریم بكه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی‌ پرۆژه‌ی‌ مرۆڤ دۆستی‌، سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌شمان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌گه‌ڵ‌ چه‌ند كۆمپانیایه‌ك قسه‌ی‌ كردووه‌و چاوه‌ڕێی‌ ئه‌نجامین.

نیقاش: ته‌مه‌نت چه‌نده‌و تا چه‌ندت خوێندووه‌؟

شیان حه‌سه‌ن: ئه‌مساڵ‌ ده‌بمه‌ 26 ساڵ‌ ساڵی‌ پێشوو ئاماده‌یم ته‌واوكرد، به‌ڵام نمره‌كه‌م ئه‌وه‌نده‌ نه‌بوو بچمه‌ زانكۆ، داوام كردووه‌ له‌سه‌رۆكایه‌تی‌ ته‌ندروستی‌ دهۆك دابمه‌زرێم، به‌هۆی‌ دیاریكردنی‌ پشكی‌ 5% بۆ خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌، ده‌رفه‌تی‌ دامه‌زراندنم بۆ ره‌خسا.

نیقاش: كاردانه‌وه‌ی‌ هاوڕێكانت چی‌ بوو پاش بردنه‌وه‌؟

شیان حه‌سه‌ن: هه‌موویان ئاسووده‌ بوون‌و پیرۆزباییان لێكردم، هه‌ندێكیشیان دیارییان پێشكه‌ش كردم.

نیقاش: هیچ رۆژێك شه‌رمت له‌كورتی‌ باڵاكه‌ت كردووه‌؟

شیان حه‌سه‌ن: به‌ڵێ‌ زۆرجار هه‌ستم به‌رووگیری‌ كردووه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌خوێندنگا، كاتێك زۆرێك له‌خوێندكاره‌كان ته‌ماشایان ده‌كردم، به‌ڵام ئێستا له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و كه‌شوهه‌وایه‌ راهاتووم، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ له‌ناوه‌ندی‌ شاره‌كان ئاسایی‌ تر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ كورته‌باڵاكان ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا ئه‌و به‌كه‌مڕوانینه‌ له‌ناو دێ‌و شوێنه‌ دووره‌ده‌سته‌كاندا ماوه‌.

نیقاش: ئه‌مڕۆ پاش بردنه‌وه‌ هه‌ست به‌چی‌ ده‌كه‌یت؟

شیان حه‌سه‌ن: هه‌ست ده‌كه‌م توانیومه‌ به‌سه‌ر كه‌سایه‌تی‌ خۆمدا زاڵ‌ بم، كه‌سایه‌تییه‌ك كه‌ له‌چاوی‌ كۆمه‌ڵگاو لێنزی‌ كامێراكان‌و قه‌ره‌باڵغی‌ ده‌ترسا، جاران خۆم به‌دوور ده‌گرت له‌تێڕوانینی‌ خه‌ڵكی‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ متمانه‌م به‌خۆم هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆر وشه‌ی‌ سه‌رسامیان بۆ ده‌ربڕیم، پێم وایه‌ ده‌توانم كه‌سێكی‌ تایبه‌ت بم له‌كۆمه‌ڵگادا‌و كه‌سێك بم سوود به‌ده‌وروبه‌ره‌كه‌م بگه‌یه‌نم.