راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سینه‌ماكانی‌ موسڵ‌ له‌سه‌ره‌مه‌رگدان

نه‌ جه‌ڕه‌سی‌ ناو سینه‌ماكه‌و نه‌ ئه‌و وێنانه‌ی‌ به‌ده‌ره‌وه‌ هه‌ڵواسراون سه‌رنجی‌ موسڵییه‌كان راناكێشێت بۆ…
24.05.2013  |  موسڵ

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌تا كۆتایی‌ ساڵانی‌ نه‌وه‌ده‌كان خه‌ڵكی‌ زۆر گرنگیان به‌سینه‌ماكان ده‌دا، به‌ڵام له‌پاش ساڵی‌ 2003وه‌ گورزێكی‌ گه‌وره‌ به‌ر كاری‌ سینه‌ماكان كه‌وت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی‌ خراپی‌ باری‌ ئه‌منی‌‌و بێسه‌روبه‌ره‌یی‌ كه‌ زۆرێك له‌چالاكییه‌ رۆشنبیری‌‌و خۆشگوزه‌رانییه‌كانی‌ له‌ناوبرد.

ئه‌زهار عوبێدی‌ مێژوونووس به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند خێزانه‌كانی‌ موسڵ‌ به‌هۆی‌ جه‌نگ‌و ئابڵوقه‌ی‌ ئابورییه‌وه‌ ورده‌ ورده‌ له‌سینه‌ماكان دوركه‌وتنه‌وه‌و سینه‌ماكانی په‌نایان بۆ ئه‌و فیلمانه‌ برد كه‌ گه‌نج‌و هه‌رزه‌كارانیان راده‌كێشا.

وه‌ك ئه‌و ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات له‌گه‌ڵ‌ هاتنی‌ سینه‌ماو زۆربوونی‌ فرۆشگاكانی‌ فیلم، ئیتر سینه‌ما به‌ته‌واوی‌ ئه‌و رۆڵه‌ی‌ جارانی‌ خۆی‌ له‌ده‌ستداوه‌.

له‌مڕووه‌وه‌ ئه‌حمه‌د سه‌عید یه‌كێك له‌و كارمه‌ندانه‌ی‌ له‌سینه‌ما سندیباد كاریكردووه‌ ده‌ڵێت "به‌ر له‌ ده‌ ساڵ‌ یانزه‌ هۆڵی‌ سینه‌ما به‌درێژایی‌ هه‌فته‌ له‌موسڵدا كراوه‌ بوون، به‌ڵام ئێستا ته‌نها سیانیان ماونه‌ته‌وه‌".

ئه‌حمه‌دی‌ ته‌مه‌ن (34 ساڵ‌) ئه‌وه‌ی‌ له‌بیره‌ كه‌ به‌ته‌نها له‌یه‌ك سینه‌مادا 15 كارمه‌ند هه‌بووه‌و كاره‌كه‌یان بریتی‌ بووه‌ له‌رێكخستنی‌ سه‌ره‌و بڕینی‌ پلیت‌و كارپێكردنی‌ سینه‌ماكه‌، به‌ڵام ئێستا چه‌ند دانه‌یه‌كیان ماونه‌ته‌وه‌.

ئێستا شوێنی‌ سینه‌ما سندیباد بووه‌ته‌ جێگای‌ فرۆشتنی‌ جل‌و به‌رگ‌و له‌وێوه‌ ئه‌حمه‌د هێما بۆ سینه‌ما نجومی‌ نزیكیان ده‌كات‌و ده‌ڵێت "دوو سه‌عاته‌ تاكه‌ كه‌سێك نه‌چووه‌ته‌ ژووره‌وه‌، باشتر وایه‌ هه‌ر دایبخات".

به‌رێوه‌به‌ری‌ سینه‌مایه‌ك كه‌ پێی‌ خۆش نه‌بوو ناوی‌ خۆی‌‌و سینه‌ماكه‌ی‌ بهێنرێت، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌رۆژێكدا سه‌ردانی‌ سینه‌ماكه‌ی‌ ده‌كه‌ن له‌40 كه‌س تێپه‌ڕ ناكات، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌وه‌ به‌رێژه‌ی‌ 90% به‌به‌راورد به‌ساڵی‌ 2003 داهاته‌كه‌ی‌ دابه‌زیوه‌.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "تازه‌ جه‌ماوه‌رێك نه‌ماوه‌ چێژ له‌سینه‌ما ببینێت، ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ یان هه‌رزه‌كاره‌ یان كه‌سانێكن ته‌نها ده‌یانه‌وێت كات به‌رێبكه‌ن".

ئه‌و به‌رێوه‌به‌ره‌ كه‌ 35 سه‌رقاڵی‌ ئه‌و كاره‌ بووه‌، له‌باره‌ی‌ ئاینده‌ی‌ پیشه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت "وه‌ك چۆن سینه‌مای‌ سندیباد كردی‌ به‌شوێنی‌ فرۆشتنی‌ جل‌و به‌رگ‌و سینه‌مای‌ حه‌مراش بووه‌ گه‌راجی‌ ئۆتۆمبێل، منیش له‌نزیكترین ده‌رفه‌تدا ده‌یكه‌مه‌ چێشتخانه‌".

تاوانباری‌ یه‌كه‌م له‌م حاڵه‌ته‌دا خراپی‌ باری‌ ئه‌منییه‌، چونكه‌ هه‌موو كاتێك هۆڵه‌كانی‌ سینه‌ما به‌ئاسانی‌ ده‌كرێنه‌ ئامانج، ئه‌وه‌تا له‌لۆكه‌رێكی‌ ژووره‌كه‌یدا به‌رێوه‌به‌ری‌ ئه‌و سینه‌مایه‌ چوار كاغه‌زی‌ ده‌رهێناو له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ بڵاویكردنه‌وه‌ كه‌ سه‌رجه‌میان نامه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌ بوون له‌لایه‌ن گروپێكی‌ چه‌كداره‌وه‌، ئه‌و كاته‌ی‌ ته‌ماشای‌ كاغه‌زه‌كانی‌ كرد وتی‌ "به‌راستی‌ ئه‌مه‌ كێشه‌كه‌ی‌ ئێمه‌یه‌".

به‌هۆی‌ خراپی‌ ناوو ناوبانگی‌ سینه‌ماكانه‌وه‌ كه‌م كه‌س ئێستا روویان تێده‌كه‌ن، ئه‌وه‌تا عه‌بدولهادی‌ محه‌مه‌د (29 ساڵ‌) به‌ر له‌وه‌ی‌ بچێته‌ سینه‌ما ئیشبیلیا چه‌ند جارێك ته‌ماشای‌ ئه‌ملاولای‌ خۆی‌ كرد ئینجا چووه‌ ژووره‌وه‌.

له‌پێش سینه‌ماكه‌ تابلۆیه‌كی‌ ئاگاداری‌ خراپ هه‌ڵواسراوه‌و ناو ڕاره‌وی‌ چوونه‌ ژووره‌وه‌ش پڕیه‌تی‌ له‌وێنه‌ی‌ فیلمه‌ كۆنه‌كان، به‌ر له‌وه‌ی‌ بچیته‌ ژووره‌وه‌، گه‌نجێك زۆر به‌وریاییه‌وه‌ ده‌تپشكنێ‌.

له‌هۆڵه‌كه‌ی‌ ناوه‌وه‌ ته‌نها 35 كه‌س هه‌یه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ په‌رش‌و بڵاو دانیشتوون، هه‌موویان ته‌ماشای‌ فیلمێك ده‌كه‌ن به‌كوالێتی‌ خراپ كه‌ له‌رێی‌ "داتاشۆ"وه‌ نمایش ده‌كرێت، له‌ناوه‌ڕاستی‌ ئه‌و فیلمه‌ی‌ نمایش ده‌كرا له‌پڕ وێنه‌كه‌ وه‌ستاو چووه‌ سه‌ر فیلمێكی‌ كاوبۆی‌ دوای‌ ئه‌وه‌ش بۆ فیلمێكی‌ سێكسی‌، كورسی‌ سینه‌ماكه‌ش هه‌موویان ئاسن بوون‌و ته‌نانه‌ت وه‌ك كاره‌كته‌ری‌ ناو فیلمه‌كه‌ یه‌ك پارچه‌ قوماشیشیان پێوه‌ نه‌بوو.

له‌كاتی‌ پشووه‌كه‌دا كه‌ گڵۆپ داگیرسا زۆربه‌ی‌ ئاماده‌بووه‌كان به‌ده‌ستیان ده‌موچاوی‌ خۆیان ده‌شارده‌وه‌ تا نه‌ناسرێنه‌وه‌، محه‌مه‌دیش ته‌نها 15 خوله‌ك له‌ژووره‌وه‌ مایه‌وه‌و خێرا هاته‌ ده‌ره‌وه‌.

له‌مڕووه‌وه‌ محه‌مه‌د ده‌ڵێت "به‌راستی‌ باوه‌ڕم به‌قسه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ نه‌ده‌كرد له‌سه‌ر ئه‌و ئاسته‌ نزمه‌ی‌ سینه‌ماكان پێی‌ گه‌یشتوون، هه‌تا خۆم بینیم، ئه‌وه‌ی‌ هه‌بوو ته‌نها چه‌ند گرته‌یه‌كی‌ سێكسی‌‌و كۆمه‌ڵێك كه‌سی‌ هه‌رزه‌كارو شاز سه‌یریان ده‌كرد، جارێكی‌ تر هه‌رگیز رووی‌ تێناكه‌مه‌وه‌".

ئه‌وانه‌ی‌ له‌ناو هۆڵه‌كه‌ بوون كه‌سیان ئاماده‌ نه‌بوون قسه‌ بكه‌ن ته‌نها كوڕێكی‌ هه‌رزه‌كار له‌كاتی‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌یدا وتی‌ "ئه‌وانه‌ی‌ ره‌خنه‌ له‌ئێمه‌ ده‌گرن بۆ خۆیان له‌ماڵه‌وه‌ ته‌ماشای‌ فیلمی‌ سێكسی‌ ده‌كه‌ن".

ئێستا سینه‌ماكانی‌ موسڵ‌ به‌ته‌واوی‌ له‌سه‌ره‌ مه‌رگدان، كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان‌و بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ خراپی‌ شاره‌كه‌ دوا گولله‌ی‌ خۆیان به‌ئاراسته‌یان ته‌قاندووه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌