راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پیاوێكی‌ موسڵی‌ ئۆتۆمبێلی‌ ئه‌نتیكه‌ دروست ده‌كات‌و به‌گران ده‌یفرۆشێت

دوو ده‌ستی‌ زبرو به‌هێزو كوتراو ده‌ریده‌خات كه‌ ماوه‌یه‌كی‌ زۆره‌ له‌ململانێدایه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئاسن‌و كانزا ره‌قه‌كان،…
7.03.2013  |  موسڵ

حاجی‌ ئه‌بو یونس چیرۆكێكی‌ دوورو درێژی‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئۆتۆمبێله‌ كۆنه‌كان، ئه‌و ئۆتۆمبێڵ‌ه‌ كۆنه‌ فڕێدراوه‌كان هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌و ئۆتۆمبێلی‌ ئه‌نتیكه‌یان لێ دروست ده‌كات، كاتێكیش ده‌یبینیت زه‌حمه‌ته‌ بزانیت ئه‌مانه‌ له‌ئه‌ڵمانی‌‌و ئه‌مه‌ریكا دروست نه‌كراون، نیقاش سه‌ردانی‌ ئه‌بو یونسی‌ كرد له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیداو ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا ئه‌نجامدا:

نیقاش: چۆن كه‌وتیته‌ داوی‌ ئۆتۆمبێله‌ كۆنه‌كانه‌وه‌؟

ئه‌بو یونس: به‌راستی‌ من حه‌زم به‌كه‌لوپه‌له‌ كۆنه‌كانه‌، چونكه‌ به‌تێپه‌ڕبوونی‌ كات به‌نرختر ده‌بن، له‌كۆمه‌ڵگای‌ ئێمه‌دا كێشه‌ی‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ گرنگی‌ به‌جه‌وهه‌ری‌ شته‌كان نادرێت، به‌ڵكو ته‌نها بیر له‌پاره‌كه‌ی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش من بێزارم ده‌كات، گرنگیدانیشم به‌ئۆتۆمبێل بۆ بیرۆكه‌ی‌ دروستكردنه‌كه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌لای‌ منه‌وه‌ ئۆتۆمبێلی‌ ساڵانی‌ په‌نجاو شه‌سته‌كان هیچ گرنگی‌ كه‌متر نییه‌ له‌هه‌ر كه‌لوپه‌لێكی‌ ئاسه‌وار.

نیقاش: یه‌كه‌مین ئۆتۆمبێل كامه‌ بوو كه‌ دروستت كرد؟

ئه‌بو یونس: باش له‌بیرمه‌ ئۆتۆمبێلی‌ (وست)ی‌ ئینگلیزی‌ مۆدێل كۆن بوو، تابلۆی‌ عێراق – واستی‌ پێوه‌ بوو، ساڵی‌ 1981 چاكمكرده‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بیرۆكه‌كه‌ گرنگی‌ پێنه‌درا، بۆیه‌ فه‌رامۆشم كردو به‌نرخێكی‌ هه‌رزان فرۆشتم، هه‌رئه‌وكاتیش ده‌ستم له‌كاره‌كه‌ هه‌ڵگرت هه‌تا ساڵی‌ 2006 جارێكی‌ تر ده‌ستم پێكرده‌وه‌، له‌و ده‌مه‌ی‌ توندوتیژی‌ له‌موسڵدا گه‌یشتبووه‌ ئه‌وپه‌ڕی‌، ئه‌و ماوه‌یه‌ به‌دوای‌ شتێكدا ده‌گه‌ڕام خۆمی‌ پێوه‌ سه‌رقاڵ‌ بكه‌م، كۆمه‌ڵێك ئۆتۆمبێلم دۆزییه‌وه‌ كه‌ فڕێدرابوون، بۆیه‌ هه‌ڵمگرتنه‌وه‌و كارم تیاكردن‌و دیزاینه‌كه‌م گۆڕین.

نیقاش: گرنگترین ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ چین كه‌ ئه‌نجامت داون؟

ئه‌بو یونس: ئۆتۆمبێلی‌ یه‌كه‌م پێكبێكی‌ چیڤۆرلێی‌ مۆدێل 1954 بوو، ساڵی‌ 2006 دۆزیمه‌وه‌و به‌بڕی‌ 200 دۆلار كڕیم، له‌هه‌شت مانگدا چاكمكرده‌وه‌و ئێستا له‌كه‌ركوك داندراوه‌ بۆ فرۆشتن.

ئۆتۆمبێلێكی‌ تر دانه‌یه‌كی‌ چیڤۆرلێی‌ مۆدێل 1955 بوو كه‌ پیاوێكی‌ مه‌سیحی‌ له‌موسڵ‌ به‌ناوی‌ ئه‌بونا یوسف تۆما خاوه‌نی‌ بوو، ده‌یان ساڵ بوو له‌به‌رده‌م كه‌نیسه‌ی‌ لاتین (ساعه‌) له‌ناوه‌ڕاستی‌ موسڵ‌ ده‌مبینی‌، ئیتر به‌رێكه‌وت ساڵی‌ 2008 له‌ناوچه‌یه‌كی‌ كۆنی‌ موسڵ‌ دۆزیمه‌وه‌و به‌ 3000 دۆلار كڕیم، ده‌ستكاری‌ سه‌رله‌به‌ری‌ دیزاینه‌كه‌یم كرد به‌له‌به‌رچاوگرتنی‌ دیزاینی‌ نوێی‌ ئۆتۆمبێلێكی‌ هاوشێوه‌و هه‌موو پێوه‌ره‌ ورده‌كانیم وه‌رگرت، به‌ر له‌چه‌ند مانگێك فرۆشتم به‌پیاوێكی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌ولێر به‌بڕی‌ (30) هه‌زار دۆلار.

نیقاش: به‌نیازیت له‌سه‌ر هه‌مان كار به‌رده‌وام بیت؟

ئه‌بو یونس: ته‌مه‌ننای‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌م، چونكه‌ بۆخۆم حه‌زم له‌م كاره‌یه‌‌و ده‌مه‌وێت داهێنان‌و نوێگه‌ری‌ تیا بكه‌م، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هیچ لایه‌ك گرنگی‌ به‌م پیشه‌ ده‌گمه‌نه‌ نادات‌و زۆربه‌ی‌ ئاسنگه‌ره‌ به‌تواناكانی‌ موسڵ‌ له‌ماڵه‌وه‌ دانیشتوون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئۆتۆمبێله‌ كۆنه‌كان ده‌گمه‌نن‌و ده‌بێت ته‌واو كاتی‌ خۆتیان بۆ ته‌رخان بكه‌یت، بۆیه‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ هه‌وڵ‌‌و ماندووبوونی‌ زۆری‌ ده‌وێت.

نیقاش: به‌ناو موسڵدا به‌و ئۆتۆمبێله‌ كۆنانه‌ ده‌سوڕێیته‌وه‌؟

ئه‌بو یونس: نه‌ك هه‌ر موسڵ‌، بگره‌ له‌پارێزگاكانی‌ تریش، ده‌یانجار پێیان چووم بۆ هه‌ولێرو دهۆك‌و كه‌ركوك‌و شاره‌كانی‌ تر، بگره‌ كێبڕكێێ‌ ئۆتۆمبێله‌ تازه‌كانی‌ پێده‌كه‌م.

نیقاش: دیارترین ئه‌و رووداوانه‌ چی بوون كه‌ له‌كاتی‌ لێخوڕینی‌ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌دا به‌سه‌رت هاتوون؟

ئه‌بو یونس: بێگومان به‌هۆی‌ كۆنی‌ مۆدێله‌كه‌یانه‌وه‌ مایه‌ی‌ سه‌رنجڕاكێشانن، بۆیه‌ خه‌ڵك سه‌رسام ده‌بن كه‌ ده‌بینن به‌و خێراییه‌ ده‌ڕوات، رۆژێك سه‌ربازێكی‌ عێراقی‌ له‌خاڵێكی‌ پشكنین رایگرتم‌و پێی‌ وتم: تۆ له‌مه‌ودوا ناپشكنرێیت‌و ده‌توانیت له‌هێڵی‌ سه‌ربازییه‌وه‌ بڕۆیت، هه‌روه‌ك زۆر كه‌س رامده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی‌ وێنه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئۆتۆمبێله‌كان بگرن.. له‌و هه‌موو پرسیاره‌ زۆره‌ش بێزار ده‌بم كه‌ ده‌گه‌مه‌ هه‌ر شوێنێك ده‌ڵێن ئه‌وه‌ت له‌كوێ‌ بووه‌و چۆن دروستت كردووه‌و به‌چه‌ندو بۆچی‌.

هه‌ر به‌هۆی‌ ئه‌وه‌وه‌ ساڵی‌ 2006 كه‌وتمه‌ حاڵێكی‌ خراپه‌وه‌، كاتێك سوپای‌ ئه‌مه‌ریكا هاتنه‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان‌و به‌شوێن داواكراوه‌كاندا ده‌گه‌ڕان كه‌ هاتنه‌ ماڵه‌كه‌ی‌ ئێمه‌و كارگه‌ بچوكه‌كه‌یان بینیم‌و ئه‌فسه‌ره‌كه‌ ئۆتۆمبێلێكی‌ كۆنی‌ بینی‌ چاكم ده‌كرده‌وه‌، له‌رێی‌ وه‌رگێڕه‌كه‌وه‌ پێی‌ وتم ده‌بێت دوو مانگی‌ تر ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ ته‌واو بكه‌یت، من زۆر گوێم به‌قسه‌كه‌ی‌ نه‌دا، دوو مانگی‌ پێچوو كوڕه‌كه‌م ته‌له‌فۆنی‌ بۆ كردم وتی‌ ئه‌فسه‌ره‌كه‌ پرسیار ده‌كات ئه‌ڵێت بۆ ئۆتۆمبێله‌كه‌ ته‌واو نه‌بووه‌؟ پێم وت هه‌ر بیانوویه‌ك بدۆزه‌ره‌وه‌و بڵێ‌ باوكم له‌نه‌خۆشخانه‌یه‌..

پاش ماوه‌یه‌ك دوو وه‌رگێڕ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ سوپای‌ ئه‌مه‌ریكی‌ كاریان ده‌كرد هاتن بۆ ماڵه‌وه‌و پێیان وتم ژه‌نه‌راڵێكی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ له‌موسڵ‌ ئاماده‌یه‌ به‌هه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌ك كه‌ داوای‌ ده‌كه‌یت ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ بكڕێت، منیش له‌ترسی‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان نه‌موێرا پێی‌ بفرۆشم، ئه‌مه‌ درێژه‌ی‌ كێشا تا دواتر باشبوو خۆیان لێمگه‌ڕان.

نیقاش: به‌ئاسانی‌ ئۆتۆمبێله‌كان ده‌فرۆشی‌، له‌وه‌ ناترسیت زه‌ره‌ر بكه‌یت؟

ئه‌بو یونس: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ رێزی‌ كاره‌كه‌م ده‌گرم نامه‌وێت زیان بكه‌م‌و مایه‌پوچ ببم، بۆیه‌ به‌به‌هێزییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ فرۆشتنی‌ به‌رهه‌مه‌كانم ده‌كه‌م، بۆ نموونه‌ ئێستا كێبڕكێ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ چیڤۆرلێیه‌ی‌ مۆدێلی‌ 1954ه‌و له‌كه‌ركوك داندراوه‌ له‌پاڵ‌ ئۆتۆمبێلێكی‌ مۆدێل 2013دا، تائێستا بڕی‌ 25 هه‌زار دۆلاریان داومه‌تێ‌، به‌ڵام من داوای‌ 35 هه‌زار دۆلار ده‌كه‌م.

نیقاش: به‌رۆمانسیه‌ته‌وه‌ باسی‌ ئۆتۆمبێله‌كانت ده‌كه‌یت؟

ئه‌بو یونس: به‌ڵێ‌ ئه‌وانه‌ عاشقه‌كانمن، شتێكت بۆ ئاشكرا ده‌كه‌م، هه‌ندێجار جگه‌ره‌یه‌ك داده‌گیرسێنم‌و كوپێك چا هه‌ڵده‌گرم‌و ده‌چمه‌ لای‌ ئۆتۆمبێله‌كان، ده‌ست به‌سه‌ریاندا ده‌هێنم‌و ده‌ڵێم چه‌ند جوانن‌و ئاخۆ چه‌نده‌ به‌سه‌ر رێگادا رۆیشتوون، كه‌سانێكتان هه‌ڵگرتووه‌ كه‌ ئێستا له‌ژێر گڵدان.. رۆژێك ژنه‌كه‌م گوێی‌ له‌م قسانه‌ بوو، كچه‌كه‌می‌ بانگكردو وتی‌ ته‌ماشاكه‌ باوكت چی‌ ده‌كات، ئه‌ڵێی‌ شێت بووه‌.

نیقاش: له‌یه‌كێك له‌هاوڕێكانته‌وه‌ بیستم چیرۆكێكی‌ سه‌یرت له‌گه‌ڵ‌ پیاوێكی‌ ئه‌ڵمانیدا هه‌بووه‌؟

ئه‌بو یونس: ئه‌وه‌ راسته‌، له‌كاتی‌ چاككردنه‌وه‌ی‌ یه‌كێك له‌ئۆتۆمبێله‌كان مێردی‌ كچه‌كه‌م كه‌ دانیشتووی‌ به‌رلینه‌و ره‌گه‌زنامه‌ی‌ ئه‌ڵمانی‌ هه‌یه‌ ده‌هات سه‌رم لێبات، هه‌ندێجار به‌كامێرایه‌كی‌ ڤیدیۆ وێنه‌ی‌ چاككردنه‌وه‌ی‌ ئۆتۆمبێله‌كان‌و لێخوڕینی‌ ده‌گرت، كاتێك چوبووه‌وه‌ بۆ به‌رلین‌و ڤیدیۆكه‌ی‌ نیشانی‌ پیاوێكی‌ پیری‌ ئه‌ڵمانی‌ دابوو كه‌ حه‌زی‌ به‌چاككردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌یه‌، به‌م دواییه‌ داوه‌تنامه‌یه‌كی‌ بۆ ناردبووم هه‌تا سه‌ردانی‌ وه‌رشه‌كه‌ی‌ بكه‌م له‌باكوری‌ به‌رلین، هه‌ركات ده‌رفه‌تم بۆ ره‌خسا ده‌چم سه‌ری‌ لێده‌ده‌م، چونكه‌ حه‌زده‌كه‌م بیبینم‌و پێم وایه‌ هاوڕێمه‌و زۆر له‌من ده‌چێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌