راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گروپی‌ یارییه‌ بێسیمه‌كان
شوێنێكمان نییه‌ بۆ به‌رده‌وامبوون

مەناف ئەلساعدی
كاتێك ته‌مار عامری‌ خوێندكاری‌ كۆلێژی‌ زمان له‌زانكۆی‌ مه‌ئمون به‌ر له‌پێنج مانگ یه‌كه‌مین گروپی‌ یارییه‌ بێسیمه‌كانی‌ دروستكرد…
22.11.2012  |  به‌غدا
Baghdad\'s new remote control racing club.
Baghdad\'s new remote control racing club.

"نیقاش" چاویكه‌وت به‌سه‌رۆكی‌ گروپی‌ عێراقی‌ بۆ ئۆتۆمبێل‌و فرۆكه‌ بێسیمه‌كان‌و له‌باره‌ی‌ بیرۆكه‌ی‌ پێكهێنانی‌ ئه‌و گروپه‌ بچوكه‌و خواستی‌ داهاتووی‌ ئه‌م دیداره‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ سازكرد:

نیقاش: چۆن بیرۆكه‌ی‌ پێكهێنانی‌ ئه‌م گروپه‌ت به‌بیردا هات؟

عامر: هه‌ر له‌منداڵییه‌وه‌ حه‌زێكی‌ زۆرم بۆ یارییه‌ بێسیمه‌كان هه‌یه‌و ئه‌مه‌ش پاڵنه‌ری‌ سه‌ره‌كیم بوو بۆ پێكهێنانی‌ ئه‌م گروپه‌ كه‌ له‌عێراقدا هاوشێوه‌ی‌ نییه‌، پاش ئه‌وه‌ی‌ به‌شوێن نوێترین ئۆتۆمبێل‌و فرۆكه‌ بێسیمه‌كان كه‌وتم‌و له‌رێی‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ ته‌ماشای‌ جۆری‌ یارییه‌كان‌و گه‌شه‌سه‌ندنیانم كرد له‌وڵاتانی‌ ئه‌مه‌ریكاو ئه‌وروپاو هه‌ندێ‌ له‌وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كانی‌ هاوشێوه‌ی‌ ئه‌رده‌ن‌و ئیمارات، ئه‌م بیرۆكه‌یه‌م بۆ هه‌ندێ‌ له‌هاوڕێكانم خسته‌روو كه‌ حه‌زیان له‌یارییه‌ بێسیمه‌كانه‌، له‌ناوه‌ڕاستی‌ ئه‌م مانگه‌شدا به‌ 10 ئه‌ندامه‌وه‌ گروپه‌كه‌مان راگه‌یاندو ئێستا خاوه‌نی‌ بیست ئه‌ندامی‌ راهێنراوین.

نیقاش: ئامانجتان له‌دامه‌زراندنی‌ ئه‌م گروپه‌ چییه‌؟

عامر: ده‌مانه‌وێت له‌رێی‌ ئه‌مه‌وه‌ یه‌كێتییه‌كی‌ تایبه‌ت به‌یارییه‌ بێسیمه‌كان له‌عێراق دابمه‌زرێنین، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ پێكهێنانی‌ تیمێكی‌ عێراقی‌ بۆ ئه‌م یارییه‌، هاوشێوه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌وڵاتانی‌ جیهان هه‌یه‌، به‌و پێیه‌ی‌ ئه‌م جۆره‌ یارییانه‌ ته‌ماشاكه‌رێكی‌ زۆریان هه‌یه‌ له‌هه‌موو جیهاندا، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆش گرنگی‌ پێبده‌ین‌و له‌داهاتووشدا نوێنه‌رایه‌تی‌ عێراق بكه‌ین له‌كێبڕكێ‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا.

نیقاش: ئه‌و جۆره‌ یاریانه‌ چییه‌ كه‌ پشتی‌ پێده‌به‌ستن‌و نرخیان چه‌نده‌؟

عامر: زیاتر ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ بێسیمانه‌ به‌كارده‌هێنین كه‌ له‌یابان‌و ئه‌مه‌ریكا دروستكراون، له‌ماركه‌كانی‌ ئێچ پی‌ ئای‌و تامایاو جی‌ تی‌ ئاڕی‌ ئه‌مه‌ریكی‌‌و كۆمپانیای‌ كیۆشۆی‌ یابانی‌ كه‌ نرخه‌كانیان له‌نێوان 700 بۆ 1200 دۆلاردایه‌و زۆربه‌یان بۆ نمایشن‌و چوار ئاكسلن، فرۆكه‌كۆپته‌روشیراعیه‌كانیش نرخیان له‌نێوان 60 بۆ 300 دۆلاردایه‌.

نیقاش: چۆن په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ گه‌نجان گرێده‌ده‌ن‌و گروپه‌كه‌یان پێده‌ناسێنن؟

عامر: پشت به‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌به‌ستین وه‌ك هۆكارێكی‌ نوێی‌ خۆڕایی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ چالاكییه‌كان‌و كاتی‌ تاقیكردنه‌وه‌و راهێنانه‌كان بڵاوبكه‌وینه‌وه‌، هه‌ر له‌رێی‌ ئه‌و پێگانه‌وه‌ كه‌سانی‌ ئاره‌زوومه‌ندو شاره‌زا ده‌ناسین كه‌ ره‌نگه‌ ببنه‌ مایه‌ی‌ به‌هێززكردنی‌ گروپه‌كه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ ئاره‌زومه‌ندانی‌ ئه‌م یارییه‌و چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانیان وه‌ك چاككردنه‌وه‌ی‌ ئۆتۆمبێل‌و فرۆكه‌كان، هه‌موو ئه‌مانه‌ بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ زیادبوونی‌ ئه‌ندامانی‌ په‌یجه‌كه‌مان كه‌ ئێستا نزیكه‌ی‌ هه‌زار كه‌سن.

نیقاش: ده‌تانه‌وێ‌ به‌چی‌ بگه‌ن؟

عامر: ده‌مانه‌وێت لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بگه‌نه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی‌ یه‌كێتیه‌كی‌ تایبه‌ت به‌م یاریانه‌ دروست بكه‌ن، هه‌روه‌ها له‌راهێنان به‌رده‌وام بین‌و بكه‌وینه‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ‌ گروپه‌كانی‌ تری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق بۆ پێكهێنانی‌ كۆڕبه‌ندێك كه‌ كار له‌سه‌ر باشتركردنی‌ ئه‌م یارییه‌ بكات له‌سه‌رانسه‌ری‌ جیهاندا، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ گه‌نجانی‌ ئه‌ندام له‌م گروپه‌ تواناو شاره‌زاییان كه‌متر نییه‌ له‌ئه‌ندامانی‌ گروپه‌ عه‌ره‌بی‌‌و ئه‌وروپیه‌كان.

نیقاش: تووشی‌ هیچ كێشه‌و ئاسته‌نگێك بوون؟

عامر: ئاسته‌نگی‌ زۆرمان له‌پێشه‌ به‌وه‌ی‌ كه‌وتوینه‌ته‌ كێبرَكێ‌ له‌گه‌ڵ‌ كاتداو جێگه‌یه‌كی‌ تایبه‌تمان نییه‌ كه‌ راهێنانی‌ له‌سه‌ر بكه‌ین‌و به‌رده‌وام بین، هه‌ر ئه‌مه‌یه‌ وایكردووه‌ جێگای‌ خاڵی‌ بدۆزینه‌وه‌ بۆ راهێنان ئه‌گه‌ر گونجاویش نه‌بێت بۆ ئۆتۆمبێله‌كان، به‌هۆی‌ زه‌وییه‌ زبره‌كانیشه‌وه‌ زیان به‌ئۆتۆمبێله‌كانمان ده‌گات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌زه‌حمه‌ت لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان رازی‌ ده‌بن شه‌قام‌و شوێنه‌ خاڵییه‌كان به‌كاربهێنین، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مانه‌شدا پارچه‌ی‌ یه‌ده‌گی‌ ئۆتۆمبێله‌كان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراقه‌وه‌ دێن گران ده‌كه‌ون.

نیقاش: پلانتان چییه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی‌ گروپه‌كه‌؟

عامر: له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ گروپه‌كه‌ تازه‌ دروستبووه‌، به‌ڵام پێشوازی‌ زۆری‌ لێكراوه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ حه‌زیان به‌ئۆتۆمبێل‌و فرۆكه‌ بێسیمه‌كانه‌، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ‌ زۆر لایه‌ن قسه‌ بكه‌ین به‌ڵكو بگه‌ینه‌ پێكهێنانی‌ تیمێكی‌ عێراقی‌ بۆ ئه‌م یارییه‌، له‌ئاینده‌شدا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ‌ یانه‌ وه‌رزشییه‌كان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ كێبڕكێیه‌كی‌ ناوخۆیی‌ رێكبخرێت‌و ئه‌ندامانی‌ ئه‌م گروپه‌ به‌سه‌ر یانه‌كاندا دابه‌ش بكرێن‌و ئه‌و پاڵه‌وانێتیه‌ش به‌چاودێری‌ وه‌زاره‌تی‌ وه‌رزش‌و لاوان بێت، هه‌روه‌ك چۆن خواستمانه‌ گروپه‌كه‌ گه‌وره‌تر بكه‌ین‌و به‌له‌می‌ بێسیمیشی‌ بۆ زیاد بكه‌ین.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌