راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

حه‌فتا ساڵه‌ به‌گژوگیا چاره‌سه‌ری‌ خه‌ڵكی‌ ده‌كات

عەبدولخالق دۆسکی
ته‌مه‌ن پشتی‌ چه‌ماندووه‌ته‌وه‌و رۆژگاریش گوێی‌ گرانكردووه‌، به‌ڵام چاوه‌ شینه‌كانی‌ هێشتا پڕ ئاون‌و ئه‌و فرمێسكانه‌ی‌…
11.10.2012  |  دهۆك

سه‌لوه‌ محه‌مه‌د ئاكره‌یی‌ كه‌ له‌نێو خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌دا به‌(سه‌لوه‌ خان) ناسراوه‌، له‌شارۆچكه‌ی‌ ئاكرێ‌ نیشته‌جێیه‌و زیاتر له‌حه‌فتا ساڵه‌ چاره‌سه‌ری‌ رووه‌كی‌ بۆ خه‌ڵك ئه‌نجام ده‌دات.

كچه‌زاكه‌ی‌ كه‌ ته‌مه‌نی‌ چل ساڵه‌ پێشوازی‌ له‌میوانه‌كان ده‌كات‌و ده‌یاننێرێته‌ ئه‌و ژووره‌ی‌ كه‌ سه‌لوه‌ی‌ لێ دانیشتووه‌، ئه‌ویش به‌زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كه‌ میوانه‌كانی‌ ده‌بینێت، به‌جۆرێك زه‌حمه‌ته‌ ئه‌و زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ له‌ژنێكی‌ ته‌مه‌ن هه‌شتاو حه‌وت ساڵ‌ به‌دی‌ بكه‌یت.

ته‌مه‌نی‌ درێژی‌ سه‌لوه‌ نه‌بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ست له‌چاره‌سه‌رگا میللیه‌كه‌ی‌ هه‌ڵبگرێت، زۆرجار پشت به‌كوڕه‌زاو كچه‌زاكانی‌ ده‌به‌ستێت بۆ پێدانی‌ داوو ده‌رمان به‌و كه‌سانه‌ی‌ بۆ چاره‌سه‌ر رووی‌ تێده‌كه‌ن، سه‌لوه‌ ده‌ڵێت "ناتوانم روو بكه‌مه‌ ده‌شت‌و كێو، هه‌ندێ‌ چاره‌سه‌ریش هه‌یه‌ پێویستی‌ به‌هێزی‌ بازووه‌، بۆیه‌ هه‌ر چاره‌سه‌ره‌كه‌ ده‌نوسم‌و په‌یداكردنی‌ ده‌سپێرم به‌كه‌سوكاری‌ نه‌خۆشه‌كه‌".

سه‌لوه‌ خان پیشه‌ی‌ پزیشكی‌ گژوگیای‌ له‌دایكیه‌وه‌ بۆ ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌باوو باپیرانه‌وه‌ وه‌ریگرتووه‌، دایكی‌ به‌ته‌نها مامۆستاو فێركه‌ری‌ بووه‌و هانی‌ داوه‌ ئه‌و پیشه‌یه‌ وه‌ربگرێت كه‌ نرخێكی‌ گرنگی‌ به‌ژیانی‌ به‌خشیوه‌.

ئه‌و ژنه‌ چاره‌سه‌رزانه‌ به‌ته‌مه‌نه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند توانای‌ چاره‌سه‌ری‌ ژنانی‌ نه‌زۆرك‌و شكاوی‌‌و هه‌ڵاوسان‌و برین‌و سه‌رئێشه‌و ئازاری‌ جومگه‌كان‌و بڕبڕه‌و پشتئێشه‌و نه‌خۆشی‌ منداڵان‌و نه‌خۆشییه‌كانی‌ پێستی‌ هه‌یه‌.

به‌پێچه‌وانه‌ی‌ هاوشێوه‌كانیه‌وه‌ كه‌ وه‌ها ده‌ریده‌خه‌ن توانای‌ چاره‌سه‌ری‌ هه‌موو جۆره‌ نه‌خۆشیه‌كیان هه‌یه‌، سه‌لوه‌ خان روونی‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و توانای‌ چاره‌سه‌ری‌ نه‌خۆشیه‌كانی‌ شێرپه‌نجه‌و شه‌كره‌ی‌ نییه‌، ته‌نها ده‌توانێت رێنوێنی‌ نه‌خۆشه‌كان بكات بۆ ئه‌وه‌ی‌ تووش نه‌بن.

سه‌لوه‌ خان شانازی‌ فێربوونی‌ ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ میللییه‌ بۆ دایكی‌ ده‌گێڕێته‌وه‌و وتی‌ "ئه‌و زۆر زیره‌ك‌و خوێنده‌وار بوو، كتێبێكی‌ بۆ جێهێشتبووم كه‌ پڕیبوو له‌چاره‌سه‌ری‌ نه‌خۆشییه‌ جۆربه‌جۆره‌كان، به‌ڵام له‌ساڵانی‌ چله‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو كاتی‌ ئاواره‌بوونمان له‌گه‌ڵ‌ باوكم، فه‌وتا، ئه‌وكات باوكم بووه‌ پێشمه‌رگه‌".

ئه‌و ژیانه‌ نائارامه‌ی‌ سه‌لوه‌ به‌سه‌ری‌ بردووه‌ی‌ وایكردووه‌ هێنده‌ی‌ تر پابه‌ندی‌ په‌یامه‌ مرۆییه‌كه‌ی‌ بێت، به‌تایبه‌تی‌ پاش گیانله‌ده‌ستدانی‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ به‌ر له‌سی‌ ساڵ‌، له‌و كاته‌وه‌ ئه‌م پیشه‌یه‌ بووه‌ته‌ خواردن‌و خۆراكی‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ كرێ‌‌و پاداشت له‌به‌رامبه‌ر كاره‌كه‌یدا وه‌رناگرێت.

سه‌لوه‌ گه‌یشتووه‌ به‌هه‌ر شوێنێك كاری‌ خۆی‌ كردووه‌، له‌م رووه‌وه‌ ده‌ڵێت "ماوه‌ی‌ 15 ساڵ‌ ئاواره‌ی‌ ئێران بووین، له‌وێ‌ هه‌مان كارم ده‌كرد، پاش ئه‌وه‌ش ئاواره‌ی‌ به‌سره‌و به‌غدا كراین، هه‌تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامم".

خۆشه‌ویستی‌ بۆ ئه‌و پیشه‌یه‌ی‌ كه‌ خه‌ریكه‌ له‌ناو ده‌چێت، وایكردووه‌ هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك له‌به‌رامبه‌ر چاره‌سه‌ركردنی‌ خه‌ڵكیدا وه‌رنه‌گرێت.

له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "هه‌ست به‌ئاسووده‌یی‌ ده‌كه‌م كه‌ نه‌خۆشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كه‌م، ئه‌وه‌ تاكه‌ شته‌ كه‌ واده‌كات ژیانم خۆش بوێت".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "له‌دهۆك‌و سلێمانی‌‌و به‌غداو توركیاوه‌ سه‌ردانكه‌رم دێن، هه‌ندێكیان له‌رێی‌ ته‌له‌فۆنه‌وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق په‌یوه‌ندیم پێوه‌ ده‌كه‌ن بۆ چاره‌سه‌ر".

به‌قسه‌ی‌ خۆی‌ ریشه‌ی‌ ئه‌م پیشه‌یه‌ له‌نێو خێزانه‌كه‌یدا بۆ سه‌دان ساڵ‌ پێش ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و نه‌وه‌ دوای‌ نه‌وه‌ بۆیان ماوه‌ته‌وه‌، باپیره‌ی‌ هه‌شته‌می‌ شاره‌زای‌ گژوگیا ناسی‌ بووه‌و چاره‌سه‌ری‌ خه‌ڵكی‌ پێكردووه‌، سه‌ره‌ڕای‌ كه‌سه‌ به‌ته‌مه‌نه‌كانی‌ تری‌ ناو ئه‌و خێزانه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌نێو قه‌زای‌ ئاكرێدا پێگه‌یه‌كی‌ تایبه‌تی‌ داونه‌تێ‌.

ئه‌م ژنه‌ كه‌ تا ئه‌و په‌ڕی‌ پیشه‌كه‌ی‌ خۆش ده‌وێت، زۆر هه‌وڵی‌ داوه‌ كه‌سێك له‌دوای‌ خۆی‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ ئه‌و كاره‌ ئاماده‌ بكات، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، بۆ ئه‌مه‌ ده‌ڵێت "سێ‌ كوڕو كچێكم هه‌یه‌، حه‌زم ده‌كرد كچه‌كه‌م فێری‌ ئه‌م پیشه‌یه‌ ببێت وه‌ك چۆن من له‌دایكمه‌وه‌ فێری‌ بووم، به‌ڵام ئه‌و نه‌یكرد".

درێژه‌ به‌قسه‌كانی‌ ده‌دات‌و ده‌ڵێت "هه‌موو كوڕو كچ‌و كوڕه‌زاو كچه‌زاكانم سه‌رقاڵی‌ كاروباری‌ خێزانی‌ خۆیانن، كاره‌كه‌ی‌ من قورسه‌و ئارامگرتن‌و قوربانی‌‌و خۆ ته‌رخانكردن‌و بیر سافی‌ ده‌وێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌رمانێك له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ تری‌ تێكه‌ڵ‌ نه‌كه‌یت، ئه‌مه‌ش ئه‌و حاڵه‌ته‌یه‌ كه‌ كه‌سیان فێری‌ نه‌بوون".

بۆ ئه‌مه‌ ده‌ڵێت "خۆزگه‌ یه‌كێك له‌منداڵ‌و نه‌وه‌كانم ئاواته‌كه‌م بهێنێته‌ دی‌‌و وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ من ده‌یكه‌م ئه‌وانیش به‌خۆڕایی‌ خه‌ڵكی‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م پیشه‌یه‌ له‌ناو نه‌چێت".

لایه‌نێكی‌ قورسی‌ كاره‌كه‌ی‌ سه‌لوه‌ خان له‌وه‌دا خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌ ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی‌ نه‌خۆشیه‌كه‌یان ده‌گوێزرێته‌وه‌ گوێ‌ به‌قسه‌ی‌ ئه‌م حه‌كیمه‌ ناده‌ن‌و له‌خه‌ڵكی‌ دوور ناكه‌ونه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌خۆڕایی‌ رێنماییان ده‌كات‌و چاره‌سه‌ریان ده‌داتێ‌، ته‌نانه‌ت به‌و پاره‌یه‌ی‌ نه‌خۆشه‌كان پاش چاكبوونه‌وه‌یان ده‌یده‌نێ‌، جل‌و به‌رگی‌ پێده‌كڕێت‌و دابه‌شی‌ سه‌ر هه‌ژارانی‌ ده‌كات.

سه‌لوه‌ خان به‌شێكی‌ قژی‌ كه‌ خه‌نه‌ ره‌نگه‌كه‌ی‌ سوور كردووه‌ له‌ژێر سه‌رپۆشه‌ ره‌شه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌، وه‌ك خۆی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات له‌ته‌مه‌نی‌ شانزه‌ ساڵییه‌وه‌ ئه‌م كاره‌ ده‌كات، ئه‌وكات له‌گه‌ڵ‌ دایكیدا چووه‌ته‌ ده‌شت‌و ده‌ر بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ گوڵ‌‌و گژوگیای‌ كێوی‌‌و وشككردنه‌وه‌و هه‌ڵگرتنی‌.

له‌م رووه‌وه‌ ده‌ڵێت "هێشتا یه‌كه‌م حاڵه‌تم بیر ماوه‌ كه‌ ویستم چاره‌سه‌ری‌ بكه‌م، منداڵێكی‌ بریندار بوو، شوێنی‌ برینه‌كه‌م پاككرده‌وه‌و ده‌رمانم له‌سه‌رداناو پێچام، دایكم زۆر هانیدام، زۆری‌ لێده‌كردم هه‌ندێ‌ له‌نه‌خۆشه‌كانی‌ چاره‌سه‌ر بكه‌م، به‌و بیانووه‌ی‌ خۆی‌ نه‌خۆشه‌ یان سه‌ری‌ قاڵه‌، كاره‌كه‌ی‌ ئه‌وم ده‌كرد تا باش فێربووم".

له‌باره‌ی‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ قورسانه‌ی‌ چوونه‌ته‌ به‌رده‌می‌ ده‌ڵێت "ئه‌و حاڵه‌ته‌ قورسانه‌ی‌ ناتوانم چاره‌سه‌ریان بكه‌م، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌وانه‌ی‌ په‌یوه‌ندیان به‌نه‌خۆشیه‌كانی‌ دڵه‌وه‌ هه‌یه‌ راسته‌وخۆ ده‌یاننێرمه‌ لای‌ پزیشك، هه‌ندێ‌ له‌پزیشكه‌كانیش ژنی‌ نه‌زۆركم بۆ ده‌نێرن بۆ ئه‌وه‌ی‌ چاره‌سه‌ری‌ بكه‌م به‌رێگاكه‌ی‌ خۆم".

سه‌لوه‌ خان سه‌ردانی‌ پزیشك ناكات به‌ڵكو به‌هۆی‌ ئه‌و شاره‌زاییه‌ی‌ هه‌یه‌تی‌ له‌گه‌ڵ‌ گژوگیاكانی‌ به‌رده‌ستی‌ نه‌خۆشیه‌كانی‌ چاره‌سه‌ری‌ ده‌كات‌و ده‌ پێكهاته‌ی‌ میللی‌ خۆی‌ هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ ئه‌و برین له‌رێی‌ گیراوه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر ده‌كات كه‌ پێكهاتووه‌ له‌بڕێك ئاوو سماقی‌ ترش‌و خه‌نه‌و قوڕی‌ سور، تێكه‌ڵكراو به‌ئاوی‌ تورو بڕێك زه‌نجه‌بیل، ئه‌مه‌ چه‌ند جارێك ده‌خرێته‌ سه‌ر برینه‌كه‌ هه‌تا سارێژی‌ ده‌كات.

ئه‌و گیراوه‌یه‌ش كه‌ تایبه‌ته‌ به‌نه‌خۆشیه‌كانی‌ پێست وه‌ك زیبكه‌و فره‌هه‌ستیاری‌، بریتیه‌ له‌ئاوی‌ برنجی‌ كوڵاوی‌ كوردی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئاوی‌ سماقی‌ ترش، كه‌ پاش كوڵاندن سارد ده‌كرێته‌وه‌و تێكه‌ڵی‌ گه‌ڵای‌ توری‌ وشككراوی‌ هاڕدراو ده‌كرێت‌و بۆ ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگێك ده‌درێت له‌شوێنی‌ نه‌خۆشیه‌كه‌.