راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

میری‌ ئێزدیه‌كان
فره‌ ئیداره‌یی‌ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌مان هه‌بووه‌

عەبدولخالق دۆسکی
میر ته‌حسین سه‌عید میری‌ ئێزدیه‌كانی‌ عێراق‌و جیهان‌و سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ رۆحی‌ باڵای‌ ئێزدیه‌كان ناڕازییه‌ له‌و چوار…
30.08.2012  |  دهۆك

په‌یامنێری‌ "نیقاش" چاوی‌ به‌میری‌ ئێزدیان كه‌وت له‌قه‌زای‌ شێخان كه‌ (45 كم) له‌شاری‌ دهۆكه‌وه‌ دووره‌و ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا ئه‌نجامدا.

نیقاش: بۆچی‌ له‌ناوچه‌ی‌ ئێزدیه‌كان خزمه‌تگوزاری‌ لاوازه‌، هیچ پێشنیارێكتان هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ بارودۆخی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌؟

ته‌حسین به‌گ: كێشه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌فره‌ ئیداره‌ییه‌وه‌ هه‌یه‌، 90% ئێزدیه‌كان له‌و ناوچانه‌ ده‌ژین كه‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ نه‌ینه‌وان، ئه‌وه‌ی‌ ده‌مێنێته‌وه‌ 10% له‌و ناوچانه‌ن كه‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ دهۆكن، كه‌چی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ نیمچه‌ ته‌واو پارێزگای‌ موسڵ‌ هه‌موو خزمه‌تگوزاریه‌كی‌ له‌و ناوچانه‌ بڕیوه‌، هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێت له‌رێی‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ كاروباری‌ ئێزدیه‌كانی‌ سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقافی‌ هه‌رێم قه‌ره‌بوو بكرێینه‌وه‌، لێره‌وه‌ داوا له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌كه‌م گرنگی‌ زیاتر به‌ناوچه‌ی‌ ئێزدیه‌كان بدات.

نیقاش: ئێوه‌ رازین به‌و چه‌ند كورسیه‌ كۆتایه‌ی‌ بۆتان دیاری‌ كراوه‌؟

ته‌حسین به‌گ: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌داین كۆتا دیاری‌ بكرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ ئێستا هه‌یه‌ ناگونجێت له‌گه‌ڵ‌ چڕی‌ دانیشتوانی‌ ئێزدیه‌كان، به‌جۆرێك ته‌نها چوار كورسی‌ دیاریكراوه‌ له‌كاتێكدا ژماره‌ی‌ ئێزدیه‌كان زیاتره‌ له‌ (600) هه‌زار كه‌س، بۆیه‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ چوار كورسی‌ كه‌مه‌و ده‌بێت ئه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ چڕی‌ دانیشتوان ئه‌وه‌ دیاری‌ بكرێت.

نیقاش: له‌باره‌ی‌ دابه‌شبوونی‌ ئێزدیه‌كان به‌سه‌ر نه‌ینه‌واو دهۆكدا، ئایا په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ‌ (بزوتنه‌وه‌ی‌ چاكسازی‌‌و پێشكه‌وتن)ی‌ ئێزدیه‌كان هه‌یه‌ كه‌ له‌پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا كارده‌كات؟

ته‌حسین به‌گ: هیچ په‌یوه‌ندیه‌كمان به‌بزوتنه‌وه‌ی‌ چاكسازیه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام زۆربه‌ی‌ ئێزدیه‌كان لایه‌نداری‌ حیزبه‌ كوردیه‌كانن، نزیكه‌ی‌ 80% ئێزدیه‌كان له‌ناو ئه‌و حیزبانه‌ كارده‌كه‌ن.

نیقاش: به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئێوه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ حیزبه‌ كوردیه‌كاندا بمێننه‌وه‌؟

ته‌حسین به‌گ: ئێمه‌ خۆمان به‌به‌شێك له‌گه‌لی‌ كورد ده‌زانین‌و له‌بیری‌ ئه‌وه‌دا نین له‌حیزبه‌ كوردیه‌كان‌و هه‌رێمی‌ كوردستان جیا ببینه‌وه‌، به‌ڵام داوامان له‌هه‌رێم ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و یاسایانه‌ بگۆڕێت كه‌ سته‌می‌ بۆ ئێزدیه‌كان تێدایه‌، به‌تایبه‌تی‌ یاسای‌ ژن‌و ژنخوازی‌ له‌دادگاكان كه‌ ڕێ‌ ده‌دات گه‌نجێكی‌ موسوڵمان كچێكی‌ ئێزدی‌ بێنێت‌و ناچاری‌ بكات ببێت به‌موسوڵمان، له‌كاتێكدا رێ‌ به‌پێچه‌وانه‌كه‌ی‌ ناده‌ن ئه‌گه‌ر ئێزدیه‌ك كچێكی‌ موسوڵمان بهێنێت، ئه‌مه‌ سته‌می‌ بۆ ئێمه‌ تێدایه‌.

نیقاش: وتت ئێوه‌ خۆتان به‌به‌شێك له‌كورده‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌زانن، هه‌موو ئه‌و خواستانه‌تان به‌ده‌ست هێناوه‌ كه‌ له‌هه‌رێمتان ده‌وێت؟

ته‌حسین به‌گ: نه‌گه‌یشتووین به‌هه‌موو ئه‌و خواستانه‌ی‌ ده‌مانه‌وێت، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌ستبه‌رداری‌ كوردی‌ بوون‌و زمانی‌ كوردی‌ نابین، داواش له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌كه‌ین گرنگیه‌كی‌ زیاتر به‌پێكهاته‌ی‌ ئێزدیه‌كان بدات.

نیقاش: كۆمه‌ڵگای‌ ئێزدی‌ یه‌كێكه‌ له‌و كۆمه‌ڵگا ئاینیانه‌ی‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ چینایه‌تی‌ دروست بووه‌، هه‌ندێ‌ بنه‌مای‌ ئاینی‌ هه‌یه‌ پێویستی‌ به‌گۆڕان‌و فه‌توایه‌، ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكیشه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ فه‌توا به‌شێوه‌یه‌كی‌ نیمچه‌ ته‌واو وه‌ستاوه‌، نیازی‌ ئه‌وه‌تان هه‌یه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر بنه‌مای‌ فه‌تواو خۆ گونجاندن له‌گه‌ڵ‌ گۆڕانكارییه‌ ژیانیه‌ هاوچه‌رخه‌كان؟

ته‌حسین به‌گ: ئه‌و بنه‌مایه‌ی‌ له‌سه‌ری‌ ده‌ڕۆین جێگیره‌، چه‌ند سه‌ده‌یه‌كه‌ له‌سه‌رده‌می‌ شێخادیه‌وه‌ بۆمان ماوه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ژن‌و ژنخوازیه‌وه‌ هه‌یه‌، ساڵانی‌ په‌نجاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو له‌م رووه‌وه‌ تووشی‌ كێشه‌ بوین، كاتێك ژماره‌ی‌ نێرینه‌كانی‌ یه‌كێك له‌چینه‌كان به‌ناوی‌ (پیر هه‌سه‌ن ماما) زۆر زیادی‌ كردو ژماره‌ی‌ ژنانیان كه‌م بووه‌وه‌، ئه‌وكات پێویستمان به‌ده‌ركردنی‌ فه‌توا بوو، له‌گه‌ڵ‌ بابا شێخ‌و ژماره‌یه‌ك له‌زانایانی‌ ئاینی‌ ئێزدی‌ كۆبوینه‌وه‌و فه‌توایه‌كمان ده‌ركرد كه‌ رێ‌ ده‌دات گه‌نجانی‌ ئه‌و ژینه‌ ژن له‌چینی‌ (پیر هه‌سه‌ن ئالا) بهێنن، به‌و پێیه‌ی‌ نزیكه‌ له‌چینه‌كه‌ی‌ خۆیانه‌وه‌، به‌ڵام بڕیاره‌كه‌ سه‌ری‌ نه‌گرت، چونكه‌ پیاوانی‌ ئه‌و چینه‌ رازی‌ نه‌بون كچه‌كانیان بده‌ن به‌چینیه‌كه‌ی‌ تر، له‌و كاته‌وه‌ ئه‌م جۆره‌ فه‌توایانه‌مان راگرتووه‌.

نیقاش: ئه‌و رووداوه‌ چی‌ بوو كه‌ هێرش كرایه‌ سه‌ر یه‌كێك له‌مه‌زارگه‌كانتان له‌گرێپانه‌؟ ئاخۆ مه‌زارگه‌كانتان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ وه‌ك كه‌مایه‌تیه‌كانی‌ تر گرنگیان پێده‌درێت؟

ته‌حسین به‌گ: به‌ر له‌ماوه‌یه‌ك چه‌ند لایه‌نێكی‌ بیانی‌ ویستیان مه‌زارگه‌یه‌كمان له‌ گرێپانه‌)ی‌ نزیك دهۆك تێك بده‌ن، به‌بیانوی‌ توێژینه‌وه‌و به‌شوێندا گه‌ڕانی‌ ئاسه‌وار، به‌ڵام ئێمه‌ رێگه‌مان لێ‌ گرتن، له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ حكومه‌ت بڕێك پاره‌ی‌ زه‌به‌لاحی‌ ته‌رخان كردووه‌ بۆ چاككردنه‌وه‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ په‌رستگای‌ كه‌مایه‌تیه‌ ئاینیه‌كانی‌ وه‌ك مه‌سیحی‌‌و ئێزدی‌‌و سائیبه‌، له‌رابردوودا ئێمه‌ په‌راوێز خرابووین، چونكه‌ زۆرینه‌ی‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ شوێنه‌ پیرۆزه‌كانی‌ مه‌سیحیه‌كان ده‌چوو، به‌ڵام به‌هه‌وڵی‌ په‌رله‌مانتاره‌ ئێزدیه‌كان توانیمان ئه‌م سێ‌ پێكهاته‌یه‌ له‌یه‌ك جیا بكه‌ینه‌وه‌و هه‌ریه‌كه‌و به‌پێ خۆی‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ بكرێت، بوینه‌ تایفه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت‌و ئیتر پشكی‌ خۆمان ده‌بێت، كه‌ ئه‌مه‌شیان گرێدراوه‌ به‌ژماره‌ی‌ دانیشتوان‌و رێژه‌ی‌ ئێزدیه‌كانی‌ ناو عێراق، هیوادارین ئه‌و بڕه‌ پارانه‌ خه‌رج بكرێن بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ مه‌زارگاكانمان.

نیقاش: دیارده‌یه‌كی‌ به‌ربڵاو له‌نێو كۆمه‌ڵگای‌ ئێزدیدا باوی‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ خۆكوشتن، به‌تایبه‌تی‌ له‌ناوچه‌ی‌ سنجار، به‌بڕوای‌ تۆ بۆچی‌ رێژه‌ی‌ خۆكوشتن له‌نێو ئێزدیه‌كانی‌ ئه‌و ناوچانه‌دا زیادی‌ كردووه‌؟

ته‌حسین به‌گ: دیاره‌ده‌ی‌ خۆكوشتن له‌نێو زۆربه‌ی‌ كۆمه‌ڵگاكان‌و ته‌نانه‌ت پێشكه‌وتووه‌كانیش بوونی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ناوچه‌ی‌ سنجار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌ردوو هۆكاری‌ هه‌ژاری‌‌و به‌زۆر به‌شوودان، گه‌نجانی‌ ئه‌وێ‌ ئاره‌زووی‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاتیان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ كه‌مده‌رامه‌تی‌ خۆیان ده‌كوژن، ئه‌و كچانه‌شی‌ كه‌ ناتوانن شوو بكه‌ن به‌و كه‌سانه‌ی‌ خۆشیان ده‌وێن، به‌هه‌مان شێوه‌ په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر خۆ كوشتن.

نیقاش: ئێوه‌ له‌گه‌ڵ‌ كۆچكردنی‌ ئێزدیه‌كانن به‌تایبه‌تی‌ ئه‌و گه‌نجانه‌ی‌ ده‌چنه‌ ئه‌وروپا؟

ته‌حسین به‌گ: ئێمه‌ دژی‌ كۆچكردنین، چونكه‌ ئه‌وه‌ به‌خراپ به‌سه‌ر رێژه‌ی‌ پێكهاته‌ی‌ ئێزدی‌ له‌عێراقدا ده‌شكێته‌وه‌، لایه‌نی‌ ئابوری‌ وا له‌ئێزدیه‌كان ده‌كات كۆچ بكه‌ن، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ تاكی‌ كۆمه‌ڵگای‌ ئێزدی‌ له‌بارێكی‌ ئابوری‌ خراپدا ده‌ژین، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ هۆكاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌ تریش.

نیقاش: بۆچی‌ زۆربه‌ی‌ ئێزدیه‌كان روو له‌وڵاتی‌ ئه‌ڵمانیا ده‌كه‌ن؟

ته‌حسین به‌گ: چونكه‌ ئه‌ڵمانیا له‌وڵاتانی‌ تری‌ ئه‌وروپا ئاسانتر مافی‌ په‌نابه‌رێتیان ده‌داتێ‌.

نیقاش: ئێوه‌ رازین له‌خوێندنی‌ ئاینی‌ ئێزدی‌ له‌خوێندنگاكاندا؟

ته‌حسین به‌گ: ئێمه‌ ئاسوده‌ین به‌و كاره‌ی‌ هه‌ندێ‌ له‌پسپۆڕان كردویانه‌ بۆ نوسینه‌وه‌ی‌ ئاینی‌ ئێزدی‌‌و خوێندنی‌ له‌و ناوچانه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ ئێزدین، به‌ڵام هیواخوازین وه‌ربگێڕدرێته‌ سه‌ر زمانه‌كانی‌ تری‌ وه‌ك زمانی‌ عه‌ره‌بی‌‌و له‌خوێندنگا عه‌ره‌بیه‌كانیشدا بخوێندرێت‌و ته‌نها له‌و خوێندنگایانه‌دا نه‌مێنێته‌وه‌ كه‌ به‌كوردی‌ ده‌خوێنرێن.

نیقاش: په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ ئێستا عێراق چۆنه‌؟

ته‌حسین به‌گ: هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ ئیتحادی‌ له‌به‌غداو هیچ پێكهاته‌یه‌كی‌ تری‌ عێراقدا نیه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ پێگه‌كه‌مانه‌وه‌ له‌وانه‌وه‌ دورین‌و گرێدراوین به‌هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌.

نیقاش: له‌قه‌یرانی‌ نێوان هه‌رێم‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌ند پێگه‌ی‌ ئێوه‌ له‌كوێدا بوو؟

ته‌حسین به‌گ: ئێمه‌ داوا ده‌كه‌ین ناكۆكی‌ هه‌ردوو لایه‌ن كۆتایی‌ پێبێت له‌رێی‌ گفتوگۆو دانوستان‌و لێك تێگه‌یشتن‌و سازانه‌وه‌، دوور له‌به‌كارهێنانی‌ هۆكاره‌كانی‌ توندو تیژی‌ كه‌ كاریگه‌ری‌ خراپ له‌سه‌ر هاوڵاتیان جێده‌هێڵێت.