راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

خوئی‌
ترسی‌ دوای‌ سیستانیمان نییه‌

سه‌عد سه‌للوم
ئه‌وه‌ی‌ زۆر به‌لای‌ شیعه‌كانی‌ عێراقه‌وه‌ گرنگه‌، پێگه‌ی‌ شاری‌ نه‌جه‌فه‌ وه‌ك پایته‌ختی‌ رۆحی‌…
6.10.2011  |  نه‌جه‌ف

گرنگترین خاڵ كه‌ دێته‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م پرسه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كێ‌ شوێنی‌ عه‌لی‌ سیستانی‌ مه‌رجه‌عی‌ باڵای‌ شیعه‌كان (81 ساڵ‌) ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ئێستا له‌نه‌جه‌ف نیشته‌جێیه‌و كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر زۆربه‌ی‌ شیعه‌ ئیمانداره‌كانی‌ جیهان هه‌یه‌.

له‌باره‌ی‌ ئه‌م بابه‌ته‌وه‌، نیقاش دیدارێكی‌ له‌گه‌ڵ‌ جه‌واد خوئی‌ نه‌وه‌ی‌ ئیمام ئه‌بو قاسمی‌ خوئی‌ مه‌رجه‌عی‌ باڵای‌ پێشووی‌ حه‌وزه‌ی‌ نه‌جه‌ف سازكرد.

خوئی‌ كه‌ كوڕێكی‌ گه‌نجه‌، ئێستا پۆستی‌ یاریده‌ده‌ری‌ ئه‌مینداری‌ گشتی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ خوئی‌ جیهانی‌ به‌ده‌سته‌و هاوكات به‌رپرسی‌ لقی‌ عێراقی‌ هه‌مان دامه‌زراوه‌یه‌. دوانزه‌ ساڵی‌ ته‌مه‌نی‌ به‌خوێندن‌و فێربوون له‌حه‌وزه‌ی‌ زانستی‌ قوم به‌سه‌ر بردووه‌و ئێستاش له‌حه‌وزه‌ی‌ نه‌جه‌ف درێژه‌ به‌خوێندنی‌ باڵا ده‌دات، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌زانكۆی‌ ئه‌زهه‌ر بۆ دكتۆرا ده‌خوێنێت، پێشتریش بڕوانامه‌ی‌ ماسته‌ری‌ له‌زانكۆی‌ زانسته‌ ئیسلامییه‌كانی‌ ئه‌رده‌ن به‌ده‌ستهێناوه‌و بڕوانامه‌ی‌ به‌كالۆریۆسیشی‌ له‌زانكۆی‌ جیهانی‌ زانسته‌ ئیسلامییه‌كان بووه‌ له‌به‌ریتانیا پاش پێشكه‌شكردنی‌ توێژینه‌وه‌ك به‌ناوی‌ "كه‌مایه‌تییه‌ ئاینییه‌كانی‌ عێراق".

خوئی‌ چالاكوانی‌ بورای‌ گفتوگۆی‌ نێوان ئاین‌و مه‌زهه‌به‌كانه‌و یه‌كێكه‌ له‌و 138 كه‌سه‌ی‌ به‌ڵێننامه‌یه‌كیان ئیمزاكرد‌و پێشكه‌شی‌ مه‌سیحی‌‌و یه‌هودی‌‌و ئاینه‌كانی‌ تریان كرد به‌مه‌به‌ستی‌ رێزو ئاشتی‌ له‌نێوان ئاینه‌كان.

نیقاش له‌ماڵی‌ باپیری‌ له‌نه‌جه‌ف چاوی‌ به‌خوئی‌ كه‌وت‌و ئه‌م دیداره‌ی‌ له‌گه‌ڵدا سازكرد.

نیقاش: تایبه‌تمه‌ندی‌ پێگه‌ی‌ نه‌جه‌ف چییه‌ وه‌ك شارێكی‌ ئاینی‌ له‌ناو جیهانی‌ ئیسلامیدا؟

خوئی‌: نه‌جه‌ف به‌میانگیری‌‌و كراوه‌یی‌ له‌نێوان خوێندنگا ئاینییه‌كانی‌ تردا ده‌ناسرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌مێژوویدا بچینه‌وه‌ رسته‌یه‌ك یان فه‌توایه‌ك به‌دی‌ ناكه‌ین كه‌ هانی‌ توندوتیژی‌ بدات، به‌ڵگه‌ی‌ زۆریش هه‌یه‌ له‌مێژووی‌ ئێمه‌دا كه‌ شایه‌تی‌ بۆ حاڵه‌تی‌ كراوه‌یی‌‌و میانڕه‌وی‌ نه‌جه‌ف ده‌دات، نه‌ك به‌ته‌نها له‌سه‌ر ئاستی‌ خوێندنگا ئیسلامییه‌كانی‌ تر، بگره‌ له‌به‌رامبه‌ر ئاینه‌كانی‌ تریشدا، بۆ نموونه‌ شێخ محه‌مه‌د جه‌واد به‌لاغی‌ فێری‌ زمانی‌ عیبری‌ بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌قه‌كان وه‌ك خۆی‌ به‌زمانی‌ راسته‌قینه‌ی‌ خۆی‌ بخوێنێته‌وه‌، ئێستا ئێمه‌ له‌ماڵی‌ كۆچكردوو ئیمام خوئی‌ سه‌ركرده‌ی‌ تایفه‌ی‌ شیعی‌ دانیشتوین‌و له‌دووری‌ 10 مه‌تر له‌ده‌سته‌ چه‌پی‌ ئێمه‌ باره‌گای‌ حیزبی‌ شیوعی‌ عێراقی‌ هه‌یه‌، له‌ده‌سته‌ راستیش له‌دووری‌ بیست مه‌تره‌وه‌ گۆڕه‌پانی‌ جه‌مال عه‌بدولناصر ره‌مزی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ عه‌ره‌ب هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش هێمایه‌كه‌ بۆ میانڕه‌وی‌و میانگیری‌ نه‌جه‌ف.

نیقاش: ئێوه‌ ئاماده‌ن له‌به‌رامبه‌ر ئاینه‌كانی‌ تریشدا بكرێنه‌وه‌و گفتوگۆی‌ نێوان ئاینه‌كان له‌خۆبگرن؟

خوئی‌: به‌دڵنیاییه‌وه‌، هه‌موو هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه‌ نه‌جه‌ف له‌سه‌ر هێڵی‌ میانگیری‌ بمێنێته‌وه‌. له‌خوێندنگای‌ ئیمام خوئی‌ ئێستا سه‌رقاڵی‌ دروستكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ زانكۆیه‌كین بۆ خوێندنی‌ ئاین‌و مه‌زهه‌به‌كانی‌ تر، ئومێدێكی‌ گه‌وره‌مان هه‌یه‌ به‌خوێندنی‌ ئاینه‌كانی‌ تر، بگره‌ لاریمان نییه‌ له‌وه‌رگرتنی‌ خوێندكاران له‌فاتیكان‌و دامه‌زراوه‌ رۆحییه‌ ئاینییه‌كانی‌ تره‌وه‌ بۆ خوێندنی‌ لاهوتی‌ شیعه‌، هه‌روه‌ها خوێندنی‌ لاهوتی‌ ئاینه‌كانی‌ تر بۆ خوێندكارانی‌ نه‌جه‌ف.

بۆیه‌ پێم وایه‌ ئاسانه‌و پێویستیشه‌ خوێندنگاكانی‌ تر له‌سه‌ر نه‌جه‌ف بكرێنه‌وه‌، جا ئه‌گه‌ر له‌نێوان شیعه‌كاندا یان له‌نێو هه‌موو جیهانی‌ ئیسلامی‌ تانه‌نه‌ت له‌نێو شوێنكه‌وتوانی‌ ئاینه‌كانی‌ تریشدا بێت، چونكه‌ نه‌جه‌ف ئاماده‌یه‌ به‌رووی‌ هه‌موو جیهانی‌ رۆحی‌ ئاینه‌كانی‌ تردا بكرێته‌وه‌.

نیقاش: ئه‌و نه‌ریته‌ ئارامه‌ی‌ باپیرتان ئیمان خوئی‌ په‌یڕه‌وی‌ كرد له‌ده‌ست وه‌رنه‌دانه‌ كاروباری‌ سیاسی‌، كه‌ پاش ئه‌ویش سیستانی‌ له‌سه‌ر هه‌مان رێڕه‌و رۆشت، پێتان وایه‌ پاش نه‌مانی‌ سیستانی‌ به‌رده‌وام ده‌بێت؟

خوئی‌: ئه‌م نه‌ریته‌ ئارامه‌ به‌شێكه‌ له‌كه‌لتوری‌ نه‌جه‌ف، ناكرێت بخرێته‌ پاڵ‌ مه‌رجه‌عێك یان ماوه‌یه‌كی‌ دیاریكراو، بیرۆبۆچوونی‌ شیعه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ریه‌ك كه‌وتن دروست نه‌كه‌ن له‌گه‌ڵ‌ ده‌سه‌ڵاتدا، مه‌رجه‌عییه‌ ده‌ست وه‌رناداته‌ سیاسه‌ت، چونكه‌ ناوه‌خنی‌ مه‌رجه‌عه‌كان ده‌سه‌ڵاتی‌ زانستی‌‌و رۆحییه‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ دنیایی‌ به‌لاوه‌ گرنگ نییه‌، به‌ڵام ئه‌و دوو دڵیه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌ خاڵێكی‌ پۆزه‌تیڤه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات كه‌ حه‌زێك هه‌یه‌ بۆ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر ئه‌و كه‌لتوره‌ ئارامه‌.

نیقاش: چۆن شوێنگره‌وه‌یه‌ك بۆ مه‌رجه‌عی‌ باڵا ده‌ستنیشان ده‌كرێت كه‌ ئێستا سیستانییه‌؟

خوئی‌: دیاریكردنی‌ مه‌رجه‌عی‌ باڵا به‌رێوشوێنێكدا ده‌ڕوات كه‌ جیاوازه‌ له‌دامه‌زراوه‌ ئاینییه‌كانی‌ تر، له‌دامه‌زراوه‌ی‌ ئاینی‌ سوننه‌ وه‌ك مه‌زهه‌ر، شێخی‌ ئه‌زهه‌ر به‌ره‌سمی‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ دیاری ده‌كرێت، له‌دامه‌زراوه‌ی‌ ئاینی‌ كاسۆلیكی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پاپا له‌لایه‌ن كاردیناڵه‌كانه‌وه‌ ده‌بێت، به‌ڵام له‌دامه‌زراوه‌ی‌ ئاینی‌ شیعه‌ له‌سێ‌ رووه‌وه‌ جیاوازه‌، ئه‌وانیش بریتین له‌: یه‌كه‌م شیعه‌ "عه‌قڵ‌" وه‌ك یه‌كێك له‌سه‌رچاوه‌كانی‌ یاسا دانان په‌یڕه‌و ده‌كات، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ ئاینییه‌كه‌ جێهێشتووه‌ به‌و پێیه‌ی‌ ده‌رگا به‌ڕووی‌ بیركردنه‌وه‌و بیروبۆچووندا كراوه‌یه‌و ئه‌مه‌شه‌ كه‌ پێی‌ ده‌وترێ‌ "ئیجتیهاد" به‌و مانایه‌ی‌ هیچ پیرۆزییه‌ك بۆ بیروبۆچونێكی‌ دیاریكراوی‌ مرۆڤ نییه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ زیندوێتی‌ هه‌یه‌ له‌رووی‌ گفتوگۆو راگۆڕینه‌وه‌دا، مه‌رجه‌ع به‌و شێوه‌یه‌ خۆی‌ ده‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر شوێنكه‌وتوانیدا كه‌ هێزی‌ زانینی‌ هه‌بێت، هیچ ده‌سه‌ڵاتێكیش نییه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ كه‌ له‌خواستی‌ سه‌ربه‌ستانه‌ی‌ جه‌ماوه‌ره‌ ئیمانداره‌كه‌وه‌ هه‌ڵنه‌قوڵابێت.

دووه‌م، سه‌ربه‌خۆیی‌ دارایی‌. مه‌رجه‌ع دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ ئاینی‌ شیعه‌یه‌ كه‌ كۆمه‌كی‌ تایفه‌كه‌ ده‌دات له‌رێی‌ هاوكاری‌ ئیمانداران‌و سه‌رفتره‌و زه‌كاته‌وه‌، هیچ كاتێك پشت نابه‌ستێت به‌ده‌وڵه‌ت یان ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌، ئه‌م سه‌ربه‌خۆییه‌ داراییه‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ بیروبۆچوونی‌ به‌شوێن خۆیدا هێناوه‌و هیچ په‌راوێزێك نه‌ماوه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ فشاری‌ بخرێته‌ سه‌ر، بۆیه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ره‌سمی‌ ناتوانێت ده‌ست وه‌ربداته‌ هه‌ڵبژاردنی‌ مه‌رجه‌عی‌ باڵا.

سێهه‌م، هه‌ڵبژاردن كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌ڵبژاردنێكی‌ خۆكرده‌ – كه‌ لێره‌دا وشه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن ده‌خوازم- ئه‌مه‌ش له‌رێی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ شوێنكه‌وتوانی‌ مه‌رجه‌عی‌ پێشوو له‌لایه‌ن مه‌رجه‌عی‌ نوێوه‌، له‌لای‌ ئێمه‌ كاردینال نییه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن‌و ده‌سه‌ڵاتیش ناتوانێت مه‌رجه‌ع دیاری‌ بكات، به‌بێ‌ ره‌چاوكردنی‌ نه‌ته‌وه‌و ره‌گه‌زنامه‌و ره‌نگ‌و به‌بێ‌ له‌به‌رچاوگرتنی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئایا ئه‌و كه‌سه‌ له‌نه‌وه‌ی‌ پێغه‌مبه‌ره‌ (د.خ) یان له‌نه‌وه‌ی‌ ئیمامه‌كانه‌ یان له‌كه‌سانی‌ ئاساییه‌، به‌ڵكو به‌ته‌نها پشت به‌مه‌رجی‌ بابه‌تی‌ ده‌به‌ستێت كه‌ ئه‌وه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌خواپه‌رستی‌‌و زانینه‌وه‌.

هه‌میشه‌ مه‌رجه‌عی‌ باڵا به‌خوێندكار ده‌ست پێده‌كات دواتر ده‌بێته‌ مامۆستا، پاشان مامۆستا بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ ئینجا مه‌رجه‌ع دواتریش مه‌رجه‌عی‌ باڵا، ئه‌مه‌ش رێگایه‌كی‌ له‌سه‌رخۆیه‌ له‌پێكهێنانی‌ لاهوتی‌‌و زانین كه‌ چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك له‌ئیجتیهاد‌و خوێندن‌و خۆته‌رخانكردن بۆ زانستی‌ لاهوتی‌ ده‌خایه‌نێن.

نیقاش: كه‌واته‌ جه‌ماوه‌ری‌ شوێنكه‌وتووی‌ مه‌رجه‌عه‌كه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ سه‌رخستنی‌ مه‌رجه‌عی‌ باڵا له‌ناو مه‌رجه‌عه‌كانی‌ ئێستادا یه‌كلایی‌ ده‌كاته‌وه‌؟

خوئی‌: به‌ڵێ‌، پاش نه‌مانی‌ مه‌رجه‌عی‌ باڵا شوێنكه‌وتووه‌كانی‌ دابه‌ش ده‌بن به‌سه‌ر ئه‌و مه‌رجه‌عانه‌ی‌ تر كه‌ هێشتا له‌ژیاندا ماون، به‌رێژه‌ی‌ ناچون یه‌ك ده‌چنه‌ لای‌ مه‌رجه‌عه‌كان، ئه‌میان 20%و ئه‌وه‌ی‌ تریان 40%و ئه‌وه‌ی‌ ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ سێهه‌م‌و به‌م شێوه‌یه‌، پاش ماوه‌یه‌ك كه‌سایه‌تی‌ مه‌رجه‌عی‌ باڵا دروست ده‌بێ‌ به‌كۆكردنه‌وه‌ی‌ زۆرترین ژماره‌ی‌ شوێنكه‌وتوو، ئه‌مه‌ش له‌ماوه‌یه‌كدا ده‌بێت كه‌ به‌بڕوای‌ من 2 – 4 ساڵ ده‌خایه‌نێت، لێره‌دا بیروبۆچوونێكی‌ رۆحی‌ هه‌یه‌ كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌ نادیاره‌كه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ مه‌رجه‌عی‌ باڵایه‌، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایكردووه‌ ئه‌م خوله‌ بۆ ماوه‌ی‌ هه‌زار ساڵ‌ بێكێشه‌ بچێته‌ رێوه‌، بۆیه‌ هیچ پێویست به‌ترس‌و دڵه‌راوكێ‌ ناكات، چونكه‌ له‌كاتی‌ خۆیدا سه‌ركرده‌یه‌كی‌ رۆحی‌ بۆ شیعه‌ په‌یدا ده‌بێت كه‌ بیگه‌ێنێته‌ وشكانی‌.

نیقاش: راتان چییه‌ به‌له‌یه‌كچواندنی‌ مه‌رجه‌عی‌ ئاینی‌ نه‌جه‌ف‌و فاتیكان له‌رووی‌ ناوه‌ندی‌ به‌رێوه‌بردنه‌وه‌، به‌و پێیه‌ی‌ مه‌رجه‌عی‌ باڵا هاوشێوه‌ی‌ ناوه‌ندی‌ به‌رێوه‌بردنی‌ پاپایه‌ له‌جیهانی‌ كاسۆلیكیدا، مه‌رجه‌عه‌كانی‌ تری‌ ده‌وری‌ مه‌رجه‌عی‌ باڵاش وه‌ك كاردیناڵه‌كانی‌ ده‌وری‌ پاپا وه‌هان؟

خوئی‌: له‌رووكاری‌ ده‌ره‌وه‌دا جۆرێك له‌یه‌كچوون هه‌یه‌، باڵام پاش مردنی‌ مه‌رجه‌عی‌ باڵا دوكه‌ڵی‌ سپی‌ به‌رزنابێته‌وه‌ كه‌ هێما بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ كاردیناڵه‌كان كه‌سێكی‌ تر هه‌ڵده‌بژێرن، به‌ڵكو وه‌ك بۆم باسكردیت ئه‌مه‌ خولێكی‌ خۆرسكی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ مه‌رجه‌عی‌ باڵادا، وه‌ك چۆن ناوه‌ندی‌ رۆحیبوونی‌ مه‌رجه‌ع نایكاته‌ مه‌رجه‌عێكی‌ ئاسنین یان پۆلیسی‌ یان ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست، به‌ڵكو به‌ته‌نها مه‌رجه‌عێكی‌ رۆحییه‌، بۆچوونه‌كانی‌ ته‌نها به‌سه‌ر شوێنكه‌وتووانیدا ده‌ڕوات كه‌ له‌رۆژی‌ ئه‌مڕۆماندا ده‌گاته‌ 60% جیهانی‌ شیعه‌ ئه‌مه‌ش نزیكه‌ی‌ دوو سه‌د ملیۆن كه‌سه‌ له‌هه‌موو جیهانداو ئه‌وه‌ی‌ تریش كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ شوێنكه‌وتووی‌ مه‌رجه‌عه‌كانی‌ ترن.

له‌به‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌ بوو وتم عه‌قڵی‌ شیعه‌ جۆرێك له‌كرانه‌وه‌و فره‌ ره‌نگی‌ تێدایه‌ به‌رامبه‌ر به‌بۆچوونه‌كانی‌ تر، ته‌نانه‌ت به‌رامبه‌ر خودی‌ ناو شیعه‌ خۆیشی‌، لای‌ ئێمه‌ پاكیزه‌یی‌ بۆ مه‌رجه‌عی‌ باڵا نییه‌، وه‌ك چۆن پاپا پاكیزه‌یه‌، بۆچوونه‌كانی‌ مه‌رجه‌عی‌ باڵا ته‌نها له‌رووی‌ بواره‌ رۆحی‌‌و ئاینییه‌كانه‌وه‌یه‌ (حه‌ڵاڵ‌‌و حه‌رام) ئه‌م به‌ته‌نها لێزانه‌ له‌زانستی‌ ئاینی‌‌و فیقه‌و مه‌سه‌له‌كانی‌ پزیشكی‌‌و ئه‌ندازه‌یی‌ بۆ ئه‌و ناگه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ مه‌رجه‌عی‌ زانستی‌ پسپۆڕی‌ خۆیان هه‌یه‌.

نیقاش: هه‌ندێ‌ كه‌س باس له‌هێزی‌ ململانێی‌ حه‌وزه‌ی‌ قومی‌ ئێران ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ‌ حه‌وزه‌ی‌ نه‌جه‌ف، پێیان وایه‌ نه‌جه‌ف له‌پاش نه‌مانی‌ سیستانی‌ له‌ناو جیهانی شیعه‌دا پێگه‌ی‌ خۆی‌ له‌ده‌ست ده‌دات‌و حه‌وزه‌ی‌ قوم ئه‌وه‌ ده‌گرێته‌ ده‌ست؟

خوئی‌: هیچ شوێنێكی‌ تر له‌م جیهانه‌ توانای‌ ئه‌وه‌ی‌ نییه‌ بكه‌وێته‌ كێبڕكێ‌ له‌گه‌ڵ‌ نه‌جه‌فدا، یان له‌رووی‌ سه‌رمایه‌ ره‌مزی‌و ده‌سه‌ڵاته‌ رۆحییه‌كه‌ی‌ بوه‌ستێته‌وه‌، نه‌جه‌ف كۆنترین زانكۆی‌ شیعه‌ی‌ تێدایه‌ له‌جیهاندا، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ بونی‌ مه‌رقه‌دی‌ ئیمام عه‌لی‌ سه‌لامی‌ خوای‌ لێبێت، هه‌ر شارێكی‌ تر بیه‌وێت لاسایی‌ بكاته‌وه‌ ئه‌وا هیچ نابێت جگه‌ له‌كۆپییه‌ك كه‌ نهێنی‌ راسته‌قینه‌یی‌‌و كاریزمای‌ رۆحی‌ له‌ده‌ستداوه‌.

بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی‌ به‌شوێن زانینه‌وه‌ن له‌ئه‌ندۆنیسیاو ئێران‌و پاكستان‌و لوبنان ته‌نانه‌ت له‌وڵاتانی‌ كه‌نداویش دێنه‌ ئه‌م شاره‌ نه‌ك شارێكی‌ تر، سه‌باره‌ت به‌مه‌رجه‌عی‌ باڵاش بوونی‌ له‌نه‌جه‌فدا هۆكارێكی‌ پاڵنه‌ره‌ بۆئه‌وه‌ی‌ بگاته‌ ئه‌و پۆسته‌، بۆیه‌ ده‌بینیت زۆربه‌ی‌ پیاوه‌ ئاینییه‌كان ئه‌وانه‌ی‌ ماوه‌یه‌ك له‌نه‌جه‌ف ده‌مێننه‌وه‌ نازناوی‌ "نه‌جه‌فی‌" له‌خۆیان ده‌نێن ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خۆیان له‌شاره‌كانی‌ تری‌ عێراقیش بن یان ره‌گه‌زنامه‌ی‌ وڵاتێكی‌ تریان هه‌بێت.

ئه‌م شاره‌ هانی‌ پیاوانی‌ ئاینی‌ ده‌دات بۆ داهێنان. ئیمام خومه‌ینی‌ ده‌ ساڵ‌ له‌نه‌جه‌ف مایه‌وه‌و هه‌ر له‌وێ‌ تیۆره‌كه‌ی‌ له‌باره‌ی‌ ویلایه‌تی‌ فه‌قیه به‌رهه‌مهێنا نه‌ك له‌ئێران، هه‌ر له‌نه‌جه‌ف چه‌ندین گه‌وره‌ شاعیر پێگه‌یشتوون وه‌ك جه‌واخیری‌‌و چه‌ندان سه‌ركرده‌ی‌ چه‌پڕه‌وی عێراقیش هه‌ر له‌نه‌جه‌فه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاون.

نیقاش: راتان چییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ی‌ كه‌ ده‌ڵێت گرنگه‌ مه‌رجه‌عیه‌تی‌ ئاینی‌ نه‌جه‌ف عه‌ره‌ب بێت؟

خوئی‌: مه‌رجه‌عیه‌ت كاروبارێكی‌ رۆحی‌‌و زانستییه‌و له‌مه‌دا ره‌هه‌ندی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ هیچ گرنگییه‌كی‌ نییه‌، له‌چه‌ند سه‌ده‌ی‌ رابردوودا هه‌مه‌ ره‌نگی‌ له‌مه‌رجه‌عه‌كاندا هه‌بووه‌، چه‌ندین مه‌رجه‌عی‌ به‌ره‌چه‌ڵه‌ك عه‌ره‌بی‌ عێراقی‌‌و لوبنانی‌ هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ‌ مه‌رجه‌عی‌ به‌ره‌چه‌ڵه‌ك ئێرانی‌‌و دورزی‌‌و... هتد، ئه‌م فره‌ ره‌نگییه‌ حاڵه‌تێكی‌ پۆزه‌تیڤی‌ به‌رهه‌مهێناوه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ململانێی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ له‌نێو مه‌رجه‌عه‌كاندا نییه‌، به‌ڵكو كێبڕكێكه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ زانینه‌ كه‌ وا ده‌كات هه‌میشه‌ بیروبۆچوونه‌كان له‌گه‌شه‌سه‌ندندا بن.

نیقاش: نه‌جه‌ف چه‌نده‌ له‌توانایدایه‌ رۆڵی‌ هه‌بێت له‌گۆڕانكارییه‌كانی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست له‌رێی‌ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ زۆره‌ ئیمانداره‌ی‌ شوێنی‌ كه‌وتوون یان ئه‌وانه‌ی‌ ساڵانه‌ له‌ده‌وڵه‌ت‌و ناوچه‌كانی‌ تره‌وه‌ سه‌ردانی‌ ده‌كه‌ن؟

خوئی‌: كاریگه‌ری‌ نه‌جه‌ف له‌سه‌ر رابوونی‌ شوناسی‌ شیعه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا زۆر قوڵه‌، ئه‌مه‌ش ورده‌ ورده‌ روون ده‌بێته‌وه‌، نه‌جه‌ف شوێنی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ رۆحی‌ جیهانی‌ شیعه‌ی‌ گرتووه‌، كاریگه‌رییه‌كه‌شی‌ له‌چه‌ندین رووه‌وه‌یه‌: یه‌كه‌میان بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ میانگیری‌‌و میانڕه‌وی‌ كه‌ ئه‌مه‌ نه‌جه‌فی‌ پێده‌ناسرێته‌وه‌، دوهه‌میان خۆی‌ له‌كاریگه‌ری‌ گه‌وره‌ی‌ رۆحیدا ده‌بینێته‌وه‌ به‌بونی‌ مه‌رقه‌ده‌ پیرۆزه‌كانی‌ ئیمام حسێن له‌كه‌ربه‌لاو ئیمام عه‌لی‌ له‌نه‌جه‌ف‌و سه‌رجه‌م ئیمامه‌كانی‌ تریش، ئه‌مه‌ش هێزێكی‌ رۆحی‌ ده‌دات به‌نه‌جه‌ف كه‌ شوێنگره‌وه‌ی‌ نییه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ كاریگه‌ری‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر گه‌شه‌ی‌ شوناسی‌ شیعه‌ له‌نێو هه‌موو سنورو سیاسه‌ت‌و نه‌ته‌وه‌كاندا.

بێگومان ئه‌م كاریگه‌رییه‌ش ورده‌ ورده‌ له‌گه‌ڵ‌ گۆڕانكارییه‌كانی‌ عێراق له‌پاش 2003وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌و له‌گه‌شه‌ی‌ به‌رده‌وامدایه‌، ئه‌مه‌ش له‌رێی‌ پێكگه‌یشتنی‌ جه‌ماوه‌ری‌ شوێنكه‌وتووی‌ مه‌رجه‌عی‌ باڵا له‌هه‌موو جیهاندا، له‌و كاته‌ی‌ كه‌ ملیۆنان سه‌ردانكه‌ر سه‌ردانی‌ نه‌جه‌ف ده‌كه‌ن.

نیقاش: گه‌شه‌ی‌ ته‌كنه‌لۆژیا چه‌نده‌ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر نه‌وه‌ نوێیه‌كان دروستكردووه‌ له‌خوێندنی‌ لاهوتی‌ شیعه‌ له‌نه‌جه‌ف؟

خوئی‌: وه‌ك چۆن كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر هه‌موو جیهان هه‌بووه‌ به‌و شێوه‌یه‌ش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر نه‌جه‌ف دروستكردووه‌، نه‌جه‌ف شارێكی‌ هاوچه‌رخه‌و دانه‌بڕاوه‌ له‌جیهانی‌ جیهانگیری‌، سه‌ره‌ڕای‌ تایبه‌مه‌ندییه‌ رۆحییه‌كه‌ی‌، پیاوانی‌ ئاینی‌ عه‌مامه‌ به‌سه‌ر ئه‌مڕۆ مۆبایلیان پێیه‌و ئینته‌رنێت به‌كارده‌هێنن، هه‌موویان ئیمه‌یل‌و پێگه‌ی‌ خۆیان هه‌یه‌ له‌تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبووك، ته‌نانه‌ت له‌وانه‌ ئاینییه‌كانیشدا (MP3) له‌گه‌ڵ‌ خۆیان ده‌هێنن بۆ تۆماركردنی‌ وانه‌كان، له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ قه‌ڵه‌م‌و كاغه‌ز به‌كاربهێنن، پاش ئه‌وه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ تێبینییه‌كانی‌ خۆیان له‌سه‌ر لاپتۆپ ده‌نوسن.

پێشكه‌وتنه‌كانی‌ ته‌كنه‌لۆژیا ده‌رگایه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌به‌رده‌م مه‌رجه‌عه‌كانی‌ نه‌جه‌ف كردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئاماده‌بوونی‌ له‌هه‌موو جیهانی‌ شیعه‌داو به‌ستنی‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ جه‌ماوه‌رو شوێنكه‌وتوانی‌ له‌جیهاندا، پێش كه‌متر له‌سه‌د ساڵ‌ یان نیو سه‌ده‌، ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیویستایه‌ پرسیار له‌مه‌رجه‌عیه‌ت بكات له‌باره‌ی‌ كاروباره‌ ئاینییه‌كانی‌ وه‌ك ژنهێنان‌و به‌شه‌ ماڵ‌ یان هه‌ر بابه‌تێكی‌ تر ماندوبونێكی‌ زۆری‌ ده‌ویست، گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ له‌پاكستان بوایه‌ گه‌یشتنی‌ نامه‌كه‌ی‌ یه‌ك ساڵی‌ ده‌ویست هه‌تا وه‌ڵامی‌ ده‌ستكه‌وتایه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ته‌نها به‌كلیكێك له‌سه‌ر كۆمپیوته‌ره‌كه‌ی‌ ده‌توانێت له‌رێی‌ ئیمه‌یله‌وه‌ پرسیار بكات‌و به‌چه‌ند رۆژێك وه‌ڵامی‌ ده‌ست بكه‌وێته‌وه‌.

نیقاش: ئایا هیچ گۆڕانكارییه‌ك له‌پرۆگرامه‌ كلاسیكییه‌كانی‌ خوێندنی‌ لاهوتی‌ شیعه‌دا كراوه‌؟

خوئی‌: شێوازی‌ خوێندن گۆڕاوه‌، ئێستا مه‌رجه‌ع به‌ر جیهان ده‌كه‌وێت‌و زیاتر له‌بواره‌كه‌دا فێرده‌بێت، هه‌موو بواره‌كان له‌به‌رده‌م گه‌شه‌كردن‌و گۆڕینه‌وه‌ی‌ ئه‌زموون‌و گوێكردن له‌بیروبۆچوونه‌كان كراوه‌یه‌.