راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

موسڵ.. بیره‌ له‌قوتوی‌ كۆلادا!

نەوزەت شەمدین
له‌پاش به‌ده‌ستهێنانی‌ زانیاری‌ هه‌واڵگری‌ له‌باره‌ی‌ بونی‌ گروپێكی‌ تیرۆریست كه‌ به‌نیازی‌ هێرشی‌ چه‌كدارین، هێزێكی‌…
19.05.2011  |  موسڵ
locals still find ways to get a drink though.
locals still find ways to get a drink though.

ئه‌ندامێكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وای‌ سه‌ربه‌لیستی‌ حزبی‌ ئیسلامی‌ عێراق، بۆ نیقاشی‌ ئاشكرا كرد كه‌ به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك ئاماده‌یه‌ ده‌نگ له‌دژی‌ فرۆشتنی‌ حكول بدات، چونكه‌ ئه‌وه‌ "له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتیدایه‌".

ئه‌و ئه‌نجومه‌نتاره‌ كه‌ له‌به‌ر هه‌ستیاری‌ بابه‌ته‌كه‌، نه‌یویست ناوی‌ ئاشكرابكرێت، به‌دوری‌ زانی‌ له‌شاری‌ موسڵدا باڕ‌و دوكانی‌ كحول فرۆشتن بكرێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت گه‌ر هات‌و "به‌ته‌واوه‌تی‌ بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ شاره‌كه‌ش سه‌قامگیر بو".

له‌ئێستادا ته‌نها دوكانی‌ مه‌ی‌ فرۆشتن كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاشكرا له‌شاری‌ موسڵدا كرابێته‌وه‌، ده‌كه‌وێته‌ ده‌روازه‌ی‌ شه‌قامی‌ ده‌واسه‌ی‌ ناوه‌ندی‌ شاری‌ موسڵ. ئه‌و دوكانه‌ بچكۆله‌یه‌ كه‌ پانیه‌كه‌ی‌ ته‌نها دوو مه‌تره‌، له‌لایه‌ن هاوڵاتیه‌كی‌ مه‌سیحیه‌وه‌ به‌ناوی‌ ئه‌یاد تۆبیا (42 ساڵ) به‌ڕێوه‌ده‌برێت.. هه‌میشه‌ دوو برای‌ تۆبیا به‌درێژایی‌ كاتژمێره‌كانی‌ رۆژ له‌سه‌ر شه‌قامه‌ گشتیه‌كه‌ راوه‌ستاون به‌مه‌به‌ستی‌ چاودێری‌ كردنی‌ شه‌قامه‌كه‌‌و پاراستنی‌ براكه‌یان كه‌ پێشتر روبه‌ڕوی‌ چه‌ندین هه‌وڵی‌ تیرۆركردن بوه‌ته‌وه‌.

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ش كه‌ شه‌قامی‌ ده‌واسه‌ی‌ نزیك له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ نه‌ینه‌وا، به‌ته‌واوه‌تی‌ به‌ڕوی‌ ئۆتۆمبیلدا داخراوه‌‌و هێزێكی‌ ئه‌منی‌ زۆری‌ تێدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام دوكانه‌كه‌ی‌ تۆبیا له‌ساڵی‌ 2009دا به‌ته‌واوه‌تی‌ تێكشكێندرا، پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌لایه‌ن نه‌ناسراوانه‌وه‌، بۆمبێكیان له‌به‌رده‌م دوكانه‌كه‌ی‌ دانا‌و جگه‌ له‌وێرانبونی‌ دوكانه‌كه‌‌و گه‌یشتنی‌ زه‌ره‌ر‌و زیان به‌دوكانه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌، هاوڵاتیه‌كیش برینداربو. یه‌ك ساڵ پێشتریش به‌هه‌مان شێوه‌ ته‌قێندرایه‌وه‌‌و هه‌ردو روداوه‌كه‌ به‌ره‌به‌یان ئه‌نجامدران، به‌ر له‌وه‌ی‌ خاوه‌ن دوكانه‌كه‌ بگاته‌ سه‌ر كار.

ئه‌یاد تۆبیا له‌لێدوانێكیدا بۆ نیقاش، رونیكرده‌وه‌ كه‌ دوو دوكانی‌ تری‌ مه‌یفرۆشتن له‌شاره‌كه‌دا هه‌بون، دانه‌یه‌كیان له‌ماوه‌ی‌ ته‌نها یه‌ك ساڵدا سێ‌ جار ته‌قێندرایه‌وه‌‌و دواتر داخرا، ئێستا خاوه‌نه‌كه‌ی‌ كه‌ هاوڵاتیه‌كه‌ی‌ یه‌زیدیه‌ به‌ناوی‌ ئه‌بو سه‌لام، به‌نیازه‌ سه‌رله‌نوێ‌ دوكانه‌كه‌ی‌ بكاته‌وه‌.

هه‌رچی‌ دوكانه‌كه‌ی‌ تره‌ كه‌ له‌ڕێگای‌ پاسكیلێكی‌ بۆمبڕێژكراوه‌وه‌ ته‌قێندرایه‌وه‌، دوكانی‌ هاوڵاتیه‌كی‌ مه‌سیحی‌ بو به‌ناو ئه‌بو رامی‌ كه‌ تێیدا رامی‌ كوڕی‌ هه‌ردو قاچی‌ له‌ده‌ستدا.

ئه‌یاد ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات، سه‌ره‌ڕای‌ بڵاوبونه‌وه‌ی‌ زۆری‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كان له‌شه‌قامه‌كه‌یاندا‌و راوه‌ستانی‌ ئۆتۆمبیلێكی‌ پۆلیس له‌به‌رده‌م دوكانه‌كه‌یدا به‌به‌رده‌وامی‌، به‌ڵام ئه‌وان هه‌میشه‌ له‌دڵه‌راوكێدان‌و كه‌س نازانێت هه‌نگاوی‌ داهاتوی‌ چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌كان چیده‌بێت "هه‌میشی‌ ترسی‌ ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ دوكانه‌كه‌مان بۆ جارێكی‌ تر بته‌قێننه‌وه‌، یاخود له‌ڕێی‌ ده‌مانچه‌ی‌ بێده‌نگه‌وه‌ بمانكوژن".

له‌كاتێكدا په‌یامنێره‌كه‌ی‌ نیقاش له‌وێدا وه‌ستابو، فائز مه‌روان كه‌ گه‌نجێكی‌ موسڵمانی‌ موسڵه‌وه‌، به‌په‌له‌ خۆی‌ كرده‌ ناو دوكانه‌كه‌ی‌ تۆبیاوه‌‌و له‌پاش كڕینی‌ ئه‌و كحوله‌ی‌ كه‌ بۆی‌ هاتبو، وتی‌ "ده‌بێت ئه‌و بیره‌‌و ویسكیه‌ی‌ ده‌یكڕین، بیخه‌ینه‌ عه‌لاكه‌ی‌ ره‌شه‌وه‌ تاكو كه‌س نه‌زانێت چیمان پێیه‌، گه‌ر نا، دور نییه‌ تیرۆربكرێین".

فائز ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ گه‌نجێكی‌ دراوسێیان به‌ر له‌دوو ساڵ به‌ده‌ست چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌ كوژراوه‌، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ "به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاشكرا كحولی‌ ده‌خوارده‌وه‌.. له‌و كاته‌شدا كه‌ كوژرا، بوتڵێ‌ بیره‌ی‌ پێبو".

باسل، كه‌ هاوڕێیه‌كی‌ فائز بو، كاتێك له‌به‌رده‌م دوكانه‌كه‌ی‌ تۆبیادا چاوه‌ڕوانی‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هاوڕێكه‌ی‌ ده‌كرد، به‌نیقاشی‌ راگه‌یاند "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ له‌كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ موسڵمانی‌ پارێزگارین، به‌مه‌به‌ستی‌ خواردنه‌وه‌ ده‌بێت روبكه‌ینه‌ شوێنێكی‌ چۆڵ، یان دوكانێك یان ماڵێك كه‌ كه‌سی‌ تێدا نه‌بێت".

ئه‌م گه‌نجه‌ وتیشی‌ "بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاشكرانه‌بین، بیره‌ ده‌خه‌ینه‌ قوتوی‌ پێپسی‌‌و كۆكاكۆلا، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ركه‌سێك بینینێ‌، وابزانێت ئه‌و مه‌شروبه‌ گازیانه‌ ده‌خۆینه‌وه‌، نه‌ك كحول".

به‌هۆی‌ ئه‌م بارودۆخه‌ توندڕه‌وه‌ی‌ شاری‌ موسڵ، زۆرێك له‌گه‌نجه‌كان په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر ناوچه‌ ئارامه‌كان به‌مه‌به‌ستی‌ خواردنه‌وه‌، وه‌ك ناوچه‌كانی‌ قه‌ره‌قۆش، به‌رتڵه‌، تلكێف، ئه‌لقوش‌و به‌عشیقه‌ی‌ باكوری‌ نه‌ینه‌وا كه‌ به‌ناوچه‌ی‌ زۆرینه‌ مه‌سیحینشین ناسراون‌و ته‌نها چه‌ند كیلۆمه‌ترێك له‌شاری‌ موسڵه‌وه‌ دورن.. ئه‌و گه‌نجانه‌ له‌و ناوچانه‌دا ده‌توانن له‌باڕدا به‌ئاشكرا‌و بێ‌ كێشه‌ مه‌ی‌ بنۆشن، هه‌ندێ‌ جاریش له‌وێ‌ ده‌یكڕن‌و به‌دزیه‌وه‌ ده‌یهێننه‌وه‌ ناو شاری‌ موسڵ.

ئه‌وه‌ی‌ جێی‌ سه‌رنجه‌ له‌و پارێزگایه‌دا كه‌ ئێستا خواردنه‌وه‌ی‌ ئاشكرای‌ كحولی‌ تێدا نه‌ماوه‌، له‌پێشتردا به‌یه‌كێ‌ له‌ناوچه‌ گرنگه‌كانی‌ عێراق ناسراوبوه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی‌ "عه‌ره‌ق" كه‌ به‌عه‌ره‌قی‌ به‌عشیقه‌ (17كم باكوری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ موسڵ) ناسراوه‌. ئه‌م قه‌زایه‌ بۆ ماوه‌ی‌ چه‌ند سه‌د ساڵێكه‌ ئه‌و كاره‌ی‌ تێدا ئه‌نجامدراوه‌‌و ناوبانگه‌كه‌ی‌ گه‌یشتوه‌ته‌ شاری‌ به‌سره‌ی‌ ئه‌و په‌ڕی‌ باشوری‌ وڵات.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌رجان سه‌میر كه‌ مه‌ی‌ فرۆشێكی‌ كۆنی‌ به‌عشیقه‌یه‌، وتی‌ "له‌به‌عشیقه‌دا كحول له‌ماڵان دروستده‌كرێت‌و ده‌خرێته‌ ناو بوتڵی‌ جۆراوجۆره‌وه‌، بۆیه‌ نرخه‌كه‌شی‌ هه‌رزانه‌‌و زیاتر كه‌مده‌رامه‌ته‌كان رویان تێده‌كه‌ن".

هه‌رچی‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانیشن، روده‌كه‌ن قه‌ره‌قۆش‌و له‌وێدا باشترین جۆره‌كانی‌ ویسكی‌‌و عه‌ره‌قی‌ لوبنانی‌‌و ئه‌رده‌نی‌‌و قوبرسی‌ ده‌كڕن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌بیره‌ نایابه‌كانی‌ دنیا‌و جۆره‌ گرانبه‌هاكانی‌ تری‌ ئه‌لحكول.

ئه‌رجان به‌پێكه‌نینه‌وه‌ ده‌ڵێت "به‌پێی‌ ئه‌زمونی‌ خۆم له‌م بواره‌دا، بۆم ده‌ركه‌وتوه‌ كاتێك كحول قه‌ده‌غه‌ده‌كه‌یت، خه‌ڵك زیاتر داوای‌ ده‌كات‌و له‌گه‌ڵ داخستنی‌ بارێكدا، خانویه‌كی‌ به‌نهێنی‌ ده‌كرێته‌ باڕ‌و شوێنی‌ خواردنه‌وه‌ی‌ كحول".

ئه‌م پیاوه‌ له‌گه‌ڵ وه‌بیركه‌وتنه‌وه‌ی‌ روداوه‌ ناخۆشه‌كانی‌ شاره‌كه‌ی‌، پێكه‌نینه‌كه‌ی‌ نامێنێت‌و به‌خه‌مه‌وه‌ ده‌ڵێت "ده‌یان گه‌نج ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ویستبویان كاتێكی‌ خۆش به‌ده‌م خواردنه‌وه‌ی‌ كحوله‌وه‌ به‌رنه‌سه‌ر، كوژران‌و گیانیان له‌ده‌ستدا، هه‌ندێكیشیان به‌ده‌ست ده‌زگا ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ كوژران كه‌ دوای‌ كاتی‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ هاتوچۆ، له‌نێو باخه‌كانی‌ روباری‌ دیجله‌ كحولیان خواردوه‌ته‌وه‌".

له‌كۆتایی‌ قسه‌كانیدا، ئه‌رجان وتی‌ "جێی‌ داخه‌ گه‌نجێك له‌سه‌ر بوتڵه‌ بیره‌یه‌ك، بكوژرێت".