راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

وتاره‌كانی‌ رۆژنامه‌نوسى تیرۆركراو سه‌رده‌شت عوسمان

رۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت عوسمان، رۆژی‌ 4ی‌ ئایار له‌ناوجه‌رگه‌ی‌ شاری‌ هه‌ولێر رفێندرا‌و ته‌نها پاش دوو رۆژ ته‌رمه‌كه‌ی‌ به‌كوژراوی‌ له‌یه‌كێ‌ له‌شه‌قامه‌كانی‌ موسڵ دۆزرانه‌وه‌.
11.05.2010  |  به‌رلین

ژماره‌یه‌كی‌ به‌رچاو له‌ڕۆژنامه‌نوسان‌و رۆشنبیران، په‌نجه‌ی‌ تۆمه‌ت ئاڕاسته‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كه‌ن كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان له‌پشت ئه‌و روداوه‌وه‌ بن، به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ خاوه‌نی‌ چه‌ند وتارێكی‌ ره‌خنه‌یی‌ بوه‌ له‌سه‌ر به‌رپرسه‌ باڵاكان.

ئه‌مه‌ی‌ خواره‌وه‌، سێ‌ وتاری‌ رۆژنامه‌نوسی‌ تیرۆركراون كه‌ دوا به‌دوای‌‌ یه‌كدا له‌ماڵپه‌ڕی‌ كوردستانپۆست بڵاویكردونه‌ته‌وه‌‌و تێیدا هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ كوشتنی‌ ئاشكراكردوه‌.

من عاشقی‌ كچەكەی‌ بارزانیم

سه‌رده‌شت عوسمان - 2009-12-13

من عاشقی‌ كچەكەی‌ مەسعود بارزانیم، ئەو پیاوەی‌ كە جار جارە دەردەكەوێت و دەڵێت من سەرۆكتم، بەڵام من حەز دەكەم خەزورم بێت، واتە دەمەوێت ببم بە ئاوەڵزاوای‌ نێچیرڤان.

ئەگەر ببم بە زاوای‌ بارزانی‌، ئەوا مانگی‌ هەنگوینیمان لە پاریس بەسەر دەبەین و یەك دوو شەوێكیش بۆ سەردان دەڕۆین بۆ كۆشكەكەی‌ ماممان لە ئەمریكا، ماڵەكەم لە گەڕەكێكی‌ هەژارنشینی‌ هەولێرەوە دەگوازمەوە بۆ سەری‌ رەش و شەوان سەگی‌ ئەمریكی‌ و پاسەوانی‌ ئیسڕائیلی‌ چاودێری‌ ماڵەكەم دەكەن.

باوكە بەدبەختەكەی‌ پێشمەرگەی‌ ئەیلولیشم كە تاوەكوو ئێستا پارتی‌ خزمەتی‌ پێشمەرگایەتی‌ بۆ قەبوڵ ناكات بە بیانووی‌ ئەوەی‌ كە ئێستا پارتی‌ نییە، باوکم دەكەم بە وەزیری‌ پێشمەرگە.

برا بەدبەختەكەشم كە زانكۆی‌ تەواو كردووە و ئێستا بێئیشە و دەیەوێت بە قاچاغ بڕواتە هەندەران ، ئه‌ویش دەكەم بە بەرپرسی‌ پاسەوانە تایبەتییەكانم.

خوشكەكەشم كە تاوەكوو ئێستا شەرم دەكات بڕواتە بازاڕ، دەبێت وەكوو كچە بارزانییەكان پڕادۆ و وەنەوشە لێبوخوڕێت.

دایكیشم لەبەر ئەوەی‌ نەخۆشی‌ شەكرە و دڵ و زەختی‌ هەیە و پارەی‌ نەشتەرگەری‌ دەرەوەی‌ وڵاتی‌ نییە، دوو دكتۆری‌ ئیتاڵی‌ لەماڵەوە بۆ تەعین دەكەم.

بۆ مامەكانیشم چەند دیوەخانێك دەكەمەوە و ئامۆزا و خاڵۆزاكانم دەكەم بە نەقیب و عەمید و ئامر لیوا.بەڵام هاوڕێكانم دەڵێن"وازبێنە سەرۆ خۆت بەكوشت مەدە، ئەوە ماڵی‌ مەلایە هەرئەوەندە گوتتیلن هەڕڕە ئیدی‌ ئیشت تەواوە"، باشە خۆ كفر ناكەم، سوێند بە دەسكی‌ خەنجەرەكەی‌ مەلا مستەفا ئیدریس بارزانی‌ لەگەڵ باوكم سێ شەو لەژێر یەك لەتە شاخدا رۆژیان كردووەتەوە، ئاخر چیتێدایە با مەسعوود بارزانی‌ خۆی‌ بە سەرۆك بزانێت، ئەی‌ ئەگەر سەرۆكە با بڵێ لەماوەی‌ هەژدە ساڵی‌ رابردوودا چەند جار سەری‌ بە گەڕەكێكی‌ هەولێر و سلێمانیدا كێشاوە؟

بەس كێشەكەم ئەوەیە ئەم پیاوە ئەوەندە عەشایەرە لەودیو سەری‌ رەشەوە كەس بە پیاو نازانێت، ژنی‌ هەموو سەرۆكەكانی‌ دونیا لەڕێگەی‌ یەك كلیكەوە دەدۆزمەوە كەچی‌ هەتاوەكوو ئێستا نازانم خەسووەكەم چۆنە.

نازانم بۆ داخوازی‌ كێ لەگەڵ خۆم ببەم؟ لەسەرەتادا ویستم چەند مەلا و ریش سپی‌ و پێشمەرگەیەكی‌ كۆن كۆكەمەوە و ئێوارەیەك ناوی‌ خوای‌ لێبێنین، بەڵام هاوڕێیەكی‌ رۆژنامەنووسم وتی‌ " كوڕی‌ چاك هەندێك جاش و ئەنفالچی‌ بدۆزەوە مەسعوود زۆر حەزی‌ بەوانە". برادەرێكی‌ دیكە وتی‌ وەڵاهی‌ ئەگەر بەقسەی‌ من دەكەی‌ لەكۆنگرەیەكی‌ رۆژنامەنووسی‌ نێچیرڤان بارزانیدا بڕۆ ژێر باڵی‌ و بڵێ وەڵا ئیشێكی‌ خێرم هەیە، یان ئەگەر نەشكرا كورە بە دەشنێ بڵێ ئەو زوو زوو دەیانبینێت با بۆتی‌ تەرتیب بكەن.

نە سەرۆك خوایە نە كچەكەی‌

سه‌رده‌شت عوسمان - 2010-01-02

ئێرە ئەم وڵاتەیە كە نابێت بە سەرۆكەكەت بڵێی‌ موچەكەت چەندە؟ بۆ كوڕو نەوە و خزم و كەسوكارت ئەم هەموو پۆستە سەربازی‌ و حكومییەیان پێدراوە؟ نەوەكانت ئەم هەموو سامانەیان لەكوێ بوو؟ جا ئەگەر یەكێك جورئەتی‌ ئەوەی‌ كرد و ئەم پرسیارانە بكات، ئەوا سنووری‌ ئەمنی‌ قەومی‌ وڵاتەكەی‌ بەزاندووە و دەكەوێتە بەر رەحمەتی‌ تفەنگ و قەڵەمەكانی‌ ئەوان، بۆ منیش كە لەیەكێك لە نووسینەكانما ناوی‌ كچەكەی‌ بارزانیم هێناوە ئەوا یەكێك لە هێڵە سوورەكانی‌ وڵات و ئەخڵاق و ئەدەبیاتی‌ راگەیاندنم بەزاندووە.

دیموكراسییەتەكەی‌ ئەم وڵاتە وایە نابێت لە جامانەی‌ سور و گۆچانەكان بدەیت، ئەگەر هات و كەوتیتە هەڵه‌یەكی‌ ئاواوە ئەوا ئەوانیش رێگەچارەی‌ خۆیان هەیە كە زۆربەمان ئەزانین چین. نازانم كچەكەی‌ سەرۆكی‌ ئەم هەرێمە ئه‌بێت راهیبە بێت، كە نابێت كەس عاشقی‌ بێت، یان ئەویش موقەدەسە و دەبێت وەك سیمبوڵێكی‌ نەتەوەییمان بمێنێتەوە؟ ئەبی‌ مەترسییەكانی‌ نووسینێك چیبێت كە بە شێوەیەكی‌ كۆمیدیا رەگەزێكی‌ گرنگی‌ ئەدەبیات و هونەرە باس لە سەرۆك بكەین؟ هەر هەموومان فیلمی‌ دیكتاتۆی‌ مەزنی‌ چارلی‌ چاپلینمان بینیوە كە بە كۆمێدیا چ ئازارێك نیشانی‌ دونیا دەدات.

لەبەر ئەوەی‌ زۆرێك لەم ئیمەیڵانەی‌ بۆم هاتبوو هەڕەشەیان دەكرد و داوای‌ وێنە و ناسنامەیان دەكرد وەك ئەوەی‌ شوفێرێك بم و لە ترافیكی‌ سوورم دابێت، منیش وێنەی‌ خۆم بۆ هەموو ئەو برادەرانە نارد، كە دەبێت چ كارێكیان بە وێنەك هه‌بێت؟ بەڵام ئەم نووسینە تەنیا بۆ وەڵامی‌ یەكێكیانە، كە بوێری‌ ئەوەی‌ تیادا بوو بەناوی‌ كچێكەوە لە سەرم بنووسێت، سەرەڕای‌ هەموو شتێك من دەستخۆشی‌ لێدەكەم كە جورئەتی‌ ئەوەی‌ تیابووە وەڵامم بداتەوە، بەڵام تكا دەكەم ئەگەر ئەمجارە ویستی‌ وەڵامم باتەوە با وەك گەنجێكی‌ ئەم وڵاتە بمناسێنێت و نەمخاتە چوارچێوەی‌ نەوشیروانیزمەوە، راستە من دەنگم بۆی‌ داوە لە كاتی‌ هەڵبژاردنەكاندا، زۆر بە جدی‌ پاڵپشتی‌ ئەو بووم و دەنگم لە كۆڕ و كۆبوونەوەكان بۆ كۆدەكردەوە، بەڵام ئەمانە هەمووی‌ لە چوارچێوەی‌ مەبادئێكەوە بوو كە پێموابوو "شەیتان بە قوتابییەكانی‌ شەیتان بگۆڕینەوە بۆ ئێمه‌ قازانجە"، ئەگەرنا لەهەر كاتێكی‌ گونجاودا بزانم خزمەت بە تاڵەبانی‌ و بارزانی‌ ناكات ئەوا یەكەمین كەسم زۆر بە تووندی‌ بڵێم تۆ بەشێكی‌ لەم مێژووەی‌ كە ئێمە رقمان لێیەتی‌، لەبەر ئەوەی‌ تۆش وەكوو هەموویان داوای‌ ئەوەت كردبوو كە لەژێرناوی‌ خۆم و وێنەی‌ خۆمدا بنووسم، پێمخۆشبوو وێنەیەكت بۆ بنێرم بەڵام تۆ خۆت ئیمەیڵەكەت لەژێر وەڵامەكەت نەناردبوو بۆیە بمبوورە ئەمە سوچی‌ من نەبوو، لە ئێستاوە من وەك كوڕێكی‌ بێ موبالاتی‌ شەقامەكانی‌ هەولێر ببینە، كە یاخییە لەم هەموو بت و پەیكەرانەی‌ سوڵتەی‌ ئەم وڵاتە، وەكوو ئیبراهیم چاوەڕوانی‌ دەرفەتێكین تا هەموویان خاپووربكەین، دڵنیاش بە من ئەهلی‌ ناوی‌ درۆینە نیم.

ئەم بابەتە وەڵامێكە بۆ یەكێك لەم نووسینانەی‌ لە كوردستان نێت ئەڤین ناوێك نووسیبووی‌ لەژێر ناوی‌ وەڵامێم بۆ نووسەرە جنێوفرۆشەكەی‌ كوردستانپۆست.

یه‌كه‌مین زه‌نگی كوشتنم لێیدا ...

سه‌رده‌شت عوسمان - 2010-01-21

له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا بۆ یه‌كه‌مین جار پێیان گوتم، كه ‌ته‌مه‌نت چه‌ندی نه‌ماوه‌، یان به‌گوته‌ی خۆیان مۆڵه‌تی هه‌ناسه‌دانم له‌م شاره‌دا نه‌ماوه‌، به‌ڵام نه ‌باكم به‌مردنه ‌و نه ‌ئازاردان، له‌چاوه‌ڕوانی كۆتاییهاتنی مۆڵه‌ته‌كه‌مم تا دیداری بكوژه‌كانی خۆم بكه‌م، دوعاش ده‌كه‌م مردنێكی تراژیدیام پێببه‌خشن كه ‌شایسته‌ی ژیانه‌ تراژیدیاكه‌م بێت. بۆیه ‌ئه‌م قسانه ‌ده‌كه‌م تابزانن گه‌نجه‌كانی ئه‌م وڵاته ‌چ هۆلیسۆسێكن و مردن ساده‌ترین هه‌ڵبژاردنیانه‌، بۆئه‌وه‌ی تێبگه‌ن كه ‌ئه‌وه‌ی ئێمه ‌ده‌ترسێنێت به‌رده‌وامی ئه‌م رۆژگاره‌ی ئێستایه ‌بۆ نه‌وه‌یه‌كی داهاتوو، نه‌ك مردنی خۆمان، كاری منیش خۆشبه‌ختی برا بچوكه‌كانمه، ‌نه‌ك خۆم.

زۆر به‌ساده‌ییش تاكه ‌هۆكاری نیگه‌رانی من له‌م هه‌ڕه‌شانه ‌ئه‌وه‌یه، ‌كه ‌هێشتا زۆرشت ماون قسه‌یان له‌سه‌ربكه‌ین و هه‌ر ئاوا به‌جێیان بهێڵین. به‌دبه‌ختی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ‌ئه‌وه‌یه، ‌كه ‌باكی به‌مردنی نه‌وه‌كانی خۆی نییه‌. دوێنی راگری كۆڵێژه‌كه‌م ئاگادار كرده‌وه، ‌كه ‌شه‌وی رابردوو ئیهانه ‌و ته‌هدیدی كوشتنیان كردووم، به‌ڵام ئه‌و وتی ئه‌مه‌ كێشه‌ی پۆلیسه‌، نازانم ئه‌بێت له‌م سه‌ر زه‌مینه ‌وڵاتێك هه‌بێت، كه‌ خوێنكارێكی زانكۆکه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی كووشتنی بكرێت و زانكۆش بێموبالاتانه ‌به ‌دیار ریسوایی خۆیه‌وه ‌دابنیشێت؟ ده‌بوو راگره‌كه‌م كه‌یسی من بكات به‌ كه‌یسی خۆی، یان خوودی زانكۆ، چونكه‌ من له ‌ئێستادا به‌شێكم له‌م زانكۆیه‌، به‌ڵام هه‌رگیز تووشی شۆك نه‌بووم، چونكه ‌ده‌مێكه ‌ده‌زانم كه ‌زانكۆی ئه‌م وڵاته ‌ماڵی ئاسووده‌یی ئێمه ‌نین.

دوای ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیم به‌عمید عه‌بدولخاڵقی به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێره‌وه‌ كرد پێمی گووت" له‌وانه‌یه ‌ئه‌م ژماره‌ی مۆباییله‌ هی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بێت، یان كێشه‌یه‌كی شه‌خسی بێت، له‌وانه‌یه ‌چه‌ند جارێكی دیكه‌ش دووباره ‌بێته‌وه، ‌به‌ڵام هه‌ولێر ئارامه‌ و شتی ئاوای لێڕوو نادات".

به‌زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی گاڵته‌ئامێزه‌وه‌ خه‌یاڵم كرد به‌قسه‌ی جه‌نابی به‌ڕێوه‌به‌ر بێت له‌وانه‌یه ‌ساركۆزی بێت ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ی كردبێت، ئاخر من چۆن له‌گیانی خۆم دڵنیابم، كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ هاوڕێیه‌كم له‌سه‌ر چه‌ند نووسینێكه‌وه ‌درایه ‌به‌ر شه‌ق و ناچاربوو، ئه‌م شاره‌جێبێڵێت؟

هه‌رچی بێت من له‌م شاره‌ناڕۆم و له‌چاوه‌ڕوانی دیداری مردنی خۆم داده‌نیشم. ئه‌زانم ئه‌مه ‌یه‌كه‌مین زه‌نگی مردنی خۆمه ‌كه ‌له‌كۆتاییدا ده‌بێت به‌زه‌نگێک بۆ گه‌نجه‌كانی ئه‌م مه‌مله‌كه‌ته‌، به‌ڵام ئیدی ئه‌مجاره ‌نه‌سكاڵا تۆمار ده‌كه‌م و نه‌لایه‌نه ‌به‌رپرسه‌كان ئاگادار ده‌كه‌مه‌وه‌، هه‌نگاوێكه ‌ناومه ‌و ئازاره‌كه‌شی خۆم ئه‌یگرمه ‌ئه‌ستۆ، ئیدی بۆ من له‌داهاتوودا هه‌ر وشه‌یه‌ك كه ‌ده‌ینووسم وابیرده‌كه‌مه‌وه، ‌كه ‌دواهه‌مین وشه‌بێت له‌ژیانمدا، بۆیه هه‌وڵ ده‌ده‌م هێنده‌ی حه‌زره‌تی مه‌سیح راستگۆبم له‌گوته‌كانما، خۆشحاڵیشم، كه ‌هه‌میشه ‌شتێكم هه‌یه‌ بۆ گوتن و كه‌سانێك نایانه‌وێت بیبیستن، به‌ڵام هه‌ركاتێك ئێمه ‌به‌چرپه ‌قسه ده‌كه‌ین ئه‌وا ئه‌وان گوێچكه‌كانیان نائارام ده‌بن. تا ئه‌و شوێنه‌ی كه ‌ماوین ئه‌بێت قسه‌بكه‌ین، له‌و شوێنه‌ش، كه ‌ته‌مه‌نمان كۆتاییهات با هاوڕێكه‌م خاڵێكم بۆ دابنێت و بێته‌ سه‌ر دێڕێكی نوی و سه‌ر له‌نوی ده‌ستپێبكاته‌وه‌.