راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

مه‌یفرۆشێكی‌ هه‌ولێر
كارگه‌ی‌ بیره‌ وه‌ك بۆڕی‌ نه‌وت وایه‌

قاسم خدر محەممەد
بازاڕی‌ خواردنه‌وه‌ كحولیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ره‌وگه‌رموگوڕی‌ زیاتر ده‌ڕۆن، به‌تایبه‌ت كه‌ رۆژانه‌ داواكاری‌ له‌سه‌ر ئه‌و جۆره‌ خواردنه‌وانه‌ روله‌زیادبونه‌.
12.11.2009  |  هه‌ولێر
alcohol shop
alcohol shop

له‌ئێستاشدا كه‌ به‌رده‌وام دوكانی‌ مه‌یفرۆشتنی‌ نوێ‌ له‌سه‌رانسه‌ری‌ هه‌رێم ده‌كرێته‌وه‌، له‌هه‌مانكاتیشدا هه‌رێمی‌ كوردستان بوه‌ته‌ ده‌روازه‌یه‌ك بۆ هه‌نارده‌كردنی ئه‌و خواردنه‌وانه‌ بۆ ناوه‌ڕاست‌و باشوری عێڕاق‌و ئێران.

له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌نته‌ری گه‌شه‌پێدانی هه‌نارده‌ی توركیا له‌دوا راپۆرتیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ له‌ساڵی 2008دا عێراق زۆرترین بیره‌ی له‌توركیا كڕیوه‌. له‌و راپۆرته‌دا هاتوه‌ "عێڕاق له‌ساڵی‌ 2008دا به‌بڕی 22 ملیۆن دۆلار بیره‌ی كڕیوه‌ كه‌ هه‌موی‌ له‌ڕێی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ بوه‌". ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ساڵی 2007دا ئه‌و بڕه‌ ته‌نها 18 ملیۆن دۆلار بوه‌.

شارۆچكه‌ی عه‌نكاوه‌ی‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر، به‌سه‌نته‌ری خواردنه‌وه‌ كحولیه‌كانی‌ سه‌رانسه‌ری‌ عێراق ناسراوه‌. ده‌یان بریكاری گه‌وره‌ی‌ هاورده‌كردنی خواردنه‌وه‌ كحولیه‌كان له‌توركیاوه‌ له‌و شارۆچكه‌یه‌دا كار ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌كی زۆری‌ دوكانی‌ مه‌یفرۆشتن‌و باڕی مۆدێرن‌و نوێ‌ له‌شه‌قامه‌كانیدا كراونه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكی نێوخۆ‌و بیانییه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن.

سه‌رگۆن جۆزێف هاوڵاتیه‌كی‌ مه‌سیحی‌ دانیشتوی‌ عه‌نكاوه‌یه‌، ئه‌و كه‌ خاوه‌نی دوكانێكی خواردنه‌وه‌ كحولیه‌كانه‌، به‌نیقاشی‌ وت "سه‌ره‌ڕای كرانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ دوكان‌و باڕی‌ نوێ‌، هێشتا بازاڕی‌ مه‌ی‌ رۆژ به‌ڕۆژ گه‌رموگوڕتر ده‌بێت".

سه‌رگۆن پێی وایه‌ باری گوزه‌رانی خه‌ڵك باشتر بووه‌‌و ئێستا زیاتر له‌خۆشی‌و سه‌رگه‌رمی ده‌گه‌ڕێن، بۆیه‌ به‌و شێوه‌یه‌ رویان له‌خواردنه‌وه‌ كحولیه‌كان كردووه‌.

خدر شێخانی هاوڵاتیه‌كی‌ یه‌زیدی‌ دانیشتوی‌ هه‌ولێره‌‌و خاوه‌نی دوكانێكی به‌ناوبانگی‌ مه‌ی فرۆشتنه‌ له‌شه‌قامی پزیشكانی ئه‌و شاره‌. شێخانی‌ ده‌ڵێت "بازاڕ له‌شوێنه‌ كوردنشینه‌كان گه‌رمتره‌ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ شوێنه‌ مه‌سیحیه‌كان، چونكه‌ ژماره‌ی دوكانه‌كان له‌وێ كه‌مترن‌و كڕیاره‌كان زیاترن".

شێخانی‌‌و زۆربه‌ی‌ هاوپیشه‌كانی‌ تا دره‌نگانی‌ شه‌و دوكانه‌كانیان كراوه‌ته‌وه‌‌و جمه‌ی‌ دێت له‌كڕیار‌و وه‌ك ئه‌م مه‌ی‌ فرۆشانه‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌ده‌ن، هیچ گرفتێكی‌ ئه‌منیان نییه‌‌و به‌بێ‌ ترس كاره‌كه‌یان ده‌كه‌ن.

جێی‌ ئاماژه‌ پێدانه‌ له‌ساڵانی‌ نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردودا، كاتێك هێزه‌ ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كان به‌هێز بوون، به‌شێك له‌دوكانه‌كانی‌ مه‌ی‌ فرۆشتن، به‌وه‌ی‌ خدر شێخانیشه‌وه‌، ته‌قیندرانه‌وه‌‌و بازاڕی‌ خواردنه‌وه‌ حكولیه‌كان به‌ره‌و لاواز رۆیشت.

شێخانی ده‌ڵێت "به‌ره‌به‌یانێكی‌ ساڵی 1998، عه‌للاگه‌یه‌ك (تی ئێن تی)یان خسته‌ به‌رده‌م دوكانه‌كه‌م‌و ته‌قاندیانه‌وه‌".

له‌ئێستادا بارودۆخه‌كه‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ بوه‌ته‌وه‌. له‌لایه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئیسلامیه‌ توندڕه‌وه‌كان نه‌ماوه‌‌و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێم رێگه‌ی به‌كردنه‌وه‌ی دوكان‌و باڕی‌ مه‌ی‌ خواردنه‌وه‌ داوه‌، به‌مه‌رجێك نزیكی‌ مزگه‌وت‌و قوتابخانه‌ نه‌بێت‌و شوێنه‌كه‌ی‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌ سه‌ره‌كیه‌كان بێت.

شێخانی‌ كه‌ سه‌رقاڵی‌ كردنه‌وه‌ی‌ دوكانی‌ دوهه‌مه‌، گله‌یی‌ له‌ڕۆتینیاتی‌ حكومه‌ت ده‌كات‌و ده‌ڵێت "ڕۆتینی ئیداریی تاكه‌ به‌ربه‌سته‌ له‌پێشم، چونكه‌ بۆ ده‌رهێنانی مۆڵه‌تی كردنه‌وه‌ی دوكانه‌كه‌م، ده‌بێت مۆڵه‌تی ته‌ندروستی، گه‌شتوگوزار، شاره‌وانی‌و پارێزگا‌و ... هتد به‌ده‌ست بێنم‌و ئه‌وه‌ش كات‌و ماندوبونێكی زۆری ده‌وێت".

ئه‌وه‌ی‌ هێنده‌ی‌ تر بازاڕی‌ خواردنه‌وه‌ كحولیه‌كانی‌ گه‌رم‌وگوڕتر كردوه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رێم بوه‌ته‌ ده‌روازه‌ی هه‌نارده‌كردنی‌ ئه‌و خواردنه‌وانه‌ بۆ باشور‌و ناوه‌ڕاستی عێڕاق‌و ئێران.

بازرگانانی خواردنه‌وه‌ كحولیه‌كان ئاماده‌ نه‌بوون له‌گوژمه‌ی بازرگانییه‌كه‌یان بدوێن‌و ئه‌و زانیارییانه‌یان به‌نهێنی پاراست، به‌ڵام فه‌رمانبه‌رێكی حكومه‌ت كه‌ نه‌یویست ئاماژه‌ به‌ناوه‌كه‌ی بكرێت بۆ نیقاشـی ئاشكراكرد "له‌ 10 مانگی رابردوودا، بڕی 380 ملیار دینار خواردنه‌وه‌ی كحولی‌و جگه‌ره‌ هاورده‌ی كوردستان كراوه‌".

له‌گه‌ڵ گه‌رموگوڕبونی‌ رۆژبه‌ڕۆژی‌ ئه‌م بازاڕه‌، هاوڵاتیان‌و دوكاندارانی‌ مه‌ی‌ فرۆشتن هانی وه‌به‌رهێنه‌ره‌ نێوخۆیی‌و بیانیه‌كان ده‌ده‌ن كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی خواردنه‌وه‌ كحولیه‌كان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ تاكو ئێستا ئه‌و خواردنه‌وانه‌ له‌توركیا‌و ئه‌وروپاوه‌ هاورده‌ی‌ هه‌رێم ده‌كرێن.

سه‌رگۆن ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر كه‌سێك كارگه‌یه‌كی بیره‌ی هه‌بێت، وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ بۆڕییه‌كی نه‌وتی هه‌بێت". به‌ گوته‌ی ناوبراو، كوردستان هه‌موو پێداویستییه‌كانی دورستكردنی كارگه‌یه‌كی له‌وشێوه‌ی تێدایه‌.

شێخانی هاوڕابو له‌گه‌ڵ سه‌رگۆن، ئه‌و وتی "به‌بنیاتنانی كارگه‌، پێشبڕكێ له‌بواری كوالیتی‌و نرخ له‌نێوان هه‌رێم‌و وڵاتانی به‌رهه‌مهێنه‌ر دروست ده‌بێت".

شێخانی كه‌ خۆی یه‌زیدییه‌، پێی باشتره‌ كارگه‌كان له‌و ناوچانه‌ی یه‌زیدی‌و مه‌سیحی لێنیشته‌جێن، بنیات بنرێن. شیاوی گوتنه‌ زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌بازاڕه‌كانی‌ كحول‌و مه‌ی‌ خواردنه‌وه‌ كار ده‌كه‌ن، یه‌زیدی‌و مه‌سیحین.

هه‌یسه‌م سه‌بری كه‌ هاوڵاتیه‌كی مه‌سیحیی دانیشتووی دهۆكه‌، ده‌ڵێت "له‌پارێزگای‌ دهۆكدا زیاتر له‌ 150 گوندی مه‌سیحینشین هه‌یه‌، كه‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌یان بێكارییه‌". به‌ بڕوای هه‌یسه‌م، دانانی كارگه‌ی خواردنه‌وه‌ كحولیه‌كان له‌ناوچه‌ی ئه‌واندا، هه‌لی‌ زۆری‌ كاركردن دێنێته‌ ئاراوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ "بازاڕی جوتیاره‌ مه‌سیحییه‌كانیش كه‌ ڕه‌زی ترێ‌و به‌رهه‌می جۆیان هه‌یه‌، ده‌گه‌شێته‌وه‌".

پێده‌چێت گه‌وره‌ترین كێشه‌ی‌ به‌رده‌م نه‌بونی‌ ئه‌م جۆره‌ كارگانه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا، كه‌می‌ نرخی‌ زه‌ریبه‌ بێت له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌ هاورده‌كان بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان، بۆیه‌ دواجار نرخی‌ ئه‌و خواردنه‌وانه‌ زۆر هه‌رزان ده‌بێت له‌بازاڕه‌كانی‌ هه‌رێمدا كه‌ نرخی‌ بیره‌یه‌كی‌ هاورده‌ له‌یه‌ك دۆلار كه‌متره‌.