راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

نه‌جه‌ف پۆلیس‌و ئه‌دیب به‌یه‌كه‌وه‌ كۆده‌كاته‌وه‌

فارس حه‌ڕام
له‌كاتێكدا له‌سه‌رده‌می‌ رژێمی‌ سه‌دام حسێندا یه‌كێ‌ له‌ئه‌ركه‌كانی‌ پارێزگا‌و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان چاودێری‌‌و سانسۆركردنی‌ فیكر‌و ئه‌ده‌ب بوو، ئێستا بینای‌ ده‌زگاكانی‌ سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ نه‌جه‌ف بوونه‌ته‌…
2.07.2009  |  نه‌جه‌ف

نیقاش ئاماده‌ی‌ یه‌كێ‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌‌و سیمینارانه‌ بوو كه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی‌ پارێزگای‌ نه‌جه‌فه‌وه‌ رێكخرابوو به‌مه‌به‌ستی‌ بیروڕا گۆڕینه‌وه‌ له‌سه‌ر فیكر‌و ئه‌ده‌ب له‌پارێزگاكه‌دا‌و تێیدا ئه‌فسه‌رانی‌ پۆلیس له‌لایه‌ك‌و ئه‌دیب‌و رۆشنبیر‌و رۆژنامه‌نوسان له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌مان مێز دانیشتبوون! له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی‌ ئێواره‌ سیمیناره‌كه‌دا، ورده‌ ورده‌ كورسییه‌كان له‌یه‌ك نزیك ده‌بوونه‌وه‌ تا دواتر چرپه‌چرپ به‌مه‌به‌ستی‌ زیاتر یه‌كتر ناسین هاته‌ ئاراوه‌‌و له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتن به‌سیمیناره‌كه‌ش، پیاوانی‌ پۆلیس‌و ئه‌دیبان ده‌ستیان به‌ته‌له‌فون گۆڕینه‌وه‌ كرد.

وه‌هاب شه‌ریف كه‌ یه‌كێ بوو له‌شاعیره‌ ئاماده‌بوه‌كانی‌ سیمیناره‌كه‌، به‌نیقاشی‌ وتی‌ "ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جار نییه‌ كه‌ سیمیناری‌ له‌م شێوه‌یه‌ ده‌كه‌ین، ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكه‌ ناوبه‌ناو چالاكی‌ له‌م جۆره‌مان هه‌یه‌". ئه‌م شاعیره‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ ده‌كرێت ئه‌م چالاكییانه‌ رۆڵی‌ ئیجابیان هه‌بێت له‌ "سڕینه‌وه‌ی‌ ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌ تاڵانه‌ی‌ سه‌رده‌می‌ رابردوو، یاده‌وه‌ری‌ كرده‌وه‌ی‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی‌ پێش ساڵی‌ 2003 به‌رامبه‌ر به‌ئه‌دیب‌و رۆشنبیران، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی‌ سه‌ر به‌رژێم به‌عس نه‌بوون".

جێی‌ ئاماژه‌پێدانه‌ له‌سه‌رده‌می‌ رژێمی‌ رابردوودا زۆرێك له‌ ئه‌دیب‌و شاعیران روبه‌روی‌ سزا‌و ئه‌شكه‌نجه‌دانی‌ توند ده‌بونه‌وه‌‌و هه‌ندێ‌ جار ده‌گه‌یشته‌ راده‌ی‌ كوشتن به‌هۆی‌ نوسین‌و هه‌ڵوێسته‌ سیاسییه‌كانیان‌و زۆر جاریش ناچار ده‌كران به‌شان‌و باڵی‌ ده‌سه‌ڵاتدا هه‌ڵبه‌ن‌و ده‌سه‌ڵات جوان بكه‌ن.

له‌مباریه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ فه‌رمانگه‌ی‌ یاسایی‌ له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ نه‌جه‌ف عه‌قید كازم ناسر ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌م جۆره‌ سیمینارانه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی‌ دروستبوونی‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ دۆستانه‌ له‌نێوان ده‌زگاكانی‌ سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ له‌لایه‌ك‌و چین‌و توێژه‌كانی‌ تری‌ كۆمه‌ڵگا له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌، ناسر بۆ نیقاشی‌ روونكرده‌وه‌ "رۆشنبیران رۆڵی‌ گه‌وره‌ ده‌گێڕن له‌پێشكه‌وتنی‌ كۆمه‌ڵگا، ئه‌م جۆره‌ په‌یوه‌ندیانه‌ش واده‌كات خه‌مخواردن له‌به‌رقه‌راربونی‌ ئاسایش ته‌نها ئه‌ركی‌ پیاوانی‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان نه‌بێن، به‌ڵكو ئه‌ركی‌ هه‌موان بێت".

یه‌كه‌مین هه‌نگاو بۆ به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی‌ ئه‌م جۆره‌ چالاكییانه‌‌و نزیك كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌دیب‌و رۆشنبیرانی‌ نه‌جه‌ف له‌گه‌ڵ ده‌زگاكانی‌ سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی‌ ناخۆ، له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ هاتوچۆوه‌ بووه‌، به‌تایبه‌ت له‌پاش ساڵی‌ 2006 كاتێك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ ناوبراو په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ ماڵی‌ رۆشنبیری‌‌و دامه‌زراوه‌ رۆشنبیرییه‌كانی‌ تری‌ شاره‌كه‌دا دروستكرد‌و هۆڵ‌و باخه‌كانی‌ بوونه‌ شوێنی‌ سیمیناری‌ ئه‌ده‌بی‌‌و فیكری‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پێشوی‌ پۆلیس هاتوچۆی‌ نه‌جه‌ف لوئه‌ی‌ یاسری‌ كه‌ سه‌رپه‌رشتیاری‌ ئه‌و چالاكیانه‌ی‌ كردبوو، روونیكرده‌وه‌ "به‌ر له‌ساڵی‌ 2003 كه‌ش‌وهه‌وایه‌كی‌ ترسناك‌و نه‌بوونی‌ متمانه‌ له‌ریزی‌ ئه‌دیب‌و رۆشنبیراندا هه‌بوو به‌رامبه‌ر به‌وه‌زاره‌تی‌ ناخۆ، به‌ڵام ئیستا به‌ته‌واوه‌تی‌ ئه‌و كه‌ش‌وهه‌وایه‌ گۆڕاوه‌".

یاسری‌ كه‌ له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی‌ ئه‌ده‌ب دۆست‌و رۆشنبیر په‌روه‌رده‌ بووه‌‌و ئێستا ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ نه‌جه‌فه‌، به‌نیقاشی‌ راگه‌یاند "هه‌ردوو لایه‌نی‌ رۆشنبیریی‌‌و ئاسایش به‌یه‌ك ئاراسته‌ كارده‌كه‌ن كه‌ گه‌شه‌پێدانی‌ ژیانی‌ تاكی‌ عێراقییه‌‌و هێنانه‌ ئارای‌ واقیعێكی‌ نوێ‌‌و باشتره‌ له‌وڵاته‌كه‌ماندا". ناوبراو ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی‌ ئێستا جێگه‌ی‌ دڵخۆشییه‌ بۆ ئێمه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێ‌ له‌ده‌زگاكانی‌ تری‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ، وه‌ك به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیس، هه‌مان كاری‌ ئێمه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن".

جێی‌ ئاماژه‌پێدانه‌ شاری‌ نه‌جه‌ف كه‌ وه‌ك پایته‌ختی‌ رۆشنبیریی‌ ئیسلامیی‌ بۆ ساڵی‌ 2012ی‌ داهاتوو هه‌ڵبژێردراوه‌، خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی‌ خۆیه‌تی‌. به‌پێی‌ ئاماری‌ ئینیسكلۆپیدیای‌ سێهه‌می‌ شیعری‌ عه‌ره‌بی‌ كه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگای‌ رۆشنبیریی‌ ئیماراتی‌ له‌ساڵی‌ 2004دا له‌شاری‌ ئه‌بوزه‌بی‌ ده‌رچووه‌، له‌كۆی‌ هه‌ر 10 شاعیری‌ عێراقی‌ سه‌رده‌می‌ نوێ‌، هه‌شتیان له‌شاری‌ نه‌جه‌فه‌وه‌ن، به‌ته‌نهاش شاعیره‌كانی‌ شاری‌ نه‌جه‌فیش له‌شاعیره‌كانی‌ هه‌ردوو وڵاتی‌ میسر‌و سوریا به‌یه‌كه‌وه‌ زیاترن، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ شاره‌كه‌ پێگه‌یه‌كی‌ ئه‌ده‌بی‌ تایبه‌تی‌ له‌لای‌ خوێنه‌رانی‌ شیعری‌ عه‌ره‌بی‌ هه‌بێت.

ئه‌گه‌رچی‌ له‌مڕۆژه‌ماندا ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی‌ نه‌جه‌ف دیوێكی‌ ئیجابییه‌ بۆ شاره‌كه‌، به‌ڵام له‌رابردوودا هۆكارێك بوو بۆ چه‌وساندنه‌وه‌‌و سانسۆركردن، نه‌ك ته‌نها له‌سه‌رده‌می‌ رژێمی‌ سه‌دامدا، به‌ڵكو به‌پێی‌ ئه‌و كتێبانه‌ی‌ باس له‌مێژوی‌ ئه‌ده‌بی‌ سه‌رده‌می‌ نوێی‌ عێراق ده‌كه‌ن، ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ شاعیران‌و نوسه‌رانی‌ نه‌جه‌ف، به‌هۆی‌ شیعر‌و كتێب‌و هه‌ڵوێسته‌ سیاسییه‌كانیانه‌وه‌، روبه‌روی‌ گێچه‌ڵپێكردنی‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی‌ حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كه‌كانی‌ عێراق بوونه‌ته‌وه‌، به‌نمونه‌ی‌ جه‌واهیری‌‌و شه‌رقی‌‌و شه‌بیبی‌‌و سافی‌ نه‌جه‌فی‌‌و زۆرێكی‌ تر، كه‌ ئه‌مه‌ش وایكردبوو په‌یوه‌ندی‌ نێوان ده‌سه‌ڵات‌و ئه‌ده‌ب گرژییه‌كی‌ زۆر به‌خۆوه‌ ببینێت له‌شاره‌كه‌دا.

له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ ئه‌مینداری‌ كاروباری‌ ئیداری‌ یه‌كێتی‌ ئه‌دیب‌و نوسه‌رانی‌ نه‌جه‌ف شاعیر حسێن ناسر ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ هۆكاری‌ بوونی‌ كێشه‌ له‌نێوان ده‌سه‌ڵات‌و رۆشنبیران له‌رابردوودا ئه‌و پاشماوه‌ ئه‌ده‌بییه‌ گه‌وره‌یه‌ بووه‌ كه‌ شاری‌ نه‌جه‌ف هه‌یبووه‌، به‌ڵام له‌مڕۆژه‌دا ده‌كرێت "به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئیجابی‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پاشماوه‌‌و میراته‌دا بكرێت، ئه‌مه‌ش له‌ڕێی‌ ئه‌نجامدانی‌ سیمینار‌و كۆبوونه‌وه‌‌و دروستكردنی‌ په‌یوه‌ندی‌ دۆستانه‌‌و به‌هێز له‌نیوان ده‌سه‌ڵات‌و رۆشنبیراندا وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌هه‌ردوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیس‌و پۆلیسی‌ هاتوچو رویدا".

له‌قسه‌كانی‌ ئه‌و شاعیره‌دا گه‌شبینییه‌كی‌ زۆر دیاره‌ له‌باره‌ی‌ داهاتوی‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ بۆ نیقاشی‌ رونكرده‌وه‌ "له‌م هه‌نگاوانه‌دا ئێمه‌ نامه‌یه‌كی‌ ده‌زگاكانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ ده‌خوێنینه‌وه‌ كه‌ ئاراسته‌ی‌ كۆمه‌ڵگای‌ عێراقی‌ كراوه‌‌و ئاماژه‌ به‌بوونی‌ رۆڵێكی‌ نوێی‌ ئه‌و ده‌زگایانه‌ ده‌دات، ئه‌ویش به‌كارهێنانی‌ چه‌كی‌ رۆشنبیرییه‌ بۆ هێنانه‌ ئارای‌ ئاشتی‌‌و ئاسایش".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌