راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئاواره‌كانی‌ نه‌جه‌ف ژیانێكی‌ سه‌خت به‌&#1587

فارس حه‌ڕام
له‌نێو قه‌ره‌باڵغییه‌كی‌ زۆری‌…
25.05.2009  |  نه‌جه‌ف

ئینتیسار ئافره‌تێكی‌ به‌ته‌مه‌نی‌ ئاواره‌ی‌ شاری‌ به‌غدایه‌‌و ئێستا له‌شاری‌ نه‌جه‌ف نیشته‌جێبووه‌، ئه‌م ئافره‌ته‌ كه‌ شه‌ش ‌ئه‌ندامانی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ له‌جه‌نگه‌كانی‌ عێراقدا له‌ده‌ستداوه‌، یه‌كێك بوو له‌و ده‌یان كه‌سه‌ی‌ له‌گه‌ڕه‌كی‌ سه‌لامی‌ شاری‌ نه‌جه‌ف بۆ وه‌رگرتنی‌ كۆمه‌ك‌و یارمه‌تیی‌ رێكخراوی‌ كۆچی‌ نێوده‌وڵه‌تیی‌ (I.O.M) ریزی‌ گرتبوو.

I.O.M یه‌كێكه‌ له‌چه‌ندین رێكخراوی‌ تر كه‌ كۆمه‌كی‌ خێزانه‌ ئاواره‌كانی‌ شاری‌ به‌غدا‌و پارێزگاكانی‌ تری‌ عێراق ده‌كات كه‌ به‌هۆی‌ گرژیی‌‌و ململانێ‌ تایفییه‌كانی‌ دوای‌ ساڵی‌ 2005 روویان له‌شاری‌ نه‌جه‌ف كردووه‌.

ئینتیسار له‌شتومه‌كه‌كانی‌ ده‌ستی‌ خۆی‌ ورد بووه‌وه‌ كه‌ سێ پیتی‌ ئینگلیزی‌ (I.O.M) له‌سه‌ر نوسرابوو، به‌بێزارییه‌وه‌ وتی‌ "پشكی‌ من ره‌نگه‌ چاره‌كێكی‌ ئه‌وه‌بێت كه‌ به‌ر له‌ 2 كاتژمێر به‌سه‌ر هه‌ندێك ئاواره‌ی‌ تردا دابه‌شكرا".

له‌درێژه‌ی‌ قسه‌كانیدا ده‌ڵێت به‌ر له‌وه‌ی‌ سه‌ره‌كه‌ بگات به‌و، یارمه‌تییه‌كه‌ بریتی‌ بوو له‌ "سێ‌ راخه‌ر‌و سێ‌ به‌تانی‌‌و ته‌رمۆزێكی‌ ئاو خواردنه‌وه‌‌و چه‌ند چه‌رچه‌ف‌و كۆمه‌ڵێك شتی‌ تر"، به‌ڵام ئه‌و، جگه‌ له‌ راخه‌رێك و دوو پارچه‌ چه‌رچه‌ف، هیچی‌ تری‌ پێنه‌دراوه‌.

به‌پێی‌ ئه‌و ئاماره‌ فه‌رمی‌‌و نافه‌رمیانه‌ی‌ له‌به‌رده‌ستدان، ته‌نها له‌شاری‌ نه‌جه‌فدا نزیكه‌ی‌ 11 هه‌زار خێزانی‌ ئاواره‌ هه‌ن كه‌ زۆربه‌یان له‌بارودۆخێكی‌ سه‌خت‌و خراپدا ده‌ژین. هه‌ندێكیان، جگه‌ له‌یارمه‌تی‌ حكومه‌ت‌و رێكخراوه‌ خێرخوازییه‌كانی‌ تر، هیچ سه‌رچاوه‌یك بۆ بژێوی‌ ژیانیان نییه‌.

سابر حسێن، هه‌ڵهاتویه‌كی‌ تری‌ شاری‌ به‌غدایه‌‌و ئێستا له‌گه‌ڕه‌كێكی‌ هه‌ژاری‌ رۆژئاوای‌ نه‌جه‌ف نیشته‌جێیه‌، ئه‌م پیاوه‌ له‌ناوه‌ڕاستی‌ قه‌ره‌باڵغییه‌كه‌دا وه‌ستابوو، به‌ده‌نگی‌ به‌رز هاواری‌ ده‌كرد "حكومه‌ت خه‌مسارده‌" به‌رامبه‌ر داخوازی‌ ده‌ركراوه‌كانی‌ نه‌جه‌ف، ئاواره‌كان "كه‌مترین ئاستی‌ كه‌رامه‌تیان هه‌یه‌".

دواتر ئه‌م پیاوه‌ به‌ته‌مه‌نه‌ رووی‌ كرده‌ په‌یامنێركه‌ی‌ نیقاش‌و وتی‌ "لێره‌ ده‌ركراوه‌كان ژێر پێ خراون، له‌سه‌ر یارمه‌تییه‌ كه‌مه‌كان ده‌ژین، ده‌توانم بتانبه‌مه‌ لای‌ خه‌ڵكی‌ وه‌ها كه‌ له‌سه‌ر خۆڵ ئه‌ژین‌و تائێستا هیچ موختار‌و حیزب‌و رێكخراو‌و فه‌رمانگه‌یه‌كی‌ حكومیی‌ له‌ده‌رگایانی‌ نه‌داوه‌". فه‌رمانگه‌ی‌ كۆچ‌و كۆچبه‌رانی‌ نه‌جه‌ف كه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ دابه‌شكردنی‌ سه‌رجه‌م ئه‌و یارمه‌تییه‌ حكومی‌‌و ناحكومیانه‌ ده‌كات، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ ئه‌و یارمه‌تیانه‌ی‌ به‌سه‌ر ئاواره‌ی‌ شاره‌كه‌دا دابه‌ش ده‌كرێن، چه‌ند لایه‌نێكی‌ حكومیی‌ سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی‌ كۆچ‌و كۆچبه‌ران ئاماده‌ی‌ ده‌كه‌ن، هه‌ندێكیش له‌وانه‌ رێكخراوی‌ نا حكومیی‌ له‌چه‌شنی‌ رێكخراوی‌ فریاگوزاریی‌ عێراق‌و ئینته‌رسوس‌و ده‌سته‌كانی‌ ره‌حمه‌ت‌و كۆچی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و ده‌سته‌ی‌ نێوده‌وڵتیی‌ پزیشكیی‌‌و ...هتد دابینی‌ ده‌كه‌ن.

به‌رپرسی‌ یه‌كه‌ی‌ پرۆگرام له‌فه‌رمانگه‌ی‌ ناوبراو، ماهیر عه‌میدی، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات یارمه‌تییه‌كان دوجۆرن: یه‌كێكیان بۆ هه‌مو ئاواره‌كانه‌ وه‌ك مانگانه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران‌و له‌ڕێگای‌ وه‌زاره‌تی‌ كۆچه‌وه‌ كه‌ 130 دۆلاره‌ به‌سه‌ر هه‌مو خێزانێكی‌ ئاواره‌ دابه‌شده‌كرێت، دووه‌میشیان بچڕبچڕ‌و ناڕێكه‌، وه‌ك كۆمه‌كی‌ رێكخراوه‌كان بۆ هه‌ندێك خێزانی‌ دیاریكراو "به‌پێی‌ دۆخی‌ ژیانیان".

له‌وه‌ڵامی‌ پرسیارێكی‌ نیقاشدا سه‌باره‌ت به‌و پێوه‌رانه‌ی‌ فه‌رمانگه‌ی‌ كۆچی‌ نه‌جه‌ف ده‌یگرێته‌ به‌ر له‌به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ لیستی‌ خێزانه‌ موسته‌حه‌ققه‌كان بۆ به‌رده‌م رێكخراوه‌ خێرخوازه‌كان، عه‌میدیی‌ باسی‌ له‌وه‌كرد فه‌رمانگه‌كه‌ی‌ له‌په‌یوه‌ندیی‌ به‌رده‌وامدایه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌خێزانه‌ ئاواره‌كان‌و له‌ڕێگای‌ موختاری‌ گه‌ڕه‌كه‌كانه‌وه‌ ده‌گاته‌ ئه‌و ئاوارانه‌ی‌ دۆخی‌ ژیانیان خراپه‌.

ناوبراو جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، ئه‌م رێگایه‌ "ره‌نگه‌ خروقاتی‌ تێدابێت"، به‌ڵام باشترینیانه‌ له‌ئێستادا، چونكه‌ هیچ مه‌سحێكی‌ مه‌یدانیی‌ ورد نییه‌ بۆ ئاواره‌كانی‌ پارێزگاكه‌.

ژماره‌یه‌ك ئاواره‌ له‌دیمانه‌ی‌ نیقاشدا بێزاریی‌ خۆیان ده‌ربڕی‌ له‌و پێودانگانه‌ی‌ له‌ڕێكخستنی‌ ناوی‌ خێزانه‌ موسته‌حه‌ققه‌كاندا ده‌گیرێته‌به‌ر‌و باسیان له‌وه‌كرد خێزانی‌ ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌ناسن به‌به‌رده‌وامی‌ له‌و یارمه‌تیانه‌ سودمه‌ندن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ جاری‌ وه‌هاش هه‌یه‌ جێگۆڕكێ به‌ناوه‌كان ده‌كرێت‌و به‌گومان بوون له‌وه‌ی‌ موختاری‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ نه‌جه‌ف بتوانن بگه‌ن به‌كۆی‌ ئاواره‌كان‌و به‌ر له‌وه‌رگرتنی‌ یارمه‌تی‌ سه‌رنجی‌ حاڵیان بده‌ن.

شێخ كه‌ریم حه‌یده‌ریی‌ یه‌كێكه‌ له‌ئاواره‌كانی‌ به‌غدای‌ پایته‌خت، ئه‌م پیاوه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات هه‌رگیز موختاری‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی‌ (گه‌ڕه‌كی‌ عه‌سكه‌ری‌) نه‌هاتووه‌ بۆ ماڵیان تا حاڵیان بزانێت‌و له‌سه‌ر راده‌ی‌ پێویستیان بۆ یارمه‌تی‌ هه‌ڵوێسته‌بكات. له‌هه‌مان كاتیشدا عه‌باس نه‌جم كه‌ ئه‌ویش له‌به‌غداوه‌ ئاواره‌بووه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد موختاری‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان (گه‌ڕه‌كی‌ حوێش) هه‌رگیز وه‌ك ئاواره‌ سه‌ردانی‌ نه‌كردوون.

له‌مباره‌یه‌وه‌، نویسنگه‌ی‌ پشكنه‌ری‌ گشتی‌ له‌فه‌رمانگه‌ی‌ كۆچ‌و كۆچبه‌ران له‌نه‌جه‌ف، بۆ نیقاشی‌ روونكرده‌وه‌ "زۆربه‌ی‌ ئه‌و یارمه‌تیانه‌ی‌ ده‌گاته‌ ئه‌م شاره‌، له‌ڕێگای‌ رێكخراو‌و لایه‌نه‌ ناحكومییه‌كانه‌وه‌یه‌‌و وه‌زاره‌ت ئاگاداری‌ نییه‌".

له‌درێژه‌ی‌ قسه‌كانیدا، جه‌واد حه‌بوبی‌ به‌رپرسی‌ ئۆفیسه‌كه‌ ده‌ڵێت "هه‌ندێكی‌ كه‌م له‌رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان داوای‌ یارمه‌تی‌ له‌ئێمه‌ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ لیستی‌ ناوی‌ ئاواره‌كانی‌ پارێزگاكه‌یان پێ بده‌ین، به‌ڵام ئه‌وانی‌ تر خۆیان ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌ڵده‌بژێرن كه‌ یارمه‌تییه‌كه‌یان به‌سه‌ر دابه‌شده‌كرێت".

حه‌بوبی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات رۆڵی‌ ئۆفیسی‌ پشكنه‌ری‌ گشتی‌ له‌حاڵه‌تی‌ روودانی‌ خروقاتدا له‌دابه‌شكردنی‌ یارمه‌تی‌ ته‌نها ئاگاداركردنه‌وه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ كۆچ‌و وه‌زاره‌تی‌ كاروباری‌ مه‌ده‌نی‌و رێكخراوه‌كانی‌ خۆیانه‌‌و له‌وه‌ زیاتر ده‌سه‌ڵاتیان نییه‌.

به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌و ئاوارانه‌ی‌ روویان له‌شاری‌ نه‌جه‌ف كردووه‌، پێشتر خاوه‌نی‌ پیشه‌‌و كه‌سابه‌ت بوون له‌شاره‌كانی‌ خۆیاندا، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئاواره‌بوونه‌وه‌، ئیش‌و كاریان له‌ده‌ستدا‌و له‌نه‌جه‌فیشدا نه‌یانتوانی‌ سه‌رله‌نوێ‌ پیشه‌كه‌ی‌ خۆیان بكه‌نه‌وه‌.

حه‌مید كه‌ پێشتر له‌به‌غدای‌ پایته‌خدا له‌بواری‌ فرۆشتنی‌ ده‌رمانی‌ كشتوكاڵی‌ كاریكردووه‌، ئێستا ناچاربووه‌ له‌سه‌ر جاده‌ ببێته‌ سه‌وزه‌ فرۆش، حه‌مید به‌ده‌م رێكخستنه‌وه‌ی‌ سه‌وز‌و میوه‌كه‌ی‌، وتی‌ "ماڵ‌و ئیشی‌ خۆمان به‌جێهێشت‌و پێمان وابو یارمه‌تیی‌ ده‌مانژیێنێت، چونكه‌ قوربانیی‌ جه‌نگین، به‌ڵام زوو له‌م خه‌وه‌ خه‌به‌ر هاتین‌و ده‌ستمانكرده‌ كاركردن‌و ئێستاش راهاتوین".

به‌پێچه‌وانه‌ی‌ حه‌میدیشه‌وه‌، ئه‌بوساڵح كه‌ خاوه‌نی‌ فڕنی‌ سه‌مونه‌، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ هه‌رگیز به‌مێشكیدا نه‌هاتووه‌ له‌شاری‌ نه‌جه‌فدا له‌سه‌ر یارمه‌تی‌ بژی‌، بۆیه‌ له‌وه‌ته‌ی‌ له‌پارێزگای‌ دیاله‌وه‌ هاتووه‌، خۆی‌ كارده‌كات. ئه‌بو ساڵح ده‌ڵێت "كاركردن له‌نه‌جه‌ف له‌زۆر پارێزگای‌ تری‌ عێراق باشتره‌‌و گه‌ر بارودۆخی‌ دیاله‌ش باش بێته‌وه‌، من هه‌ر له‌نه‌جه‌ف ده‌مێنمه‌وه‌".

قسه‌كانی‌ حه‌مید‌و ئه‌بو ساڵح خواستی‌ تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای‌ نه‌جه‌فی‌ لێده‌خوێنرێته‌وه‌ كه‌ له‌م سێ ساڵه‌ی‌ دواییدا هێمنییه‌كی‌ رێژه‌یی‌‌و په‌ره‌سه‌ندنی‌ ئابوریی‌ به‌رچاوی‌ به‌خۆوه‌ بینیوه‌. له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ به‌رپرسێكی‌ فه‌رمانگه‌ی‌ كۆچ له‌نه‌جه‌ف به‌نیقاشی‌ راگه‌یاند به‌ته‌مان مه‌سحێكی‌ مه‌یدانیی‌ بكه‌ن بۆ زانینی‌ بارودۆخی‌ ئاواره‌كانی‌ نه‌جه‌ف‌و وه‌رگرتنی‌ راوبۆچونیان له‌باره‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شوێنی‌ خۆیان‌و دواتریش داخستنی‌ یه‌كجاریی‌ دۆسییه‌كه‌یان وه‌ك په‌نابه‌ر.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌