راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئه‌نته‌رنێت له‌به‌غدا
خزمه‌تگوزارییه‌ك

ئه‌حمه‌د سه‌عداوی
ئه‌یمه‌ن زافری‌ ته‌مه‌ن 37 ساڵ،…
6.05.2009  |  به‌غدا

كۆفی‌ نێتی‌ (بورجه‌ین) كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ناودارترین كۆفی‌ نێته‌كانی‌ به‌غدای‌ پایته‌خت‌و له‌دوای‌ رمانی‌ رژێمی‌ سه‌دام له‌2003دا دامه‌زراوه‌ كه‌ ئه‌وكات مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئینته‌رنێتدا وه‌ك دۆزینه‌وه‌یه‌كی‌ نوێ بوو بۆ گه‌نجانی‌ عێراق، ئێستا داخراوه‌‌و له‌چاوه‌ڕوانی‌ فرۆشتن، یاخود به‌كرێداندایه‌.

له‌سه‌رده‌می‌ رژێمی‌ پێشوودا، خزمه‌تگوزاری‌ ئه‌نته‌رنێت، جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ زۆر به‌ته‌سك‌و ته‌نها له‌چه‌ند نوسینگه‌یه‌كی‌ حكومی‌‌و له‌ژێر چاودێری‌ موخابه‌راتی‌ عیراقیدا هه‌بووه‌، بوونی‌ بۆ هاوڵاتیان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌ بوو.

ئێستا‌و له‌ڕێگای‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ فراوانی‌ كۆفی‌ نێته‌كانه‌وه‌، ئه‌نته‌رنێت بۆته‌ رایه‌ڵێك بۆ په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ جیهاندا، هه‌روه‌ها وه‌ك ئامرازێكی‌ راگه‌یاندن به‌كارهێنراوه‌ له‌و كێشمه‌كێشه‌ سیاسیه‌ی‌ له‌وڵاتدا هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ هێڵه‌كانی‌ ئه‌نته‌رنێت له‌ڕێگای‌ كۆمپانیای‌ ئه‌هلیی دوور له‌سانسۆری‌ حكومییه‌وه‌ هاتۆته‌ وڵات.

كاری‌ ئه‌م كۆفی‌ نێتانه‌، له‌پاش په‌ره‌سه‌ندنی‌ ململانێ‌ تایفییه‌كانی‌ دوای‌ ساڵی‌ 2006، گۆڕانی‌ زۆری‌ به‌سه‌ردا هات، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی‌ له‌ناوچه‌ فره‌پێكهاته‌‌و جۆراوجۆره‌كاندابوون، وه‌ك شه‌قامی‌ فه‌له‌ستینی‌ ناوه‌ڕاستی‌ به‌غدا. ئه‌یمه‌ن زافری‌ خاوه‌ن كۆفی‌ نێتی‌ (بورجه‌ین) یه‌كێك بووه‌ له‌قوربانییه‌كانی‌ ئه‌م ململانێیه‌‌و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ كوشتنی‌ لێكراوه‌ "گه‌ر هات‌و به‌رده‌وام بێت له‌هاوكاریكردنی‌ شیعه‌كان". مه‌به‌ستیش له‌هاوكاریكردن ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ سه‌ردانكه‌رانی‌ له‌گه‌نجانی‌ شیعه‌ پێكهاتبوون.

به‌دوای‌ ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌دا، راسته‌وخۆ ئه‌یمه‌ن كۆفی‌ نێته‌كه‌ی‌ داخست‌و له‌گه‌ڵ براكانیدا به‌ره‌و سوریا هه‌ڵات، دواتریش كاتێك بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ به‌غدا به‌ره‌و ئارامبوونه‌وه‌ رۆشت، ناوبراو گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ به‌غدا، به‌ڵام كۆفی‌ نێته‌كه‌ی‌ نه‌كرده‌وه‌، ئه‌مجاره‌یان به‌هۆی‌ ململانێی‌ تایفییه‌وه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو وه‌ك خۆی‌ رونیكرده‌وه‌ "زۆربه‌ی‌ مشته‌رییه‌كان له‌ماڵه‌وه‌ هێڵی‌ ئه‌نته‌رنێتیان هه‌یه‌‌و چیتر سه‌ردانی‌ كۆفی‌ نێته‌كان ناكه‌ن".

شه‌ڕی‌ ناوخۆی‌ به‌غدا كاریگه‌رییه‌كی‌ زۆری‌ هه‌بوو له‌گواستنه‌وه‌ی‌ كار له‌كۆفی‌ نێته‌كان بۆ نێو ماڵه‌كان، به‌جۆرێك به‌یه‌كگه‌شتنی‌ گه‌نجان له‌سه‌ر ماسنجه‌ر ئاسناتربوو له‌یه‌كتردبینینی‌ ئاسایی‌. عه‌لی‌ یاسری (33 ساڵ) خوێندكاری‌ كۆلێژی‌ موسته‌نسرییه‌یه‌، ده‌ڵێت "نه‌بونی‌ كافتریای‌ ئاسایی‌‌و زۆریی‌ كاره‌ توندوتیژی‌‌و تیرۆریستییه‌كان وایلێكردووم له‌گه‌ڵ هاوڕێكانمدا له‌سه‌ر ماسنجه‌ر یه‌ك ببینین‌و ده‌نگ‌و ره‌نگ بگۆڕینه‌وه‌‌و بۆماوه‌ی‌ دوردودرێژ چات بكه‌ین".

ئه‌گه‌ر چی‌ ئه‌نته‌رنێتی‌ ماڵان بووه‌ به‌دیلێك بۆ په‌یوه‌ندیكردن‌و به‌یه‌ك گه‌یشتنی‌ خه‌ڵك، به‌ڵام به‌و ئاسانی‌‌و ساناییه‌ نییه‌، چونكه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كه‌ كێشه‌‌و كه‌موكوڕی‌ زۆری‌ تێدایه‌. عه‌لی‌ یاسری ده‌ڵێت "هێڵه‌كان، رۆژی‌ چه‌ند كاتژمێرێك نه‌بێت، به‌كه‌ڵك نایه‌ت‌و زۆر خاوه‌".

وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت، كێشه‌ی‌ خراپی‌ هێڵی‌ ئه‌نته‌رنێت زۆربه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ به‌غدا گرتووه‌ته‌وه‌. ئه‌ندازیاری‌ ئه‌له‌كترۆنیی‌ ئه‌سیر محه‌ممه‌د (40 ساڵ) كه‌ له‌ناوچه‌ی‌ یه‌رموكی‌ كه‌رخ نیشته‌جێیه‌، هۆكاری‌ خراپی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی‌ خه‌تی‌ نێت بۆ زۆری‌ لۆد له‌سه‌ر هێڵه‌كان‌و زۆریی‌ به‌كارهێنان گه‌ڕانده‌وه‌، ئه‌و وتی‌ "به‌هۆی‌ زۆری‌ ژماره‌ی‌ به‌شداربووانه‌وه‌، هێله‌كان قورس ده‌بن، چونكه‌ توانی‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ی‌ نیه‌ له‌به‌كارهێنه‌ران".

له‌به‌رامبه‌ریشدا، خاوه‌ن تۆڕه‌كانی‌ ئینته‌رنێتی‌ ماڵان، هۆكاری‌ خراپی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ كۆمپانیا ئه‌هلییه‌ دابینكه‌ره‌كانی‌ هێڵی‌ ئه‌نته‌رنێت ده‌گێڕنه‌وه‌. موسه‌ننا جه‌بار (35 ساڵ) كه‌ خاوه‌نی‌ تۆڕێكی‌ ئینته‌رنێته‌ له‌ناوچه‌ی‌ شه‌عبی‌ باكوری‌ به‌غدا، باس له‌وه‌ ده‌كات، كۆمپانیا ئه‌هلییه‌كان ملكه‌چی‌ هیچ چاودێرییه‌كی‌ حكومیی‌ نین‌و عێراق له‌رێگای‌ مانگه‌ ده‌ستكرده‌كانه‌وه‌ نێتی‌ پێده‌گات، نه‌ك له‌رێگای‌ كێبڵه‌وه‌ وه‌ك له‌وڵاتانی‌ كه‌ندا هه‌یه‌ كه‌ باشترو به‌هێزتره‌.

ئه‌م وێنه‌ خراپه‌ی‌ هێڵی‌ ئینته‌رنێت بۆته‌ هۆی‌ هاندانی‌ كۆمپانیاكانی‌ مۆبایلی‌ له‌چه‌شنی‌ (ئیتصالنا)‌و (ئومنیه‌) كه‌ پشت به‌به‌ستنی‌ راسته‌وخۆی‌ مۆبایل به‌كۆمپیوته‌ره‌وه‌ ده‌به‌ستن، هه‌رچه‌نده‌ به‌شداربووانی‌ ئه‌م خزمه‌تگوزارییه‌ش سكاڵا له‌ده‌ست هه‌ڵبه‌زو دابه‌زی‌ هێڵه‌كانیان ده‌كه‌ن، به‌جۆرێك له‌هه‌ندێك ناوچه‌ی‌ به‌غدا باش‌و له‌هه‌ندێكیتردا خراپه‌.

وه‌زاره‌تی‌ گه‌یاندنی‌ عیراق، سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵ، پێشبینیی‌ زیادبوونی‌ ژماره‌ی‌ به‌شداربووانی‌ كردبوو، له‌ماوه‌ی‌ داهاتوودا. هه‌روه‌ها چه‌ندین پڕۆژه‌ی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ له‌م بواره‌دا راگه‌یاند له‌وانه‌ش: پڕۆژه‌ی‌ SCIC بۆ بنیاتنانی‌ تۆڕه‌كان له‌رێگای‌ به‌كارهێنانی‌ IP بۆ به‌ستنه‌وه‌ی‌ پارێزگاكان به‌یه‌كتر.

له‌هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا كۆمپانیا ئه‌هلییه‌كان، تائێستا خزمه‌تگوزارییه‌كی‌ ئاست نزمیان هه‌یه‌‌و خزمه‌تگوزاری‌ كۆمپانیا نوێكانیش پڕ هه‌ڵبه‌ز‌و دابه‌زن. به‌شداربووانی‌ هێڵه‌كانیش هیواداری‌ خه‌تێكی‌ باشن‌و خوازیاری‌ ئه‌وه‌ن، هیچ كۆت‌و به‌ندێكی‌ حكومیی‌ نه‌بێته‌ هۆی‌ سنورداركردنی‌ ئه‌م خزمه‌تگوزارییه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌یمه‌ن زاهیر هێشتا هه‌ر خه‌ون به‌فرۆشتنی‌ كۆفی‌ نێته‌ به‌ناوبانگه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌بینێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌