راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

لە نەجەف
یەک سەگ بۆ هەر پەنجا هاوڵاتی

فارس حه‌ڕام
دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر…
17.03.2009  |  نه‌جه‌ف

بۆ گەیشتن بەشوێنی مەبەست، ئەو پیاوە پێی باش بوو ڕێگای سەردانەکەی کورت بکاتەوە، بۆیە رێگایەکی خۆڵی کراوەی هەڵبژارد، کەچی لەگەڵ نزیکبوونەوەی لە نەخۆشخانەی ناوبراو لە پڕ ڕەوە سەگێکی بەڕەڵا، کە لەوێ کۆببوونەوە، هێرشیان بۆ هێنا و یەکێکیان گازێکی لە قاچەکەی گرت، سەلیم دەڵێت: "دوای چارەسەرکرانم لە بنکەی تاداری، بۆ چەند ڕۆژێکیش هەر دەترسام، چونکە پزیشک ئامۆژگاری کردم بۆ چەند ڕۆژێک لە دوای ڕووداوەکە هەر ئاگام لەخۆم بێت، نەبادا دووچاری نەخۆشی سەگی هاری بکوژ ببمەوە".

"رەوا ئەحمەد"یش خوێندکاری ئامۆژگای ئامادەکردنی مامۆستایان لە نەجەف، چیڕۆکێکی تری لەگەل سەگە هارە بەرەڵاکانی ناوچەکەی خۆیان هەیە، کاتێک لە ئێوارەیەکی کتوپڕ، سەگێک، لە یەکێک لە بەیانیەکاندا، هێرشی بۆ دێنێت. رەوا دەڵێت: "ئەو کاتە هیچێک لەو سەگانە منیان نەگەزت، بەڵام توشی ئەشکەنجەیەکی دەروونی زۆر هاتم، چونکە لەبەر ترسی ترسی زۆرم، بڕیارمدا بە ئاڕاستەی شەقامی گشتی ڕابکەم، بەڵام بەر لەوەی بگەمە سەر شەقامە گشتیەکە، نسکۆیەکم برد و لەبەردەم هەموو ئەو هاتووچۆکەرانەدا حیجابەکەم لەسەر قاچەکانم لاچوو".

لەنێوان مەترسیەکانی برینداربوونی ڕاستەوخۆ و ئەشکەنجەی دەروونیدا، تا هەنووکەش کێشەی سەگە هارە بەرەڵاکان لە پارێزگای نەجەف بێ چارەسەر ماوەتەوە و ژمارەشیان بەرەو زیادبوون دەچێت. ناوەندە رەسمییەکان ژمارەی ئەو سەگانە بە زیاتر لە بیست هەزار سەگ دەخەمڵێنن، دوای ئەوەی لە ساڵی دوو هەزار و حەفتدا ژمارەیان پێنج هەزار بوو. واتە بە ڕێژەی یەک سەگ بۆ هەر پەنجا هاوڵاتی، چونکە ژمارەی دانیشتوانی نەجەف دەگاتە شتێک زیاتر لە یەک ملیۆن کەس.

دکتۆر جەواد شاکر عەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی لە نەجەف، ئاماژە بەوە دەکات کە ژمارەی سەگەکان لە زیادبوونێکی بەردەوام دایە، بەهۆی ئەوەی کە دێڵە سەگەکان لە یەک ساڵدا دوو جار دەزێن و نزیکەی پێنج تا شەش بێچوویان دەبن. جەختیشی لەسەر ئەو مەترسییە زۆرانە کردەوە کە ژیانی هاوڵاتیان ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بەهۆی بوون و زۆری ئەو سەگە هار و بەرەڵایانەوە. دوکتۆر جەواد لە درێژەی قسەکانییدا بۆ "نیقاش" دەڵێت: "جا ئەو مەترسییە چ لە ڕێگای نەخۆشییە هاوبەشەکانەوە بێت، لە دەرەنجامی تێکەڵبوون لەگەڵ ئەو جۆرە ئاژەڵانەدا یا دەرهاوێشتەکانی، وەکو نەخۆشی کیسەی ئاوی و لەشمانیای مەترسیدار، یا لە ڕێی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی سەگێکی تووشبوو بە نەخۆشی هاریی بکوژەوە".

وا پێدەچێت یەکێک لە زۆرترین هۆکارە یارمەتیدەرەکانی زیادبوونی ژمارەی سەگە بەڕەڵاکان، بە پێی بۆچوونی دکتۆر عەلی خودی جوگرافیای پارێزگای نەجەف خۆی بێت، لە کاتێکدا کە گەڕەکەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی شاری نەجەف دەکەونە تەنیشت ناوچە لادێییە خێڵەکیەکانەوە، بۆیە گەڕەکە نیشتەجێکانی باشووری شار بەشی هەرە زۆری لە سەگە بەرەڵاکان بەردەکەوێت، چونکە ئەو ناوچەیە دەکەوێتە ڕۆخێکی چۆڵ و هۆڵی بیابانێکی زۆر فراوانەوە، کە هەردوو پارێزگای نەجەف و کەربەلا بەیەکەوە دەبەستێتەوە بە پانایی (90 کلم لە باشووری بەغداد)، ئەو پانتاییە زەمینەسازە بۆ زیادبوونی دەیان ڕەوە سەگی بەرەڵا.

ئەمەش کاری بەرنامەڕێژییەکی سەرکەوتوو بۆ لەناوبردنی ئەو سەگانە ئەستەم دەکات، ئەگەر بە شێوەیەکی "گشتگیر" نەبێت، وەک دکتۆر ساحیب موسەوی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاژەڵان (بەیتەری) لە نەجەف، کە یەکێکە لە لایەنە بەرپرسەکان لەسەر ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی سەگە بەرەڵاکان، بۆی دەچێت و دەڵێت: "لەو ساڵانەی دواییدا زیاتر لە هەڵمەتێکی لەناوبردنمان ئەنجام داوە، بەڵام بێ ئەوەی هیچ دەرەنجامێکی ئەوتۆی بە سوودی لێ بکەوێتەوە".

دکتۆر موسەوی هۆیەکانی سەرنەکەوتنی ئەو هەڵمەتانە دەگێڕێتەوە بۆ کەڵەکەبوونی زیاتر لە هۆکارێک، کە گرنگترینیان "ئەو کەمترخەمییەیە کە لە دەستەبەرکردنی ژمارەی پێویست و دروست لە تابلێتی ژەهراوی "ئەلیستەرکلین"، هەیە، کە لە کاتە گونجاوەکانی خۆیدا ناگاتە دەست نەخۆشخانە بەیتەریەکانەوە، هەروەها نەمانی گوللەی تفەنگی ڕاوکردن کە لە یەکێک لە هەڵمەتەکاندا بەکار هێنرا، وێڕای خەمساردی هەندێک ناوەندی بەشداربوو لە لیژنەی لەناوبردنی سەگە بەرەڵاکان لە شارەکەدا، لە کۆتاییشدا گرتنەبەری ئەو شێوازە ڕۆتینیە زێدە ڕۆییەی لایەنە حکومیەکانی تر لەگەل کارەکانی لیژنەکەوە".

دکتۆر موسەوی پێی وایە، "بەکارهێنانی خواردنە ژەهراویەکان سەرکەوتووترین ڕێگایە بۆ لەناوبردنی سەگە بەرەڵاکان، بە مەرجی دەستەبەرکردنی هۆکارە یارمەتیدەرەکان. لەوانەش هۆشیاری هاوڵاتیان و هاوکاریکردنیان، دەستەبەرکردنی پارە و ئامێر و کادیری پێویست بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی هەڵمەتەکانی لەنابردن، هەروەها بەکارهێنانی خواردنی ژەهراوی باش کە سەگەکان بۆخۆی ڕابکێشێت و باشتر بێت لەو خواردنەی کە ئێستا لەبەردەست دایە، کە بریتییە لە جەرگ و هەناو و ڕیخۆڵە و سپڵی ئاژەڵان، سەگەکانیش ئەمەیان پێ خۆش نییە".

پێناچێت نەجەف تەنها شار بێت بەدەست سەگە بەرەڵاکانەوە بناڵێنێت، چونکە پێشتریش لە کانونی یەکەمی ساڵی 2008، زانستگای بەغدا، ژمارەی سەگە بەرەڵاکانی بە تەنها لە بەغداد بە نزیکەی یەک ملیۆن سەگ خەمڵاندبوو. ئەمیندارێتی بەغدادیش تا ئێستا نەیتوانیوە بێجگە لە دووسەد سەگ زیاتر لەناو ببات، ئەمەش بە بەکارهێنانی ژەهر و گوللەی ئاگرین، لەو هەڵمەتەی کە لەهەمان کاتدا ئەنجامیان دا".

لە کاتێکدا پارێزگای کەربەلا هەڵمەتێکیان لە شێوازێکی تایبەت دەست پێکردووە، کە بڕیاریان دا کە هەر کەسێک سەگێک بە زیندوویی یان بە مردوویی بێنێت، بە شەش هەزار دیناری عێراقی، کە دەکاتە (5.3 دۆلار)، خەڵاتی بکەن، ئەم هەنگاوەش بەلای ژمارەیەک لە بەرپرسانی پارێزگاوە بە "سەرکەوتوو" لەقەلەم درا، ئەمەش وەزارەتی تەندروستیی هان دا نوسراوێک بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق بنێرێت بۆ سوود وەرگرتن لەو ئەزموونە سەرکەوتووە.

بەڵام لە نەجەف، لیژنەیەکی تایبەت بە لەناوبردنی سەگە بەرەڵاکانەوە هەیە، لە ساڵی 2006 پێکهێنراوە، نوێنەرانی فەرمانگەی تەندروستی و تاقیگای نەخۆشخانەی بەیتەری و بەڕێوەبەرایەتی ژینگە ئەندامن تیایدا، دکتۆر نیعمە حەسەن محەمەد ڕەزا، یارمەتیدەری تەکنیکی لە نەخۆشخانەی ئاژەڵان، سەرۆکایەتی دەکات. دکتۆر نیعمە بە نیقاشی ڕاگەیاند کە ڕۆژانی داهاتوو هەڵمەتێکی گەورە لە پارێزگادا بۆ لەناوبردنی سەگە بەرەڵاکان بەخۆیەوە دەبینێت، بە پشتبەستن بە شێوازی ژەهراویکردنی سەگەکان، گوتیشی: "ئێستا زیاتر لە بیست و پێنج هەزار تابلێتی ژەهراویمان هەیە، ئەگەر چی لە ڕووی پڕاکتیکەوە بەشی هەڵمەتێکی سەرتاسەری و کۆتایی ناکات". پێداگریشی کرد لەسەر ئەوەی کە "پارێزگای نەجەف پێویستی بە ژمارەیەکی زیاتری ئەو جۆرە تابلێتانە هەیە".

هەندێک لە چاودێران لە نەجەف پێشبینی ئەوە دەکەن کە هەڵمەتی داهاتوو سەرکەوتنی پێویستی خۆی بەدەست ناهێنێت، تەنها لەو ڕووبەرانە نەبێت کە دەکرێت دابخرێن، چونکە ئەو ئەزموونە لە فڕۆکەخانەی نەجەف لە تەمموزی ساڵی 2008 دا سەرکەوتنی بەدەست هێنا، بەڵام ناوچە کراوەکانی وەکو گەڕەکە ئاوەدانەکان، پێویستی بە هەوڵ و کۆششێکی سەرتاسەر و ڕێکخراو هەیە، کە پارێزگاکانی دەوروپشتیشی تێدا بەشدار بن، بە شێوەیەک کە لەسەر ئاستی عێراقەوە نەخشەی بۆ بکێشرێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌