راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

رۆژی ره‌شی سینه‌ماکانی به‌غدا

ئه‌حمه‌د سه‌عداوی
له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی…
27.10.2008  |  به‌غدا

وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ لای ئه‌و که‌سه‌ ده‌ستده‌که‌وێت که‌ گه‌شتێک به‌ نێو سینه‌ماکانی به‌غدادا ده‌کات، ئه‌و سینه‌مایه‌نه‌ی که‌ تا ماوه‌یه‌کی نزیک له‌مه‌وبه‌ر ژماره‌یان له‌ چل سینه‌ما ره‌تی ده‌دا، که‌چی ئه‌وانه‌ی ئێستا کارده‌که‌ن له‌ پێنج سینه‌ما زیاتر نین و به‌سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌کی نزیک له‌یه‌کتری به‌غدای پایته‌ختدا دابه‌ش ده‌بن.

ده‌وروبه‌ری سینه‌ما غه‌رناته به‌هۆی ئه‌و بازاڕه‌ی که‌لوپه‌ل و جلفرۆشه‌کانی نزیکی پریه‌تی له‌ زبڵ و زاڵ، هه‌روه‌ها سینه‌ماکه‌ و که‌لوپه‌له‌که‌ی ناویشی کۆن و له‌ کارکه‌وتوون. هه‌رچی رووی ده‌ره‌وه‌ی سینه‌ماکه‌ و شوێنی رێکلامکردنی ده‌روازه‌ی سینه‌ماکه‌ن، ئه‌وا ئه‌ویش چه‌ند دیمه‌نێکی هه‌وه‌سبزوێنی خانمه‌ ئه‌کته‌ره‌کان نیشان ده‌ده‌ن که‌ له‌ فیلمی تورکی و بیانی و عه‌ره‌بییه‌وه‌ وه‌رگیراون و په‌یوه‌ندییان به‌و فیلمانه‌وه‌ش نییه‌ که‌ له‌ ژووره‌وه‌ ته‌ماشاکه‌ران ده‌یانبینن.

کازم که‌نانی به‌ڕێوه‌به‌ری سینه‌مای غه‌رناته‌ حه‌سره‌ت بۆ "رۆژگاری هه‌شتاکان ده‌خوات که‌ ئیدی نایه‌ته‌وه‌" و به‌ "رۆژانی زێڕین"ی سینه‌ماکه‌ی وه‌سفی ده‌کات. که‌نانی ده‌ڵێت "به‌ر له‌وه‌ی ئابڵۆقه‌ گه‌مارۆمان بدات، هاوکات له‌گه‌ڵ فیلمی عه‌ره‌بی و بیانی نوێ، فیلمی خۆماڵیشمان نمایش ده‌کردن له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنی فیلمه‌که‌ش هۆڵه‌که‌ پڕ ده‌بوو. خێزانه‌ عێراقییه‌کانیش به‌شێک بوون له‌ دیکه‌نی شه‌وانه‌ی سینه‌ماکان و ئه‌مه‌ش دابێکی باو بوو". که‌نانی له‌ درێژه‌ی قسه‌کانییدا ده‌ڵێت: "ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ سه‌ر به‌ هۆڵی سینه‌ما غه‌رناته‌ی ناوچه‌ی بابوششه‌رقی ناوه‌ڕاستی به‌غدادا ده‌که‌ن به‌ په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن، به‌ڵام حه‌زی به‌رده‌وامبوون له‌م پیشه‌یه‌ لای خۆم و ئه‌وانه‌ی له‌ سینه‌ما غه‌رناته‌دا کارده‌که‌ن وامان لێده‌کات ده‌رگای سینه‌ماکه‌ بکه‌ینه‌وه‌ و نه‌وه‌ک بازاری گه‌رم".

ته‌نیا که‌سانێکی که‌م، که‌ ئه‌وانیش زۆربه‌یان گه‌نجن، له‌سه‌ر کورسی له‌یه‌ک دووری هۆڵه‌که‌ دانیشتوون و سه‌یری رووداوه‌کانی فیلمێکی عێراقی کۆن ده‌که‌ن که‌ بۆ بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر یان زیاتریش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

سینه‌ما خه‌یام که‌ زۆر له‌ سینه‌ما غه‌رناته‌وه‌ دوور نییه‌، ساڵی 2003 کرا به‌ شوێنی درووستکردنی که‌لوپه‌لی ماڵ. دیمه‌نی ئێستای ناکرێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ دیمه‌نی کاتی درووستکردنی له‌ په‌نجاکانی سه‌ده‌ی رابردوودا به‌راورد بکرێت. ئه‌وده‌م به‌ ترۆپکی پێشکه‌وتنی هۆڵی سینه‌ماکان له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ژمێردرا.

باسم که‌ یه‌کێکه‌ له‌ کرێکارای سینه‌ما غه‌رناته‌ ده‌ڵێت: "نوێترین که‌لوپه‌ل و ده‌زگامان له‌ ئیتالیا و وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانه‌وه‌ بۆ هێناوه‌".

سینه‌ماکانی دیکه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ به‌ره‌و داخستن و کردنیان به‌ شوێنی کارکردنی پیشه‌سازی ده‌ڕۆن. ژماره‌یان ته‌ماشاکه‌ران به‌ره‌و که‌مبوونه‌وه‌، فیلمه‌کان کۆن، ساختمانه‌کان خوراو و هه‌تا کرێکاره‌کانیشیان پیرکه‌توون.

هاشم، وه‌ک خۆی ده‌ڵێت زیاتر له‌ په‌نجا ساڵی وه‌ک کارپێکه‌ری سینه‌ماکان کاری کردووه‌ و له‌و ماوه‌ درێژه‌ی ته‌مه‌نیدا زۆربه‌ی سینه‌ماکانی به‌غدای کردووه‌. هه‌تا ئێستاش هه‌ر له‌ پشت ده‌زگاکانی سینه‌مای غه‌رناته‌ کارده‌کات.

که‌ریم عه‌بدولئه‌میر که‌ ئێستا له‌ سینه‌ما "مه‌شریق" کار ده‌کات ئۆباڵی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی وه‌زاره‌تی رۆشنبیریه‌وه‌، چونکه‌ وه‌ک خۆی ده‌ڵێت: "هیچ ئاوڕێکی له‌ هۆڵی سینه‌ماکان نه‌داوه‌ته‌وه‌ که‌ به‌شێک له‌ یاده‌وه‌ری شارستانیی به‌غدا پێکده‌هێنن". که‌ریم هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "هه‌ندێک له‌ سینه‌ماکان ئێستا فیلمی رووت نیشانده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نجان به‌ره‌ولای خۆیان رابکێشن و له‌مه‌شدا لاوازیی چاودێریکردنی کاره‌کانیان ده‌قۆزنه‌وه‌".

له‌راستیشدا ئه‌وه‌ی سه‌رێک به‌ سینه‌مای مه‌شریق یان هه‌ر سینه‌مایه‌کی دیکه‌دا بکات، ده‌بینێت که‌ زۆربه‌ی ئه‌و فیلمانه‌ی نیشان ده‌درێن ئه‌گه‌ر فیلمی سێکسی ته‌واویش نه‌بن له‌ده‌وری بابه‌تی سێکسی ده‌خولێنه‌وه‌. چه‌ند دیمه‌نێکی سه‌رنجڕاکێشی فیلمه‌کان له‌سه‌ر پۆسته‌ر چاپ ده‌کرێن و له‌ ده‌روازه‌ی سینه‌ماکان هه‌ڵده‌واسرێن.

سینه‌ماکانی به‌غدا بێ رکه‌به‌ر نین. هه‌ر له‌ نزیک سینه‌ما مه‌شریقی به‌رامبه‌ر هه‌ڕاجخانه‌ی ناوداری بابوششه‌رقی به‌غدا چه‌ند فرۆشیارێکی گه‌نج فیلمی دی ڤی دی سێکسی له‌سه‌ر شۆسته‌کان ده‌فرۆشن، که‌ به‌مه‌به‌ستی راکێشانی کڕیاران به‌ناوی ئه‌کته‌ره‌ ناوداره‌کان ناویان ده‌به‌ن. ئه‌م بازرگانییه‌ دوای رووخانی رژێمی پێشوو به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رچاو له‌و ناوچه‌یه‌ بڵاوبوویه‌وه‌. فرۆشیاران به‌ هاوار و ده‌نگی به‌رز کێبه‌رکێیان له‌ راکێشانی گه‌نجانی رێبواردا ده‌کرد. زۆرجارانیش ده‌کرا مرۆڤ به‌ر له‌ کڕینی دی ڤی د یدیمه‌نێک له‌ فیلمه‌که‌ ته‌ماشا بکات. چه‌ند چایخانه‌یه‌کی شه‌قامی سه‌عدونیش بڕێکی زیادی پاره‌یان ده‌خسته‌ سه‌ر نرخی هه‌ر چایه‌ک له‌به‌رامبه‌ر نیشاندانی فیلمی رووت له‌ چایخانه‌که‌دا. ئه‌مه‌ ئێستا به‌ هۆی به‌دواداچوونی ئاسایشه‌وه‌ زۆر که‌مبۆته‌وه‌، به‌ڵام فرۆشتنی سیدی فیلمی رووت هێشتا هه‌ر به‌رده‌وامه‌.

هه‌ر ئه‌م فرۆشیارانه‌ له‌ پاڵ فیلمی رووت، نوێترین فیلمی جیهانی و عه‌ره‌بی ناوداریش ده‌فرۆشن که‌ هه‌ندێکیان هێشتا هه‌ر له‌سه‌ر شاشه‌ی سینه‌ماکان نیشان ده‌درێن و زۆر تازه‌ن. ئه‌م فیلمانه‌ به‌ نایاسایی ده‌هێنرێنه‌ ناو عێراقه‌وه‌ و هیچ یاسایه‌کی رێکخه‌ری ئه‌م جۆره‌ بازرگانییه‌ نایاساییه‌ش نییه‌، که‌واته‌ له‌ حاڵه‌تێکی ئاوادا چی بۆ سینه‌ماکان ده‌مێنێته‌وه‌؟

واپێده‌چێت که‌ وروژاندنی جنسی تاکه‌ شتێک بێت سینه‌ماکانی به‌غدای به‌ زیندووی هێشتبێته‌وه‌. ئه‌م په‌شێوه‌یه‌ی سینه‌ماکان له‌ نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی رابردوو و سه‌پاندنی ئابڵۆقه‌ی ئابووییه‌وه‌ ده‌ستی پێکرد، که‌ بووه‌ هۆی که‌مبوونه‌وه‌ی کڕینی فیلمی بیانی. ته‌ماشاکه‌ری کلاسیکیش که‌ بریتی بوون له‌ خێزانه‌ عێراقییه‌کان له‌ سه‌ردانی سینه‌ماکان کشانه‌وه‌ و به‌مه‌ش سینه‌کامان ورده‌ورده‌ به‌تاڵ ده‌بوون تا دواتر شه‌ڕیشی به‌دوادا هات و به‌شێوه‌یه‌کی ته‌واو دابی هاموشوۆکردنی سینه‌ماکانی کوشت. ئیدی زۆربه‌ی سینه‌ماکانیش ناچار بوون ده‌رگاکانیان دابخه‌ن. به‌تیابه‌تیش له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی توندوتیژیی له‌ وڵاتدا و ونبوونی ژیانی مه‌ده‌نی به‌شێوه‌یه‌کی ته‌واو له‌ به‌غدا و شار و پارێزگاکانی دیکه‌ی عێراقدا.

یه‌کێک له‌ هاتوچۆکه‌رانی سینه‌ماکان راشکاوانه‌ مه‌به‌ستی له‌ چوونه‌ سینه‌ما راده‌گه‌یه‌نێت ئه‌ویش ته‌ماشاکردنی دیمه‌نه‌کانی ئه‌کته‌ری ناوداری تورکی "هۆلیا"یه‌ که‌ له‌ چه‌ندین دیمه‌نی ئه‌و فیلمه‌ی نیشان ده‌درا و بۆ نزیکه‌ی ده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شۆخوشه‌نگی خۆی ده‌رده‌خات.

زۆرێک له‌ هۆڵی سینه‌ماکانی به‌غدا و پارێزگاکانی دیکه‌ ئێستا کراون به‌ کۆگای دانه‌وێڵه‌ و شوێنی کاروباری پیشه‌سازی، وه‌ک سینه‌ما "بیضاء"ی به‌غدا که‌ کراوه‌ته‌ "کارگه‌ی دارتاشی بیضاء". خودانی کارگه‌ دارتاشییه‌که‌ ده‌ڵێت: "من زۆر به‌ حاڵی ئه‌م سینه‌مایه‌ خه‌فه‌تبارم، هه‌ر بۆ شانازیکردنیش به‌م خانه‌ دێرینه‌ ناوه‌که‌یم هێشتۆته‌وه‌".

ده‌رهێنه‌ری عێراقی هادی ماهوود داخی خۆی بۆ حاڵی سینه‌ماکانی عێراق ده‌رده‌بڕێت که‌ پێیوایه‌ "مه‌شخه‌ڵێکی ژیانی مه‌ده‌نی بوون له‌ عێراقدا و به‌شێک بوون له‌ شوێنه‌کانی کاتبه‌سه‌ربردنی سه‌ره‌کی خێزانی عێراقی". ماهوود هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: " [سینه‌ماکان] جۆرێک له‌ ره‌فتاری شارستناییان لای مرۆڤی عێراقی درووست ده‌کرد" و قسه‌کانی به‌وه‌ کۆتایی دێنێت که‌ "من بێ سینه‌ما له‌ عێراقێکی نوێ تێناگه‌م".

وادیاره‌ باشتربوونی هه‌لومه‌رجی ئه‌منی به‌غدای پایته‌خت مه‌سه‌له‌ی بووژاندنه‌وه‌ی سینه‌ما دێرینه‌کانی به‌غدا ده‌کاته‌وه‌ به‌ داخوازییه‌کی رۆشنبیری گرنگ، به‌ڵام تا ئێستا نه‌ به‌رنامه‌ و نه‌ پلانێکی نیشتمانی له‌م باره‌یه‌وه‌ نییه‌، خاوه‌ن سینه‌ماکان و سینه‌مادۆستانیش جگه‌ له‌ کۆمه‌ڵێک بیره‌وه‌ی جوانی رۆژانێک که‌ بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ به‌سه‌رچوون شتێکی دیکه‌ شک نابه‌ن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌