راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ره‌مه‌زانی ئه‌مساڵ جیایه‌

ئه‌حمه‌د سه‌عداوی
"ره‌مه‌زانی ئه‌مساڵ جیایه‌"،…
19.09.2008  |  به‌غدا

له‌وانه‌یه‌ دیارترین به‌ڵگه‌ی بووژانه‌وه‌ی ژیانی شه‌وانه‌ و هه‌ڵدرانه‌وه‌ی په‌ڕه‌ی توندوتیژیی ناوخۆ ئه‌نجامدانی چه‌ند چالاکییه‌کی شه‌وانه‌ له‌ شه‌قامی کیفاحی ناوه‌ڕاستی به‌غدا بێت، به‌تایبه‌تیش یاری "محێبس"ی میللی که‌ ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ یاریکه‌ران به‌شداری تێداده‌که‌ن و یاریکه‌ران به‌سه‌ر دوو ده‌سته‌دا دابه‌ش ده‌بن، ئه‌نگوستیله‌یه‌ک له‌ ده‌ستی یه‌کێک له‌ ئه‌ندامانی ده‌سته‌یه‌کدا ده‌بێت و ئه‌رکی ده‌سته‌که‌ی دیکه‌ش دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و که‌سه‌ ده‌بێت. ئێستا شه‌وانه‌ به‌ ده‌یان یاریکه‌ری "محێبس" له‌ شه‌قامی کیفاح کۆده‌بنه‌وه‌، ئه‌و شه‌قامه‌ی له‌ ترسناکترین ناوچه‌کانی پایته‌خت بوو و بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ له‌ژێر کۆنتڕۆلی گرووپه‌ چه‌کداره‌ سوننیه‌ توندڕه‌وه‌کان و مه‌یدانی پێکدادانی نێوان ئه‌و گرووپانه‌ و هێزه‌کانی ئاسایشی عێراق و یان میلیشیا شیعه‌کان بوو.

شتێکی ئه‌م ره‌مه‌زانه‌ که‌ له‌ ره‌مه‌زانه‌کانی پێشوو جیا نییه‌ به‌رزیی نرخی که‌لوپه‌لی خوارده‌مه‌نییه‌، ئه‌مه‌ش چیرۆکێکه‌ نه‌وه‌ک هه‌ر له‌ عێراق به‌ڵکو وه‌ک راپۆرته‌ ئابوورییه‌کان باسی ده‌که‌ن ره‌مه‌زانی هه‌موو ساڵێک له‌ زۆرێک له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بیشدا دوباره‌ ده‌بێته‌وه‌. به‌ڵام به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌کان له‌ مانگی ره‌مه‌زان له‌ عێراقدا تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌. ئاشکرایه‌ که‌ بازرگانه‌کان داوای زۆر له‌سه‌ر که‌لوپه‌له‌کان له‌ مانگی ره‌مه‌زاندا بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی نرخه‌کانیان ده‌قۆزنه‌وه‌، به‌ڵام هۆی دیکه‌ش هه‌ن.

"دایکی حه‌سه‌ن" ئافره‌تێکی دانیشتووی گه‌ڕه‌ی مه‌نسوری به‌غدایه‌ و ده‌ڵێت بۆ کڕینی که‌لوپه‌لی خوارده‌مه‌نی به‌ نرخێکی هه‌رزانتر له‌وه‌ی له‌ دووکانه‌کانی لای خۆیان ناچاره‌ بچێته‌ بازاڕی شوریجه‌، که‌ بازاڕێکی سه‌ره‌کی به‌غدای پایته‌خته‌. چونکه‌ لای خۆیان نرخه‌کان هه‌ندێک جاران دووبه‌رابه‌رن. دایکی حه‌سه‌ن هۆی ئه‌مه‌ بۆ سه‌ختی گواستنه‌وه‌ی که‌لوپه‌لی خوارده‌مه‌نی له‌ شۆریجه‌وه‌ بۆ ناوچه‌کانی دیکه‌ به‌هۆی زۆریی بازگه‌ی ئه‌منی، به‌ربه‌ست و رێگای داخراو ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌ نرخی گواستنه‌وه‌ زۆر ده‌به‌نه‌ سه‌ر و به‌وپێیه‌ بازرگانه‌کانیش نرخی که‌لوپه‌لی خوارده‌مه‌نیش دووبه‌رابه‌ر ده‌که‌نه‌وه‌.

گه‌لێک له‌ هاوڵاتییانیش ناڕازین له‌وه‌ی به‌شه‌ خۆراکی مانگانه‌ و هه‌روا ئه‌و به‌شه‌ زیاده‌یه‌ی که‌لوپه‌لی خوارده‌مه‌نی سه‌ره‌کیش که‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی بۆ مانگی ره‌مه‌زان ته‌رخانی کردبوو دواکه‌وتووه‌. ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ خواست له‌سه‌ر ئه‌م که‌لوپه‌لانه‌ زیاد بێت و نرخه‌که‌یشیان به‌رز بێته‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یاندنه‌ رۆژانه‌مه‌وانییه‌کانی وه‌زاره‌تی بازرگانی به‌شه‌ زیاده‌که‌ی خۆراکی ره‌مه‌زان بریتی بوو له‌ 5 کیلۆ ئاردی سفر بۆ هه‌ر خێزانێک و دوو کیلۆ شه‌کر و نیوکیلۆ بقولیات، به‌ڵام گرفتی داگرتن له‌ مینای بازرگانی به‌سرا بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م به‌شه‌ زیاده‌یه‌ دوابکه‌وێت.

شتێکی دیکه‌ش که‌ له‌ ره‌مه‌زانی ئه‌مساڵیشدا وه‌ک ساڵانی پێشوو وایه‌ گرفتی کاره‌بایه‌. له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما له‌کاتی رۆژدا هاوڵاتیان و به‌تایبه‌تیش رۆژووگران، به‌هۆی نه‌بوونی کاره‌با و تێکچوونی به‌رده‌وامی موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌کان به‌هۆی گه‌رماوه‌، به‌سه‌ختی ده‌توانن رووبه‌ڕووی گرفتی گه‌رما ببنه‌وه‌، که‌میی ئاوی خواردنه‌وه‌یشی دێته‌ سه‌ر که‌ له‌ نیوه‌ی گه‌ڕه‌که‌کانی به‌غدا به‌شێوه‌یه‌کی رێکوپێک نییه‌ و ئه‌وه‌ش که‌ هه‌یه‌ هاوڵاتیان ترسیان له‌ خواردنه‌وه‌ی هه‌یه‌، نه‌وه‌ک بۆ خواردنه‌وه‌ نه‌شیه‌ت.

سێیه‌م شتیش که‌ له‌م ره‌مه‌زانه‌دا به‌ نه‌گۆڕاوی ماوه‌ته‌وه‌ سروشتی چالاکی مرۆییه‌ له‌ مانگی ره‌مه‌زاندا، چالاکیه‌یکان له‌م مانگه‌دا له‌ زۆرێک له‌ بواره‌کانی ژیان سست ده‌بن و زۆرێک له‌ چێشتخانه‌ و کافیتێریا و چایخانه‌کان به‌ رۆژ داده‌خرێن. هاوڵاتیان هه‌وڵده‌ده‌ن رۆژانه‌ که‌متر ده‌ربچن وئه‌گه‌ر دریش بچن زوو بگه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵ تا خۆیان له‌و قه‌ره‌باڵغییه‌ی نزیکبوونه‌وی کاتی به‌ربانگ ببوێرن. ئیدی ته‌ماشاکردنی به‌رنامه‌ و زنجیره‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌کان تاکه‌ شتێک ده‌بن خه‌ڵکی له‌ ره‌مه‌زاندا کاتییان پێوه‌ به‌سه‌ر به‌رێت، زۆربه‌ی ئه‌م به‌رنامانه‌یش له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌ عێراقی و عه‌ره‌بییه‌کاندا له‌ کاتی شه‌وانه‌دا پێشکه‌ش ده‌کرێن.

که‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌ عێراقییه‌کان که‌ له‌م مانگه‌دا بۆ راکێشانی سه‌رنجی هه‌رچی زیاتری بینه‌ران و ته‌ماشاکردنی به‌رنامه‌ و زنجیره‌کانیان کێبه‌رکێیانه‌، له‌ گواستنه‌وه‌ی که‌شوهه‌وای ره‌مه‌زانییدا له‌یه‌ک جیاوازن. که‌ناڵی "العراقییه‌"ی نیمچه‌ حکومی زیاتر باس له‌ باشبوونی ره‌وشی ئه‌منی ده‌کات، دیمه‌نه‌کانی چالاکی شه‌وانه‌ی بازار و گه‌ره‌که‌ جیاجیاکانی به‌غدا نیشان ده‌دات و ئه‌و راوبۆچووانه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ که‌ بۆ باشبوونی ره‌وشی ئه‌منی به‌ حکومه‌تدا هه‌ڵده‌ده‌ن. که‌ناڵی "الحره‌"ی ئه‌مه‌ریکی زیاتر ته‌رکیز ده‌کاته‌ سه‌ر چیرۆک و سه‌رگوزشته‌ی تایبه‌ت، وه‌ک ره‌وشی ئاواره‌کان له‌ ژێر خێوه‌ته‌کاندا و چۆن پێشوازی ره‌مه‌زانیان کردووه‌، هه‌روه‌ها چه‌ند چالاکییه‌کی وه‌ک یاری "محێبس"ی میللی و یاری میللی دیکه‌ ده‌گوازێته‌وه‌.

که‌ناڵی "الشرقیه‌" وه‌ک هه‌موو ساڵێک بایه‌خ به‌ چه‌ند به‌رنامه‌یه‌کی مه‌یدانی وه‌ک به‌رنامه‌ی "به‌ربانگه‌که‌تان له‌سه‌ر ئێمه‌یه‌" ده‌دات که‌ تیایدا کارمه‌ندانی که‌ناڵه‌که‌ له‌ هه‌ر به‌رنامه‌یه‌کدا خۆاردنی به‌ربانگی خێزانێکی عێراقی ئاماده‌ و چه‌ند دیارییه‌کی پێشکه‌ش ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ش یه‌کێک له‌و به‌رنامانه‌یه‌ که‌ ته‌ماشاکه‌رێکی زۆری هه‌بوو، به‌ر له‌وه‌ی چوار که‌س ستافی به‌رنامه‌که‌ (به‌ڕێوه‌به‌ری که‌ناڵی موسڵ و دوو وێنه‌گر و شوفێرێک) له‌ شاری موسڵ له‌لایه‌ن گرووپێکی چه‌کداره‌وه‌ ده‌ڕفێنرێن و دواتریش ده‌کوژرێن، فه‌ریده‌ی پێشکه‌شکه‌ری به‌رنامه‌که‌یش به‌ موعجیزه‌ له‌ ده‌ست مه‌رگ رزگاری بوو، چونکه‌ له‌ کاتی رفاندنه‌که‌دا ئه‌و له‌یه‌کێک له‌ ماڵه‌کاندا بووه‌.

به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ یاری "محێبس"ی میللی، شتێکی زۆر سه‌رنجڕاکێشی ره‌مه‌زانی ئه‌مساڵ رێککه‌وتنی گه‌نجانی هه‌ردوو ناوچه‌ی ئه‌عزه‌مییه‌ی سوننه‌نشین و کازمییه‌ی شیعه‌نشین بۆ ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی یاری "محێبس" له‌ نێوان ئه‌و دوو گه‌ڕه‌که‌دا، که‌ به‌ر له‌وه‌ی توندوتیژیی مه‌زهه‌بی وڵات بته‌نێته‌وه‌، ده‌یان ساڵبوو شه‌وانی ره‌مه‌زانان (زۆر جاران تا به‌ره‌به‌یان) ئه‌م یارییه‌ له‌ نێوان ئه‌و دوو گه‌ڕه‌که‌دا ده‌کرا.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌