راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

مه‌ته‌ڵه‌كه‌ ئاشكرا نابێت
په‌تای‌ ته‌قینه‌وه‌ له‌كۆگای‌ چه‌كه‌كه‌كانی‌ كوردستانی‌ داوه‌

ئاواره حه‌مید
له‌ماوه‌ی‌ ئه‌مساڵدا به‌شێوه‌یه‌كی‌ گوماناوی‌ شه‌ش كۆگای‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌ڵگرتنی‌ چه‌ك له‌كوردستان ته‌قینه‌وه‌، سه‌یر له‌وه‌دایه‌ چواردانه‌یان ته‌نیا له‌ماوه‌ی‌ هه‌فته‌یه‌كدا یه‌ك به‌دوا یه‌ك ته‌قینه‌وه‌.
12.07.2018  |  هه‌ولێر
 ( :وێنه حمه سور)
( :وێنه حمه سور)

پله‌ی‌ گه‌رماو نه‌گونجاوی‌ شوێن‌و شێوازی‌ هه‌ڵگرتنی‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان كه‌ پاساوی‌ ره‌سمی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ ئه‌و كۆگای‌ چه‌كانه‌ بوون، رێی‌ نه‌دا گومانه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و رووداوانه‌ ساردببنه‌وه‌، به‌رده‌وامیش له‌گه‌ڵ دووباره‌ بوونه‌وه‌یان گومانه‌كانیش زیاتر ده‌بوون.

 

كاتژمێر 4:30 خوله‌كی به‌ره‌به‌یانی 30ی حوزه‌یرانی 2018 له‌ناوچه‌ی به‌حركه‌ی‌ سنوری‌ هه‌ولێر كۆگایه‌كی چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی ته‌قیه‌وه‌و سێ رۆژ دواتریش له‌ 3ی  ته‌مووزدا له‌ناوچه‌ی تاسڵوجه‌ی پارێزگای سلێمانی كۆگایه‌تی تری‌ سه‌ر به‌ یه‌كه‌ی 70ی پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ته‌قییه‌وه‌.

 

هێشتا پرسیاره‌كانی‌ سه‌ر هۆكاری‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ وه‌ڵامنه‌درابوونه‌وه‌ كاتێك بۆ رۆژی‌ 3ی‌ ته‌مووز سێهه‌م كۆگای‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی (له‌شكری رۆژ) له‌پارێزگای دهۆك ته‌قییه‌وه‌.

 

 په‌تای‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ كۆگای‌ چه‌ك ئیداره‌ی‌ راپه‌ڕینی‌ سنوری‌ سلێمانیشی گرته‌وه‌ كاتێك شه‌وی (5)ی‌ ته‌مووز هاوڵاتیانی‌ سنوری‌ ناحیه‌ی چوارقوڕنه‌ به‌ده‌نگی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ كۆگایه‌كی تری‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی خه‌به‌ریان بووه‌وه‌.

 

 به‌ستنه‌وه‌ی‌ ته‌نز ئامێزی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ یه‌كێك له‌كۆگاكان به‌ یادی‌ له‌دایكبوونی‌ به‌رپرسێكی‌ سه‌ربازیی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ئاماژه‌ بوون بۆ نه‌مانی‌ متمانه‌ی‌ رای‌ گشتی‌‌و ئه‌و پاساوانه‌ی‌ كه‌ له‌كاتی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ ئه‌و كۆگایانه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی‌ ئه‌منیه‌وه‌ راده‌گه‌یه‌ندران.

 

جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری‌ گشتی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ "نیقاش"ی‌ وت "زۆربه‌ی‌ ئه‌و كۆگایانه‌ی‌ ته‌قیونه‌ته‌وه‌ سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ نین، به‌ڵكو سه‌ر به‌فه‌رمانده‌ی‌ زێره‌ڤانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ یان هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتین، وه‌زاره‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ سێ كۆگای‌ سه‌ره‌كی‌ چه‌كی‌ هه‌یه‌ له‌هه‌ولێر‌و سلێمانی‌‌و دهۆك كه‌ له‌ژێر رێنمایی‌‌و چاوێری‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ دژ به‌ داعشدان‌و مه‌رجه‌كانی كۆگایان تێدایه‌".

 

جه‌بار یاوه‌ر هۆكاری‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ كۆگاكانی‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌م مانگه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ نه‌ گونجاوی‌ شوێنی‌ هه‌ڵگرتنیان‌و به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ پله‌ی‌ گه‌رما.

 

ئه‌و ده‌ڵێت "ئه‌م كۆگایانه‌ی‌ ته‌قیونه‌ته‌وه‌ چه‌كه‌كانی‌ له‌ژێر جه‌مه‌لۆنێكی‌ ئاساییدا بوون‌و سیفاتی‌ كۆگایان تێدانییه‌، كه‌لوپه‌له‌كان‌و گوله‌و ته‌قه‌مه‌نی‌ به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌ڵگیراون كه‌ مادده‌ی‌ دینامیتی‌ تیابووه‌و له‌به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ پله‌ی‌ گه‌رمادا ده‌ته‌قێته‌وه‌".

 

له‌گه‌ڵ هه‌موو گومانه‌كان بۆ رووداوه‌كانی‌ه‌ ئه‌م دواییه‌، به‌ڵام ته‌قینه‌وه‌ی‌ كۆگاكانی‌ چه‌ك له‌هه‌رێمی‌ كوردستان نوێ نییه‌و پێشینه‌ی‌ هه‌بووه‌.

 

له‌مانگی‌ ئابی‌ ساڵی‌ رابردوودا كۆگایه‌كی‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌ به‌دووری‌ چه‌ند سه‌د مه‌ترێك له‌بینای‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌هه‌ولێر ته‌قیه‌وه‌و شه‌وی‌ 26ی‌ هه‌مان مانگیش كۆگایه‌كی‌ تر له‌نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر ته‌قییه‌وه‌.

 

تائێستا ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ ئۆباڵی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ كۆگاكان ده‌خرێته‌ ملی‌ پله‌ی‌ گه‌رماو نه‌گونجاوی‌ شوێن‌و شێوازی‌ هه‌ڵگرتنی‌ چه‌كه‌كان.

 

فه‌ریق روكن خۆرشید سه‌لیم دوسكی، شاره‌زایی‌ كاروباری‌ سه‌ربازیی‌ به‌" نیقاش"ی‌ وت "هۆكاری‌ ته‌قینه‌وه‌كان هه‌مه‌جۆری‌ چه‌ك‌و كه‌لوپه‌له‌ سه‌ربازییه‌كانه‌ كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌ڵگیراون‌و هیچ مه‌رجێكیان تێدا نییه‌و پێویسته‌ كۆگای‌ چه‌ك له‌ژێر زه‌وی‌ بێت‌و خۆَڵی‌ تائاستی‌ سێ مه‌تر له‌سه‌ر كۆبكرێته‌وه‌و فێنك كه‌ره‌وه‌ی‌ هه‌بێت‌و جۆری‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نیه‌كان جیا بكرێنه‌وه‌ ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كۆنی‌ چه‌كه‌كان‌و پله‌ی‌ گه‌رما كاریگه‌ریی‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌یان".

 

 به‌ڵام ئه‌و هۆكاره‌ بۆ ته‌قینه‌وه‌ی‌ كۆگاكان نه‌یتوانیوه‌ باوه‌ڕ به‌و كه‌سانه‌ بهێنێت كه‌ به‌رپرسی به‌شێك له‌كۆگاكانن.

 

جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، به‌رپرسی‌ یه‌كه‌ی‌ 70ی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ كه‌ كۆگا ته‌قیوه‌كه‌ی‌ سلێمانی‌ سه‌ر به‌هێزه‌كه‌ی‌  ئه‌و بووه‌ به‌ "نیقاش"ی‌ وت "باوه‌ڕمان به‌وه‌ نییه‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ كۆگاكه‌ی‌ یه‌كه‌ی‌ 70 له‌سلێمانی‌ شۆرتی‌ كاره‌با یاخود به‌هۆی‌ پله‌ی‌ گه‌رماوه‌ بووبێت، به‌ڵام ناشزانین هۆكاره‌كه‌ی‌ چی‌ بووه‌، ئه‌وه‌ سپێردراوه‌ به‌لیژنه‌یه‌ك".

 

ترس له‌گومانه‌كان له‌لای به‌رپرسی هێزه‌كانی‌ 70  له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ كه‌ له‌نێو خه‌ڵكدا هه‌یه‌، جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا وتی‌ "به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ گومانه‌كان ته‌نیا له‌ناوخۆی‌ هه‌رێم نییه‌و له‌ده‌ره‌وه‌شه‌، بۆیه‌ ئه‌ڵمانیاو ئه‌مریكا ئاگادار كراونه‌ته‌وه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ته‌قینه‌وه‌ی‌ كۆگاكه‌ی‌ سلێمانی".

 

په‌لكێشكردنی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ دژ به‌ داعش بۆ ناو ره‌وتی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌پاش ئه‌وه‌هات كه‌ یه‌كێك له‌گومانه‌كان ئه‌وه‌ بوو كه‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و كۆگایانه‌ به‌مه‌به‌ست بووبێت بۆ شاردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و چه‌كه‌ ونبووانه‌ی‌ ئه‌و هاوپه‌كانێتیه‌ به‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ داوه‌ له‌كاتی‌ شه‌ڕی‌ دژ به‌داعشدا له‌ نێوان ساڵی‌ 2014 بۆ 2017.

  

 

به‌ڵام لیوا ئه‌حمه‌د كۆیی به‌رپرسی‌ یه‌كه‌ی‌ پاسه‌وانی‌ له‌ فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ زێره‌ڤانی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و چه‌كانه‌ی‌ له‌كۆگاكاندا ته‌قیونه‌ته‌وه‌ هی‌ سوپای‌ حزبی به‌عس‌و پاشماوه‌ی چه‌كه‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگیراوه‌كانی چه‌كدارانی داعش بوون.

 

 كۆیی به‌ "نیقاش"ی وت "ئه‌و چه‌كانه‌ بۆیه‌ ته‌قیونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ زانستی‌ هه‌ڵنه‌گیراون‌و له‌سه‌ر یه‌ك داندراون‌و به‌شێكیشیان دروستكراوی‌ ده‌ستی‌ چه‌كدارانی‌ داعش بوون‌و  به‌هۆی گه‌رماوه‌ ته‌قیونه‌ته‌وه‌و مه‌رجیان تێدا نه‌بوو".

 

په‌رله‌مانی‌ كوردستان كه‌ باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی‌ چاودێریكردنه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان داوای‌ ئه‌نجامی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌ی‌ كۆگاكان. 

 

شیلان جه‌عفه‌ر، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌" نیقاش"ی‌ وت " نوێنه‌ری‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌مان بانگهێشتی‌ په‌رله‌مان كرد، ئه‌وان وتیان لیژنه‌مان پێكهێناوه‌و پرسیاریشمان لێكردن به‌وه‌ی‌ چۆن له‌یه‌ك هه‌فته‌داو له‌شه‌ویشدا كۆگاكان ده‌ته‌قنه‌وه‌و ئه‌وانیش وتیان لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كه‌ین‌و ئاگادارتان ده‌كه‌ینه‌وه‌".

 

 پێده‌چێت ئه‌و چاوه‌ڕوانیه‌ی‌ په‌رله‌مانیش بۆ ده‌ره‌نجامی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌ی‌ ئه‌و كۆگایانه‌ی‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌ نه‌یانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌وه‌ی‌ وه‌ڵامی‌ ئه‌و پرسیارانه‌یان ده‌ست بكه‌وێت كه‌ له‌نێو رای‌ گشتیدا دروستبوون له‌سه‌ر ئه‌و روداوانه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان نوێنه‌رایه‌تیان ده‌كات.  

 

ئه‌یوب عه‌بدولا، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوخۆ له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌"نیقاش"ی وت "وه‌ك لیژنه‌ نوسراومان ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كردووه‌و داوامان كردووه‌ راپۆرتی ته‌قینه‌وه‌كانی ئه‌مساڵ‌و هه‌ردوو كۆگاكه‌ی ساڵی رابردوو بۆ لیژنه‌كه‌مان بنێرن، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا وه‌ڵام نه‌دراوینه‌ته‌وه‌".

 

وتیشی‌ "هیچ به‌دواداچوون بۆ ته‌قینه‌وه‌كانی ساڵی رابردوو نه‌كراوه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و كاته‌ په‌رله‌مان په‌كخرابوو".

 

 له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا لیژنه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ ته‌قینه‌وه‌كانی‌ پێشوش پێكهێنرا، به‌ڵام ده‌ره‌نجامه‌كانی‌ رانه‌گه‌یه‌ندراون بۆ رای‌ گشتی‌ كه‌ پێده‌چێت ئه‌و پرسه‌ بخرێته‌ چوارچێوه‌ی‌ دۆسیه‌ هه‌ستیاره‌ سه‌ربازییه‌كانه‌وه‌.

 

ئه‌منیداری‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر ئه‌نجامی‌ لیژنه‌كانیش ته‌واو بێت له‌سه‌ر ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ ئاشكرایناكه‌ین چ جۆره‌ چه‌كێك بووه‌ ته‌قیوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ نهێنی‌ سه‌ربازییه‌".

 

له‌پاڵ گومانی‌ سه‌ر هۆكاری‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ كۆگاكان شه‌ڕێكی‌ تری‌ سه‌ر ئه‌و رووداوه‌، بێ خاوه‌نی‌ كۆگاكانه‌ له‌نێوان وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌گه‌و ناوخۆدا كه‌ هیچیان خۆیان ناكه‌ن به‌ خاوه‌نی‌.

 

له‌كاتێكدا ئه‌مینداری‌ گشتی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ ئه‌و كۆگایانه‌ی‌ ته‌قیونه‌ته‌وه‌ سه‌ر به‌وان نین وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ پێچه‌وانه‌كه‌ی‌ لا راسته‌.

 

سامی جه‌لال، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ "نیقاش" وتی‌ "هیچ كۆگایه‌كی وه‌زاره‌تی ناوخۆ نه‌قیونه‌ونه‌ته‌وه‌و سه‌رجه‌م كۆگاكان هی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ن".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌