راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

رووداوی تەمومژاوی
كه‌ركوك.. كوژراو دیارو بكوژ نادیار‌

شاڵاو محەمەد
لەماوەی كەمتر لەدوومانگدا بەشێوەیەکی تەمومژاوی زیاتر لەحه‌وت مەدەنی لەسەر دەستی هێزە ئەمنییەکان كوژراون‌و برینداربوون، بەوهۆیەوە هێزە کوردییەکان داوای دروستكردنی هێزێكی هاوبه‌ش دەکەن.
28.06.2018  |  كه‌ركوك
القوات العراقية تتقدم باتجاه مركز مدينة كركوك ( :وێنه احمد الربيعي)
القوات العراقية تتقدم باتجاه مركز مدينة كركوك ( :وێنه احمد الربيعي)

رۆژی 16ی حوزه‌یرانی ئۆتۆمبێلێکی نەناسراو نارنجۆکێكی بۆ هەمەرێكی هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆری عێراقی هەڵدا لەبەردەم بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەکەرکووک، کە ئێستا بارەگای هێزەکانی دژە تیرۆری عێراقه‌، ئەوکات دەنگی تەقەیەکی زۆر بیستراو به‌و هۆیه‌وه‌ ژنێكی تەمەن 65 ساڵ به‌ناوی حه‌لاو نه‌سره‌دین كوژراو سێ کەسی تریش برینداربون. کەسوکارەکەی حەلاوە وتیان بەفیشەکی دژە تیرۆر پێکراوە.

 

مانگێک لەوەوبەریش لەکاتی ئاهەنگگێڕانی لایەنگرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەپاش هەڵبژاردنەکانی ئایاری رابردوو، لەناو کەرکووک تەقەیەکی زۆر کراو منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵان بەناوی هه‌رێم غه‌مبار کوژرا، کەسوکارەکەی وتیان لەلایەن هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆری عێراقه‌وه‌ تەقەیان لێکراوە.

 

غەمبار محەمەد باوکی هەرێم به‌"نیقاش"ی وت "ئێمه‌ ده‌مانویست له‌ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتنی یه‌كێتی له‌كه‌ركوك به‌شداری بكه‌ین، به‌ڵام هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆری عێراقی له‌گه‌ره‌كی شۆریجه‌ بازگه‌یان داناو رێگریان له‌خه‌ڵك ده‌كرد به‌ره‌و ئه‌و ئاهه‌نگه‌ بروات كه‌ لای قه‌ڵای كه‌ركوك رێكخرابوو، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند قسه‌یه‌ك له‌نێوانمان روویدا رێگه‌یان پێداین برۆین به‌ڵام له‌لایه‌ن كارمه‌ندێكی ده‌زگای دژه‌ تیرۆری عێراقیه‌وه‌ دراینه‌ به‌رده‌سترێژی گوله‌ خۆم به‌سه‌ختی بریندار بووم‌و هه‌رێمی كوڕیشم شه‌هید بوو."

 

وتیشی "سكاڵامان تۆماركردووه‌، به‌ڵام بێئومێدین بكوژی هه‌رێم بدرێته‌ دادگا، چونكه‌ له‌م شاره‌دا هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی كه‌ركوك ده‌سه‌ڵاتیان وه‌ك هێزه‌ سه‌پێنراوه‌كان پارێزگاكه‌ نییه‌."

 

زانا كه‌ریم كوڕی حه‌لاوه‌، ئەو ژنەی لەبەردەم بارەگای دژە تیرۆری عێراق کوژرا له‌لێدوانه‌كه‌یدا بۆ "نیقاش" هه‌مان بۆچوونی غه‌مباری هه‌بوو، ئه‌و ده‌ڵێت :"له‌ هه‌ر پارێزگایه‌كی عێراق ئه‌گه‌ر یاسا سه‌روه‌ربێت، ئه‌و هێزه‌ی ژنێكی ته‌مه‌ن 65 ساڵ‌و منداڵی ته‌مه‌ن 5 ساڵان بكوژێت ده‌بێت سزایه‌كی توند بدرێت، به‌ڵام یاسا نییه‌و هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆری عێراق بۆخۆیان حاكمی یه‌كه‌م‌و كۆتایی كه‌ركوكن."

 

ئه‌وه‌ی ئێستا له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایەتیه‌كان‌و لای خانه‌واده‌ی كوژراوه‌كان باسی لێوه‌ده‌كرێت ئه‌وه‌یه‌ دۆسییه‌ی ئەنجامدەرانی رووداوەكانی كوشتن له‌لایه‌ن هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری عێراقیه‌وه‌ بەهەڵپەسێراوی ماونەتەوە، به‌ڵام كوژاوه‌كان خوێنه‌كانیش وشك بۆته‌وه‌و كه‌سوكاره‌كانیشیان ده‌بێت هه‌ر له‌چاوه‌روانیه‌كی نا ئومێدیدا بن.

 

له‌به‌رانبه‌ردا ، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆری عێراق له‌رونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ كۆپیه‌كی لای "نیقاش"ە ‌ ده‌ڵێت "هێزه‌كانی ئێمه‌ هاوڵاتی مه‌ده‌نیان نه‌كوشتووه‌، كوشتنی حه‌لاوه‌ نه‌سره‌دینش به‌ده‌ستی ئه‌و كه‌سانه‌ كوژراوه‌ كه‌ ته‌قه‌یان له‌هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆر كردووه‌ له‌و كاته‌دا ئه‌وانیش له‌وێوه‌ تێپه‌ڕیون".

 

لیوا مه‌عن ساعدی فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆر له‌ رونكردنه‌وه‌كه‌یدا ئه‌وه‌شی خستۆته‌روو: "له‌نێو ئۆتۆمبێلێكه‌وه‌ به‌بۆمبی ده‌ستی هێرشكراوه‌ته‌ سه‌ر هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆری عێراقی كه‌ باره‌گاكه‌ی له‌سه‌ر رێی كه‌ركوك-هه‌ولێره‌، دواتر ته‌قه‌ له‌باره‌گاكه‌مان كراوه‌ به‌هۆیه‌وه‌ سێ كارمه‌ندیان برینداربون.. لەو‌كاته‌شدا خانه‌واده‌ی حه‌لاوه‌ نه‌سره‌دین له‌وێوه‌ تێپه‌ریوون‌و به‌داخه‌وه‌ كوژرا."

 

دوایی كوشتنی حه‌لاوه‌ نه‌سره‌دین فشارێكی زۆر له‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كرا كه‌ خاوه‌نی زۆرترین ده‌نگده‌ری كه‌ركوكه‌، كه‌ داوای لێكۆڵێنه‌وه‌ بكات له‌كوشتنی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی كه‌ركوك.

 

رێبوار ته‌ها نوێنه‌ری كه‌ركوك له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌"نیقاش"ی وت "هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆری عێراقی تۆمه‌تبارن به‌شه‌هیدكردنی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی كه‌ركوك له‌به‌رئه‌وه‌ داوای لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵێنه‌وه‌مان كرد كه‌ له‌ به‌غداده‌وه‌ بن بۆ به‌دواداچوون له‌شه‌هیدكردنی هاوڵاتیانی مه‌ده‌ن كه‌ ته‌واویان كوردن، به‌غدادیش لیژنه‌یه‌كه‌ی ناردووه‌و چاوه‌رێی ئه‌نجامی لێكۆڵێنه‌وه‌كه‌ین."

 

وتیشی "پێویسته‌ ئه‌و داوایه‌ی ئێمه‌ له‌به‌غداد كردمان پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت بیكردایه،‌ به‌ڵام پارێزگار تائێستا یه‌ك ووشه‌ی له‌سه‌ر روداوی كوشتنی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی كه‌ركوك نه‌بووه‌."

 

نیقاش په‌یوه‌ندیكرد به‌ راكان سه‌عید جبوری پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت به‌ڵام هه‌وڵه‌كان بێ ئاكام بوون.

 

كه‌ركوك یەكێكە لە پارێزگایانه‌ی به‌ناوچه‌ی جێناكۆكی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ند ناوی دێت كه‌ دانیشتوانەكەی لەكوردو عەرەب‌‌و توركمان، هەروەها كاكەیی‌‌و كریستیانی‌و هەردوو مەزهەبی شیعەو سونە پێكدێت، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ زۆر كات روداوێك كه‌ روده‌دات داواكاری سیاسی لێبكه‌وێته‌وه‌.

 

دوای زیادبوونی حاڵه‌ته‌كانی كوشتنی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی، یه‌كێتی داوای هێزێكی هاوبه‌شی كرد بۆ كه‌ركوك، به‌ڵام پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب‌و توركمان له‌سه‌ر شێوازی كاركردنی ئه‌و هێزه‌ هاوبه‌شه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

 

به‌پێی زانیارییه‌كانی "نیقاش"، یه‌كێتی ده‌یه‌وێت ژوورێكی هه‌ماهه‌نگی ئه‌منی له‌نێوان هێزێكی هاوبه‌شی ئه‌منی دروست بكرێت كه‌ پێكهاتبێت له‌پێشمه‌رگه‌و سوپا و پۆلیس هاوشێوه‌ی ئه‌و هێزه‌ هاوبه‌شه‌ی كه‌ركوكی به‌رێوه‌ده‌برد له‌پێش سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ری داعش.

 

محه‌مه‌د عوسمان ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی یه‌كێتی لەکەرکوک، هۆشداریی دەدات لە خراپبوونی رەوشی ئەمنی لەپارێزگاکە ئه‌گه‌ر هێزێكی هاوبه‌ش دروست نه‌كرێت.

 

محه‌مه‌د عوسمان له‌رۆژی ٢١ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵدا لەرێی نووسراوێکەوە بۆ سەرکۆمارو سەرۆکوەزیران‌و وەزیری بەرگریی‌و ناوخۆی عێراقی ناردووە، ئه‌وه‌ ده‌خاته‌روو كوشتنی هاوڵاتیان‌و رفاندن‌و گۆرینی دیموگرافیای كه‌ركوك روو له‌زیادبوونه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م دۆخه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت ترس‌و دڵه‌رواكێ له‌پارێزگاكه‌ زیاد ده‌كات، بۆیه‌ داواكارین هێزێكی هاوبه‌ش به‌رپرسیارێتی ئه‌منی له‌ ئه‌ستۆبگرێت له‌پێناو رێگرتن له‌خوێنرشتن له‌كه‌ركوكدا."

 

هه‌ر زوو دوای داواكارییه‌كه‌ی یه‌كێتی بۆ دروستكردنی هێزی هاوبه‌ش له‌لایه‌ن عه‌ره‌ب‌و توركمان ره‌تكرایه‌وه‌.

 

محه‌مه‌د خزر ئه‌ندامی گردبونه‌وه‌ی عه‌ره‌بی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌"نیقاش"ی وت "تاكو حكومه‌تی عێراقی به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی رەزا‌مه‌ندی نیشان نه‌دات له‌سه‌ر نیشتمانی بوونی هێزی پێشمه‌رگه‌و رەزا‌مه‌ندبوونی له‌سه‌ر بوونی پێشمه‌رگه‌ لەكه‌ركوك، ئێمه‌ هێزی هاوبه‌ش له‌ شاره‌كه‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌".

 

لەوە ناچێت بەم زووانە هێزە سیاسییەکانی کەرکووک بگەنە چارەسەرێکی هاوبەش، تا ئەو کاتەش ئەگەری بەردەوامی رووداوەکانی کوشتن بەکراوەیی دەمێنێتەوە.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌