راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

شه‌ڕێكی سارد له‌سه‌ر سنوور
قائیم ئه‌مریكا‌و ئێرانی دوژمن به‌یه‌ك كۆده‌كاته‌وه‌

موسته‌فا حه‌بیب
ئه‌مڕۆ قائیم له‌ململانێیه‌كی نوێی نێوان هێزه‌كانی ئه‌مریكا‌و گرووپه‌ شیعه‌كان ده‌ترسێت، چونكه‌ له‌ شه‌ڕێكی سارددا رووبه‌ڕووی یه‌ك بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری ته‌قینه‌وه‌ی له‌ هه‌ر ساتێكدا له‌ئارادایه‌.
31.05.2018  |  به‌غدا
 ( :وێنه Iraqi Ministry of Defence)
( :وێنه Iraqi Ministry of Defence)

له‌قائیم له‌وپه‌ڕی خۆرئاوای ئه‌نبار له‌سه‌ر سنوور له‌گه‌ڵ سوریا، ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ی به‌ پایته‌ختی نهێنی سه‌ركرده‌كانی رێكخراوی "داعش" داده‌نرا، دانیشتووانه‌كه‌ی دوای ساڵانێك له‌ حوكمی خه‌لافه‌ته‌ توندڕه‌وه‌كه‌ ئێستا له‌سه‌قامگیرییه‌كی ئه‌منیدا ده‌ژین، به‌ڵام بۆنی ناکۆکییەکی قووڵی لێدێت.

 

هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سوپای عێراق له‌و ناوچه‌یه‌ پێشوازیان لێكراوه‌‌و ئه‌فسه‌ره‌ عێراقییه‌كان دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌ستبه‌رداری هه‌وڵه‌كانی ئه‌مریكا بۆ پاراستنی سنوور نابن، هاوكات گرووپه‌ شیعه‌كان هه‌مان ئه‌رك ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌ڵام نیگه‌رانن له‌ بوونی هێزه‌كانی ئه‌مریكا.

 

عه‌بدولڕه‌حمان كه‌ربولی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی ناوچه‌ی رومانه‌ له‌ قائیم خۆشحاڵ دیاربوو كه‌ باسی بارودۆخی شاره‌كه‌ی ده‌كرد، ئه‌و به‌ "نیقاش"ی وت: "بارودۆخی ئه‌منی سه‌قامگیره‌، ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر به‌دیهێنانی ئه‌م خه‌ونه‌ زه‌حمه‌ت بوو، ئه‌و كاته‌ی توندڕه‌وان كۆنترۆڵی شاره‌كه‌یان كردبوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ده‌توانین به‌بێ ترس تا دره‌نگانێكی شه‌و بمێنینه‌وه‌‌و كوڕه‌كه‌شم له‌ به‌یانیان زوو له‌ یه‌كێك له‌ كارگه‌كانی سپیایی له‌ شاره‌كه‌ كارده‌كات".

 

به‌ڵام كه‌ربولی له‌وه‌ ده‌ترسێت ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ كاتی بێت‌و شاره‌كه‌ی ببێته‌ قوربانی ململانێیه‌كی نوێی نێوان هێزه‌كانی ئه‌مریكا‌و گرووپه‌ شیعه‌كان‌و ده‌ڵێت: "سوپای عێراق‌و گرووپه‌كانی حه‌شدی ده‌مانپارێزن، به‌ڵام به‌نیگه‌رانیه‌وه‌ چاودێری ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ هه‌ندێك حزب‌و گرووپی شیعه‌ له‌دژی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ئه‌نبار رایانگه‌یاندووه‌".

 

دوای ئازادكردنی قائیم له‌ توندڕه‌وان له‌ تشرینی دووه‌می ساڵی رابردوودا، هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی ئه‌مریكا له‌ چه‌ند باره‌گایه‌كی ده‌وروبه‌ری شارۆچكه‌كه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ كه‌ ئه‌و عه‌شیره‌ته‌ سوننانه‌ی تێدا نیشته‌جێن له‌گه‌ڵ هۆزه‌كانی سوریا له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ تێكه‌ڵاوییان هه‌یه‌‌و دیارترینیشیان هه‌ردوو هۆزی كه‌رابیله‌‌و مه‌حلاوییه‌، هه‌روه‌ها چه‌ند گرووپێكی شیعه‌ی عێراقیش له‌ شارۆچكه‌كه‌دا بڵاوبوونه‌وه‌ ئه‌ویش له‌ پێشبڕكێیه‌كی ئه‌مریكی – ئێرانی شاراوه‌دا بۆ كۆنترۆڵكردنی سنوور.

 

هه‌ردوو هێزه‌كه‌ ئامانجێكی روونیان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش شه‌ڕكردنه‌ له‌دژی شانه‌كانی رێكخراوی "داعش"‌و پاراستنی سنوور له‌گه‌ڵ سوریا كه‌ تائێستاش توندڕه‌وان كۆنترۆڵی هه‌ندێك ناوچه‌یان تێدا كردووه‌، به‌ڵام ئامانجی هه‌ردوو هێزه‌كه‌ له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌، چونكه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا هه‌وڵده‌دن ئه‌و رێگای وشكانیه‌ ببڕن كه‌ ئێران هه‌وڵ ده‌دات له‌ڕێی عێراقه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سوریا بنیاتی بنێت، له‌ كاتێكدا گرووپه‌ شیعه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ربه‌سته‌كان تێكبشكێنن‌و به‌هه‌ر نرخێك بێت رێگاكه‌ بكه‌نه‌وه‌.

 

وه‌ك سه‌عد عوبه‌یدی عه‌ریف له‌ فیرقه‌ی دوانزه‌ی سوپای عێراق كه‌ له‌ شارۆچكه‌ی قائم بڵاوبووه‌ته‌وه‌ به‌ "نیقاش" وت، هێزه‌كانی سوپای عێراق هه‌ست به‌ ئاسووده‌یی ده‌كه‌ن له‌ كاركردنیان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئه‌مریكا بۆ پاراستنی سنوور، ئه‌و وتی: "ئه‌و زانیاریانه‌ی دۆسته‌كانمان (سوپای عێراق ئه‌و ناوه‌ بۆ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌كارده‌هێنێت) له‌ڕێی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان‌و زانیاری هه‌واڵگری دابینیان ده‌كه‌ن، بۆ پاراستنی سنووری دوورودرێژمان له‌گه‌ڵ سوریا پێویستن".

 

ئه‌و هێزه‌ سه‌ربازییه‌ی عه‌ریف سه‌عد كاری تێدا ده‌كات ته‌نیا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئه‌مریكا ناكات، به‌ڵكو  شانبه‌شانی "لیوای تفوف"یش كار ده‌كات كه‌ تاكه‌ گرووپی شیعه‌یه‌ له‌ ئه‌نبار، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ عوبه‌یدی ده‌ڵێت: "سه‌یر له‌وه‌دایه‌ ئێمه‌ كار له‌گه‌ڵ دوو دوژمنی سه‌رسه‌ختی یه‌كتری ده‌كه‌ین، هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ لیوای تفوف ده‌ترسن له‌ شاره‌كه‌دا، هاوكات ئه‌و لیوایه‌ش هیواخوازه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا بچنه‌ ده‌ره‌وه‌، كاتێك جه‌نگاوه‌رانی هه‌ردوولاش ده‌بینین قسه‌ی دوژمنكارانه‌یان به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كتری لێده‌بیستین".

   

دوا ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق له‌ كۆتایی ساڵی رابردوودا كۆتاییهاتنی شه‌ڕ‌و سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر "داعش"دا راگه‌یاند، هه‌موو گرووپه‌ شیعه‌كان له‌ ئه‌نبار كشانه‌وه‌ جگه‌ له‌ "لیوای تفوف" كه‌ له‌ شاره‌كه‌دا مایه‌وه‌‌و جه‌نگاوه‌ره‌كانی به‌دیاریكراوی له‌ شارۆچكه‌ی قائیم جێگیر بوون، لیواكه‌ له‌لایه‌ن قاسم موسڵیحه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت كه‌ پێشتر لای هێزه‌كانی ئه‌مریكا به‌ندكرابوو له‌كاتی داگیركردنی عێراق‌و ماوه‌ی سێ ساڵی له‌ زیندانی بنكه‌ی سه‌ربازی به‌ریتانیا له‌ شاری به‌سره‌ به‌سه‌ربردووه‌.

 

"لیوای تفوف" هێزێكی شیعه‌یه‌‌و له‌ "لیوای هه‌ره‌گه‌وره‌ی عه‌لی"ی سه‌ر به‌ مه‌رجه‌عی شیعه‌ عه‌لی سیستانی جیابووه‌ته‌وه‌‌و قاسم موسڵیح سه‌ركردایه‌تی ده‌كات كه‌ له‌ فه‌رمانده‌یی "لیوای هه‌ره‌گه‌وره‌ی عه‌لی" دوورخراوه‌ته‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و هه‌ڵانه‌ی له‌ شه‌ڕه‌كانی دژ به‌ "داعش" ئه‌نجامی دابوون، دواتر به‌پشتیوانی گرووپه‌كانی نزیك له‌ ئێران لیوایه‌كی نوێی دامه‌زراند.

 

ئه‌و لیوا شیعه‌یه‌ سه‌رقاڵی پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆمبه‌ چێندراوانه‌یه‌ كه‌ "داعش" له‌سه‌ر رێگاكان به‌جێی هێشتوون، هه‌روه‌ها به‌دوای شانه‌ نوستووه‌كانی توندڕه‌وانیشدا ده‌گه‌ڕێت، هه‌فته‌ی رابردووش حه‌شارگه‌یه‌كی نهێنی توندڕه‌وان له‌ ده‌وروبه‌ری شاره‌كه‌ دۆزرایه‌وه‌ كه‌ تونێلی نهێنی‌و چه‌كی سووك‌و مامناوه‌ندی تێدابوو.

 

عه‌بدولئه‌میر مه‌سعودی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ جه‌نگاوه‌رانی "لیوای تفوف" له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ "نیقاش" وتی: "شانبه‌شانی هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور كارده‌كه‌ین بۆئه‌وه‌ی رێگری له‌ دزه‌كردنی توندڕه‌وان بكه‌ین، هه‌روه‌ك بۆمبه‌ چێندراوه‌كانیش پووچه‌ڵ ده‌كه‌ینه‌وه‌‌و به‌دوای شانه‌كانی داعشدا ده‌گه‌ڕێین، په‌یوه‌ندی باشمان له‌گه‌ڵ دانیشتووای قائیم هه‌یه‌، به‌ڵام نیگه‌رانین له‌ بوونی هێزه‌كانی ئه‌مریكا‌و هیوادارین له‌ شاره‌كه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ تێوه‌گلاون له‌ پشتگیریكردنی داعش".

 

هه‌فته‌ی رابردوو چه‌ند په‌یجێكی سه‌ر به‌ گرووپه‌ شیعه‌كان گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییان بڵاوكرده‌وه‌ چه‌ند فڕۆكه‌یه‌كی ئه‌مریكا پیشان ده‌دات كه‌ له‌ ئه‌نبار ده‌نیشنه‌وه‌، گرووپه‌كان ده‌ڵێن ئه‌و فڕۆكانه‌ چه‌كدارانی "داعش" ده‌گوازنه‌وه‌ ئه‌وه‌ش پروپاگه‌نده‌یه‌كی نوێ نییه‌ كه‌ ئه‌و گرووپانه‌ ساڵانێكه‌ په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن‌و چه‌ندین جار له‌لایه‌ن حكومه‌ت‌و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراقه‌وه‌ ره‌تكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا عێراقییه‌كان باوه‌ڕ به‌م هه‌واڵانه‌ ده‌كه‌ن.

 

ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار كه‌ پێی باشبوو ناوی ئاشكرا نه‌كرێت به‌ "نیقاش"ی وت: "ئه‌نبار هه‌موو كاتێك هه‌ڕه‌شه‌ی توندڕه‌وانی له‌سه‌ره‌‌و پێویستمان به‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكایه‌ بۆ پاراستنی سنوور، هه‌روه‌ها پێویستمان به‌ هێزی راهێنراوی حه‌شدی شه‌عبیه‌ بۆ شه‌ڕكردن له‌دژی توندڕه‌وان له‌ سه‌ر زه‌وی، به‌ڵام له‌ ململانێی نێوان هه‌ردوولاش ده‌ترسین".

 

وتیشی: "هێزه‌كانی ئه‌مریكا‌و سوپای عێراق‌و هێزه‌كانی سوریای دیموكرات هه‌ماهه‌نگی ده‌كه‌ن له‌سه‌ر سنووری هاوبه‌ش له‌ ناوچه‌كانی باكووری رووباری فورات، هاوكات هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سوپای سوریا‌و گرووپه‌ شیعه‌كان ده‌كه‌ن له‌سه‌ر سنوور له‌ناوچه‌ی باشووری روباری فورات، ئه‌مه‌ش هاوكێشه‌یه‌كی ئاڵۆز‌و به‌سووده‌ بۆ پاراستنی ئه‌نبار، به‌ڵام ئه‌گه‌ری هه‌ره‌سهێنانیشی هه‌یه‌ به‌هۆی ململانێی ئه‌مریكا‌و ئێران له‌سه‌ر سنوور".

 

دوای چه‌ند هێرشێكی رێكخراوی "داعش" له‌ باشووری كه‌ركوك‌و خۆرئاوای سه‌ڵاحه‌دین له‌سه‌ر سنووری له‌گه‌ڵ دیاله‌، مانگی رابردوو هێزی ئاسمانی عێراق چه‌ند هێرشێكی له‌ناو خاكی سوریادا ئه‌نجام دا ئه‌ویش له‌ هه‌وڵێكدا بۆ له‌ناوبردنی توندڕه‌وان به‌ یه‌كجاری، هاوكات چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربازی هاوبه‌شی عێراق‌و ئه‌مریكا له‌ 9ی مانگی ئایاردا توانیان چوار سه‌ركرده‌ی گه‌وره‌ی "داعش" له‌ شارۆچكه‌ی قائیم ده‌ستگیربكه‌ن.

 

سه‌ره‌ڕای زۆری ژماره‌ی هێزه‌كانی عێراق‌و "حه‌شدی شه‌عبی" له‌ ئه‌نبار‌و ئه‌و یارمه‌تییه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا پێشكه‌شیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام هێشتا "داعش" هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات هه‌ڕه‌شه‌ له‌ پارێزگاكه‌ بكات، هه‌فته‌ی رابردووش وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی پیلانێكی تیرۆریستی گه‌وره‌ی راگه‌یاند بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ ئه‌نبار، ئه‌ویش دوای دۆزینه‌وه‌ی حه‌شارگه‌یه‌كی توندڕه‌وان له‌ بیابانی سه‌رسار كه‌ ورده‌كاری كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ی تێدابوو.

  

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌