راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

چوار له‌ سێ‌ مانگدا
چیتر هه‌رێمی‌ كوردستان لانه‌یه‌كی‌ ئارام نییه‌ بۆ نه‌یاره‌كانی‌ ئێران

هونەر حەمەرەشید
هه‌واڵی‌ تیرۆركرنی‌ سه‌ركرده‌و كادرانی حیزبه‌ نه‌یاره‌كانی‌ ئێران سه‌ردێڕی‌ به‌رده‌وامی‌ میدیا كوردییه‌كانه‌، هه‌موو ئاماژه‌كانیش به‌و ئاڕاسته‌یه‌ چیدی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ناوچه‌یه‌كی‌ ئارام نه‌ماوه‌ بۆ ئه‌و هێزانه‌.
19.04.2018  |  سلێمانی‌
 ( :وێنه Wikimedia Commons)
( :وێنه Wikimedia Commons)

رۆژی‌ 12ی‌ ئه‌م مانگه‌ (نیسان)، له‌ناو شاری‌ هه‌ولێر هێرشی‌ چه‌كداری‌ كرایه‌ سه‌ر حسێن یه‌زدان په‌نا، سكرتێری‌ (پارتی‌ ئازادی‌ كوردستان) كه‌ حیزبێكی‌ كوردی‌ نه‌یاری‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێرانه‌و چه‌ند ساڵه‌ بارگه‌و بنه‌یان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان خستووه‌.

 

خه‌لیل نادری‌ به‌رپرسی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ پارتی‌ ئازادی‌ كوردستان "پاك"، بۆ "نیقاش" وتی‌: "ئێواره‌ی‌ رۆژی‌ 12ی‌ نیسان له‌لایه‌ن دوو كه‌سه‌وه‌ هه‌وڵی‌ تیرۆركردنی‌ به‌رێز یه‌زدان په‌نا درا، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ هه‌وڵه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو".

 

پارتی‌ ئازادی‌ كوردستان یه‌كێكه‌ له‌و حیزبه‌ كوردییه‌ ئێرانیانه‌ی‌ كه‌ ساڵی‌ 2014ه‌وه‌ له‌پاڵ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان به‌شداری‌ شه‌ڕه‌كانی‌ داعشی‌ ده‌كرد.

 

خه‌لیل نادر وتیشی‌: "ئه‌و دوو كه‌سه‌ی‌ هێرشه‌كه‌یان كردووه‌ هه‌ڵاتوون‌و تائێستا ده‌ستگیرنه‌كراون، به‌ڵام ئێمه‌ له‌وه‌ دڵنیاین، هه‌وڵه‌كه‌ هه‌وڵێكی‌ تیرۆرستی‌ بووه‌و لایه‌نی‌ ئێرانیش لێی‌ به‌رپرسیاره‌، وه‌ك ئه‌و تیرۆرانه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردوو كردوویه‌تی‌".

 

گێڕانه‌وه‌ی‌ فه‌رمی‌ به‌م شێوه‌یه‌یه‌: كاتێك حسێن یه‌زدان په‌نا له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌شاری‌ هه‌ولێر به‌ره‌و ماڵی‌ دایكی‌ چووه‌، له‌سه‌ر شه‌قامی‌ 120 مه‌تری‌ له‌لایه‌ن دوو كه‌سه‌وه‌، كه‌ ماتۆڕسكیلیان پێبووه‌، به‌چه‌كی‌ كڵاشینكۆف ته‌قه‌ی‌ لێكراوه‌و به‌هۆیه‌وه‌ شانی‌ به‌سوكی‌ بریندار بووه‌.

 

حیزبه‌ كوردییه‌كانی‌ نه‌یاری‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران چه‌ندین ساڵه‌ كوردستان نیشته‌جێن، له‌دوای‌ ساڵی‌ 1991یشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ كوردییه‌كانی‌ هه‌رێم رێككه‌وتوون له‌باره‌گاكانی‌ خۆیان له‌نزیك شاره‌كانی‌ كوردستان بمێننه‌وه‌‌و سه‌ربه‌ست بن له‌كاركردن، به‌و مه‌رجه‌ی‌ جموجۆڵی‌ سه‌ربازی‌ دژ به‌ئێران ئه‌نجام نه‌ده‌ن.

 

هه‌وڵه‌كانی‌ تیرۆرو رفاندنی‌ كادران‌و سه‌ركرده‌كانی‌ حیزبه‌ كوردییه‌كانی‌ ئێران ته‌نیا له‌هه‌وڵی‌ حسێن یه‌زدان په‌نا خۆی‌ نابینێته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ماوه‌ی‌ دوو مانگی‌ رابردوو له‌هه‌رێمی‌ كوردستان چه‌ند كادرو سه‌ركرده‌یه‌كی‌ حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی‌ ئێران كوژراون‌و یان برینداربوون، گورزی‌ گه‌وره‌ش به‌تایبه‌تی‌ بۆ  كادران‌و سه‌ركرده‌كانی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران بووه‌ كه‌ له‌ناو حیزبه‌كانی‌ دیكه‌ ناوی‌ له‌هه‌موویان دیارتره‌.

 

حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران كۆنترین حیزبی‌ كوردی‌ ئه‌و وڵاته‌یه‌و ماوه‌یه‌كی‌ زۆره‌ دژایه‌تی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ده‌كات‌و له‌ماوه‌ی‌ رابردووش چه‌ندینجار هێرشی‌ چه‌كدارییان كردووه‌ته‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ ئه‌و وڵات.

 

باره‌گا سه‌ره‌كییه‌كانی‌ حیزبی‌ دیموكرات له‌شاری‌ كۆیه‌ی‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ هه‌ولێره‌و زۆربه‌ی‌ كادره‌كانی‌ له‌ناوچه‌كانی‌ ئه‌و پارێزگایه‌ ده‌ژین، به‌ڵام وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن، ئه‌و پارێزگایه‌ بۆ ئه‌وان وه‌ك ناوچه‌یه‌كی‌ ئارام نه‌ماوه‌و به‌ به‌رده‌وامی‌ مه‌ترسییان له‌سه‌ره‌.

 

مانگی‌ ئازار دوو هه‌وڵی‌ تیرۆری‌ كرایه‌ سه‌ر ئه‌ندامانی‌ حیزبی‌ دیموكرات، به‌شێوه‌یه‌ك رۆژی‌ یه‌كی‌ مارس له‌شارۆچكه‌ی‌ بنه‌سڵاوه‌ی‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ هه‌ولێر له‌به‌رده‌م ماڵێكدا ته‌قینه‌وه‌یه‌ك دوو كادری‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كرده‌ ئامانج‌و هه‌ردوو كادره‌كه‌ به‌ناوی‌ "سه‌باح ڕه‌حمانی"و "سه‌لاح ره‌حمانی‌" گیانیان له‌ده‌ستدا.

 

هه‌ر له‌هه‌مان مانگداو  چه‌ند رۆژێك دوای‌ ئه‌و رووداوه‌، له‌ شه‌وی‌ 6ی‌ ئازار قادر قادری، كادرو فه‌رمانده‌ی حیزبی دیموكراتی كوردستان، كه‌ به‌ئۆتۆمبیلی‌ خۆی‌ به‌سه‌ردانێك له‌ناوچه‌ی‌ بالیسان_چوارقوڕنه‌ (خۆرهه‌ڵاتی‌ سلێمانی‌) بووه‌، درایه‌ به‌ر ده‌سڕێژو ته‌رمه‌كه‌ی كه‌ زیاتر له‌ 20 گولله‌ی‌ پێكه‌وتبوو له‌گوندێكی‌ نزیك ئه‌و ناوچایه‌ دۆزرایه‌وه‌.

 

كۆمیسیۆنی راگه‌یاندنی حیزبی دیموكرات له‌دوای‌ هه‌ردوو رووداوه‌كه‌ به‌یاننامه‌ی‌ بڵاوكرده‌وه‌و لایه‌نی‌ ئێرانی‌ تۆمه‌تباركرد به‌ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و كرده‌وانه‌.

 

هه‌روه‌ها له‌هه‌مان مانگدا له‌رۆژی‌ 30 مارس له‌شاری‌ سۆرانی‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ هه‌ولێر ئه‌ندامێكی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كوژرا، كه‌ دواتر هاوار ئه‌رگوشی وته‌بێژی پۆلیسی سۆران له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند "دوای چه‌ند كاتژمێرێك له‌ڕووداوه‌كه‌، توانیویانه‌ بكوژی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی حیزبی دیموكرات ده‌ستگیربكه‌ن، كه‌ هه‌ر كوڕی خۆیه‌تی‌و دانی به‌تاوانه‌كه‌یدا ناوه‌".

 

هاوار ئه‌رگوشی راشیگه‌یاند، "ئه‌و ئه‌ندامه‌ی حیزبی‌ دیموكرات له‌لایه‌ن كوڕه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌، كه‌ ته‌مه‌نی ٢٢ ساڵه‌  به‌ ١٠ فیشه‌ك كوژراوه‌"، به‌ڵام به‌رپرسانی‌ حیزبه‌كه‌ ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ش به‌كرده‌یه‌كی‌ ئاسایی‌و كێشه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ نابینن، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ پۆلیس رایگه‌یاندووه‌، به‌ڵكو ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ش به‌كرده‌یه‌كی‌ تیرۆری‌ ده‌زانن‌و به‌هه‌مان شێوه‌ لایه‌نی‌ ئێرانی‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.

 

محه‌مه‌د ساڵح قادری‌ به‌رپرسی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ حیزبی‌ دیموكرات له‌هه‌ولێر له‌و باره‌وه‌ بۆ "نیقاش" وتی‌: "ئه‌وه‌ندی‌ ئێمه‌ به‌دواداچوونمان بۆ رووداوه‌كان كردووه‌، هه‌موو هه‌وڵه‌كان هه‌وڵی‌ تیرۆرستین‌و ئێرانیش له‌پشت هه‌وڵه‌كانه‌وه‌یه‌".

 

وتیشی‌ "كۆماری‌ ئیسلامی‌ بۆ دژایه‌تی‌ حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی‌ ئه‌و كرده‌وانه‌ ئه‌نجامده‌دات، كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌چالاكی‌ زۆرو كاریگه‌ری‌ حیزبه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌و ده‌یه‌وێت له‌بایه‌خیان كه‌مبكاته‌وه‌".

 

ئه‌وه‌نده‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌، ته‌نیا له‌سێ‌ مانگی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌مساڵ‌و سێ‌ ساڵی‌ رابردوو زیاتر له‌ 10 سه‌ركرده‌و كادیری‌ دیاری‌ حیزبه‌ كوردییه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی‌ ئێران له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كوژراون.

 

كۆمه‌ڵی‌ مافی‌ مرۆڤی‌ كوردستان كۆمه‌ڵه‌یه‌كی‌ كوردی‌ نه‌یاری‌ ئێرانه‌و ئاماری‌ كوژراوو په‌لاماره‌كانی‌ لای‌ خۆی‌ تۆماركردووه‌، ئه‌رسه‌لان یارئه‌حمه‌دی‌ به‌رپرسی‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ "نیقاش" وتی‌ "سه‌رجه‌م تیرۆره‌كانی‌ ئاماره‌كه‌ له‌لایه‌ن كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێرانه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌".

 

ئه‌رسه‌لان یارئه‌حمه‌دی‌ وتیشی‌ "ئێران له‌رێگه‌ی‌ كه‌سانی‌ سه‌ر به‌سوپای‌ قودس‌و كه‌سانی‌ به‌كرێگیراو، كرده‌وه‌كانی‌ ئه‌نجامداوه‌و به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ش ده‌ستگیركران له‌لایه‌ن حیزبه‌كان‌و له‌لێكۆڵینه‌وه‌كان دانیان به‌وه‌دا ناوه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ راسپێراون بۆ ئه‌و كرده‌وانه‌".

 

له‌دوای‌ تیرۆری‌ قادر قادری، حیزبی‌ دیموكرات له‌راگه‌یه‌نراوێك بڵاویكرده‌وه‌: ده‌زگا ئه‌منی‌و په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌رێم‌و كۆمیته‌ی ئه‌منییه‌تی حیزبی دیموكراتی كوردستان، له‌په‌یوه‌ندی‌و هاوكارییه‌كی چڕو پڕدا، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ره‌داوه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ڕووداوه‌كه‌یان ده‌ستپێكردو "5 كه‌س له‌تاوانبارانی ئه‌م كه‌یسه‌، له‌نێویاندا داڕێژه‌ری پیلانه‌كه‌و جێبه‌جێكه‌رانی (كه‌ ٤ كه‌سیان خه‌ڵكی باشووری كوردستان و یه‌كێكیان له‌ ئه‌سڵدا خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌) به‌هۆی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان گیراون، داڕێژه‌ری پیلانه‌كه‌ش دانی به‌وه‌دا ناوه‌، كه‌ به‌ داواو هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌زگای سیخوڕی‌و مرۆڤكوژی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی ئێران، نه‌خشه‌ی ئه‌م تیرۆره‌ی داڕشتووه‌".

 

ئیبراهیم زێوه‌یی نوێنه‌ری‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران له‌هه‌ولێر باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر ناوچه‌كانی‌ هه‌رێم بۆ ئه‌وان ناوچه‌یه‌كی‌ پارێزراو ئه‌منی‌ بووه‌، به‌ڵام ئه‌م رووداوانه‌ی‌ دوایی گه‌یاندوونی‌ به‌و ئه‌نجامه‌ی‌ چیتر ناوچه‌یه‌كی‌ ئارام نییه‌ بۆیان.

 

ئیبراهیم زێوه‌یی بۆ "نیقاش" وتی‌: "هه‌ژموونی‌ ئێران به‌ته‌واوی‌ له‌ناوچه‌كه‌ فراوان بووه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌دوای‌ رووداوه‌كانی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ری‌ رابردوو، كه‌ ده‌ستی‌ ئێرانی‌ له‌ناوچه‌كه‌ به‌ته‌واوی‌ زاڵ كرد".

 

هه‌روه‌ها وتیشی‌: "ئێران له‌ناوچه‌كه‌ به‌رنامه‌و ستراتیژی‌ خۆی‌ هه‌یه‌، یه‌كێك له‌به‌رنامه‌و ستراتیژه‌كانی‌ دژایه‌تی‌ لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانییه‌تی‌، به‌تایبه‌تی‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان‌و رووداوه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ش پێمان ده‌ڵێت، ئێستا به‌چڕی‌ كار له‌سه‌ر ستراتیژه‌كه‌ی‌ ده‌كات".

 

رووداوه‌كانی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ر په‌یوه‌ندی‌ به‌هێرشی‌ سوپای‌ عێراق‌و چه‌كدارانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ هه‌بوو بۆ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانی‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غدا، كه‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌سه‌رچاوه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئێران پاڵپشت‌و هۆكاری‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌و هێزانه‌ بووه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌، كه‌ پێشتر به‌ده‌ست هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ بوو.

 

ره‌زا كه‌عبی، به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی كۆمه‌ڵه‌ی‌ زه‌حمه‌تكێشانی‌ كوردستانی‌ ئێران، یه‌كێكه‌ له‌و به‌رپرسانه‌ی‌ تری‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ ئێران له‌هه‌رێمی‌ كوردستان له‌هه‌وڵی‌ تیرۆركردن رزگاریبووه‌، بۆ "نیقاش" وتی‌ "ده‌ستفراوانییه‌كه‌ی‌ لایه‌نی‌ ئێرانی‌ به‌شێوه‌یه‌كه‌، ماوه‌یه‌كه‌ ده‌ستی‌ داوه‌ته‌ تیرۆری‌ كادران‌و سه‌ركرده‌كانی‌ حیزبه‌كانی‌ كوردستان، كه‌ ئه‌وه‌ش له‌حاڵه‌ت ده‌رچووه‌و بووه‌ به‌دیارده‌".

 

كه‌عبی‌ هۆشداریدا له‌به‌رده‌وامی‌ ئه‌و كرده‌وانه‌و وتی‌: "ئه‌گه‌ر به‌رده‌وامیان هه‌بێت، ئه‌وه‌ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ئاسایشی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ته‌واوی‌ ده‌بێت، چونكه‌ ئێران به‌رنامه‌ی‌ داگیركاری‌‌و ده‌سترۆیشتووی‌ له‌و ناوچه‌یه‌ هه‌یه‌".

 

به‌رپرسانی‌ حیزبه‌كانی‌ ئێران داوا ده‌كه‌ن، كه‌ لایه‌نه‌كانی‌ هه‌رێم له‌رێگه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ خۆیانه‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ حكومه‌ت له‌تاران، فشار بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ رێگری‌ له‌و كرده‌وانه‌ بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وانیش له‌به‌رده‌وامی‌ كرده‌وه‌كان كاردانه‌وه‌یان ده‌بێت.

 

ره‌زا كه‌عبی‌ له‌و باره‌وه‌ وتی‌: "هه‌رێمی‌ كوردستان كیانێكی‌ نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆیی هه‌یه‌و ده‌بێت پارێزگاری‌ له‌و كیانه‌ بكات، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێت له‌په‌یوه‌ندی‌ به‌رده‌وامبێت له‌گه‌ڵ ئێران‌و رێگری‌ له‌ده‌ستوه‌ردانه‌كان بكات، به‌تایبه‌تی‌ ده‌ستوه‌ردانی‌ سه‌ربازی‌".

 

نیقاش بۆ هه‌وڵه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌و باره‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌نازم ده‌باغ نوێنه‌ری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ئێران كردو ناوبراو له‌لێدوانێك وتی‌: "ئێمه‌ هه‌موو هه‌وڵێكی‌ خۆمان خستووه‌ته‌ گه‌ڕ، بۆ ئه‌وه‌ی‌ گرژییه‌كانی‌ تاران‌و ئه‌و حیزبانه‌ كه‌مبكه‌ینه‌وه‌".

 

نازم ده‌باغ وتیشی‌: "لایه‌نی‌ ئێرانی‌ خۆی‌ به‌ به‌رپرسیاری‌ ئه‌و كرده‌وانه‌ نازانێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئێمه‌ له‌په‌یوه‌ندی‌ به‌رده‌وامداین، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ردوولا پابه‌ندی‌ پاراستنی‌ سه‌روه‌ری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بن".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌