راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گەڕانەوە بۆ كەركوك
پێشمەرگە ئەوەی بەشەڕ بۆی نەکرا دەیەوێت بەئاشتی بیکات

شاڵاو محەمەد
حكومه‌تی‌ عێراقی‌و هەرێمی كوردستان لەگفتوگۆدان بۆ دانانی‌ پلانێك بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ داعش ئەوەش بەگەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ پارێزگای كەركوكو ناوچە جێناكۆكەكان.
5.04.2018  |  كەركوك
هێزە عێراقییەکان ئەو رۆژەی چوونە ناو کەرکوک ( :وێنه احمد الربيعي)
هێزە عێراقییەکان ئەو رۆژەی چوونە ناو کەرکوک ( :وێنه احمد الربيعي)

پلانه‌كه‌ خۆی‌ له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ هێزەكانی پێشمەرگە لەدەوروبەری‌ ئه‌و شارانه‌دا جێگیربكرێت كە مه‌ترسی‌ هێرشی‌ توندڕه‌وه‌كانیان له‌سه‌ره‌، چاودێرانی بواری ئەمنیش پێیان وایه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ بێده‌سه‌ڵاتی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق‌و پەلەیی هێزە كوردییەكان ده‌سه‌لمێنێت بۆ گەڕانەوەی ئەو ناوچەنەی سێ ساڵی رابردوو تێدا باڵادەست بوون.

 

٢٥ی ئازار وەفدێکی باڵای سەربازی ئەمریکاو بەریتانیا لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراقو دواتر لە ٢٧ ئازار لەگەڵ هێزی پێشمەرگە کۆبونەوه‌و تاوتوێی گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیان بۆ کەرکوکو ناوچە جێناكۆكەكانیان كرد، ئه‌وه‌ش دوای دروستكردنی ژوورێكی هەماهەنگی ئەمنی لەنێوان حكومەتی عێراقو هەرێم كە بارەگەكەی لەسەربازگەی كەی وان لەباشوری كەركوك دەبێت.

 

وەستا رەسوڵ كەركوكی فەرماندەی میحوەری كەركوكی باشوری هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە"نیقاش"ی وت "بەهۆی سەهەڵدانەوەی گروپە چەكدارەكان بەتایبەت لەسنوری پارێزگای كەركوك هەموو هەوڵێك دراوە بۆ ئەوەی پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ناوچە دابڕێندراوەكان ئەمەش نیشانەی ئەوەیە پێشمەرگە دەتوانێت رووبەرووی تیرۆر ببێتەوە".

 

وتیشی "تائێستا بەفەرمی حكومەتی عێراق داوای گەڕانەوەی پێشمەرگەی نەكردووە، بەڵام لەدانیشتنەكانیان لەگەڵ هاوپەیمانان رەزامەند بوون".

 

هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دوای زیاتر لەسێ ساڵ هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراقی بۆ ووبەرووبونەوەی چەكدارانی داعش، له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٧ هێزەكانی پێشمەرگە لەرووبەڕبوونەوەیان لەگەڵ سوپاو هێزەکانی عێراق شکانو هێزی پەرپەرچدانەوەی خێراو فیرقەی ئاڵتوونیو پۆلیسی فیدڕاڵیو چەكدارانی حەشدی شەعبی جێگه‌ی گرتنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش دوای ئەوەی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانو فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق داوایكرد پێشمەرگە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی پێش شەڕی داعش.

 

بەرپرسێکی پێشمەرگە بۆ "نیقاش"ی باسکرد کە هێزی هاوپەیمانان بەبەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگەیان ووتوە نابێت هێزی چەكداری حزبی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكان، بەڵكو تەنیا رازەمەند بوون بەگەڕانەوەی لیوای یەكو دووی هێزی پێشمەرگە بۆ كەركوكو لیوای ٩ بۆ داقوقو خورماتوو كە هێزی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگەیەو لەلایەن تیمێكی راهێنەری وەزارەتی بەرگری ئەمریكا راهێنراون.

 

فەرماندەیەكی لیوای یەكی هێزەكانی پێشمەرگە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە"نیقاش"ی راگەیاند "ئێمە ئامادەین بگەڕێنەوە بۆ رووبەرووبونەوەی داعش‌و پاراستنی خەڵكی ناوچە دابڕێندراوەكان، بەڵام ئێمە یەكلایی نەبوینەتەوە لەرووی سەربازییەوە لەكام هێڵی پاراستن دەبین"

 

ئەو فەرماندەی هێزی پێشمەرگە ئەوەشی رونكردەوە "هێزی پێشمەرگە رازی نابێت تەنیا بۆ هێڵی هێرشبردن بگەڕێتەوە".

 

به‌وته‌ی‌ به‌رپرسانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ گەڕانه‌وه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركوك‌و ناوچه‌ جێناکۆكه‌كان له‌ژێر چاودێری‌ ژووری‌ هه‌ماهه‌نگی‌ نێوان ناوه‌ندو هه‌رێم ده‌بێت ئه‌وه‌ش دوای‌ به‌هێزبوونی‌ چه‌كدارانی‌ داعش لەسنوری‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك.

 

نازم كه‌هیه‌ فه‌رمانده‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌كه‌ركوك به‌"نیقاش"ی‌ ووت "گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركوك ده‌بێت له‌ژێر چاودێری‌ ژووی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ نێوان ناوه‌ندو هه‌رێم ده‌بێت، هه‌روه‌ها ده‌بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سنوره‌كان بۆچوونی‌ پێكهاته‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ وه‌ربگیرێت تاكو گرژی‌‌و ئاڵۆزی‌ دروست نه‌بێت."

 

فەرماندەکەی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ووتیشی‌ "ئاگاداری‌ كۆبونه‌وه‌كانی‌ پێشمه‌رگەو هاوپه‌یمانانین بۆ چۆنێتی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی، ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ ئاگادارین كاتی‌ گەڕانه‌وه‌یان دواكه‌وتوه‌، ئەوەش په‌یوه‌ندی‌ به‌بۆچوونی‌ جیاوازه‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ به‌شێك له‌هێزه‌ عێراقیه‌كان ده‌یانه‌وێت پێشمه‌رگه‌ ته‌نیا له‌خاڵه‌كانی‌ پشكنین بێت، به‌ڵام وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌یه‌وێت له‌ته‌واوی‌ سنوره‌كانی‌ كه‌ركوك پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌یی هه‌بێت."

 

له‌ماوه‌ی‌ دوو هه‌فته‌ی‌ رابردوو له‌قه‌زای‌ دوزخورماتوو قه‌زای‌ حه‌ویجه‌و قه‌زای‌ داقوق له‌رێگه‌ی‌ بازگه‌ی‌ پشكنینی‌ وه‌همی‌‌و له‌به‌ركردنی‌ جلوبه‌رگی‌ سه‌ربازی،‌ چه‌كدارانی‌ داعش 22 هاوڵاتیانی‌ كوشتووه‌، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی‌ لای‌ هێزه‌ عێراقیه‌كان دروستكردووه‌ هه‌ر بۆیه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق له‌وتاری‌ شه‌ممه‌ی‌ رابردوودا رایگه‌یاند "پێویسته‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان به‌هه‌ماهه‌نگی‌ ته‌واوی‌ پێكهاته‌كان به‌ڕێوه‌ببرێت."

 

"نیقاش" په‌یوه‌ندیكرد  به‌راكان سه‌عید پارێزگارو سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ئه‌منی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك به‌پاساوی‌ ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ تاكو ئێستا نوسراوی‌ فه‌رمی‌ له‌باره‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركوك ئاڕاسته‌ نه‌كردووه‌ ئاماده‌نه‌بوو له‌وباره‌یه‌وه‌ لێدوان بدات.

 

چاودێرانی بواری ئەمنی پێیان وایه‌ رازه‌مه‌ندی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ بێده‌سه‌ڵاتی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق ده‌سه‌لمێنێت له‌به‌رانبه‌ر شه‌ڕی‌ داعش.

 

حاكم حه‌مدی‌ گلی‌ عەمیدی خانەنشینو پسپۆری‌ بواری‌ سه‌ربازی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "حزبه‌ كوردییه‌كان ده‌یانه‌وێت هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌كه‌ركوك ئاماده‌یی هه‌بێت تاكو ئه‌و شاره‌ی‌ به‌هێزی‌ سه‌ربازی‌ له‌ده‌ستیان داوه‌ به‌ده‌نگیش له‌ده‌ستی‌ نه‌ده‌ن، هه‌رچه‌نده‌ رازی‌ بوونی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ بێ‌ دەسەڵاتیان ده‌سه‌لمێنێت له‌ئاستی‌ خۆرێكخستنه‌وه‌ی‌ چه‌كدارانی‌ داعش."

 

فەرماندەکانی پێشمەرگە هیوایان بەوەیە زوو بگەڕێنەوە ناوچە جێناکۆکەکانو وردە وردە دەسەڵات بگرنەوە دەست، بەڵام لەهەموو بارێکدا ئەگەری بەهێز ئەوەیە ئەم پرۆسەیە بکەوێتە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، چونکە زەحمەتە عەبادی بەر لەهەڵبژاردن ریسکێکی لەو شیوەیە بکات کە هەم کورد باڵا دەست بکاتەوەو هەم نەیارەکانی بەخۆی خۆش بکات.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌