راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هه‌ڕه‌شه‌كان ناڕه‌وێنه‌وه‌
كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا پارێزگا سوننه‌كان ده‌ترسێنێت

موسته‌فا حه‌بیب
دانیشتووانی پارێزگا سوننه‌نشینه‌كان به‌نیگه‌رانییه‌وه‌ چاودێری ئه‌و مشتومڕه‌ ده‌كه‌ن كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ به‌غدا له‌ئارادایه‌ سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نووسی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌عێراق.
15.02.2018  |  به‌غداد
 ( :وێنه وزارة الدفاع العراقية)
( :وێنه وزارة الدفاع العراقية)

شاره‌ وێرانكراوه‌ سوننه‌نشینه‌كان هێشتا هه‌ست به‌نیگه‌رانی‌و ترس ده‌كه‌ن له‌ ئاینده‌یان‌و مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا به‌ پێویست ده‌زانن بۆ پاراستنیان له‌ مه‌ترسییه‌كانی داهاتوو.

 

له‌ ده‌وروبه‌ری شارۆچكه‌ی هیت له‌ خۆرئاوای ئه‌نبار عه‌بدولحه‌مید نه‌مراوی له‌گه‌ڵ فه‌وجێكی چه‌كداری جه‌نگاوه‌رانی عه‌شایر كه‌ له‌ژێر فه‌رمانیدان سه‌رقاڵی جێبه‌جێكردنی ئۆپراسیۆنی كێوماڵی شه‌وانه‌یه‌ بۆ پاراستنی شاره‌كه‌ له‌ هه‌وڵی دزه‌كردنی توندڕه‌وان‌و جێبه‌جێكردنی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌ چه‌كی سووكی ئه‌مریكییان پێیه‌، به‌ڵام نه‌مراوی رازی نییه‌ له‌ پڕچه‌ككردنیان‌و هه‌وڵ بۆ زیاتر ده‌دات.

 

له‌ تشرینی دووه‌می رابردوودا هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق توانییان هه‌موو ئه‌و شارۆچكانه‌ كۆنترۆڵ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ "داعش" له‌ ئه‌نبار داگیری كردبوون ئه‌ویش دوای چه‌ند شه‌ڕێك كه‌ زیاتر له‌ دوو ساڵ به‌رده‌وام بوون، به‌ڵام به‌پێی قسه‌ی نه‌مراوی هێشتا تیرۆریستان له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی بیاباناویدا خۆیان حه‌شارداوه‌‌و هه‌وڵ ده‌ده‌ن سه‌رله‌نوێ له‌ڕێی سنووری سوریاوه‌ دزه‌ بكه‌نه‌ ناو ئه‌نباره‌وه‌.

 

نه‌مراوی به‌ "نیقاش"ی وت: "حكومه‌تی به‌غدا ده‌ستبه‌ردارمان بووه‌ كه‌ پێشتر به‌ڵێنی دابوو پڕچه‌كمان بكات‌و مووچه‌ بۆ جه‌نگاوه‌رانمان دابین بكات، ده‌یان داواكاریمان سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانمان بۆ به‌غدا ناردووه‌‌و هه‌موو جارێكیش هه‌مان وه‌ڵاممان ده‌درێته‌وه‌ كه‌ حكومه‌ت رووبه‌ڕووی قه‌یرانی دارایی بووه‌ته‌وه‌، له‌ كاتێكدا هێزه‌كانی ئه‌مریكا كه‌ له‌ بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین لئه‌سه‌د جێگرن، مه‌شقمان پێده‌كه‌ن‌و به‌شێوه‌یه‌كی ساده‌ پڕچه‌كمان ده‌كه‌ن له‌ دوای وه‌رگرتنی رازامه‌ندی حكومه‌تی عێراق، ئه‌وه‌ش له‌ هیچ باشتره‌".

 

نه‌مراوی كه‌ شانبه‌شانی سوپای عێراق به‌شداری له‌ شه‌ڕه‌كانی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌نباردا كردووه‌، ده‌ڵێت: "توانیمان شكست به‌ تیرۆریستان بهێنین، به‌ڵام ئه‌وان به‌ئاسانی ده‌ستهه‌ڵناگرن، مانگی رابردوو رێكخراوی داعش زیاتر له‌ 10 هه‌وڵی به‌زاندنی سنووری عێراقی داوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و زانیاریانه‌ نه‌بوونایه‌ كه‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی‌و ئه‌و فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانانه‌ی ئه‌مریكا دابینیان ده‌كه‌ن كه‌ له‌ بنكه‌ی عه‌ین لئه‌سه‌ده‌وه‌ ده‌فڕن، ئه‌وا نه‌مانده‌توانی ئاشكرایان بكه‌ین‌و توندڕه‌وان ناچار بكه‌ین بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ی لێوه‌ی هاتوون".

 

نه‌مراوی هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "پاراستنی ئاسایشی ئه‌نبار ئه‌ركێكی سه‌خته‌‌و پێویستی به‌ توانای سه‌ربازی پێشكه‌وتوو هه‌یه‌، به‌داخه‌وه‌ سوپای عێراقیش كه‌موكوڕی زۆره‌، بۆیه‌ ناكرێت به‌و خێراییه‌ ده‌ستبه‌رداری هێزه‌كانی ئه‌مریكا ببین كه‌ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان‌و زانیاری هه‌واڵگری‌و فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ریان هه‌یه‌ بۆ چاودێریكردنی سنوور، هه‌روه‌ك ململانێی سیاسی نێوان حزبه‌ سوننه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاش جێگای نیگه‌رانیه‌".

 

ئه‌نبار گه‌وره‌ترین پارێزگای عێراقه‌‌و سێیه‌كی رووبه‌ری وڵاته‌كه‌یه‌ كه‌ رووبه‌ره‌كه‌ی (138500 كم) ده‌بێت له‌ كۆی رووبه‌ری عێراق كه‌ (437072 كم)ه‌، هه‌روه‌ها له‌ هه‌ر پێنج پارێزگای ده‌وه‌روبه‌ری (نه‌ینه‌وا‌و سه‌ڵاحه‌دین‌و به‌غدا‌و بابل‌و كه‌ربه‌لا‌و نه‌جه‌ف) پێكه‌وه‌ گه‌وره‌تره‌، هه‌رچی سنووره‌كه‌شیه‌تی ئه‌وا درێژییه‌كه‌ی زیاتر له‌ (600) كیلۆمه‌تره‌.

 

له‌ 27ی مانگی رابردوودا هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ شارۆچكه‌ی به‌غدادی له‌ ئه‌نبار هێرشێكی ئاسمانییان به‌ هه‌ڵه‌ ئه‌نجام دا كه‌ بووه‌ مایه‌ی كوژرانی 8 كه‌س له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌ خۆجێییه‌كان، هه‌رچه‌نده‌ "هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی" رایگه‌یاند هێرشه‌كه‌ به‌پێی زانیاری ئه‌منی عێراق ئه‌نجام دراوه‌‌و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراقیش ئه‌وه‌ی پشتڕاست كرده‌وه‌، به‌ڵام رووداوه‌كه‌ ده‌رگای به‌ڕووی مشتومڕێكی گه‌رم له‌نێوان سیاسییه‌ عێراقییه‌كاندا كرده‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نووسی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ وڵاتدا له‌دوای كۆتاییهاتنی قۆناغی "داعش".

 

گرووپه‌ شیعه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران، "به‌در" به‌سه‌ركردایه‌تی هادی عامری‌و "عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق" به‌ سه‌ركردایه‌تی قه‌یس خه‌زعه‌لی‌و "نوجه‌با" به‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌كره‌م كه‌عبی‌و "كه‌تائیب حزبوڵڵا" هه‌موویان دوای رووداوه‌كه‌ داوایان كرد هێزه‌كانی ئه‌مریكا به‌ زووترین كات بچنه‌ ده‌ره‌وه‌‌و به‌ڵێنیشیان دا له‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگ كۆبكه‌نه‌وه‌ بۆ لێپێچینه‌وه‌ له‌ حكومه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌.

 

"كه‌تائیب حزبوڵڵا" كه‌ به‌هێزترین گرووپ‌و دڵسۆزترینیانه‌ بۆ ئێران‌و باوه‌ڕوایه‌ سه‌ركرده‌كه‌ی ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس بێت، هێزه‌كانی ئه‌مریكای به‌ هێزی داگیركه‌ر له‌قه‌ڵه‌م دا‌و هه‌فته‌ی رابردوو جه‌عفه‌ر حوسه‌ینی وته‌بێژی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی: "له‌وانه‌یه‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان له‌ هه‌ر ساتێكدا ده‌ستپێبكات، ئه‌مجاره‌ش هیچ ناوبژیوانییه‌ك به‌كه‌ڵكی ئه‌مریكییه‌كان نایه‌ت، وه‌كو جاره‌كانی پێشوو".

 

نه‌ك ته‌نیا گرووپه‌ چه‌كداره‌كان، به‌ڵكو حزبه‌ شیعه‌كانیش له‌ په‌رله‌مان ده‌ستیان كردووه‌ به‌ داواكردنی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا، بۆیه‌ مه‌نسور بعێجی په‌رله‌مانتار له‌ "ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا" به‌ سه‌رۆكایه‌تی نوری مالیكی وتی: "پێویسته‌ حكومه‌ت ئه‌وه‌ روونبكاته‌وه‌ كه‌ ژماره‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا چه‌نده‌‌و كه‌ی ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ مانه‌وه‌یان له‌ وڵاتدا پلانێكه‌ بۆ دابه‌شكردنی عێراق".

 

تائێستا حكومه‌تی عێراق له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌ستیاره‌وه‌ بێده‌نگه‌‌و حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران له‌كاتی باسكردنی ئه‌م بابه‌ته‌دا زمانێكی بێلایه‌ن به‌كارده‌هێنێت بۆئه‌وه‌ی ئێران‌و هاوپه‌یمانه‌كانی توڕه‌ نه‌كات‌و خۆی له‌ له‌ده‌ستدانی پشتیوانی سه‌ربازی نێوده‌وڵه‌تی به‌ سه‌ركردایه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌دوور بگرێت.

 

به‌ڵام به‌ وته‌ی به‌رپرسێكی گه‌وره‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار پارێزگا سوننه‌نشینه‌كانی ئه‌نبار‌و سه‌ڵاحه‌دین‌و نه‌ینه‌وا كه‌ له‌ژێر گوشاری وێرانكاریدان‌و دانیشتووانه‌كانیان له‌ خانووی خاپووركراو‌و كامپی ئاواره‌ییدا ده‌ژین، رایه‌كی تریان هه‌یه‌‌و پێیانوایه‌ بوونی هێزه‌كانی ئه‌مریكا فاكته‌رێكی بێلایه‌نه‌ بۆ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان‌و رێگری له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی گرووپه‌ شیعه‌كان له‌ شاره‌ سوننه‌نشینه‌كاندا به‌بیانووی پاراستنی ئاسایش.

     

ئه‌و به‌پرسه‌ به‌ مه‌رجی ناونه‌هێنانی له‌به‌ر هه‌ستیاری بابه‌ته‌كه‌ به‌ "نیقاش"ی وت: "با به‌راشكاوی قسه‌ بكه‌ین، ئه‌و رۆژه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ شاره‌كانمان ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌ رۆژی خۆشی پاشماوه‌ی چه‌كدارانی داعش ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌وان مه‌ترسی فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌كان‌و هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی باش ده‌زانن".

 

وتیشی: "حكومه‌ت له‌ به‌غدا باش ده‌زانێت كه‌ داعش له‌ ساڵی 2014دا له‌پڕ نه‌چووه‌ته‌ ئه‌نبار، به‌ڵكو هه‌ر له‌ كاتی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌عێراق له‌ كۆتایی ساڵی 2011دا هه‌وڵیداوه‌ ریزه‌كانی رێكبخات‌و ئه‌و كاته‌ی فڕۆكه‌كانی ئه‌مریكا چاودێریكردنی سنووری سوریایان راگرت ئیتر تیرۆریستان ده‌ستیانكرد به‌ دزه‌كرد بۆ ئه‌و بیابانه‌ به‌رفراوانه‌‌و دۆڵه‌ سروشتییه‌كانیان كرده‌ باره‌گای خۆیان به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س چاودێریان بكات، تا ئه‌و كاته‌ی ده‌رفه‌تی هێرشكردنه‌ سه‌ر فه‌لوجه‌‌و پاشان شاره‌كانی تریان بۆ هه‌ڵكه‌وت".

 

عه‌قید شاكر دلێمی ئه‌فسه‌ر له‌ فیرقه‌ی حه‌وتی سوپای عێراق كه‌ له‌ ئه‌نبار بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێت: "له‌ ساڵانی داگیركاری ئه‌مریكادا پلانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ سه‌پاندنی ئاسایش پشتی به‌ كۆكردنه‌وه‌ی نزیكه‌ی (40) هه‌زار له‌ سه‌ربازانی له‌ ئه‌نبار به‌ستبوو له‌و (160) هه‌زار سه‌ربازه‌ی له‌ 18 شاری عێراقدا بڵاوكرابوونه‌وه‌، له‌ دابنیكردنی ئاسایشی ئه‌م پارێزگا ئاڵۆزه‌‌و پاراستنی سنووره‌ درودرێژه‌كه‌شی له‌گه‌ڵ سوریادا هێزه‌كانی ئه‌مریكا پشتیان به‌ هێزی ئاسمانی به‌ستبوو، یه‌ك پۆلی ته‌واو له‌ هێلیكۆپته‌ری "ئه‌پاچی" شه‌ڕكه‌ری لێبوو كه‌ 30 فڕۆكه‌ی له‌خۆده‌گرت‌و گه‌شتی چڕوپڕیان له‌سه‌ر سنوور ئه‌نجام ده‌دا له‌پاڵ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی دیكه‌دا".

 

دلێمی به‌ "نیقاش"ی وت: "داعش شاره‌زایی له‌ رێگا‌و حه‌شارگه‌ی نێوان دۆڵه‌كان هه‌یه‌ له‌ شاره‌ گه‌وره‌‌و بچووكه‌كانی ئه‌نباردا، هه‌روه‌ك ئاشنای رێگا نهێنیه‌كانی تونێله‌ سروشتی‌و ده‌ستكرده‌كانه‌ كه‌ شاره‌كان پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستنه‌وه‌، هه‌روه‌ها تونێل هه‌یه‌ عێراق‌و سوریا پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستنه‌وه‌‌و له‌ژێر كۆنترۆڵی داعشدان".

 

ئه‌و وتیشی: "كێشه‌كه‌ ته‌نیا له‌ حه‌شاره‌گه‌ی تیرۆریستان له‌بیاباندا نییه‌، به‌ڵكو له‌ كۆنترۆڵكردنی سنووری دوور‌ودرێژی نێوان ئه‌نبار‌و سوریادایه‌، زیاتر له‌ (600) كیلۆمه‌تر سنوور هه‌یه‌ كه‌ رووبه‌رێكی زۆره‌‌و پاراستنی پێویستی به‌ سوپایه‌كی ته‌واو هه‌یه‌، ئێستاش چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی سوپا‌و حه‌شدی شه‌عبی سنوور ده‌پارێزن‌و رووبه‌ڕووی هێرشی به‌رده‌وام ده‌بنه‌وه‌".

 

ترسی شاره‌ سوننه‌نشینه‌كان ته‌نیا گه‌ڕانه‌وه‌ی تیرۆریستان نییه‌، به‌ڵكو ترسیشه‌ له‌ به‌رده‌وامی بڵاوبوونه‌وه‌ی گرووپه‌ شیعه‌كان له‌ شاره‌كاندا به‌ بیانووی پاراستنی ئاسایش به‌هۆی نه‌بوونی هێزێكی خۆجێیی كه‌ بتوانێت دۆسێی ئه‌منی به‌ڕێوه‌ ببات له‌دوای هه‌ره‌ستهێنانی ده‌زگای پۆلیس له‌ هاوینی ساڵی 2015دا.

 

هه‌رسهێنانی هێزه‌كانی پۆلیسی خۆجێیی له‌ شاره‌ ئازادكراوه‌كاندا ئه‌نجامێكی چاوه‌ڕوانكراو بوو له‌ دوای باڵاده‌ستبوونی توندڕه‌وان، چونكه‌ حكومه‌ت چیتر متمانه‌ی به‌‌و ده‌زگایه‌ نه‌ده‌كرد له‌ترسی دزه‌كردنی توندڕوان بۆ نێو ریزه‌كانی، به‌ڵام گێڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری ئه‌منی له‌ هه‌موو شه‌قام‌و ناوچه‌یه‌ك‌و سه‌رله‌نوێ گه‌ڕانه‌وه‌ی باوه‌ڕی خه‌ڵك به‌ سیستمی دادوه‌ری به‌نده‌ به‌ بوونی هێزی خۆجێییه‌وه‌ نه‌ك هێزی نامۆ به‌ دانیشتووانی شاره‌كه‌.

 

له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین چوار هێزی ئه‌منی پێكه‌وه‌ نه‌گونجاو بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، سوپا، پۆلیسی خۆجێیی، گرووپه‌ شیعه‌كان‌و هێزی عه‌شایر، كاروباری ئه‌منیش به‌ بڕیاری تاكه‌كه‌سی نارێكخراو‌و دوور له‌ چاودێری حكومه‌تی عێراق به‌ هه‌ڕه‌مه‌كی به‌ڕێوه‌ده‌برێت.

 

دوو ساڵ‌و نیو به‌سه‌ر ئازادكردنی تكریت ناوه‌ندی پایته‌ختی سه‌ڵاحه‌دیندا تێپه‌ڕیوه‌، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی پارێزگا شكستی هێناوه‌ له‌ یه‌كخستنی ئه‌و هێزه‌ شه‌ڕه‌كه‌رانه‌‌و گێڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌منییه‌كان به‌پێی یاساكانی ده‌سه‌ڵاته‌ خۆجێییه‌كان له‌ وڵاتدا، هۆكاری ئه‌وه‌ش لاوازی پۆلیسی خۆجێییه‌ كه‌ به‌ بازووی ئه‌منی سه‌ره‌كی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی خۆجێیی داده‌نرێت.

 

به‌رپرسێكی خۆجێیی له‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ڵاحه‌دین كه‌ داوایكرد ناوی نه‌هێنرێت، به‌ "نیقاش"ی وت: "ترسی راسته‌قینه‌مان هه‌یه‌ له‌ مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ ناوچه‌كانماندا‌و له‌ بێمتمانه‌یی نێوان دانیشتووان‌و ئه‌و هێزانه‌ ده‌ترسین ئه‌گه‌ر مانه‌وه‌یان درێژه‌ بكێشێت، هیوادارین هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵی كه‌ له‌ بنكه‌ی به‌له‌د جێگیرن پشتیوانی هێزه‌ خۆجێییه‌كانمان بكه‌ن ئه‌و كاره‌ش پێویستی به‌ چه‌ند مانگ‌و ره‌نگه‌ چه‌ند ساڵێكیش ببێت".

 

سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه‌ی گرووپه‌ شیعه‌كان بۆ به‌ئامانجگرتنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا‌و ناڕوونی تێڕوانینی حكومه‌تی عێراق‌و هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌دوای كۆتاییهاتنی "داعش"، به‌ڵام دووشه‌ممه‌ی رابردوو وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا (پێنتاگۆن) رایگه‌یاند كه‌ به‌نیازه‌ له‌چوارچێوه‌ی بودجه‌ی ساڵی داهاتوودا شه‌ش هه‌زار له‌ سه‌ربازه‌كانی له‌ عێراق بهێڵێته‌وه‌.

 

به‌ڵام نزیكبوونه‌وه‌ی كۆتاییهاتنی ویلایه‌تی حكومه‌ته‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران‌و سه‌رقاڵی حزبه‌ عێراقییه‌كان به‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن وه‌ك خۆئاماده‌كردنی بۆ هه‌ڵبژاردن له‌ ئایاری داهاتوو، مشتومڕ سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نووسی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌وڵاتدا دواده‌خات تا كاتی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق كه‌ له‌به‌رده‌م یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی سه‌ختدا ده‌بێت بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌‌و به‌دوورگرتنی وڵات له‌وه‌ی بكه‌وێته‌ گۆڕه‌پانی ململانێیه‌كی نوێی نێوان ئێران‌و ئه‌مریكاوه‌.

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌