راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ده‌ستبردن بۆ دۆسێ‌ هه‌ستیاره‌كان قه‌ده‌غه‌یه‌
له‌مه‌ودوا له‌كوردستان پارێزه‌رانیش پارێزراو نین

نارین رۆسته‌م
له‌وه‌ ناچێت ئه‌م ماوه‌یه‌ كوردستان ناوچه‌یه‌كی‌ ئارام بێت بۆ هیچ چین‌و توێژێك، ژماره‌یه‌ك له‌پارێزه‌ران ده‌ڵێن ترسیان له‌وه‌ هه‌یه‌ ده‌ست بۆ دۆسیه‌ هه‌ستیاره‌كان به‌رن، چونكه‌ ژیانیان ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.
11.01.2018  |  هه‌ولێر
دادگای سلێمانی ( :وێنه Panoramio)
دادگای سلێمانی ( :وێنه Panoramio)

له‌دره‌نگانێكی‌ شه‌وی‌ كۆتاییه‌كانی‌ ساڵی‌ رابردوو له‌گه‌ڕه‌كی‌ به‌ختیاری‌ شاری‌ سلێمانی‌، ماڵی‌ پارێزه‌ر عومه‌ر تۆفیق درایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی‌ گوله‌، بكه‌ره‌كان نه‌دۆزرانه‌وه‌، به‌ڵام عومه‌ر بێ‌ سێ‌‌و دوو، خۆی‌ گومان له‌چه‌ند كه‌سێكی‌ دیاریكراو ده‌كات كه‌ پێشتر هه‌ڕه‌شه‌یان لێكردووه‌.

 

عومه‌ر یه‌كێكه‌ له‌پارێزه‌رانی‌ كه‌یسێكی‌ ئاڵۆز له‌دادگا كه‌ له‌ساڵی‌ 2012ه‌وه‌ درێژه‌ی‌ هه‌یه‌و تائێستا كۆتایی‌ پێنه‌هاتووه‌، بۆیه‌ یه‌كسه‌ر په‌نجه‌ی‌ تۆمه‌ت بۆ به‌شدارانی‌ ئه‌و كه‌یسه‌ راده‌كێشێت.

 

ساڵی‌ 2012 له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌ سه‌ره‌داوی‌ كه‌یسێكی‌ ئاڵۆز ده‌ركه‌وتن كه‌ په‌یوه‌ست بوو به‌زه‌وی‌‌و زارو گه‌نده‌ڵییه‌وه‌، وا باسده‌كرا كه‌ چه‌ند به‌رپرسێكی‌ باڵا له‌و كه‌یسه‌وه‌ گلاون، هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌ زانا حه‌مه‌ ساڵح قایمقامی‌ قه‌زای‌ مه‌ركه‌زی‌ سلێمانی‌ -له‌دوای‌ پارێزگاره‌وه‌ باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌یه‌- له‌گرتوخانه‌ی‌ ئاسایش ده‌ست به‌سه‌ركرا، له‌مانگی‌ نیسانی‌ ئه‌و ساڵه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی‌ ته‌مومژاوی‌ قایمقام له‌زیندانی‌ ئاسایش گیانی‌ سپارد، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان وتیان خۆی‌ كوشتووه‌، به‌ڵام كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ باوه‌ڕیان به‌و گێڕانه‌وه‌یه‌ نه‌كرد.

 

عومه‌ر یه‌كێك بوو له‌پارێزه‌رانی‌ ئه‌و كه‌یسه‌ ئاڵۆزه‌، هه‌رچه‌نده‌ هیچ شتێكی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌دۆسێكه‌ بۆ نه‌گۆڕا، به‌ڵام وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت له‌و كاته‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر گیانی‌ هه‌یه‌و ته‌قه‌كردنی‌ ئه‌مجاره‌ش بۆ هه‌مان بابه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

 

عومه‌ر تۆفیق به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و كاته‌ی‌ چوومه‌ ناو كه‌یسه‌كه‌ راسته‌وخۆ رووبه‌رووی‌ هه‌ڕه‌شه‌ بوومه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ دواتر هیچم بۆ نه‌كرا، چونكه‌ دۆسێكه‌ له‌ره‌وتی‌ یاسایی‌ خۆی‌ لادراو بووه‌ بابه‌تێكی‌ سیاسی‌‌و ئیداری‌‌و راستییه‌كان ونكران".

 

راسته‌ ئه‌و دۆسێیه‌ هێشتا به‌ته‌واوه‌تی‌ یه‌كلایی‌ نه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تا ئه‌مڕۆش ته‌مومژ له‌باره‌ی‌ ئه‌و بابه‌ته‌وه‌ ماوه‌و باس له‌تێوه‌گلانی‌ چه‌ندین به‌رپرس ده‌كرێت، بۆیه‌ زۆرجار نه‌ میدیاو نه‌ پارێزه‌ران‌و نه‌ لایه‌نه‌كانی‌ تریش خۆیانی‌ له‌قه‌ره‌ ناده‌ن.

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ له‌كوردستان چه‌ندین دۆسێی‌ گه‌وره‌ هه‌ن كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ دادگاكان‌و به‌عورفی‌ سیاسی‌‌و عه‌شایری‌ یه‌كلایی‌ ده‌كرێنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و دۆسێیانه‌ی‌ به‌دادگاكانیش ده‌سپێردرێن هه‌ندێكیان دیسانه‌وه‌ لایه‌نه‌كانی‌ ده‌كه‌ونه‌وه‌ ژێر فشار بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ئاراسته‌یه‌كی‌ دیاریكراودا بڕوات، هه‌ندێجاریش قوربانییه‌كان ئه‌و پارێزه‌رانه‌ن كه‌ پشتیوانی‌ له‌یه‌كێك له‌لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ن.

 

ره‌نگبێ‌ بابه‌تی‌ هه‌ڕه‌شه‌و ده‌ستدرێژی‌ بۆ سه‌ر پارێزه‌ران شتێكی‌ تازه‌ نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ نامۆیه‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا به‌شێوازی‌ جیاجیا ئه‌م حاڵه‌تانه‌ دووباره‌ بوونه‌ته‌وه‌.

 

ئاسۆ هاشم پارێزه‌رێكی‌ به‌ناوبانگه‌ له‌شاری‌ هه‌ولێر، وه‌ك خۆی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات به‌رگری‌ له‌دۆسێیه‌كی‌ دادگا كردووه‌ كه‌چی‌ دواتر به‌رپرسێكی‌ سه‌ربازی‌ ده‌ستی‌ له‌كاره‌كه‌ وه‌رداوه‌و ژیانی‌ ئه‌م كه‌وتووه‌ته‌ به‌رده‌م مه‌ترسی‌.

 

له‌مانگی‌ ئابی‌ ساڵی‌ رابردوو ئاسۆ هاشم بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ له‌شارۆچكه‌ی‌ شه‌قڵاوه‌ -باكوری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ هه‌ولێر- له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكه‌وه‌ رفێنراوه‌و به‌زۆر چه‌كێكی‌ بانكیان لێسه‌ندووه‌ ئینجا ئازادیان كردووه‌.

 

له‌باره‌ی‌ ئه‌و دۆسێیه‌وه‌ ئاسۆ به‌"نیقاش"ی‌ وت "بومه‌ پارێزه‌ری‌ بازرگانێكی‌ جل‌و به‌رگ كه‌ به‌هۆی‌ كاره‌كه‌یه‌وه‌ مایه‌پووچ بوو بوو، چه‌كێكی‌ بانكی‌ هه‌بوو به‌بڕی‌ شانزه‌ ملیۆن دینار ده‌بوو بۆی‌ وه‌ربگرمه‌وه‌، له‌نزیك بانكه‌كه‌ چه‌كداره‌كان فڕاندیانم، ده‌یانویست له‌ده‌می‌ منه‌وه‌ شوێنی‌ بازرگانه‌كه‌ بزانن، سه‌ره‌نجام چه‌كه بانکییە‌كه‌یان لێسه‌ندم".

 

ئاسۆ له‌لای‌ پۆلیس سكاڵا تۆمار ده‌كات، به‌ڵام هه‌ر دواتر خۆی‌ سكاڵاكه‌ ده‌كێشێته‌وه‌، له‌باره‌ی‌ هۆكاره‌كه‌شیه‌وه‌ ده‌ڵێت "ئاخر ده‌زانم دادگا له‌به‌رامبه‌ر كه‌سه‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌كاندا هیچی‌ پێناكرێت‌و ئه‌گه‌ر منیش له‌سه‌ری‌ بڕۆشتمایه‌ ژیانم به‌ته‌واوی‌ ده‌كه‌وته‌ مه‌ترسییه‌وه‌".

 

ده‌شڵێت "له‌كوردستان كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كاتێك ده‌بیته‌ پارێزه‌ری‌ كه‌یسێك دژ به‌گه‌نده‌ڵی‌، یه‌كسه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران به‌چاوی‌ دوژمن ته‌ماشات ده‌كه‌ن".

 

له‌ساڵی‌ رابردوودا چه‌ندین پارێزه‌ر هه‌بوون كه‌ باسیان له‌وه‌ كراوه‌ به‌هۆی‌ كاره‌كه‌یانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان له‌سه‌ر بووه‌، به‌ڵام ته‌نیا چه‌ند یه‌كێكیان بوونی‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌یان ئاشكرا كردووه‌.

 

سه‌ندیكاری پارێزه‌رانی كوردستان زیاتر له‌نۆ هه‌زار ئه‌ندامی‌ هه‌یه‌، ئامارێكی‌ ئه‌و سه‌ندیكایه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ته‌نیا له‌ساڵی‌ رابردوودا حه‌وت پارێزه‌ر له‌ناوچه‌ جیاوازه‌كان رووبه‌رووی‌ هه‌ڕه‌شه‌ بوونه‌ته‌وه‌.

 

به‌ختیار حه‌یده‌ر نەقیبی‌ سه‌ندیكای‌ پارێزه‌رانی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌شی زۆری ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی له‌پارێزه‌ران كراون له‌رێگای نامه‌ی مۆبایل و ته‌له‌فۆنه‌وه‌ بوون".

 

تائێستا ئه‌وه‌ی‌ به‌سه‌ندیكا كراوه‌ وه‌ك به‌ختیار حه‌یدره‌ ده‌ڵێت ته‌نیا ئه‌وه‌ بووه‌ نوێنه‌ریان له‌دادگا هه‌بێت‌و پارێزگاری‌ له‌پارێزه‌ره‌كه‌ بكات، یاخود به‌یاننامه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ربكه‌ن، ره‌نگه‌ ئه‌مانه‌ش به‌ته‌واوی‌ مه‌ترسی‌ له‌سه‌ر ژیانی‌ پارێزه‌ره‌كه‌ دوور نه‌خاته‌وه‌.

 

یه‌كێكی‌ دیكه‌ له‌و پارێزه‌رانه‌ی‌ كه‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت چه‌ندینجار به‌هۆی‌ پیشه‌كه‌یه‌وه‌ رووبه‌رووی‌ مه‌ترسی‌ كوشتن بووه‌ته‌وه‌، پارێزه‌ر یونس راوی‌-یه‌.

 

یونس ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كان كه‌ له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی‌ چه‌ند كه‌یسێك له‌دادگا رووبه‌رووی‌ هه‌ڕه‌شه‌ بووه‌ته‌وه‌و ده‌شڵێت "زۆربه‌ی‌ ئه‌و پارێزه‌رانه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات‌و لایه‌نی‌ تاوانبار له‌توانایان ده‌ترسن".

 

حاڵه‌تی‌ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌پارێزه‌ران شتێكی‌ نامۆیە، به‌ڵام بۆ پۆلیس هه‌مان مامه‌ڵه‌ی‌ كه‌یسه‌ ئاساییه‌كانی‌ تری‌ له‌گه‌ڵ ده‌كرێت‌و هه‌مان رێكاری‌ یاسایی‌ بۆ ده‌گیرێته‌ به‌ر.

 

هۆگر عه‌زیز وته‌بێژی‌ پۆلیسی‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ ئاشكرای‌ نه‌كرد چه‌ند پارێزه‌ر به‌هۆكاری‌ هه‌ڕه‌شه‌ لێكردن سكاڵایان تۆماركردووه‌، به‌ڵام به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌ڕه‌شه‌ له‌هه‌ر كه‌سێك بكرێت ئێمه‌ رێكاری‌ یاسایی‌ بۆ ده‌گرینه‌ به‌ر، ئیتر كه‌سی‌ هه‌ڕه‌شه‌ لێكراوو هه‌ڕه‌شه‌كه‌ر له‌هه‌ر پله‌و پۆستێكدا بن".

 

راسته‌ هه‌ڕه‌شه‌و چاوسوركردنه‌وه‌ له‌كوردستان تازه‌ نییه‌، به‌ڵام كاتێك بابه‌ته‌كه‌ هاته‌ سه‌ر پارێزه‌ران ره‌نگه‌ زه‌حمه‌تر بێت، چونكه‌ خه‌ڵك چاویان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ له‌كاتی‌ هه‌ڕه‌شه‌ لێكردنیان دادگاو پارێزه‌ران به‌هانایانه‌وه‌ بێت، به‌ڵام ئه‌ی‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ كه‌وته‌ سه‌ر خودی‌ پارێزه‌ران چی‌؟

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌