راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوور شه‌ڕده‌كه‌ن
چه‌ند گرووپێكی حه‌شد حكومه‌تی عێراق ئیحراج ده‌كه‌ن

موسته‌فا حه‌بیب
دوای چه‌ند سه‌عاتێك له‌راگه‌یاندنی كۆتاییهاتنی شه‌ڕ له‌دژی داعش، گروپه‌ شیعه‌كان رایانگه‌یاند ئاماده‌ن چه‌كه‌كانیان راده‌ستی حكومه‌ت بكه‌ن، به‌ڵام لای‌ هه‌ندێ‌ گروپ شه‌ڕ هه‌ر به‌رده‌وامه‌.
21.12.2017  |  به‌غدا
خۆپیشاندانی‌ گروپێكی‌ شیعه‌ كه‌ وێنه‌ی‌ قودس‌و خامه‌نه‌ییان به‌رزكردووه‌ته‌وه‌ ( :وێنه موقع لواء سيد الشهداء على الانترنت )
خۆپیشاندانی‌ گروپێكی‌ شیعه‌ كه‌ وێنه‌ی‌ قودس‌و خامه‌نه‌ییان به‌رزكردووه‌ته‌وه‌ ( :وێنه موقع لواء سيد الشهداء على الانترنت )

دوای بیستنی ده‌نگی ته‌قه‌یه‌كی زۆر، حاڵه‌تێك له‌ ترس‌و تۆقین باڵی به‌سه‌ر دانیشتووانی ناوچه‌ی دۆره‌ی باشووری به‌غدای پایته‌ختدا كێشا، پاش چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك ده‌ركه‌وت سه‌رچاوه‌ی ته‌قه‌كان رێوڕه‌سمی به‌خاكسپاردنی مردوویه‌ك بووه‌، چونكه‌ نه‌ریتێكی عه‌شایرییه‌ بۆ ده‌ربڕینی دڵته‌نگی ته‌قه‌ به‌ ئاسماندا ده‌كرێت.

 

به‌ڵام سوپرایزه‌كه‌ ئه‌وه‌بوو رێوڕه‌سمی به‌خاكسپاردنه‌كه‌ هی چه‌كدارێكی گرووپه‌ شیعه‌كان بوو، خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ ده‌یانپرسی، كوا كوژراوه‌كه‌؟ خۆ حكومه‌تی عێراق كۆتاییهاتنی شه‌ڕه‌كانی له‌دژی "داعش" راگه‌یاندووه‌، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت ئه‌و كه‌سه‌ له‌ سوریا له‌ میانی شه‌ڕه‌كان له‌دژی "داعش" له‌ شارۆچكه‌ی ئه‌لبوكه‌مال كوژراوه‌، بۆیه‌ شه‌ڕ به‌لای هه‌ندێك له‌ گرووپه‌ شیعه‌ عێراقییه‌كان هێشتا به‌رده‌وامه‌، ئه‌گه‌رچی له‌ عێراق كۆتاییهاتووه‌.

 

له‌نۆی ئه‌م مانگه‌دا حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران كۆتاییهاتنی شه‌ڕی له‌دژی "داعش"‌و سه‌ركه‌وتنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراقی به‌سه‌ر ئه‌و ڕێكخراوه‌دا راگه‌یاند كه‌ له‌ هاوینی ساڵی 2014دا سێیه‌كی خاكی وڵاتی داگیركرد، له‌و رۆژه‌شه‌وه‌ كوژرانی هیچ ئه‌ندامێكی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌.

 

وه‌ك پێشبینیش ده‌كرا عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌ له‌ عێراق له‌ نوێژی هه‌ینی رابردوودا رایگه‌یاند كه‌ پێویسته‌ گرووپه‌ شیعه‌كان تێكه‌ڵ به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق بكرێن، هۆشداریشیدا له‌به‌شداریكردنیان له‌هه‌ڵبژاردندا، به‌ڵام ئه‌وه‌شی دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر وڵات هێشتا به‌رده‌وامن، وه‌ك له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا هاتبوو كه‌ له‌لایه‌ن عه‌بدولمه‌هدی كه‌ربه‌لائی نوێنه‌ریه‌وه‌ خوێندرایه‌وه‌.

 

چه‌ند رۆژێكه‌ سیاسییه‌كان سه‌رقاڵی گفتوگۆن سه‌باره‌ت به‌ ئاینده‌ی ئه‌و گرووپه‌ شیعانه‌ی شانبه‌شانی سوپای عێراق له‌دژی "داعش" جه‌نگاون، ژماره‌یه‌ك له‌ فه‌رمانده‌كانیشیان ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه‌ چه‌كه‌كانیان راده‌ستی ده‌وڵه‌ت بكه‌ن‌و چه‌كدارانیشیان بخه‌نه‌ ژێر فه‌رمانی حكومه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ واقیعدا هه‌موو چه‌ك‌و چه‌كداره‌كانیان نییه‌.

 

گرووپه‌ شیعه‌كان دابه‌شبوون بۆ سێ به‌ش، به‌شێكیان سه‌ر به‌ئێرانن‌و له‌ڕووی ئاینییه‌وه‌ په‌یوه‌ستن به‌ عه‌لی خامنه‌یی رابه‌ری ئێرانه‌وه‌، به‌شێكیشیان سه‌ر به‌ عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌ن له‌ نه‌جه‌ف‌و خواستی سیاسیان نییه‌‌و شه‌ڕكردن له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، به‌شێكیشیان سه‌ر به‌ حزبه‌ شیعه‌ عێراقییه‌كانی وه‌ك ره‌وتی سه‌رد به‌ سه‌ركردایه‌تی موقته‌دا سه‌در‌و "ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی"ن.

   

"گرووپه‌كانی مقاوه‌مه‌" یان "گرووپه‌كانی حه‌شدی وه‌لائی" چه‌ند ناوێكن له‌و گرووپه‌ شیعانه‌ نراون كه‌ به‌ر له‌ هێرشی "داعش" دروستبوون، خاڵی هاوبه‌شیشیان دڵسۆزیانه‌ بۆ عه‌لی خامنه‌یی مه‌رجه‌عی ئاینی له‌ شاری قوم‌و رابه‌ری ئێران نه‌ك بۆ مه‌رجه‌عیه‌تی ئاینی له‌ نه‌جه‌ف به‌ سه‌ركردایه‌تی سیستانی، به‌درێژایی ده‌یه‌ی رابردووش ئه‌و گرووپانه‌ رۆڵیان له‌ دۆسێی ئه‌منی وڵاتدا هه‌بووه‌.

 

هه‌ر كه‌ سیستانیش له‌ حوزه‌یرانی ساڵی 2014دا فه‌توای جیهادی له‌ دژی "داعش" ده‌ركرد، ئه‌و گرووپه‌ دێرینانه‌ چوونه‌ پاڵ هه‌زاران خۆبه‌خش كه‌ به‌ده‌نگ فه‌تواكه‌ی سیستانیه‌وه‌ چووبوون، له‌به‌رئه‌وه‌ش كه‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی چه‌كداران پێویستیان به‌ رێكخستن هه‌بوو، حكومه‌تی عێراق ده‌سته‌یه‌كی ره‌سمی دامه‌زراند‌و ناوی "حه‌شدی شه‌عبی" لێنا.

 

گرووپی "سه‌رایا خۆراسانی" یه‌كێكه‌ له‌و گرووپانه‌ی حه‌سه‌ن ته‌قه‌وی فه‌رمانده‌ له‌ "سوپای پاسدارانی ئێران" پێكیهێناون كه‌ له‌ له‌كانوونی یه‌كه‌می 2014دا له‌ شه‌ڕه‌كانی سامه‌ڕا له‌دژی "داعش" كوژرا، ئه‌م گرووپه‌ وێنه‌كانی عه‌لی خامنه‌یی به‌ باره‌گا‌و ئۆتۆمبیله‌كانیدا هه‌ڵده‌واسێت.

 

عه‌باس محه‌مه‌داوی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ندامانی "سه‌رایا خۆراسانی" له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ "نیقاش" وتی: "جیاوازی هه‌یه‌ له‌ نێوان حه‌شدی شه‌عبی‌و گرووپه‌كانی مقاوه‌مه‌، ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م ته‌نیا له‌ عێراق ده‌جه‌نگێت‌و له‌ژێر فه‌رمانده‌یی حكومه‌تی عێراقدایه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی دووه‌م ئامانجی گه‌وره‌تریان هه‌یه‌، چونكه‌ ئێمه‌ له‌ هه‌ر خاكێكدا شه‌ڕ ده‌كه‌ین كه‌ تیرۆریستانی تێدابێت له‌ سوریا‌و ناوچه‌كانی دیكه‌".

 

"سه‌رایا خۆراسانی" لیوایه‌كی جه‌نگاوه‌ری له‌ "حه‌شدی شه‌عبی"دا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ دوو لیوای دیكه‌ له‌گرووپه‌كانی مقاوه‌مه‌، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ محه‌مه‌داوی ده‌ڵێت "بڕیاریارمان داوه‌ ئه‌و جه‌نگاوه‌رانه‌مان كه‌ له‌ژێر سایه‌ی حه‌شدی شه‌عبیدان بخه‌ینه‌ ژێر فه‌رمانی حكومه‌ت‌و ئه‌و چه‌كانه‌ش بگێڕینه‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌وڵه‌ت وه‌رمانگرتوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ جه‌نگاوه‌رانمان له‌ سوریا ناگرێته‌وه‌".

 

محه‌مه‌داوی ده‌شڵێت: "گرووپه‌كانی مقاوه‌مه‌ ئامانجی گه‌وره‌تریان هه‌یه‌، ئێمه‌ ئاماده‌یه‌ن له‌ هه‌ر خاكێكدا بجه‌نگین كه‌ به‌ده‌ست سته‌م‌و تیرۆریستانه‌وه‌ بناڵێنێت، له‌ سوریا یاخود لوبنان‌و ته‌نانه‌ت له‌ یه‌مه‌نیش ئه‌گه‌ر پێویست بكات، ئه‌و هێزه‌ سه‌ربازییانه‌شمان كه‌ له‌ سوریادان جه‌نگاوه‌ری سوریشیان تێدایه‌ نه‌ك ته‌نیا عێراقی".

 

گرووپه‌كانی "به‌در"‌و "عه‌سائیب ئه‌هللحه‌ق"‌و "كه‌تائیب حزبوڵڵا"‌و "سه‌رایا خۆراسانی"‌و "نوجه‌با"‌و "كه‌تائیب سه‌یدولشوهه‌دا" له‌ دیارترین ئه‌و گرووپانه‌ن كه‌ به‌ "گرووپه‌كانی مقاوه‌مه‌" ناسراون، هه‌ندێكیان چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر دروستبوون وه‌كو "به‌در"، هه‌ندێكی دیكه‌شیان له‌دوای داگیركاری ئه‌مریكا بۆ عێراق له‌ ساڵی 2003 دامه‌زراون، هه‌ندێكی دیكه‌شیان له‌ دوای قه‌یرانی سوریا له‌ ساڵی 2011 دروست بوون‌و له‌وێ شانبه‌شانی رژێمی سوریا له‌ ژێر سه‌ركردایه‌تی "حزبوڵڵا"ی لوبنانیدا شه‌ڕیان كردووه‌.

 

كاتێكیش "داعش" دزه‌ی كرده‌ ناو عێراق‌و شاری موسڵی داگیركرد، سیستانی داوایكرد جیهادیان له‌دژ بكرێت، ئه‌و گرووپانه‌ش ده‌رگای خۆبه‌خشییان له‌ ریزه‌كانیاندا كردووه‌ شانبه‌شانی جه‌نگاوه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كان كه‌ به‌ دڵسۆزی زۆر‌و باشترین شاره‌زایی سه‌ربازیی ناسراون، به‌ڵام ئه‌مڕۆ دوای له‌ناوبردنی توندڕه‌وان له‌ عێراق ئه‌وا ته‌نیا ده‌ستبه‌رداری خۆبه‌خشه‌ نوێیه‌كان ده‌بن نه‌ك جه‌نگاوه‌ره‌ دێرینه‌كانیان، چونكه‌ ئامانجی ئه‌م هێزانه‌ له‌ "داعش" دوورتره‌.

 

یه‌كێك له‌ ئامانجه‌ جێمشتومڕه‌كانی "گرووپه‌كانی مقاوه‌مه‌" دژایه‌تیكردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكایه‌ به‌پێی قسه‌ی ئه‌بو فاتیمه‌ ده‌راجی یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی "كه‌تائیب سه‌یدولشوهه‌دا"، ئه‌و له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ "نیقاش" وتی: "گرووپه‌كانی مقاوه‌مه‌ دژی ئه‌مریكای داگیركارن، له‌ ساڵی 2006وه‌ به‌شداریمان له‌ شه‌ڕ له‌دژیان كردووه‌‌و زیانی زۆرمان پێگه‌یاندوون، هه‌تا ئه‌مڕۆش به‌ دوژمنیان داده‌نێین".

 

له‌ ئابی رابردووشدا ده‌یان جه‌نگاوه‌ری "كه‌تائیب سه‌یدولشوهه‌دا" له‌ ناو خاكی سوریادا له‌ پشتێنه‌ی سنووری له‌گه‌ڵ عێراق كوژران‌و بریندار بوون، سێ مانگ به‌ر له‌وه‌ش ژماره‌یه‌ك له‌ جه‌نگاوه‌ره‌كانی له‌ ده‌روازه‌ی ته‌نه‌ف له‌ خاكی سوریادا برینداربوون، ئه‌م دوو رووداوه‌ش به‌گوێره‌ی قسه‌ی ده‌راجی به‌هۆی هێرشی ئاسمانی ئه‌مریكاوه‌ بوون.

 

ده‌راجی ده‌شڵێت: "له‌دژی تیرۆریستان له‌سوریا شه‌ڕمانكرد به‌ر له‌وه‌ی دزه‌ بكه‌نه‌ ناو عێراق‌و به‌شداریمان له‌ شه‌ڕه‌كانی غوته‌ی خۆرهه‌ڵات‌و ریفی دیمه‌شقدا كردووه‌‌و له‌وێ چه‌ندین شه‌هید‌و بریندارمان به‌خشیوه‌، له‌پاش كه‌وتنی موسڵیش به‌ده‌ستی تیرۆریستان، به‌سه‌دان جه‌نگاوه‌رمان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی شانبه‌شانی خۆبه‌خشه‌ نوێیه‌كان به‌شداری شه‌ڕ بكه‌ن، سه‌ركه‌وتنیشمان له‌ دیاله‌‌و سه‌ڵاحه‌دین‌و موسڵ به‌ده‌ستهێنا‌و تیرۆریستانمان له‌ ده‌وروبه‌ری یه‌غدا ده‌ركرد".

 

گرووپه‌كانی مقاوه‌مه‌ تێكه‌ڵبوون به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌‌و هه‌وڵده‌ده‌ن هێزێكی سه‌ربه‌خۆبن له‌ ده‌وڵه‌ت وه‌ك نموونه‌ی "حزبوڵڵا" له‌ لوبنان، هه‌روه‌ها خواستی ئه‌وه‌شیان هه‌یه‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردندا بكه‌ن، هه‌ڵوێستی سیاسی توندیش راده‌گه‌یه‌نن كه‌ هه‌ندێك جار پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێستی حكومه‌تی عێراقه‌، بۆ نموونه‌ فه‌رمانده‌كانی هه‌ڵوێستی دژ به‌ هه‌رێمی كوردستان راده‌گه‌یه‌نن‌و نزیكبوونه‌وه‌ی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ سعودیه‌‌و ده‌وڵه‌تانی گه‌نداو ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

 

شه‌ممه‌ی رابردوو قه‌یس خه‌زعه‌لی سه‌ركرده‌ی "عه‌سائیب ئه‌هللحه‌ق" له‌ میانی ئاهه‌نگێكدا له‌ شاری كه‌ربه‌لا كه‌ به‌بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر "داعش" رێكخرابوو، وتی: "دوای له‌ناوبردنی داعش سێ دوژمنمان له‌به‌رده‌مدا ماوه‌، ئیسرائیل‌و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان‌و شانشینی عه‌ره‌بی سعودی كه‌ ده‌یه‌وێت له‌ڕێی هه‌ڵدانه‌وه‌ی په‌ڕه‌یه‌كی نوێوه‌ بمانخه‌ڵه‌تێنێت".

 

خه‌زعه‌لی ئه‌وه‌ی له‌بیر نه‌كرد سوپاسگوزاری‌و ستایش پێشكه‌شی ئێران‌و "حزبوڵڵا" بكات كه‌ له‌پاڵ عێراقدا وه‌ستاون، هه‌موو گرووپه‌كانی نزیك له‌ تارانیش ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ ده‌نوێنن.

 

دوو رۆژیش دوای ئه‌وه‌ی خه‌زعه‌لی رایگه‌یاند جه‌نگاوه‌ره‌كانی ده‌خاته‌ ژێر فه‌رمانی حكومه‌تی عێراقه‌وه‌، به‌ جلوبه‌رگی سه‌ربازیه‌وه‌ له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا له‌سه‌ر سنووری باشووری لوبنان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ده‌ركه‌وت‌و له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ داننان به‌ قودس وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل وتی:" له‌سه‌ر سنوور له‌گه‌ڵ ئیسرائیل گرووپه‌كانی مقاوه‌مه‌ ئاماده‌یی خۆیان راده‌گه‌یه‌نن بۆ پشتیوانی گه‌لی لوبنان‌و فه‌له‌ستینییه‌كان له‌دژی داگیركاری ئیسرائیل".

چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ریش له‌ ئازاری رابردوودا گرووپی "نوجه‌با" به‌سه‌ركردایه‌تی ئه‌كره‌م كه‌عبی پێكهێنانی هێزێكی سه‌ربازی به‌ناوی "لیوای ئازادكردنی جۆلان" راگه‌یاند‌و دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئامانجی ئازادكردنی ناوچه‌ی جۆلان له‌ سوریاو دژایه‌تیكردنی ئیسرائیله‌، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گرووپه‌ شیعه‌كان ته‌نانه‌ت دوای له‌ناوبردنی توندڕه‌وانیش هه‌ر ده‌مێنن، له‌كاتێكدا مانگی رابردوو كۆنگرێسی ئه‌مریكا بڕیاری دا "نوجه‌با" به‌ رێكخراوێكی تیرۆریستی بناسێنێت.

 

له‌ دوای بڕیاره‌كه‌ی دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا "گرووپه‌كانی مقاوه‌مه‌" له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی ره‌سمیدا داوای شه‌ڕیان كرد، له‌ كاتێكدا هه‌ڵوێستی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران ئیدانه‌كردنی بڕیاره‌كه‌ی ترامپ بوو، دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی عێراق دژی به‌كارهێنانی توندوتیژییه‌.

 

دژبه‌یه‌كی هه‌ڵوێستی گرووپه‌كانی نزیك له‌ ئێران ئاڵنگارییه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌به‌رده‌م حكومه‌تی عێراقدا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كه‌ هه‌فته‌ی رابردوو سه‌عد حه‌دیسی وته‌بێژ به‌ناوی حكومه‌ت وتی: "حه‌شدی شه‌عبی ده‌سته‌یه‌كی ره‌سمییه‌‌و به‌شێكه‌ له‌ سیستمی ئه‌منی عێراق، به‌ڵام ئه‌و گرووپانه‌ی سه‌ر به‌ حه‌شد نین هیچ پاساوێكی یاساییان نه‌ماوه‌" ئه‌ویش له‌ ئاماژه‌یه‌كی رووندا بۆ ئه‌و گرووپانه‌ی به‌ "گرووپه‌كانی مقاوه‌مه‌" ناسراون.

 

عێراقییه‌كان له‌به‌رده‌م ئاڵنگارییه‌كی گه‌وره‌دان له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوور شه‌ڕ ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا ده‌ستووری عێراق رێگه‌ به‌وه‌ نادات‌و له‌ ماددی 8یدا ده‌ڵێت"عێراق پابه‌نده‌ به‌ ده‌ستوه‌رنه‌دان له‌ كاروباری ناوخۆی ده‌وڵه‌تانی دیكه‌‌و هه‌ڵده‌دات ململانێكان به‌ شێوازی ئاشتیانه‌ چاره‌سه‌ر بكات"، به‌ڵام ئه‌و گرووپانه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیدا ئیحراج ده‌كه‌ن‌و پێویسته‌ چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌م كێشه‌ قورسه‌ بدۆزێته‌وه‌، ئه‌گه‌رنا عێراق له‌ ململانێی هه‌رێمی نوێوه‌ ده‌گلێت.

       

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌