راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

رووداوه‌كانی‌ كه‌ركوك
سه‌ودایه‌كی‌ ناڕۆشن گریانی‌ پێشمه‌رگه‌و ئاواره‌بوونی‌ لێكه‌وتووه‌

شاڵاو محەمەد
هه‌رچه‌نده‌ ململانێ‌و رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ سوپای‌ عێراق‌و پێشمه‌رگه‌ له‌كه‌ركوك چاوه‌ڕوانكراو بوو، به‌ڵام ئاڕاسته‌ی‌ رووداوه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌موو پێشبینییه‌كانی‌ خه‌ڵكه‌وه‌ بوو.
19.10.2017  |  كه‌ركوك
القوات العراقية تتقدم باتجاه مركز مدينة كركوك ( :وێنه احمد الربيعي)
القوات العراقية تتقدم باتجاه مركز مدينة كركوك ( :وێنه احمد الربيعي)

نیوه‌شه‌وی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ر به‌شی‌ زۆری‌ خه‌ڵكی‌ كه‌ركوك‌و هاوڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان شه‌ونخونیان كرد به‌دیاری‌ شاشه‌كانی‌ ته‌له‌فزیۆن‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌، سات به‌سات هه‌واڵی‌ نوێ‌ له‌باره‌ی‌ كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌هات، هه‌موو هه‌واڵه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ بوون كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌شه‌ڕێكی‌ قورسدایه‌ له‌گه‌ڵ سوپای‌ عێراقی‌‌و حه‌شدی‌ شه‌عبیدا، به‌ڵام له‌پڕ شتێكی‌ دیكه‌ روویدا: پێشمه‌رگه‌ خێرا خێرا هێڵه‌كانی‌ خۆی‌ جێده‌هێڵێت‌و فه‌رمانی‌ ده‌ستبه‌جێی‌ پێكراوه‌ به‌شداری‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌كان نه‌كات.

 

هێشتا ئه‌م هه‌واڵانه‌ بۆ خه‌ڵكی‌ كوردستان جێی‌ باوه‌ڕنین، چونكه‌ خه‌ڵكی‌ ده‌یانپرسی‌: ئه‌و هه‌موو هێزه‌ی‌ له‌كه‌ركوك كۆكراوه‌ته‌وه‌ چۆن ئاوها به‌خێرایی‌ سه‌نگه‌ره‌كانی‌ خۆیان چۆڵ ده‌كه‌ن؟ ئه‌ی‌ چۆن فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان فه‌رمانی‌ كشانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌ن له‌كاتێكدا شه‌وی‌ پێشوتر رایان ده‌گه‌یاند مه‌گه‌ر به‌سه‌ر لاشه‌ی‌ ئه‌واندا سوپاو حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ بێنه‌ ناو كه‌ركوكه‌وه‌.

 

هێشتا وێنه‌ لێڵه‌كه‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ روون نه‌بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌موو لێكدانه‌وه‌كان به‌و ئاڕاسته‌یه‌ ده‌چن كه‌ رێكه‌وتنێكی‌ ژێر به‌ژێری‌ نێوان هه‌ردوولایه‌نی‌ عێراقی‌‌و كوردی‌ هه‌بووه‌، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ئامانجه‌كه‌ی‌ روون بێت.

 

چی‌ روویدا؟

له‌ده‌وربه‌ری‌ سه‌عات 1ی‌ پاش نیوه‌شه‌وی‌ 16ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌م، له‌ناوچه‌ی‌ پیشه‌سازی‌ له‌خوارووی‌ كه‌ركوك، یه‌كه‌م رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ چه‌كداری‌ له‌نێوان هێزه‌كانی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ دیجله‌ی‌ سوپای‌ عێراق‌و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌لایه‌ك‌و هێزه‌كانی‌ كۆماندۆی‌ یه‌كه‌ی‌ (70)ی‌ پێشمه‌رگه‌و لیوای‌ پشتیوانی‌ 2ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌لایه‌كی‌ دیكه‌ روویدا، هێزه‌ عێراقییه‌كه‌ به‌ره‌و فرۆكه‌خانه‌ی‌ كه‌ركوك پێشڕه‌ویان ده‌كردو پێشمه‌رگه‌ش رێی‌ له‌پێشڕه‌وییه‌كانیان ده‌گرت.

 

لیوا ره‌سوڵ‌ كه‌ركوكی‌ فه‌رمانده‌ی‌ میحوه‌ری‌ باشوری‌ كه‌ركوكی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "كاتێك به‌ره‌و ناحیه‌ی‌ تازه‌ به‌رێكه‌وتین تاكو رێگه‌ ناده‌ین حه‌شدی‌ شه‌عبی‌‌و  هێزه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی دیجله‌ی سوپای عێراق به‌ره‌و فرۆكه‌خانه‌ی‌ كه‌ركوك بێن، له‌نزیك پردی‌ ناوچه‌ی‌ پیشه‌سازی‌ رووبه‌رووی‌ یه‌ك بوینه‌وه‌و شه‌رێكی‌ قورس رویدا كه‌ زۆینه‌ی‌ شه‌ڕه‌كه‌ به‌چه‌كی‌ قورس ئه‌نجامدرا".

 

چه‌ند سه‌عاتێكی‌ نه‌خایاند له‌وكاته‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌شه‌ڕدا بوون له‌پڕ له‌سه‌روو خۆیانه‌وه‌ فه‌رمانیان بۆ هات كه‌ ده‌ستبه‌جێ‌ ناوچه‌كه‌ چۆڵ بكه‌ن، ئیتر ورده‌ ورده‌ سوپای‌ عێراقی‌‌و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ به‌بێ‌ به‌رگری‌ به‌ره‌و ئه‌و ناوچانه‌ پێشڕه‌وییان كرد كه‌ ده‌یانویست.

 

ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ پێشمه‌رگه‌ له‌میدیاكانه‌وه‌ ده‌ركه‌وتن كه‌ ده‌گریان‌و له‌فه‌رمانده‌كانی‌ خۆیان توڕه‌بوون، هه‌موویان یه‌ك قسه‌یان ده‌وته‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌ بوو ده‌یانوت "فرۆشراین"، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی‌ فه‌رمانده‌كانیان له‌گه‌ڵ سوپای‌ عێراقی‌‌و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ رێككه‌وتوون‌و رێیان نه‌داوه‌ ئه‌وان به‌رگری‌ بكه‌ن.

 

پێشمه‌رگه‌یه‌ك كه‌ خۆی‌ له‌ناو شه‌ڕه‌كه‌دا بوو، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نه‌هێنرێت قسه‌ی‌ بۆ "نیقاش" كردو وتی‌ "ئێمه‌ له‌شه‌ڕه‌كه‌دا باڵاده‌ست بووین‌و به‌رگریمان ده‌كرد، كه‌چی‌ له‌پڕ فه‌رمانده‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ په‌یوه‌ندی‌ كردو وتی‌ بكشێنه‌وه‌، ئه‌فسه‌رێكمان وتی‌ من ناكشێمه‌وه‌و ئه‌بێت لێره‌ شه‌هید بم، به‌ڵام فه‌رمانده‌كه‌ پێی‌ وت ئه‌گه‌ر نه‌كشێیته‌وه‌ خۆم دێم شه‌هیدت ده‌كه‌م، ئیتر كشاینه‌وه‌".

 

له‌ناوخۆی‌ كوردستان ده‌وترێت ئه‌وه‌ی‌ روویداوه‌ رێكه‌وتنێكی‌ هه‌ردوو لایه‌نی‌ عێراقی‌‌و كوردی‌ بووه‌ به‌چاودێری‌ ئێرانییه‌كان، ته‌نانه‌ت له‌كۆبوونه‌وه‌ی‌ لوتكه‌ی‌ نێوان هه‌ردوو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ (پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان) له‌دوكان له‌رۆژی‌ شه‌ممه‌ی‌ رابردوو، چه‌ند سه‌عاتێك پێش شه‌ڕه‌كان تاوتوێی‌ ئه‌و رێكه‌وتنه‌ كراوه‌.

 

ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ كه‌ فوئاد مه‌عسومی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق‌و مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم سه‌رپه‌رشتیان ده‌كرد، هه‌ندێ‌ له‌سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن لایه‌نی‌ كوردی‌ له‌ژێر فشاری‌ ئێراندا به‌و داواكارییه‌ رازی‌ بووه‌، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ردوو لایه‌نی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ ئه‌و رێكه‌وتنه‌ ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌.

 

پێشمه‌رگه‌كان كه‌ له‌سه‌نگه‌ردا بوون لۆمه‌ی‌ فه‌رمانده‌كانیان ده‌كه‌ن به‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر رێكه‌وتن هه‌بووه‌ بۆچی‌ ئه‌وانیان خستووه‌ته‌ شه‌ڕه‌وه‌و چه‌ند هاوڕێیه‌كیان لێ‌ كوژراوه‌، به‌ڵام فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان دان به‌شكستی‌ خۆیاندا ده‌نێن‌و ده‌ڵێن ئه‌وه‌ی‌ روویداوه‌ كشانه‌وه‌ بووه‌ له‌ژێر فشاری‌ "شه‌ڕێكی‌ نابه‌رابه‌ردا" نه‌ك رێكه‌وتن.

 

لیوا ره‌سوڵ‌ كه‌ركوكی‌ فه‌رمانده‌ی‌ میحوه‌ری‌ باشوری‌ كه‌ركوكی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌درێژه‌ی‌ لێدوانه‌كه‌یدا بۆ "نیقاش" وتی‌ "له‌و كاته‌ی‌ ئێمه‌ به‌رگریمان ده‌كرد، حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌گوندی‌ به‌شیره‌وه‌ هێرشی‌ كرده‌ سه‌ر ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌وانه‌ مه‌كته‌ب خالیدو ته‌للوه‌ردو مه‌لا عه‌بدوڵا، به‌و هۆیه‌وه‌ له‌ته‌واوی‌ سنوری‌ كه‌ركوك كشاینه‌وه‌".

 

وتیشی‌ "ئێمه‌ شه‌ڕی‌ سێ‌ ووڵاتی‌ گه‌وره‌مان كرد كه‌ رێكه‌وتبوون كه‌ركوك بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێش شه‌ڕی‌ داعش بۆیه‌ توانای به‌رگریمان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بوو". وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی‌ عێراق‌و ئێران‌و توركیا له‌سه‌ر ئه‌و هێرشه‌ رێككه‌وتوون.

 

ته‌نانه‌ت هه‌ر رۆژی‌ هێرشه‌كان فه‌رمانده‌یی‌ گشتی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی‌ ده‌ركردو بۆ یه‌كه‌مجار به‌روونی‌ ره‌وانی‌ ناوی‌ لایه‌نی‌ ئێرانی‌ هێنا كاتێك نوسیبووی‌ "حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ سه‌ر به‌سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێرانی‌ به‌فه‌رمانده‌یی‌ ئیقبالپور‌و به‌هاوكاری‌ هێزه‌كانی‌ عێراق" هێرشه‌كه‌یان ئه‌نجامداوه‌و هه‌ندێ‌ به‌رپرسی‌ پێشمه‌رگه‌شی‌ تۆمه‌تباركرد به‌وه‌ی‌ "خیانه‌ت"یان كردووه‌.

 

ئێواره‌ی‌ هه‌مان رۆژ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌كانی‌ (70)ی‌ پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند كشانه‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌فه‌رمانی‌ راسته‌وخۆی‌ ئه‌و بووه‌ وتی‌ "بۆ ئه‌وه‌ی‌ گیانی‌ پێشمه‌رگه‌كان بپارێزم ئه‌و كاره‌م كردووه‌و هه‌موو به‌رپرسیارێتییه‌كیش له‌ئه‌ستۆ ده‌گرم".

 

تا پاشنیوه‌ڕۆی‌ هه‌مان رۆژ به‌بێ‌ هیچ زه‌حمه‌تییه‌ك سوپاو حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ هه‌موو كه‌ركوكیان گرته‌ ده‌ست‌و ئاماری‌ زیانه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ش به‌م شێوه‌یه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ "32 شه‌هیدو 100 بریندارو 17 بێسه‌روشوێن له‌به‌رامبه‌ر كوژرانی‌ 11 چه‌كداری‌ حه‌شدو برینداربوونی‌ 29 چه‌كداری‌ دیكه‌یان".

 

له‌و هێرشه‌دا جگه‌ له‌گرتنه‌ ده‌ستی‌ هه‌موو كه‌ركوك، سوپا فرۆكه‌خانه‌و سه‌ربازگه‌كان‌و هه‌موو ئه‌و كێڵگه‌ نه‌وتیانه‌ی‌ گرته‌وه‌ ده‌ست كه‌ به‌ده‌ست پێشمه‌رگه‌وه‌ بوون.

 

كه‌ركوك له‌به‌رده‌م ترسی‌ ناكۆكی‌ نه‌ته‌وه‌ییدا

له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌، خه‌ڵكه‌ كورده‌كه‌ی‌ شاره‌كه‌ به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆریان به‌ره‌و شاره‌كانی‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌ كه‌وتنه‌ رێ، كه‌ ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین شه‌پۆلی‌ ئاواره‌بوونی‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌یه‌ له‌دوای‌ كۆڕه‌وی‌ ساڵی‌ 1991ه‌وه‌.

 

رێگه‌ی‌ نێوان كه‌ركوك هه‌ولێر، كه‌ركوك سلێمانی‌، به‌ئۆتۆمبێل ته‌نیا یه‌ك كاتژمێره‌، به‌ڵام ئه‌و رۆژه‌ به‌هۆی‌ قه‌ره‌باڵغییه‌وه‌ خه‌ڵكی‌ به‌نزكه‌ی‌ نۆ كاتژمێر له‌كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌گه‌یشتنه‌ ئه‌و دوو شاره‌.

 

ئازاد حه‌مه‌ده‌مین (37 ساڵ) هاوڵاتیه‌كی‌ شاری‌ كه‌ركوكه‌و دوكانی‌ جوانكاری‌ ئۆتۆمبێلی‌ هه‌یه‌ له‌شاره‌كه‌دا‌و یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ركوكی‌ جێهێشت به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌كاتی‌ هاتنی‌ داعش هه‌رچه‌نده‌ ترس له‌سه‌ر شاره‌كه‌ هه‌بوو، به‌ڵام به‌رده‌وام هه‌نگاوی‌ روونی‌ كوردمان ده‌بینی‌ كه‌ به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی‌ گه‌ش هه‌نگاو ده‌نێت، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ شكاو به‌رپرسه‌كانی‌ شاره‌كه‌ شكستی‌ خۆیان راگه‌یاندو كه‌ركوكیان به‌جێ هێشت ئێمه‌ش شاره‌كه‌مان چۆڵكرد".

 

ئازاد وتیشی‌ "ناتوانین بگه‌رێنه‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌ی‌ خۆمان، چونكه‌ ده‌نگۆی‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌وانه‌ی‌ ده‌نگیان بۆ به‌ڵێی‌ راپرسی‌ داوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی‌ سه‌ر به‌ده‌زگا ئه‌منییه‌كان بوون سزا ده‌درێن‌و سوكایه‌تیان پێده‌كرێت".

 

بۆ رۆژی‌ دواتر به‌شێك له‌خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ ورده‌ ورده‌ گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ر ماڵی‌ خۆیان‌و هه‌ندێ‌ له‌وانه‌ی‌ كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌ڵێن هیچ كرده‌وه‌یه‌كی‌ خراپیان له‌سوپاو حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ نه‌بینیوه‌و رێزی‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌یان گرتووه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی‌ مابوونه‌وه‌ تیایاندایه‌ ده‌ڵێ‌ چه‌كدارانی‌ حه‌شدو سوپا سوكایه‌تیان به‌خه‌ڵك كردووه‌.

 

ئێواره‌ی‌ رۆژی‌ چوارشه‌ممه‌ش دیسانه‌وه‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆر شاره‌كه‌یان جێهێشته‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ ده‌نگۆی‌ ئه‌وه‌ بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ هه‌ڵده‌كوتێته‌ سه‌ر ماڵی‌ هاوڵاتیان‌و ئازاریان ده‌دات.

 

له‌20ی‌ ئازاری‌ ئه‌مساڵ كاتێك ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاو پارێزگاری‌ كه‌ركوك بڕیاریاندا ئاڵای‌ كوردستان له‌سه‌ر دام‌و ده‌زگاكان هه‌ڵبكه‌ن، زۆربه‌ی‌ خه‌ڵكه‌ عه‌ره‌ب‌و توركمانه‌كه‌ی‌ شاره‌كه‌یان توڕه‌كرد، كه‌ 25ی‌ ئه‌یلولی‌ ئه‌مساڵیش پرۆسه‌ی‌ ریفراندۆم له‌كه‌ركوكدا به‌ڕێوه‌چوو، هێنده‌ی‌ تر نیگه‌رانیان ده‌ربڕی‌، بۆیه‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌كرا له‌گه‌ڵ هاتنی‌ سوپاو حه‌شد ئه‌وانیش كاردانه‌وه‌یان ده‌بێت.

 

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ سوپاو حه‌شد شاره‌كه‌یان كۆنترۆڵكرد، ژماره‌یه‌كی‌ به‌رچاو له‌عه‌ره‌ب‌و توركمانه‌كانی‌ شاره‌كه‌ كه‌وتنه‌ ئاهه‌نگ گێڕان‌و دڵخۆشی‌ خۆیان ده‌ربڕی‌‌و سوپاو به‌شێك له‌خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ ئاڵای‌ كوردستانیان له‌ناو دام‌و ده‌زگاكان‌و شه‌قامه‌ گشتییه‌كان هێنایه‌ خواره‌وه‌.

 

ڤیدیۆی‌ هێنانه‌ خواره‌وه‌ی‌ ئاڵای‌ كوردستان له‌ناو ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك

 

ئه‌رشه‌د ساڵحی‌ سه‌رۆكی‌ به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ عێراق له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هاوڵاتیانی‌ توركمان‌و عه‌ره‌ب مافی‌ خۆیانه‌ ئاهه‌نگ بگێرن، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئیداری‌‌و ئه‌منی‌ به‌شێوه‌ی‌ تاكڕه‌وی‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسه‌ كورده‌كان به‌رێوه‌ده‌چوو، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ژیانی‌ سه‌ركرده‌كانی‌ ئێمه‌ پارێزراو نه‌بوو چه‌ندین سه‌ركرده‌مان له‌دوای‌ شه‌ڕی‌ داعش تیرۆری‌ سیاسی‌ كران".

 

به‌ڵام ساڵحی‌ دژی‌ ئه‌وه‌ بوو هیچ سزایه‌كی‌ هاوڵاتیانی‌ كورد بدرێت ‌وتی‌ "دژی‌ هه‌ر كاردانه‌وه‌یه‌كین كه‌ به‌رامبه‌ر كورد ئه‌نجام بدرێت".

 

به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌و هێزه‌ نوێیانه‌ش كه‌ هاتبوونه‌ ناو شاره‌كه‌ گه‌ره‌نتی‌ سه‌لامه‌تی‌ گیانی‌ خه‌ڵكیان ده‌داو داوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان لێده‌كردن.

 

لیوا عه‌لی فازڵ، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی دیجله‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌یه‌كه‌م رۆژی‌ ئه‌نجامدانی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌مان ته‌نیا هاتبووین فه‌رمانی‌ فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ عێراق جێبه‌جێ‌ بكه‌ین كه‌ ئه‌ویش گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ناوه‌ندی‌‌و جێگیربوونی‌ هێزه‌كانمان له‌چه‌ند شوێنێكی‌ دیاریكراو نه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كه‌ باسی‌ ده‌كرێت بۆ كوشتن‌و ئه‌شكه‌نجه‌دانی‌ هاوڵاتیانی‌ كورد هاتبین".

 

وتیشی‌ "ئێمه‌ له‌ناوشار نامێنینه‌وه‌و ته‌واوی‌ ناوشاری‌ كه‌ركوك راده‌ستی‌ پۆلیسی‌ پارێزگاكه‌ ده‌كرێت".

 

هه‌رچه‌نده‌ له‌ناو كه‌ركوكدا چه‌ند كردارێكی‌ ئازاردانی‌ خه‌ڵك له‌لایه‌ن حه‌شدی‌ شه‌عبییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چوون‌و هه‌ندێ‌ له‌دانیشتوانی‌ شاره‌كه‌ش له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ وێنه‌و ڤیدیۆ ئیستیفزازی‌ دانیشتوانه‌ كورده‌كه‌یان ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ هه‌ستی‌ پێده‌كرێت ئه‌م ره‌فتارانه‌ ناكۆكی‌ له‌ناو كوردو عه‌ره‌ب‌و توركمانی‌ شاره‌كه‌دا دروست نه‌كردووه‌، ئه‌و كاته‌ی‌ خه‌ڵكه‌ كورده‌كه‌ ئاواره‌ بوون چه‌ندین كه‌س له‌دراوسێ‌ عه‌ره‌ب‌و توركمانه‌كانیان به‌ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندییان پێوه‌ كردبوون‌و له‌ئه‌حواڵیان پرسیبوون‌و پێیان راگه‌یاندبوون كه‌ خه‌میان نه‌بێت ئه‌وان ئاگایان له‌ماڵ‌و حاڵه‌كه‌یان ده‌بێت، ته‌نانه‌ت له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان چه‌ندین هه‌ڵمه‌ت راگه‌یه‌ندراوه‌ بۆ یه‌كگرتووی‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌.

 

یه‌كێك له‌و وێنانه‌ی‌ زۆرترین ده‌نگدانه‌وه‌ی‌ هه‌بوو، وێنه‌ی‌ هاوڵاتییه‌كی‌ عه‌ره‌ب بوو كه‌ له‌سه‌ر ده‌رگای‌ ماڵێكی‌ كورد ده‌نوسێت "هاتنه‌ ژووره‌وه‌ بۆ ماڵی‌ برا كورده‌كه‌م قه‌ده‌غه‌یه‌، به‌فه‌رمانی‌ برا ئاواره‌كه‌ی‌.. كوڕی‌ حه‌ویجه‌".

 

قوڵبوونه‌وه‌ی‌ ناكۆكی‌ هێزه‌ كوردییه‌كان

دوو هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ كوردستان (پارتی‌ دیموكرات‌و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌) كه‌ هه‌ردوولا خاوه‌نی‌ هێزی‌ چه‌كدارن‌و به‌هاوبه‌شی‌ ئه‌منییه‌تی‌ كه‌ركوكیان به‌ڕێوه‌ده‌برد، ئه‌م رووداوه‌یان به‌رده‌رفه‌ت زانی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ خه‌تای‌ چۆڵكردنی‌ كه‌ركوك بخه‌نه‌ ئه‌ستۆی‌ یه‌كتری‌.

 

هه‌ر له‌به‌ره‌به‌یانی‌ ئه‌و رۆژه‌وه‌ هه‌ردوولا ماشێنی‌ میدیاییان خسته‌ كار دژی‌ یه‌ك‌و لایه‌نگرانیشیان له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دژی‌ یه‌كتر په‌یامیان بڵاوده‌كرده‌وه‌.

 

كه‌ناڵه‌كانی‌ سه‌ر به‌پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان (رووداو – كوردستان 24) به‌ئاشكرا رایانگه‌یاند كه‌ یه‌كێتی‌ له‌گه‌ڵ ئێران رێككه‌وتووه‌و كه‌ركوكی‌ چۆڵكردووه‌و (پاڤێڵ)ی‌ كوڕی‌ جه‌لال تاڵه‌بانیان تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی‌ رێكه‌وتنی‌ له‌گه‌ڵ‌ قاسم سلێمانی‌ فه‌رمانده‌ی‌ فه‌یله‌قی‌ قودسی‌ سوپای‌ پاسداران ئه‌نجامداوه‌.

 

له‌به‌رامبه‌ردا كه‌ناڵی‌ (كوردسات)ی‌ سه‌ر به‌یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ هێرشی‌ توندی‌ كرده‌ سه‌ر پارتی‌‌و رایگه‌یاند "ئه‌گه‌ر كه‌ركوك به‌ڕێكه‌وتن چۆڵكراوه‌، ئه‌ی‌ بۆچی‌ پارتی‌ شنگال‌و مه‌خموری‌ بێ‌ ته‌قه‌ داوه‌ته‌ ده‌ست حه‌شدی‌ شه‌عبی‌؟" ته‌نانه‌ت چه‌ند به‌رپرسێكی‌ یه‌كێتی‌ له‌و كه‌ناڵه‌وه‌ به‌ئاشكرا داوای‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ بارزانیان كرد.

 

سێشه‌ممه‌ی‌ رابردووش مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌یدا له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا دیسان به‌ناڕاسته‌وخۆ خه‌تاكه‌ی‌ خسته‌ ئه‌ستۆی‌ به‌رپرسانی‌ یه‌كێتی‌‌و تیایدا هاتبوو "ئه‌وه‌ی‌ له‌كه‌ركوك روویدا بڕیاری‌ تاكلایه‌نه‌ی‌ چه‌ند كه‌سێك بوو له‌نێو حیزبێكی‌ دیاریكراودا" بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ناویان بهێنێت.

 

له‌به‌رامبه‌ریشدا چه‌ند فه‌رمانده‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ یه‌كێتی‌ رایانگه‌یاند فه‌رمانی‌ كشانه‌وه‌ بارزانی‌ خۆی‌ ده‌ریكردووه‌و ئێستا خۆی‌ لێ بێبه‌ری‌ ده‌كات.

 

هه‌رچی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانیشه‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ نیگه‌رانییه‌كی‌ قوڵ ده‌رده‌بڕێ‌ دژی‌ هه‌ردوو هێزه‌ سیاسییه‌كه‌ی‌ كوردستان‌و ئه‌وانه‌ی‌ "بێ‌ بیركردنه‌وه‌ بڕیاری‌ ریفراندۆمیان داوه‌"، ژماره‌یه‌ك چالاكوانیش له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌ڵمه‌تێكی‌ به‌رفراوانیان راگه‌یاندووه‌ به‌ناوی‌ به‌سه‌ (#BASA)و تیایدا داوا ده‌كه‌ن به‌رپرسانی‌ كوردستان ده‌ست له‌كار بكێشنه‌وه‌.

 

ئه‌وانه‌شی‌ كوڕه‌كانیان له‌و شه‌ڕه‌دا كوژراوه‌ ئێجگار توڕه‌ن، دایكی‌ یه‌كێك له‌كوژراوه‌كان له‌پرسه‌ی‌ كوڕه‌كه‌یدا ده‌گریاو ده‌یوت "ئه‌گه‌ر رێككه‌وتوون بۆچی‌ جه‌رگی‌ ئێمه‌تان سوتاند؟".

 

ئێستا چی‌؟

ئه‌وه‌ی‌ روونه‌ جارێكی‌ تر كه‌ركوك ناگه‌ڕێته‌وه‌ دۆخی‌ جارانی‌، ئێستا باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ كه‌ركوك له‌به‌رده‌م سێ‌ بژارده‌دایه‌، یان ئه‌وه‌تا به‌ته‌واوی‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌ست به‌غدا، یاخود پێشمه‌رگه‌ به‌زه‌بری‌ هێز وه‌ریده‌گرێته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌یان زه‌حمه‌ته‌، یاخود به‌چاودێرییه‌كی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ هه‌ردوو لایه‌نی‌ كوردی‌‌و عێراقی‌ له‌سه‌ر ئیداره‌یه‌كی‌ هاوبه‌ش رێكده‌كه‌ون كه‌ ئه‌م بژارده‌یه‌ له‌وانی‌ تر به‌هێزتره‌.

 

ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ كه‌ركوك له‌بارێكی‌ كشومتدایه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ چاوه‌ڕێ‌ ده‌كه‌ن بزانن چی‌ ده‌گوزه‌رێ‌، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌رچاویان روون بێت. قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رێكه‌وتن كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌‌و سوپا بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ شاره‌كه‌، بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ش بۆ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ دڵخۆشكه‌ش بوو، بووه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ شه‌وی‌ رابردوو ئاهه‌نگ گێڕان له‌ناوچه‌ كوردییه‌كان ده‌ست پێبكات.

 

ئه‌وه‌ی‌ روویدا هه‌رچییه‌ك بووبێت ئه‌گه‌ر به‌رێكه‌وتن بێت یاخود به‌شه‌ڕ، سه‌ره‌نجام قوربانییه‌كانی‌ ئه‌وانه‌ بوون كه‌ ئاگاداری‌ سه‌ودا ژێر به‌ژێره‌كه‌ نه‌بوون.

 

عه‌مید عه‌زیز عه‌بدوڵا فه‌رمانده‌ی‌ فه‌وجی‌ چواری‌ لیوای‌ 102ی‌ پێشمه‌رگه‌ كه‌ رۆژی‌ هه‌ینی‌ رابردوو قسه‌ی‌ بۆ "نیقاش" كردو نیگه‌رانی‌ خۆی‌ ده‌ربڕی‌ له‌سوتاندنی‌ ئاڵای‌ كوردستان، یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌شه‌ڕه‌كه‌ی‌ كه‌ركوكدا شه‌هیدبوو، ره‌نگه‌ عه‌بدوڵا تا ساتی‌ شه‌هیدبوونی‌ نه‌یزانیبێت چیرۆكه‌ راسته‌قینه‌كه‌ چییه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌