راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

شەڕێك گەرمتر لەشەڕی بەرەكان
تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گڕیان بەرداوەتە پاوانی ناكۆكییەكانی كەركوك

شاڵاو محەمەد
لەدەوروبەری كەركوك بۆ چەند سەعاتێك گرژی كەوتە نێوان پێشمەرگەو حەشدی شەعبی، ئاگری ئەو گرژییە هەر لەسەنگەرەكاندا دامركایەوە، كەچی لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان درێژەی هەیە.
14.10.2017  |  كەركوك
_ ( :وێنه وكالة الاناضول )
_ ( :وێنه وكالة الاناضول )

شەوی پێنجشەممەی رابردوو بەهۆی جموجۆڵەكانی حەشدی شەعبی، گرژی‌و ئاڵۆزی كەوتە نێوان هێزی پێشمەرگەو چەكدارانی حەشدی شەعبییەوە، ئەوانەی كە لەو ناوچەیە چەكیان لەشان بوو ناسراون كە لەدوو بەرەی كوردی‌و شیعەن، بەڵام ئەوەی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ئەو ئاگرە گڕدەدەن، ناوو ناسنامەیان بەشاراوەیی ماوەتەوە.

 

پوختەی چیرۆكەكە بەم شێوەیە بوو: لەسنوری مەكتەب خالید لەباشوری كەركوك‌و چەند گوندێكی قەزای داقوق‌و دوزخورماتوو، پێشمەرگە بەقوڵایی چەند كیلۆمەترێك كشایەوەو هێزەكانی سوپای عێراقی‌و حەشدی شەعبی شوێنیان گرتنەوە، بەر لەوەی ئەو جموجۆڵە رووبدات، بۆ ماوەی دوو كاتژمێر هێزی پێشمەرگەو حەشدی شەعبی كەوتنە بەرامبەر یەك‌و بارودۆخەكەش گومانی هەڵگیرسانی شەڕێكی لێدەكرا، بەڵام دواجار بەهێمنی‌و بێ‌ هیچ تەقەیەك كۆتایی هات.

 

ئەم رووداوە بەس بوو بۆ ئەوەی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گەورە بكرێت‌و لایەنی عەرەب‌و توركمانی لەكەركوك بە"شكستی پێشمەرگەو گێڕانەوەی شكۆی سوپا" ناویان برد لایەنی كوردیش لۆمەی سەركردایەتی كوردی دەكرد بەوەی بێ هیچ بەرگرییەك ناوچەكەیان چۆڵكردووە.

 

وردەكانی پشتی پەردەی ئەو جموجۆڵە زۆر روون نەبوو، بەڵام بەقسەی بەرپرسێكی كوردی بۆ "نیقاش" كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، ئەو هەنگاوە بەڕێكەوتنی نێوان یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان‌و حكومەتی عێراق بووە بەچاودێری ئێرانییەكان.

 

سەرچاوەكەی "نیقاش" وتی "لەناو هێزە كوردییەكاندا یەكێتی پەیوەندییەكی باشتری لەگەڵ ئێران‌و شیعەكانی عێراقدا هەیە، كاتێك عەبادی داوای كردووە پشتێنەیەك لەخوارووی كەركوك لەسوپا دروست بكرێت‌و پێشمەرگە بكشێتەوە، یەكێتی رازی بووەو پێی باش نەبووە لەم كاتەدا هیچ ئاڵۆزییەك بخوڵقێت، بەتایبەتی كە پەیوەندی نێوان بەغداو هەرێم بەهۆی ریفراندۆمەوە لەوپەڕی خراپیدایە".

 

راستە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەژێر سایەی وەزارەتی پێشمەرگەدایە، بەڵام لەناو هێزە كوردییەكاندا یەكێتیی نیشتیمانیی لەكەركوك باڵادەستەو زۆربەی هەر زۆری ئەو هێزە ئەمنیانەی لەوێن، هەر سەر بەیەكێتین.

 

سەرچاوەكەی "نیقاش" ئاماژەی بەوەشكرد كە سەرەتا حەشدی شەعبی داوای كشانەوەی پێشمەرگەی كردووە، بەڵام یەكێتی بەوە رازی نەبووەو مەرجی ئەوە بووە داواكەی هی حكومەتی عێراقی بێت‌و ئەو ناوچانە رادەستی حكومەت بكرێنەوە نەك هیچ لایەنێكی تر.

 

بەپێی زانیارییەكانی "نیقاش" كە لەسەرچاوەیەكی دەزگای هەواڵگری پێشمەرگە دەستی كەوتووە، حەشدی شەعبی لەسەرەتاوە داوای كردووە پێشمەرگە لەخوارووی كەركوك بكشێتەوە، بەڵام پێشمەرگە رازی نەبووەو كەوتووەتە ئامادەباشییەوە بۆ ئەوەی رووبەرووی هەر جموجۆڵێكی حەشدی شەعبی بێتەوە، دواتر سوپای عێراقی لەپاڵ حەشددا جوڵەی پێكراوەو پێشمەرگە كشاوەتەوە.

 

وەستا رەسوڵ كەركوكی بەرپرسی میحوەری چواری هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لەكەركوك بە"نیقاش"ی وت "لەلایەن حەشدی شەعبیەوە داوامانلێكرا لەسنوری كەركوك بكشێنەوە ئێمەش بەتوندی وەڵامان دانەوەو هێزێكی باشترمان لەسنورەكان جێگیركرد ئەمەش بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی پیلانەكەی حەشدی شەعبی".

 

هەروەها وتیشی "كشانەوەكەی ئێمە تاكتیكی سەربازی بوو، بەڵام میدیاو تۆرە كۆمەڵایەتیەكان بەشكست ناویان بردو تێگەیشتنی خەڵكیان گۆڕی".

 

شەوی 12ی ئۆكتۆبەر هەرچەندە ژیان لەناو كەركوك بەڕادەیەكی زۆر ئاسایی بوو، بەڵام بەرەكانی پێشەوە بۆنی شەڕێكی چاوەڕوانكراویان لێدەكرا، كاتێكیش تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەسەر بابەتەكەیان نوسی، چەندین كەس لەناو كەركوكدا چەكیان هەڵگرت‌و خۆیان ئامادەكرد بۆ رووبەرووبوونەوە.

 

نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك كە پێشتر داوای قەدەغەكردنی چەكی بێ مۆڵەتی دەكرد، بەڵام دوای بڵاوبونەوەی چەندین وێنەی چەكداری خۆبەخش لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بۆ بەرگریكردن لەشارەكە وتی "خەڵكی كەركوك سەلماندنی هەمیشە ئامادەی بەرگریكردنە".

 

شەڕ بەچەكێكی كوشندە

لەناو بارودۆخە نائاساییەكاندا پێدەچێت چەكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زۆر كوشندەتر بێت لەوەی بەدەست سەربازو پێشمەرگاكانەوەیە، چونكە زۆر بەئاسانی دەتوانێت پشكۆی شەڕەكە بگەشێنێتەوە.

 

هەر ئەوەندەی باس لەئەگەری رووبەرووبوونەوەی پێشمەرگەو حەشد كرا، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەكوردستان بەتایبەتی فەیسبووك‌و تویتەر پڕبوون لەوێنەو هەواڵ‌و زانیاری لەسەر ئەو بابەتە، كە بەشێكی بەرچاویان ناڕاست بوون.

 

هێمن كاكە مەحمود پێشمەرگەی لیوای نۆی هێزەكانی پێشمەرگە لەقەزای داقوق لەباشوری كەركوك بە"نیقاش"ی وت "پێنج شەممە كەوتینە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، چونكە پێمان وترا جموجۆڵی سەربازی دەبێت بێ ئەوەی پێمان بڵێن ئاخۆ جموجۆڵەكە لەلایەن داعشەوەیە یان لایەنێكی دیكە، بەڵام كاتێك لەواجبدا بووم‌و فەیسبووكم كردەوە بینم هەرچی خەڵكە نوسیویانە حەشدی شەعبی كەركوك داگیر دەكات‌و شەڕێكی خوێناوی روودەدات".

 

هێمن كە پەیمانگای كۆمپیتەری سلێمانی تەواو كردووە خۆی لەبەری هەرە پێشەوەی ئەو ناوچەیە بووە كە گوایە شەڕی تیایەو نە تەقەكراوەو نە كەسیش جموجۆڵی كردووە، كەچی ئەوەی لەفەیسبووك بینوێتی زۆر جیاواز بووە لەواقیعەكە.

 

لەمڕووەوە دەڵێت "لەچەند پەیجێك لەفەیسبووك نوسرابوو لەگوندی ئەلبومحەمەد شەڕەو پێشمەرگە كشاونەتەوە، من لەو كاتەدا رێك لەو ناوچەیە بووم، نە شەڕ لەئارادا بوو نە هیچ، بەداخەوە زۆرجار تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زانیاری زۆر پێچەوانە بەخەڵكی دەدەن".

 

وێنەو ڤیدیۆ ناكۆكییەكە قوڵدەكەنەوە

بۆ رۆژی دوایی لەبەرەبەیانی رۆژی هەینییەوە بەدەیان وێنەو ڤیدیۆ لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبوونەوە كە گوایە حەشدی شەعبی لەوناوچانەی پێشمەرگەی لێبووە ئاڵای كوردستانیان سوتاندووەو لەسەر دیوارەكان ئاڵای كوردستانیان رەشكردووەتەوەو دەستەواژەی توندیان دژی پێشمەرگە نوسیوە.

 

بۆ راست‌و دروستی وێنەو ڤیدیۆكان، پەیامنێری "نیقاش" هەوڵیدا زۆربەیان ساغ بكاتەوەو لەوە دڵنیا بێت ئاخۆ ئەو ناوچانە ئەوانەن كە پێشمەرگەی لێبوون‌و بەم دواییە كشاونەتەوە.

 

بەوێنەو ڤیدیۆكاندا دیاربوو سەرچاوەكانیان گروپەكانی حەشدی شەعبی خۆیانن‌و وەك جۆرێك لەئیستیفزازكردنی لایەنی بەرامبەر بڵاوكراونەتەوە.

 

یەكێك لەوێنەكان كە بەشێوەیەكی بەربڵاو بڵاوبوونەوە، وێنەی تابلۆیەكە كە لەسەری نوسراوە "فەرماندەی هێزەكانی 70 لیوای 102 – فەوجی چوار" ئەو تابلۆیە بەشێكی دڕێندراوەو بەشێكی دیكەی رەشكراوەتەوە، لەتەنیشتیەوە وێنەی تاڵەبانی هەیە كە ئەویش دڕێندراوە.

نیقاش لەراست‌و دروستی وێنەكەی كۆڵییەوەو دەركەوت پێش ئەو رێكەوتە وێنەی هاوشێوە بڵاونەبووەتەوەو پێدەچێت ئەوە یەكەمینجار بێت، لەرێی چەند ئەفسەریًكی پێشمەرگەوە لەوە دڵنیا بووەوە كە شوێنی ئەو تابلۆیە لەباشووری گوندی بەشیرە، ئەمەش لەچوارچێوەی ئەو ناوچانەدایە كە پێشمەرگە لێی كشاوەتەوە، بۆیە بەهێزترین گریمانە ئەوەیە وێنەكە راست‌و دروستە، بەڵام نازانرێ‌ ئاخۆ كام لەو هێزانەی چوونەتە ناوچەكە یا لەناوچەكەدا بوون ئەو تابلۆیەیان دڕاندووە.

 

هێزەكانی (70) سەر بەیەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانەو لیوای (102)ی ئەو هێزانەش پاراستنی باشووری كەركوكی پێ‌ سپێردراوە.

 

وێنەیەكی دیكە كە بەشێوەیەكی فراوان بڵاوبووەتەوە، وێنەی دیوارێكی كۆنكرێتییە كە ئاڵای كوردستانی لەسەر نەخشێنراوە، ئێستا ئاڵاكە رەشكراوەتەوەو لەسەری وشەی (داعش‌و پێشمەرگە) پێكەوە نوسراوەو چەند دەستەواژەیەكی لەسەر نوسراوە كە هێرشە بۆ سەر مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم.

پەیامنێری "نیقاش" لەزاری ئەفسەرەكانی پێشمەرگەوە زانی، ئەو بەربەستە كۆنكرێتییە لەبەشی رۆژهەڵاتی مەكتەب خالیدە لەباشووری كەركوك، پێشتر ئەو بەربەستانە تەنیا ئاڵای كوردستانیان لەسەر بووە بێ‌ ئەوەی هیچ نوسینێكی دیكەیان لەسەر بێت.

 

بەرپرسێكی پێشمەرگە بە"نیقاش"ی وت "پاش كشانەوەی پێشمەرگە، فەوجی 2ی لیوای 16 پۆلیسی فیدراڵی عێراق ناوچەكەیان گرتووەتە دەست".

 

لەبەردەم بەربەستە كۆنكرێتییەكاندا دوو كەس هەن كە یەكێكیان پەنجەی سەركەوتنی بەرزكردووەتەوە، بەپێی جۆری جلوبەرگەكانیان بێت سەر بەپۆلیسی فیدراڵی عێراقن، باڵام هیچ زانیارییەك لەبەردەست نییە لەبارەی ئەو لایەنەی ئاڵاكەی رەشكردووەتەوە یان دەستەواژەكانی لەسەر نوسیوە.

 

یەكێكی دیكە لەوێنەكان كە لەهەموویان زیاتر تەشەنەی كرد، وێنەی چەكدارێكە كە ئاڵای كوردستانی بەدەستەوەیە لەو كاتەی دەسوتێ‌، ئەم وێنەیە رۆڵێكی گەورەی بینی لەتوڕەكردنی وەرگرانی كورد لەسۆشیال میدیا.

نیقاش، هیچ وێنەیەكی دیكەی هاوشێوەی نەدۆزییەوە كە پێشتر بڵاوكرابێتەوە، مەزەندە بەهێزەكە ئەوەیە وێنەكە نوێ‌ بێت.

 

ئەو بەرپرسەی پێشمەرگە كە قسەی بۆ "نیقاش" كردو داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە وتی "شوێنی وێنەكە نزیك پرۆژەی ئاوی گوندی بەشیرە لەباشووری كەركوك‌و ئەو چەكدارەش بەپێی جل‌و بەرگەكەی بێت سەر بەحەشدی شەعبییەو زانیاریمان لایە سەر بەهێزەكانی عەباسی قیتالییە".

 

ئەو زیاتر راست‌و دروستی وێنەكە دەسەلمێنێ‌، ئەوەیە هەمان كەس لەوێنەیەكی دیكەدا دەردەكەوێ‌ كە لەسەر كورسییەك دانیشتووەو لەپشتیەوە وێنەیەكی تاڵەبانی دەردەكەوێ‌‌و لەسوچێكی وێنەكەی نوسراوە (لیوای 102) واتە لەقەڵەمڕەوی ئەو ناوچانەدا بووە كە بەر پرۆسەی كشانەوە كەوتووە. 

 

عەمید عەزیز عەبدوڵا فەرماندەی فەوجی چواری لیوای 102ی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان ئەوەی بۆ "نیقاش" پشتڕاست كردەوە كە ئەو وێنانە لەو ناوچانەدا گیراون كە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا بووەو وتی "وێنەكانمان لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بینیمان كە ئاڵای كوردستان دەسووتێنن و ئاڵای كوردستانیان لەسەر بەربەستە كۆنكرێتیەكان دەكوژێننەوە".

 

عەمید عەزیز نیگەران بوو بەو وێنانەو وتی "لەحوزەیرانی ساڵی 2014 كاتێك سوپای عێراقی شكستی هێناو داعش ناوچەكەی كۆنترۆڵا كرد ئێمە بەخوێنی پێشمەرگەكانمان ئەو ناوچانەمان كۆنترۆڵ كردەوە، بەڵام لە 12ی ئۆكتۆبەر بەبڕیارێكی سەرووی خۆمان لەناوچەی نێوان بەشیرو دەروبەری ناحیەی تازەیە كشاینەوە، ئەوەی ئێمە نیگەران كردووە سوكایەتی كردن بوو بە ئاڵاو شوێنی مانەوەمان".

 

ئەم جۆرە بارودۆخانە رەنگە باشترین كات بن بۆ ئەو كەسانەی دەیانەوێت وێنەو زانیاری ناڕاست بڵاوبكەنەوە، چونكە لەپاڵ چەند وێنەیەكی راستەقینەدا دەیان وێنەو ڤیدیۆی ناڕاست بڵاوبنەوە.

 

شەوێك دوای گرژییەكانی كەركوك واتە شەوی هەینی رابردوو، لەدوزخورماتوو بارگرژی لەنێوان پێشمەرگەو حەشدی شەعبیدا روویدا، هەر ئەوكات چەندین وێنەو ڤیدیۆ بڵاوكرانەوە كە گوایە شەڕی پێشمەرگەو حەشدی شەعبییە.

 

یەكێك لەڤیدیۆكان كە لەپەیجی (اخبار كركوك الان)‌و لەچەندین پەیجی دیكە بڵاوبووەتەوە، ڤیدیۆیەكە لەسەری نوسراوە "بەڤیدیۆ شەڕێكی سەخت لەنێوان پێشمەرگەو حەشدی شەعبی لەناوەڕاستی دوزخورماتو".

 

كاتێك "نیقاش" لەڤیدۆكەی كۆڵییەوە دەركەوت هیچ پەیوەندییەكی بەو رووداوەوە نییەو ساڵێك لەوەوبەر لەیوتیوب بڵاوكراوەتەوەو لەسەری نوسراوە رووبەروبوونەوەی حەشدی شەعبی‌و داعش لەموسڵ.

 

هەرچی لایەنی دووەمی ئاڵۆزییەكەیە خۆی لەو هەڵسوكەوتانە بێبەری دەكات‌و بە"كاری تاكەكەس" دەیانناسێنێت.

 

كەریم نوری وتەبێژی حەشدی شەعبی بە"نیقاش"ی وت "ئەو كەسانەی زمانی رق‌و كینە لەرێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە دەچێنن ئەوانە گوزارشت لەبۆچوونی حەشدی شەعبی ناكەن، چونكە كاری ئێمە سوتاندنی ئاڵای هیچ نەتەوەیەك نییە".

 

هەروەها وتیشی "بەهەمان ئەندازە لەلایەنی بەرامبەریشەوە سوكایەتی بەحەشدی شەعبی‌و ئاڵاكەی كراوەو ئەو وێنەو ڤیدیۆیانە لای ئێمە هەڵگیراون".

 

ئاگرێك كە بەرژەوەندی لەپاڵدا شاردراوەتەوە

زۆرێك لەوانەی چاودێری بارودۆخی ناوچە جێناكۆكەكان دەكەن پێیان وایە ئەوەی روودەدات بەرژەوەندی چەند لایەنێكی تێدایە لەهەردوو بەری عێراق‌و كوردستانەوە.

 

ئەوانەی ئەم جۆرە مەزەندەیە بەهەند وەردەگرن پێیان وایە بەرەژەوەندی لایەنی كوردی لەوەدا خۆی دەبینێتەوە كە بەو هۆیەوە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دوابخرێت كە بڕیار وایە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.

 

بۆ لایەنی عێراقیش سوودەكەی ئەوەیە دەبێتە باشترین كەرەستەی بانگەشە بۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی‌و ئەوانەی دەیانەوێت لەهەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا شوێنپێی خۆیان قاییم بكەن.

 

لێكدانەوەیەك هەیە لەمە زیاتریش دەڕوات‌و پێی وایە ئەوەی دەگوزەرێت باشترین دەستكەوتە بۆ ئەو كەسانەی دەیانەوێت لەپاڵ ئاڵۆزییەكاندا درێژە بەبازرگانی نەوت بدەن.

 

عەمید محەمەد عومەر ئەفسەری پێشووی دەزگای هەواڵگری عێراق كە ئێستا خانەنشینكراوە بە"نیقاش"ی وت "حەیدەر عەبادی سەرۆكی حكومەتی عێراق بەئاشكرا دەڵێت ئێمە شەڕی كورد ناكەین‌و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش بەڕوونی دەڵێت دەبێت شەڕی نەتەوەیی روونەدات، كەواتە ئەوانەی گرەو لەسەر هەڵبژاردن‌و ریفراندۆم‌و كێڵگە نەوتییەكان دەكەن دەیانەوێت شەڕ رووبدات، خەڵكیش كە روحێتێكی عەسكەری هەیە، بەڵام ئامادەنییە بەكردار شەڕ بكات بۆیە لەتۆڕە كۆمەڵاتیەكان خۆی خاڵی دەكاتەوە".

 

هەروەها وتیشی "دەبێت هەموو لایەنەكان بەئاگاییەوە هەڵسوكەوت بكەن‌و خوێنی هاوڵاتیان لەسەرووی بەرژوەندییە حزبی‌و تاكە كەسیەكانەوە بێت، چونكە زۆرینەی كات بەرژوەندی حزبی‌و تاكە كەسی شەڕ و ئاڵۆزی دەخولقێنێت".

 

ئەو فاكتەرانەی بوونە هۆكاری سەرهەڵدانی گرژی نێوان پێشمەرگەو هێزە عێراقییەكان تائێستاش بەردەوامیان هەیە، بۆیە هەندێ‌ لەچاودێران پێشبینی دەكەن گرژییەكان سەرهەڵبدەنەوە، بەتایبەتی كە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بڵاوكردنەوەی رق‌و كینە بەردەوامی هەیە.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌