راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

دراوسێیه‌كی‌ مه‌ترسیدار
رێككه‌وتنه‌كه‌ی حزبوڵڵای لوبنان‌و داعش ئه‌نباری ترساندووه‌

موسته‌فا حه‌بیب
له‌كاتێكدا پارێزگای ئه‌نبار چاوی له‌وه‌یه‌ دوایین سێ شارۆچكه‌ی بن ده‌ستی داعش كۆنترۆڵ بكرێنه‌وه‌، ئه‌و سه‌ودانامه‌یه‌ی حزبوڵڵای لوبنان له‌گه‌ڵ داعش ئه‌نجامیدا، ئه‌نباری‌ ترساندووه‌.
7.09.2017  |  به‌غدا

له‌كاتێكدا پارێزگای ئه‌نبار چاوی له‌وه‌یه‌ دوایین سێ شارۆچكه‌ی بن ده‌ستی داعش كۆنترۆڵ بكرێنه‌وه‌، ئه‌و سه‌ودانامه‌یه‌ی حزبوڵڵای لوبنان له‌گه‌ڵ داعش ئه‌نجامیدا، ئه‌نباری‌ ترساندووه‌.

 

هه‌فته‌ی رابردوو دوای چه‌ند رۆژێك له‌ شه‌ڕی نێوان هه‌ردوولا "حزبوڵڵای لوبنان" سه‌ودانامه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ رێكخراوی داعش ئه‌نجامدا بۆ گواستنه‌وه‌ی سه‌دان چه‌كداری رێكخراوه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ی جرودی قه‌له‌مون له‌سه‌ر سنووری سوریا‌و لوبنان بۆ پارێزگای دێره‌لزور‌و شارۆچكه‌ی ئه‌لبوكه‌مال له‌ سوریا.

 

ده‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و سه‌ودانامه‌یه‌ له‌عێراق له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی ره‌سمی‌و میللی نه‌رێنی بوو، له‌م رووه‌شه‌وه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران به‌ "سوكایه‌تیكردن به‌ گه‌لی عێراق"ی دانا، چه‌ند به‌رپرسێكی دیكه‌‌و ته‌نانه‌ت هاووڵاتیانیش ره‌خنه‌یان له‌سه‌ودانامه‌كه‌ گرت‌و رژێمی سوریا‌و حزبوڵڵایان به‌ پیلانگێڕی دژی عێراق تۆمه‌تبار كرد.

 

هۆكاری نیگه‌رانی عێراق له‌وه‌دایه‌ كه‌ به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش كه‌ له‌ناوچه‌ سنوورییه‌كانی نێوان سوریا‌و لوبنان ده‌كشێنه‌وه‌، ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ شارۆچكه‌ی ئه‌لبوكه‌مال له‌سوریا، ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ش دراوسێی شارۆچكه‌ی قائیمه‌ له‌پارێزگای ئه‌نبار له‌ عێراق.

 

له‌مانگی ئابی ساڵی 2014دا داعش جیهانی تووشی شۆك كرد كاتێك سنووری په‌یماننامه‌ی سایكس پیكۆی سڕیه‌وه‌‌و ساتره‌ گڵینه‌كانی سنووری نێوان عێراق‌و سوریای له‌ناوبرد‌و دامه‌زراندنی شارێكی نوێی راگه‌یاند به‌ناوی "ویلایه‌تی فورات" كه‌ له‌ شاری "ئه‌لبوكه‌مال"ی سوریاوه‌ درێژده‌بێته‌وه‌ تا شاری "قائیم"ی عێراق‌و به‌حوكمی چه‌ند هۆكارێكی جوگرافی بووه‌ پارێزراوترین‌و سه‌لامه‌تترین شار بۆ داعش.

 

كاتێكیش حكومه‌تی عێراق له‌ هاوینی ساڵی رابردوودا هێرشێكی به‌رفراوانی له‌ ئه‌نبار ئه‌نجامدا كه‌ به‌ ئازادكردنی شاره‌كانی فه‌لوجه‌‌و رومادی‌و هیت‌و كوبه‌یسه‌‌و روتبه‌ كۆتایی هات، له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك شاره‌كانی عانه‌‌و راوه‌‌و قائیمی سه‌ر سنووری نێوده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵ سوریا به‌جێهێشت‌و پێی باشبوو سه‌ره‌تا بچێته‌ موسڵ‌و پاشان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌نبار.

 

چه‌ند مانگێكه‌ به‌رپرسانی خۆجێیی‌و شێخی عه‌شیره‌ته‌كان له‌ ئه‌نبار داوا له‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ن په‌له‌ بكات له‌جێبه‌جێكردنی ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و سێ شارۆچكه‌یه‌‌و پاراستنی سنوور، به‌ڵام به‌پێی قسه‌ی راجع عیساوی سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار حكومه‌ت ئه‌و كاره‌ پشتگوێ ده‌خات.

 

عیساوی به‌ "نیقاش"ی وت "ئه‌و سه‌ودانامه‌یه‌ی حزبوڵڵا له‌گه‌ڵ داعش كردوویه‌تی كاره‌ساته‌ بۆ ئه‌نبار، هه‌مووان ده‌زانن كه‌ هێزی داعش له‌سه‌ر سنوور له‌گه‌ڵ سوریا چڕبووه‌ته‌وه‌‌و هه‌ردوو شارۆچكه‌ی ئه‌لبوكه‌مال له‌ سوریا‌و قائیم له‌ ئه‌نبار بۆ توندڕه‌وان به‌ یه‌ك شار داده‌نرێن‌و پێی ده‌وترێت ویلایه‌تی فورات".

 

وتیشی "پیلانگێڕییه‌ك له‌ئارادایه‌ بۆئه‌وه‌ی ئه‌نبار بكه‌وێته‌وه‌ ده‌ست تیرۆریستان پاش ئه‌وه‌ی ساڵی رابردوو هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و جه‌نگاوه‌رانی عه‌شیره‌ته‌كان شه‌ڕی سه‌ختیان له‌دژی توندڕه‌وان كرد بۆ ئازادكردنی رومادی‌و فه‌لوجه‌‌و هیت‌و روتبه‌‌و كوبه‌یسه‌.. بۆچی له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ودانامه‌یه‌كی سیاسیدا له‌گه‌ڵ تیرۆریستان سه‌دان توندڕه‌و ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ سنووره‌كانمان؟".

 

عیساوی داوای له‌ حكومه‌ت كرد پشتیوانی سه‌ربازی به‌په‌له‌ بۆ ئه‌نبار بنێرێت له‌ترسی گه‌یشتنی تیرۆریستان به‌ شاره‌كه‌‌و ئه‌نجامدانی هێرش بۆسه‌ر شاره‌ ئازادكراوه‌كان.

 

دوای سێ رۆژ له‌ سه‌ودانامه‌كه‌ی نێوان حزبوڵڵا‌و داعش كه‌ رۆژی 28ی مانگی رابردوو ئه‌نجام درا، فڕۆكه‌كانی "هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی" كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان سه‌ركردایه‌تی ده‌كات چه‌ند هێرشێكی ئاسمانیان ئه‌نجامدا‌و ئه‌و رێگا‌و پردانه‌یان كرده‌ ئامانج كه‌ ده‌بووایه‌ كاروانی ئه‌و پاسانه‌یان پێدا تێپه‌ڕ ببێت كه‌ تیرۆریستان ده‌گوازنه‌وه‌ ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستی رێگریكردن له‌ گه‌یشتنیان به‌ سنووره‌كانی عێراق.

 

"هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی" له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی ره‌سمیدا رایگه‌یاند كه‌ "رێگه‌ به‌ چه‌كدارانی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی نادات به‌ره‌و خۆرهه‌ڵات به‌ ئاڕاسته‌ی سنووری عێراق بجووڵێن" وتیشی: "له‌به‌ر بوونی ژن‌و منداڵ له‌كاروانه‌كه‌دا بۆردومانی چه‌كداره‌كانی نه‌كردووه‌".

 

كاروانه‌كه‌ش كه‌ بریتیه‌ له‌ نزیكه‌ی 17 پاس‌و نزیكه‌ی 300 چه‌كداری راهاتووی داعش له‌خۆده‌گرێت له‌ناوچه‌یه‌كی بیاباناوی ژێر كۆنترۆڵی حكومه‌تی سوریا به‌ناوی سه‌خنه‌ له‌نێوان هه‌ردوو پارێزگای حومس‌و دێرئه‌لزور راوه‌ستاوه‌.

 

پایته‌خته‌ نهێنیه‌كه‌ی داعش

 چه‌ند مانگێكه‌ ماجید مه‌حلاوی یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانی جه‌نگاوه‌رانی عه‌شیره‌ته‌كان له‌ شاری حه‌دیسه‌ی خۆرئاوای ئه‌نبار له‌گه‌ڵ ئه‌و گرووپه‌ی سه‌ركردایه‌تیان ده‌كات، له‌ترسی دزه‌كردنی تیرۆریستان له‌و سێ شاره‌ی دراوسێی ژێر كۆنترۆڵی داعشه‌وه‌، چاودێری ئه‌و بیابانه‌ ده‌كات كه‌ به‌سه‌ر ده‌وروبه‌ری شارۆچكه‌كه‌دا ده‌ڕوانێت.

 

هاوكات جه‌نگاوه‌رانی عه‌شیره‌ته‌كان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی فیرقه‌ی حه‌وتی سوپای عێراق ساتری گڵینیان دروستكردووه‌ بۆ رێگریكردن له‌ دزه‌كردنی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو بۆ ناو شارۆچكه‌كه‌، هه‌ندێك جاریش هێرشی خێرا له‌ ناوچه‌ بیاباناویه‌كاندا ئه‌نجام ده‌ده‌ن بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی حه‌شارگه‌ی توندڕه‌وانی لێ نییه‌.

 

مه‌حلاوی به‌ "نیقاش"ی وت: "ویلایه‌تی فورات هه‌ردوو شاری قائیم‌و ئه‌لبوكه‌مال له‌خۆده‌گرێت‌و پایته‌ختی نهێنی داعشه‌‌و سه‌ركرده‌كانی رێكخراوه‌كه‌ی لێیه‌ كه‌ كاروباره‌كانی رێكخراوه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، هه‌مووان پێیانوایه‌ كه‌ هێزی داعش له‌ موسڵ‌و ره‌ققه‌دایه‌، به‌ڵام له‌ راستیدا هێزه‌كه‌یان لێره‌ له‌ ویلایه‌تی فوراتدایه‌‌و كۆتاییه‌كه‌شیان هه‌ر لێره‌ ده‌بێت نه‌ك له‌ هه‌ر شوێنێكی دیكه‌ی جیهان، به‌ڵام شه‌ڕه‌كه‌ سه‌خت‌و ئاڵۆز ده‌بێت".

 

مه‌حلاوی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات زانیارییه‌ هه‌واڵگرییه‌كان دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌ هه‌زاران چه‌كداری داعش ئه‌وانه‌ی له‌ چه‌ند مانگی رابردوودا له‌ شه‌ڕه‌كانی ئه‌نبار‌و سه‌ڵاحه‌دین‌و موسڵ هه‌ڵاتوون ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر سنووری نێوان عێراق‌و سوریا كۆبوونه‌ته‌وه‌ بۆ یه‌كخستنی ریزه‌كانیان، ئه‌و سه‌ودانامه‌یه‌ی ئه‌م دواییه‌ش كه‌ له‌نێوان رژێمی سوریا‌و داعش بۆ گواستنه‌وه‌ی چه‌كداری زیاتر بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ ئه‌نجام دراوه‌، وه‌كو كاره‌سات وایه‌، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ تیرۆریستان دانوستانمان نه‌كردووه‌‌و نایكه‌ین".

 

به‌گوته‌ی عومه‌ر عوبه‌یدی نه‌قیب له‌ فیرقه‌ی حه‌وتی سوپای عێراق، كاتێك له‌ حوزه‌یرانی ساڵی رابردوودا هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاری فه‌لوجه‌یان راگه‌یاند، بڕیاریان دا به‌ره‌و موسڵ بكه‌ونه‌ڕێ له‌باكوور له‌بری پاككردنه‌وه‌ی شاره‌كانی دیكه‌ی ئه‌نبار له‌ تیرۆریستان ئه‌ویش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك له‌وانه‌ دووریی شاری "قائیم" له‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانه‌وه‌.

 

هه‌روه‌ها ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ كه‌ فیرقه‌كه‌ی له‌ بنكه‌ی "عه‌ین لئه‌سه‌د" شانبه‌شانی سه‌ربازانی ئه‌مریكا جێگیر بووه‌، به‌ "نیقاش"ی وت: "شه‌ڕه‌كه‌ی قائیم ئاسان نییه‌‌و له‌ شه‌ڕه‌كانی رومادی‌و فه‌لوجه‌‌و سه‌ڵاحه‌دین جیاواز ده‌بێت".

 

ده‌شڵێت: "كێشه‌یه‌كی دیكه‌ كه‌ له‌كاتی نه‌خشه‌دانان بۆ ئازادكردنی ئه‌و شاره‌ رووبه‌ڕووی سوپا ده‌بێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر سنوور له‌گه‌ڵ سوریا‌و له‌وێ بۆماوه‌یه‌ك توندڕه‌وه‌كان هه‌ڵدێن‌و پاشان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، چونكه‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان ناتوانن ئه‌و سنووره‌ دورودرێژه‌ له‌گه‌ڵ سوریا بپارێزن كه‌ درێژییه‌كه‌ی (600 كم) ده‌بێت به‌بێ ئه‌وه‌ی هێزێكی دیكه‌ هه‌بێت له‌ به‌ره‌كه‌ی تردا تیرۆریسته‌كان گه‌مارۆ بدات".  

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌