راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

نیوه‌یان بندیوارن
حه‌شدی عه‌شایری.. هه‌ژمونێكی ناوچه‌یی ده‌سه‌ڵات سنووردار

که‌مال عه‌یاش
ئه‌ركی حه‌شدی عه‌شایری له‌ئه‌ركی گروپه‌كانی دیكه‌ی ژێر سایه‌ی حه‌شدی شه‌عبی جیاواز نییه‌، به‌ڵام چه‌ك‌و مه‌شق‌و چاودێرینه‌كردن، بووه‌ته‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌یان.
17.08.2017  |  ئه‌نبار
چه‌كدارانی‌ حه‌شدی‌ عه‌شایری‌ له‌ئه‌نبار
چه‌كدارانی‌ حه‌شدی‌ عه‌شایری‌ له‌ئه‌نبار

له‌هه‌موو ناوچه‌كانی پارێزگای ئه‌نبار (110 كم له‌ خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت) به‌تایبه‌ت ناوچه‌ گوندنشینه‌كان یاخود ئه‌و ناوچانه‌ی دراوسێی شاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانن، عه‌شایره‌كان هێزێكیان پێكهێنا ناوی حه‌شدی عه‌شایری لێنرا‌و له‌دوای ئۆپراسیۆنه‌كانی ئازادكردنه‌وه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌ ره‌سمییه‌كان جێبه‌جێیان ده‌كه‌ن، ئه‌ركی پاراستنی ناوچه‌كانیان‌و كۆنترۆڵكردنی زه‌وییان پێ سپێردرا.

 

زیاتر له‌ 25 هه‌زار جه‌نگاوه‌ر له‌ژێر سایه‌ی حه‌شدی عه‌شایریدان، ئه‌وه‌ش ژماره‌یه‌كی كه‌م نییه‌‌و هاوتای ژماره‌ی هێزه‌كانی پۆلیسه‌ له‌ هه‌موو پارێزگای ئه‌نبار كه‌ نزیكه‌ی 28 هه‌زار كارمه‌ندن، ئه‌م ژماره‌یه‌ ئه‌گه‌ر میكانیزمێكی ناوه‌ندی هه‌بێت هه‌وڵ بۆ كۆكردنه‌وه‌‌و ئاماده‌كردن‌و مه‌شقپێكردنی بدات، ده‌بێته‌ هێزێك پشتی پێ ببه‌سترێت‌و پاڵپشتێكی به‌هێز بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ سوپا‌و پۆلیس.

 

وادیاره‌ ئه‌و دابه‌شبوونه‌ی ئه‌ندامان‌و سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی عه‌شایری تێكه‌وتووه‌، یاره‌مه‌تیده‌ر بووه‌ بۆ تێكچوونی سیستمه‌كه‌ی‌و لاوازی كردووه‌‌و ناتوانێت له‌ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی مانۆڕ بگێڕێت، كه‌ بوونه‌ته‌ ناوچه‌ی هه‌ژموون‌و باڵاده‌ستی‌و به‌رزترین ئاستی خواسته‌كانی.

 

ئه‌و دابه‌شبوونه‌ بووه‌ته‌ هۆی پێكهێنانی گرووپه‌كان به‌پێی عه‌شایر‌و ناوچه‌كان، ته‌نانه‌ت به‌گوێره‌ی ئه‌و حزبانه‌ش كه‌ پشتگیری هه‌ندێك له‌و گرووپانه‌ ده‌كه‌ن له‌ ناوچه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیاندا یان ته‌نانه‌ت له‌  ناوچه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان كه‌ ده‌یانه‌وێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حزبی قۆرغیان بكه‌ن.

 

قه‌زای حه‌دیسه‌ دیارترین نموونه‌یه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌ عه‌شایرییه‌كان كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرێن‌و بوونه‌ته‌ جێبایه‌خی تایبه‌تی مه‌رجه‌عه‌ ئایینیه‌كان له‌ نه‌جه‌ف، به‌و پێیه‌ش ئه‌م گرووپانه‌ جیاواز ده‌بن له‌وانی دیكه‌، جارێك له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی پشتیوانی ده‌كرێن، جارێكی دیكه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆڕاگربوون‌و رێگه‌یان به‌ "داعش" نه‌دا ناوچه‌كانیان كۆنترۆڵ بكات.

 

له‌هه‌مان ئه‌و قه‌زایه‌دا زیاتر له‌ گرووپێكی عه‌شایری تێدایه‌ كه‌ دابه‌شبوون به‌سه‌ر عه‌شیره‌ته‌كانی "ئه‌لبونه‌مر"‌و عه‌شیره‌ته‌كانی "جغایفه‌" كه‌ گه‌وره‌ترین عه‌شیره‌تی قه‌زاكه‌یه‌، ئه‌گه‌رچی ئه‌م عه‌شیره‌تانه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌جێندای حزبییه‌وه‌، به‌ڵام هه‌موویان له‌ژێر یه‌ك سه‌ركردایه‌تی ناوه‌ندی عه‌شایریدان.

 

قه‌زای هیتیش ژماره‌یه‌ك گرووپی هه‌یه‌ كه‌ له‌دوای ساڵی 2014 پێكهێنران‌و ئه‌ركیان كۆنترۆڵكردنی زه‌وی‌و پارێزگاریكردنه‌ له‌و ده‌ستكه‌وته‌ ئه‌منیانه‌ی به‌ده‌ستهاتوون، هیچ پشتیوانیه‌ك ناكرێن‌و مه‌شقیان پێناكرێت تا ئاماده‌یان بكات بۆ په‌یداكردنی شاره‌زایی ته‌واو له‌سه‌ر به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌رهێرشێكی داعش به‌تایبه‌تی كه‌ قه‌زای هیت كه‌وتۆته‌ نێوان هه‌ردوو ده‌می مقاشه‌كه‌ی داعشه‌وه‌ كه‌ تائێستاش له‌باكووره‌وه‌ جزیره‌ی هیت‌و له‌ باشووریشه‌وه‌ رێگا بیاباناویه‌كانی نێوان رومادی‌و رێگای نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئوردن‌و سوریای كۆنترۆڵ كردووه‌.

 

له‌شاری رومادی ناوه‌ندی پارێزگای ئه‌نبار دیمه‌نه‌كه‌ به‌ڕوونی دیاره‌‌و دوور‌و نزیك ده‌توانن قه‌باره‌ی ناكۆكی‌و دابه‌شبوونه‌كانی نێوان ئه‌و گرووپانه‌ ببینن، هه‌یانه‌ سه‌ر به‌ حزبه‌ سیاسییه‌كانه‌‌و هه‌شیانه‌ سه‌ر به‌ عه‌شیره‌ت‌و ناوچه‌یه‌، ئامانجی زۆرینه‌شیان پاراستنی ناوچه‌كانیان‌و كۆنترۆڵكردنی پرۆژه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یه‌ تێیاندا، ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ ئه‌و گرووپانه‌‌و سه‌ركردایه‌تییه‌كانیان له‌ بارێكی بێسه‌ر‌و به‌ردا بژین كه‌ به‌پێی قسه‌ی هه‌ندێك فه‌رمانده‌ گومانی گه‌نده‌ڵیان له‌سه‌ره‌.

 

عامرییه‌ی فه‌لوجه‌ كه‌ به‌ ناوچه‌یه‌كی جیاكه‌ره‌وه‌ی نێوان پارێزگای ئه‌نبار‌و پارێزگاكانی فوراتی ناوه‌ڕاست، بابل‌و كه‌ربه‌لا داده‌نرێت، بارێكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌‌و ئه‌گه‌رچی كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵا شارۆچكه‌‌و ناحیه‌كانی باشووریان كۆنترۆڵ كردووه‌، به‌ڵام رێگه‌یان داوه‌ به‌ عه‌شیره‌ته‌كانی "ئه‌لبوعیسا"ش هێزی عه‌شایری دروست بكه‌ن، كه‌ ته‌نیا یه‌ك ئه‌ركیان هه‌یه‌‌و لێی لاناده‌ن.

 

ئه‌م هێزه‌ هێڵی یه‌كه‌می به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌ له‌ نێوان شاری فه‌لوجه‌ كه‌ بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ سێ ساڵ داعش كۆنترۆڵی كردبوو، هه‌روه‌ها ئه‌و ناوچانه‌ی حه‌شدی شه‌عبیان لێیه‌ له‌ باشووری عامرییه‌ی فه‌لوجه‌‌و راگرتنی به‌رفراوانبوونی داعشیان به‌ره‌و به‌غدای پایته‌خت‌و پارێزگاكانی دیكه‌ی باشوورپێ سپێردراوه‌.

 

شێخ رافع عه‌بدولكه‌ریم فه‌هداوی سه‌ركرده‌ له‌ حه‌شدی عه‌شایری له‌وباره‌یه‌وه‌ قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و باسی له‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌و فه‌رامۆشكردن‌و جیاكارییه‌ی حه‌شدی عه‌شایری له‌ ئه‌نبار دووچاری هاتووه‌، كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی دروست كردووه‌ كه‌ هه‌ردوو حكومه‌تی خۆجێیی‌و ناوه‌ندی له‌ ئێستادا ناتوانن كۆنترۆڵی بكه‌ن.

 

وتیشی: "گه‌نده‌ڵی له‌ نێو پێكهاته‌ی حه‌شدی عه‌شایریدا بڵاوبووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ نزیكه‌ی له‌سه‌دا په‌نجایان بندیوارن، ئه‌ویش به‌هۆی نه‌بوونی چاودێری به‌سه‌ر ئه‌و هێزانه‌وه‌ به‌تایبه‌تی به‌سه‌ر فه‌رمانده‌ی فه‌وجه‌كانه‌وه‌ كه‌ زۆربه‌یان به‌بێ گوێدانه‌ بۆچوون‌و كاره‌كانیان له‌نێو ئه‌و هێزه‌دا دانراون كه‌ زۆر له‌مێژ نییه‌ ببوونه‌ زۆڕناژه‌نی گرووپه‌كانی داعش.

 

فه‌هداوی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ جه‌نگاوه‌رانی عه‌شایر له‌ ئه‌نبار ته‌واو له‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی دیكه‌ی ناوچه‌كانی عێراق جیاوازن، تا ئێستاش ئه‌م پێكهاته‌یه‌ به‌ده‌ست ئه‌وه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت كه‌ وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی حه‌شدی شه‌عبی دانی پێدانانرێت، چونكه‌ ئه‌و تایبه‌تمه‌ندی‌و ماف‌و ده‌رماڵه‌ داراییانه‌ی نییه‌ كه‌ گرووپه‌ شیعه‌كانی دیكه‌ هه‌یانه‌، ته‌نانه‌ت بریندار‌و شه‌هیدانی شه‌ڕه‌كانی ئازادكردنه‌وه‌شی هیچ ماف‌و تایبه‌ته‌مه‌ندییه‌كیان وه‌رنه‌گرتووه‌.

 

ئه‌و وتیشی: "هێزه‌ عه‌شایریه‌كان‌و هێزه‌كانی حه‌شدی سه‌عبی هه‌موویان هێزی پاشكۆن‌و ده‌بێت رۆڵیان كۆتایی بێت به‌ كۆتاییهاتنی ئه‌و مه‌به‌سته‌ی له‌ پێناویدا دامه‌زراون، به‌ڵام ئه‌و باڵاده‌ستیه‌ی ده‌سه‌ڵات‌و هه‌ژموونی به‌خشیوه‌ته‌ فه‌رمانده‌كانی ئه‌و هێزانه‌، وای لێكردوون كۆنترۆڵی بڕیاره‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ بكه‌ن كه‌ كۆنترۆڵیان ده‌كه‌ن‌و ده‌سه‌ڵات‌و رۆڵیان سنووردار بێت".

 

به‌م پێیه‌ش ئه‌و هێزانه‌ی زه‌ویان كۆنترۆڵ كردووه‌، هه‌رچه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاتیان سنوورداره‌‌و رۆڵێكی لاوه‌كیش ده‌گێڕن، به‌ڵام نوێنه‌رایه‌تی ئیراده‌ی سیاسی‌و عه‌شایری‌و حزبی ده‌كه‌ن‌و هه‌مووشیان هه‌وڵی به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌وه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت پارێزگاكه‌و وڵاتیش به‌گشتی ماندوو ده‌كات.

 

لیوا تارق یوسف عه‌سه‌ل فه‌رمانده‌ی پێشووی پۆلیسی ئه‌نبار‌و یه‌كێك له‌ فه‌رمانده‌كانی حه‌شدی عه‌شایری له‌ ناوچه‌كانی جزیره‌ی رومادی، ئه‌م جاره‌ له‌به‌ری دانیشتووانی ناوچه‌كه‌دایه‌‌و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌هه‌موو جۆره‌كانیانه‌وه‌ به‌ جه‌نگاوه‌رانی عه‌شیره‌ته‌كانیشه‌وه‌، ئه‌ركی رزگاركردنی ناوچه‌كه‌ ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی پارێزگاكه‌‌و دانیشتووانه‌كه‌ی.

 

عه‌سه‌ل له‌و ڕووه‌وه‌ قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "گشت شاره‌كانی ئه‌نبار به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی‌و عه‌شایری كۆنترۆڵیان كردوون رووبه‌ڕووی كاره‌ساتێك ده‌بنه‌وه‌ ئاكامه‌كه‌ی نه‌خوازراو ده‌بێت، به‌تایبه‌تی كه‌ رێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌ په‌یڕه‌وكراوه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌وه‌ بوونه‌ته‌ بارگرانییه‌ك بۆ دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ كه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ زێدی خۆیان‌و خه‌ون به‌ ژیانێكی ئارام‌و خۆشگوزه‌رانه‌وه‌ ده‌بینن به‌بێ سووكایه‌تیپێكردن‌و زه‌بونكردن".

 

هه‌روه‌ها وتیشی: "ئه‌م هێزانه‌ ئه‌گه‌رچی له‌سه‌ر خاكی پارێزگای ئه‌نبارن، به‌ڵام زۆرینه‌یان ملكه‌چی فه‌رمانی سه‌كرده‌ خۆجێیی‌و مه‌یدانییه‌كان نابن‌و ئه‌جێندای حزب‌و قه‌واره‌كان‌و بۆچوونی ده‌ره‌وه‌ی پارێزگاكه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ پێش ده‌سه‌ڵاتی داعش كاتێك كه‌سانێك كه‌ سه‌ربه‌ پارێزگاكه‌ نه‌بوون باڵاده‌ستبوون به‌سه‌ریدا‌و كۆنترۆڵی چاره‌نووسیان كردبوو گوێشیان نه‌ده‌دا له‌ ئه‌نجامی ئه‌و رێوشوێنه‌ تونده‌ نامه‌دروسانه‌دا چی به‌سه‌ر پارێزگاكه‌ دێت ".

 

سووربوونی زۆرینه‌ی جه‌نگاوه‌ره‌كان له‌سه‌ر چوونیان بۆ نێو ریزه‌كانی حه‌شدی عه‌شایری، ئه‌گه‌رچی نه‌فیری گشتییش بێت بۆ به‌رگری له‌ پارێزگاكه‌، به‌ڵام وادیاره‌ هه‌وڵێكیشه‌ بۆ راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئاراسته‌ پیشه‌ییه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندی لێی زه‌وتكردبوون كاتێك له‌ كۆتایی ساڵی 2010دا ده‌ستبه‌رداری جه‌نگاوه‌رانی سه‌حوه‌ بوو.

 

یه‌كه‌م جار وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌م هێزه‌ كۆپیكراوه‌ ته‌واو جیاواز بێت به‌تایبه‌تی كه‌ خۆبه‌خشه‌كان به‌ڵێنی زۆریان پێدرا به‌وه‌ی داده‌مه‌زرێن‌و ده‌چنه‌ ریزی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ به‌بیانوی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌موكوڕییه‌ی له‌ ئه‌نجامی ئۆپراسیۆنه‌كانی ئازادكرانه‌وه‌دا له‌ دامه‌زراوه‌ی ئه‌منیدا دروست بووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و ژماره‌ زۆره‌ی له‌دوای هاتنی داعش شوێنه‌كانیان به‌جێهێشت‌و هه‌ڵاتن.

 

ره‌نگه‌ گوشاره‌ هه‌رێمی‌و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م گرووپانه‌ ئه‌و تاشه‌ به‌رده‌ بێت كه‌ ئاواتی ده‌یان هه‌زار جه‌نگاوه‌ری پارێزگای ئه‌نباری له‌سه‌ر تێكده‌شكێت له‌وانه‌ی خه‌ون به‌ تێكه‌ڵاوبوون له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی ده‌بینن به‌تایبه‌تی كه‌ بوونه‌ته‌ ئامانجی ئه‌و "داعش"ه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان تێكشكێندرا‌و وه‌ده‌رنرا.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌