راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ده‌ستدرێژییه‌كان زیادبوون
پزیشكانی‌ عێراق.. وڵات چۆڵكردن یا به‌نهێنی‌ كاركردن

موسته‌فا حه‌بیب
له‌رۆژانی رابردوودا كۆمه‌ڵێك پزیشك ده‌ستدرێژی جۆرا‌وجۆریان كرایه‌سه‌ر‌و ده‌یانیان ناچاربوون واز له‌كاره‌كه‌یان بهێنن، هه‌ندێكی تریشیان وڵاتیان جێ‌ هێشت‌و تیاشیاندایه‌ به‌نهێنی‌ كاره‌كه‌ی‌ ده‌كات.
3.08.2017  |  به‌غدا
 ( :وێنه Iraqi Ministry of Health)
( :وێنه Iraqi Ministry of Health)

هه‌فته‌ی رابردوو سه‌لیم عه‌بدولزه‌هره‌ی پزیشك له‌ئه‌نجامی برینداركردنی به‌چه‌قۆ له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراوه‌وه‌ كه‌ هه‌ڵیانكوتابووه‌ سه‌ر عیاده‌ تایبه‌ته‌كه‌ی له‌ناوچه‌ی مه‌عامیلی به‌غدا، گیانی له‌ده‌ستدا، هه‌روه‌ها هه‌ردوو پزیشك محه‌مه‌د عه‌لی زایه‌ر كه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ی حه‌كیم له‌مه‌دینه‌ سه‌در كارده‌كات‌و سه‌عد عه‌بدولحوڕ له‌عیاده‌ تایبه‌ته‌كه‌ی له‌به‌غداد جه‌دیده‌، رفێندران، پزیشكی ددانیش شه‌زا فالح له‌بنكه‌یه‌كی ته‌ندروستی له‌ناوچه‌ی وه‌شاش كوژرا، هه‌موو ئه‌م رووداوانه‌ش له‌ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا له‌به‌غدا روویاندا.

 

وه‌زاره‌تی ناوخۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌رووداوه‌كان ده‌ستپێكرد‌و ده‌ستگیركردنی هه‌شت باندی تێوه‌گلاوی له‌رفاندن‌و كوشتنی پزیشكان له‌به‌غدا راگه‌یاند، به‌ڵام عێراقییه‌كان كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ به‌و رووداوانه‌وه‌ سه‌رقاڵن، رایه‌كی تریان هه‌بوو، ئه‌وان ده‌ڵێن پیلانێك هه‌یه‌ بۆ به‌ئامانجگرتنی خاوه‌ن توانا زانستیه‌كان، له‌وه‌ش زیاتر پزیشكان ده‌ستیان به‌به‌جێهێشتنی نه‌خۆشخانه‌كان‌و عیاده‌ تایبه‌ته‌كانیان كردووه‌‌و پلان بۆ به‌جێهێشتنی وڵات داده‌نێن.

 

له‌ناوچه‌ی حارسیه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌گه‌ڕه‌كه‌ خۆشه‌كانی به‌غدا‌و به‌زۆری عیاده‌ پزیشكییه‌كان ناسراوه‌، چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراو هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر عیاده‌ی پزیشكی نه‌شته‌رگه‌ری سامر عه‌تار‌و لێیاندا تا له‌هۆش خۆی چوو، كاتێكیش سكرتێره‌كه‌ی بۆ داوای یارمه‌تی به‌په‌له‌ چووه‌ خاڵێكی پشكنینی نزیك له‌عیاده‌كه‌، چه‌كداره‌كان هه‌ڵاتبوون.

 

سامری پزیشك له‌ترسی ژیانی خۆی بڕیاریدا پۆلیس ئاگادارنه‌كاته‌وه‌‌و بڕیارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یدا به‌داخستنی عیاده‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی هێمن‌و خێزانه‌كه‌شی برده‌ هه‌رێمی كوردستان‌و ئێستا بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ وڵات به‌جێبهێڵێت، ئه‌و له‌په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ "نیقاش" وتی "له‌عێراقدا كه‌س پزیشكان ناپارێزێت‌و گرووپی چه‌كداریش هه‌ن ده‌مانكه‌نه‌ ئامانج، یاسا عه‌شایریه‌كان‌و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانیش توانایان نییه‌ بمانپارێزن".

 

له‌ 25ی مانگی رابردووشدا پزیشكان له‌به‌غدا‌و زۆربه‌ی پارێزگاكان مانگرتنێكی گشتیان له‌نێو نه‌خۆشخانه‌كاندا رێكخست بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر هه‌ڵكشانی دیارده‌ی به‌ئامانجگرتنی پزیشكان له‌وڵات‌و چه‌ند دروشمێكیان به‌رزكردبووه‌وه‌ كه‌ داوایان له‌وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی‌و حكومه‌ت ده‌كرد بیانپارێزن، هه‌روه‌ك هۆشداریشاندا له‌وه‌ی ژماره‌ی كادرانی پزیشكی به‌هۆی ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌وه‌ روو له‌كه‌مبوونه‌وه‌یه‌.

 

جاسب ئه‌لحجامی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی به‌ری كه‌رخی به‌غدا به‌"نیقاش"ی وت "ئه‌و تاوانانه‌ی به‌م دواییانه‌ پزیشكان ده‌كه‌نه‌ ئامانج، زیان به‌وڵاته‌كه‌مان ده‌گه‌یه‌نن‌و ئامانجیان به‌تاڵكردنی عێراقه‌ له‌پزیشكان‌و خاوه‌نی توانا زانستییه‌كان له‌پسپۆرییه‌ ده‌گمه‌نه‌كان كه‌ ئه‌وانه‌ش سامانێكن به‌ئاسانی قه‌ره‌بوو ناكرێنه‌وه‌".

 

ئه‌لحجامی دووپاتی كرده‌وه‌ "زۆرێك له‌و خاوه‌ن توانایانه‌ له‌ساڵانی رابردوودا به‌هۆی كاری كوشتن‌و رفاندنه‌وه‌ كۆچیان كردووه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، پێویسته‌ هه‌وڵ بدرێت سامان‌و عه‌قڵه‌ زانستییه‌كانی وڵات بپارێزرێن".

 

دیارده‌ی به‌ئامانجگرتنی پزیشكان ئه‌و بیره‌وه‌رییه‌ به‌ئازارانه‌ به‌بیر عێراقییه‌كان ده‌هێنێته‌وه‌ كاتێك له‌دوای 2003 كرده‌وه‌كانی كوشتنی خاوه‌ن توانا زانستیه‌كان له‌پزیشكان‌و ئه‌ندازیاران‌و مامۆستایانی زانكۆ‌و گه‌وره‌ ئه‌فسه‌رانی پێشووی سوپای عێراق به‌شێوه‌یه‌كی به‌رنامه‌ بۆداڕێژراو له‌لایه‌ن گرووپه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ رووی له‌هه‌ڵكشان كرد كه‌ ئێستاش هه‌مووان له‌باسكردنی ده‌ترسن.

 

ئه‌یاد عه‌لاوی جێگری سه‌رۆك كۆماریش له‌راگه‌یه‌ندراوێكی ره‌سمیدا رایگه‌یاند "ئه‌وه‌ی روویداوه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی دیارده‌ی تیرۆركردنی پزیشكان‌و كادره‌ زانستیه‌كان، ئه‌م كرده‌وه‌ تاوانكارییه‌ چۆنایه‌تیانه‌ په‌یامێكی گرنگ ده‌گه‌یه‌نن كه‌ ده‌ڵێت قۆناغی دوای داعش ئارام نابێت‌و بگره‌ خوێناویتر ده‌بێت به‌مه‌به‌ستی به‌تاڵكردنی وڵات له‌هه‌موو ئه‌و توانایانه‌ی ده‌توانن رێبه‌رایه‌تی قۆناغی بنیاتنان‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ بكه‌ن".

 

چه‌كدارانی نه‌ناسراو‌و مافیاكانی دزی كه‌ كاری كوشتن‌و رفاندن‌و پاره‌كێشانه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ته‌نیا كێشه‌ی پزیشكان نین، به‌ڵكو یاسا عه‌شایریه‌كانیش له‌هه‌موو شوێنێك به‌دوایانه‌وه‌ن، چونكه‌ ئه‌و پزیشكه‌ی شكستبهێنێت له‌چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشێكدا ره‌نگه‌ باجه‌كه‌ی له‌ڕێی یاسای "فه‌سڵیه‌" بدات كه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت پاره‌یه‌كی زۆر بداته‌ خێزانی نه‌خۆشه‌كه‌‌و بڕی پاره‌كه‌ش عه‌شیره‌ته‌كان دیاری ده‌كه‌ن.

 

سه‌رمه‌د عه‌بدولئه‌میر پزیشكی پسپۆری نه‌خۆشیه‌كانی دڵ قوربانی یاسا عه‌شایریه‌كان بوو، شه‌ش مانگ له‌مه‌وبه‌ر نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی مه‌ترسیداری دڵی بۆ پیاوێكی به‌ته‌مه‌ن ئه‌نجامدا‌و سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، عه‌شیره‌تی كۆچكردووه‌كه‌ به‌زه‌بری هێز عیاده‌كه‌یان داخست‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌كیان له‌سه‌ر نووسیبوو ده‌ڵێت "به‌عه‌شایری داواكراوه‌" واته‌ به‌ده‌سته‌واژه‌ میللییه‌كه‌ی دوو بژارده‌ی له‌به‌رده‌مدایه‌، یان تووشی كوشتن یا ئازاردان ده‌بێت، یاحود ده‌بێت خوێنبایی بدات.

 

سه‌رمه‌د به‌"نیقاش"ی وت "توانیان بگه‌نه‌ ماڵه‌كه‌م‌و هه‌ڕه‌شه‌ له‌خێزانه‌كه‌م بكه‌ن، دوای ئه‌وه‌ ناچاربووم پاره‌ی خوێنباییه‌كه‌ بده‌مه‌ خێزانی كۆچكردووه‌كه‌ كه‌ بڕی 100 هه‌زار دۆلاربوو هه‌رچه‌نده‌ راپۆرته‌ پزیشكییه‌كانی پێش ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرد كه‌ رێژه‌ی سه‌ركه‌وتنی زۆر سنوورداره‌ خێزانه‌كه‌شی رازیبوون ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی بگرنه‌ئه‌ستۆ، دوای ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌ش خۆیان له‌وه‌ دزیه‌وه‌".

 

هه‌روه‌ها سه‌رمه‌د بڕیاریدا وڵات به‌ره‌و ئوردن به‌جێبهێڵێت، به‌ڵام هێشتا به‌نهێنی له‌عێراق پیشه‌كه‌ی ده‌كات، ئه‌و ده‌شڵێت "له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌نه‌خۆشخانه‌كانی به‌غدا رێككه‌وتووم سه‌ره‌ بۆ نه‌خۆش بگرن به‌و مه‌رجه‌ی مانگانه‌ یه‌ك هه‌فته‌ به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ بكه‌م‌و تێیدا نه‌خۆشه‌كان له‌نه‌خۆشه‌ ناسراوه‌كان‌و خزمه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌م، دوای ئه‌وه‌ش بۆ ماوه‌ی سێ هه‌فته‌ بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئوردن".

 

كۆچی كادره‌ پزیشكییه‌كان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات قه‌یرانێكی راسته‌قینه‌ی بۆ هاووڵاتیان دروست كردووه‌ كه‌ ئه‌وانیش له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ ده‌ستیانكردووه‌ به‌شوێنپێ هه‌ڵگرتنی پزیشكه‌كانیان یاخود پزیشكانی ده‌وڵه‌تانی دراوسێ، له‌م رووه‌شه‌وه‌ لوبنان‌و ئوردن‌و ئێران‌و هیندستان به‌وڵاتانی په‌سه‌ند له‌لای عێراقییه‌كان داده‌نرێن بۆ چاره‌سه‌ركردن، كه‌ ئه‌وه‌ش بارگرانیه‌كی دارایی گه‌وره‌ی خستووه‌ته‌ سه‌رشانی عێراقییه‌كان.

 

ده‌یان نووسینگه‌ له‌به‌غدا‌و پارێزگاكاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ كه‌ تایبه‌تن به‌هاوئاهه‌نگیكردن له‌نێوان نه‌خۆشه‌ عێراقییه‌كان‌و نه‌خۆشخانه‌كانی هیندستان له‌ڕێی دابینكردنی ڤیزه‌‌و راوێژی پزیشكی‌و وه‌رگێڕ له‌كاتی گه‌یشتنی نه‌خۆشه‌كان به‌و وڵاته‌، هه‌ندێك له‌و نووسینگانه‌ش مۆڵه‌تیان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراقه‌وه‌ پێدراوه‌، به‌ڵام زۆربه‌یان بێ مۆڵه‌تن، نووسنگه‌كانیش په‌نا بۆ دروستكردنی په‌یج له‌فه‌یسبووك ده‌به‌ن بۆ راكێشانی نه‌خۆش، به‌ڵام دواتر كه‌ نه‌خۆشه‌كان ده‌گه‌نه‌ هیندستان ده‌بینن خزمه‌تگوزارییه‌ پزیشكییه‌كان خراپن.

 

تێبینی: ناوی پزیشكه‌كان له‌سه‌ر داوای خۆیان‌و له‌به‌ر هۆكاری ئه‌منی گۆڕدراون

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌