راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

شه‌ڕێكی بێده‌نگ له‌تارمیه‌
شاره‌ ئارامه‌كه‌.. ده‌روازه‌ی داعش بۆ ناوجه‌رگه‌ی به‌غدا

ئیبراهیم ساڵح
تارمیه‌ كه‌ بڕیار وایه‌ شاره‌ ئارامه‌كه‌ی‌ نزیك به‌غدا بێت، ئێستا شه‌ڕێكی‌ بێده‌نگی‌ تیا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت‌و خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ مه‌ترسی‌ راسته‌وخۆ بۆ ئاسایشی‌ پایته‌خت.
26.07.2017  |  بەغدا
 ( :وێنه Iraqi MoD)
( :وێنه Iraqi MoD)

خۆكوژێك هه‌وڵ ده‌دات له‌نزیك بازگه‌یه‌كی سوپای عێراق خۆی بته‌قێنێته‌وه‌، یه‌كێك له‌سه‌بازه‌كانی بازگه‌كه‌ هه‌وڵی خۆكوژه‌كه‌ پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌‌و ته‌قه‌ی لێده‌كات، دوابه‌دوای ئه‌و خۆكوژێكی تر هه‌وڵ ده‌دات ته‌نیا له‌دووری چه‌ند مه‌ترێكی كه‌م له‌شوێنی رووداوی یه‌كه‌م هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی بكاته‌ ئامانج به‌رله‌وه‌ی سه‌ربازێكی تر به‌هه‌مان شێوه‌ رێی لێبگرێت، دوای هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌ش قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ له‌و شوێنه‌ راده‌گه‌یه‌ندرێت.

 

ئه‌م دیمه‌نه‌ له‌شارێكی نزیك له‌ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی داعش وه‌ك پارێزگاكانی نه‌ینه‌وا یان ئه‌نبار یان كه‌ركوك یان دیاله‌‌و سه‌ڵاحه‌دین تۆمارنه‌كراوه‌ كه‌ رێكخراوه‌كه‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی تێیاندا به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، به‌ڵكو رووداوه‌كه‌ له‌تارمیه‌ رووی داوه‌ كه‌ گه‌وره‌ترین شاری به‌شی باكووری به‌غدای پایته‌خته‌‌و باوه‌ڕوایه‌ كه‌ زۆر دووره‌ له‌ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی داعش.

 

له‌ 8ی ته‌مموزیشدا رووداوه‌كان په‌ره‌یان سه‌ند‌و فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌سه‌ركردایه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌دژی داعش به‌شداریان كرد‌و وه‌ك فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌كانی به‌غدا رایگه‌یاند مۆڵگه‌یه‌كی رێكخراوه‌كه‌یان له‌ تارمیه‌ كرده‌ ئامانج‌و حه‌وت له‌ئه‌ندامه‌كانیان كوشتن. 

 

ئه‌و دیمه‌نه‌ دوای چه‌ند رۆژێكی كه‌م دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌‌و به‌دیاریكراویش ئێواره‌ی شه‌ممه‌ی ناوه‌ڕاستی ته‌مموزی رابردوو ئه‌ویش له‌ڕێی خۆته‌قاندنه‌وه‌ی دوو خۆكوژ پاش ئه‌وه‌ی هێزێكی ئه‌منی هه‌ڵیكوتایه‌ سه‌ر ماڵێك له‌ تارمیه‌، له‌و كاته‌دا هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی به‌رپرس له‌ تارمیه‌ دركیان به‌وه‌ كرد كه‌ هێشتا ئه‌ركه‌كه‌یان له‌و ناوچه‌یه‌ ئاڵۆزه‌‌و رووبه‌ڕووی چه‌ند هێرشێك ده‌بنه‌وه‌ له‌شێوه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ی له‌كاتێك شاره‌كه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵی رێكخراوه‌كه‌دا بوو، رووبه‌ڕوویان ده‌بوونه‌وه‌.

 

چونكه‌ ئه‌ندامانی رێكخراوه‌كه‌ كه‌ شانه‌ی نووستوو پێكده‌هێنن، تائێستاش له‌زۆر خانووی چۆڵكراودا خۆیان حه‌شارداوه‌‌و كردوویاننه‌ته‌ مۆڵگه‌ی خۆیان‌و بڕێكی زۆر چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌و مادده‌ی ته‌قینه‌وه‌یان تێدا حه‌شارداوه‌.

 

به‌پێداچوونه‌وه‌یه‌كی خێرا به‌و رووداوه‌ ئه‌منییانه‌ی تارمیه‌ به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ رۆژانه‌ رووداوێك یان دوو رووداو تۆمار ده‌كرێت كه‌ تێیدا هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌كرێنه‌ ئامانج له‌لایه‌ن قه‌ناس به‌ده‌ستێكی نادیار یاخود چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراو یان بۆمبێكی چێندراو یان ته‌نانه‌ت خۆكوژێكی به‌په‌له‌، ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی ره‌وشی رۆژانه‌ی ئۆپراسیۆنه‌كان كه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی عێراق‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ ده‌رده‌چێت.

 

مه‌ترسی تارمیه‌ خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ چوار پارێزگای عێراقی پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌ سه‌ڵاحه‌دین له‌باكوور‌و دیاله‌ له‌خۆرهه‌ڵات‌و ئه‌نبار له‌خۆرئاوا‌و به‌غدای پایته‌ختیش كه‌ لای باشووری تارمیه‌ پێكده‌هێنێت.

 

هه‌روه‌ك ئه‌و پێگه‌ جوگرافیه‌ بایه‌خێكی ستراتیجی ده‌داته‌ داعش كه‌ درك به‌وه‌ ده‌كات كۆنترۆڵكردنی رووبه‌رێك له‌ تارمیه‌ ئه‌گه‌ر بچووكیش بێت، رێگه‌ی پێده‌دات بوونی خۆی له‌ به‌غدای پایته‌خت ببوژێنێته‌وه‌‌و هێزی خۆیشی له‌ سێ پارێزگاكه‌ی دیكه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت كه‌ شانه‌ی نوستووی تێیاندا هه‌یه‌‌و به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ستپێكراو چالاكن.

 

هه‌روه‌ها ئه‌و كۆنترۆڵكردنه‌ی رێكخراوه‌كه‌ پلانی بۆ داده‌نێت، رێگه‌ی پێده‌دات درێژه‌ به‌كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌كانی له‌ پایته‌خت بدات به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ توندكردنی رێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ده‌روازه‌ی خۆرئاوای له‌گه‌ڵ ئه‌نبار كه‌ خۆی له‌ بازگه‌ی سقوردا ده‌بینێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش مانای وایه‌ توانای ناردنی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو‌و خۆكوژی له‌قائیم‌و خاكی سوریاوه‌ بۆ به‌غدا نابێت.

 

كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی ناوخۆ زۆر ته‌ركیز ناكه‌نه‌ سه‌ر رووداوه‌كانی تارمیه‌ وه‌ك ئه‌و په‌یجه‌ تایبه‌تانه‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌یكه‌ن كه‌ ناوی تارمیه‌یان هه‌ڵگرتووه‌‌و به‌شێوه‌یه‌كی رۆژانه‌ باسی ئه‌و هێرشانه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش ده‌ریده‌خات كه‌ ئاگری شه‌ڕێك به‌بێده‌نگی له‌ هه‌ڵایساندایه‌.

 

هاوشانی ئه‌وه‌ش چه‌ند ئاژانسێك كه‌ له‌ ناوه‌كانیانه‌وه‌ دیاره‌ سه‌ر به‌ داعشن یاخود پشتیوانی ده‌كه‌ن، باس له‌ په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ئه‌و شه‌ڕه‌ بێده‌نگه‌ ده‌كه‌ن وه‌كو ئاژانسی سه‌واریم‌و ئه‌خبارولموسلیمین ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ ئاژانسی ئه‌عماق كه‌ به‌وه‌ ناسراوه‌ باڵی میدیایی داعش به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، پێده‌چێت ئه‌وه‌ش پلانێكی میدیایی بێت بۆ پشتیوانی شه‌ڕه‌كه‌ی تارمیه‌ هاوشانی په‌ره‌سه‌ندنه‌ ئه‌منییه‌كان له‌و ناوچه‌یه‌.

 

گه‌شتیار كه‌متر له‌ نیو سه‌عاتی ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ گه‌راجی نه‌هزه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی به‌غدای پایته‌خته‌وه‌ بگاته‌ تارمیه‌ كه‌ ته‌نیا (50 كم) له‌ ناوجه‌رگه‌ی پایته‌خته‌وه‌ دووره‌‌و یه‌كێكه‌ له‌و شارانه‌ی به‌ پشتوێنی به‌غدا ناسراون ئه‌وانیش ئه‌و ناوچانه‌ن كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ده‌وروبه‌ری پایته‌خته‌وه‌‌و هه‌میشه‌ گرێیه‌ك بوون بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق كه‌ تا ئێستاش نه‌یانتوانیوه‌ به‌ ته‌واوی كۆنترۆڵیان بكه‌ن.

 

وادیاره‌ له‌و شاره‌دا ئاسایش ترسێكی نیگه‌رانكه‌ره‌ بۆ دانیشتووانه‌كه‌ی به‌تایبه‌تی كه‌ شاره‌كه‌یان له‌ تشرینی دووه‌می ساڵی 2014وه‌ له‌ ده‌ستی داعش رزگاركراوه‌‌و تا ئێستاش به‌شێوه‌یه‌كی رۆژانه‌ گرژی ئه‌منی به‌خۆوه‌ ده‌بینێت، ئه‌وه‌ش دووپاتیده‌كاته‌وه‌ كه‌ داعش له‌شێوه‌ی شانه‌ی نووستوودا ماوه‌ كه‌ له‌شانه‌ هاوشێوه‌كانی له‌ ناوچه‌كانی نزیك له‌ مۆڵگه‌كانی رێكخراوه‌كه‌ له‌ نه‌ینه‌وا‌و ئه‌نبار یاخود كه‌ركوك یان دیاله‌‌و سه‌ڵاحه‌دین، چالاكترن.

 

شێخ سه‌بیح سه‌لمان كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ شێخانی عه‌شیره‌ته‌كانی تارمیه‌ ده‌ڵێت "مژده‌یه‌كی خۆش بوو بۆ ئێمه‌ كه‌ تارمیه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌كانی به‌غدا وه‌ك شارێكی ئارام راگه‌یه‌ندرا پاش ئه‌نجامدانی ئۆپراسیۆنی لافاوی راماڵه‌ر".

 

لافاوی راماڵه‌ر فراوانترین ئۆپراسیۆن بوو هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌درێژایی هه‌فته‌یه‌كی ته‌واو له‌ قه‌زای تارمیه‌ ئه‌نجامیان دا كه‌ له‌ نۆی مانگی نیسانی رابردوو ده‌ستیپێكرد تا 16ی هه‌مان مانگ، به‌ كۆتاییهاتنی ئۆپراسیۆنه‌كه‌ش لیوا روكن جه‌لیل روبه‌یعی فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی به‌غدا ناوی "شاره‌ ئارامه‌كه‌"ی له‌ تارمیه‌ نا، به‌ڵام واقیعی شاره‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ناكات.

 

هه‌روه‌ها له‌كاتی كۆتاییهاتنی ئۆپراسیۆنه‌كه‌دا فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌كانی به‌غدا به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌خۆ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌ندامانی داعش له‌ خه‌ڵكی شاره‌كه‌دا نین، رووداوه‌كانی دوای كۆتاییهاتنی ئۆپراسیۆنه‌كه‌ش ئه‌وه‌یان روون نه‌كرده‌وه‌.

 

شێخ سه‌لمان وتیشی "له‌وه‌ته‌ی ئۆپراسیۆنی لافاوی راماڵه‌ر كۆتایی هاتووه‌ تا ئێستا هێزه‌ ئه‌منیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی رۆژانه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست شه‌قامێك داده‌خه‌ن یاخود هه‌ڵمه‌تێكی گه‌ڕان‌و پشكنین ده‌ستپێده‌كه‌ن له‌ ئه‌نجامیشدا مۆڵگه‌ی نوێ‌و چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی شاراوه‌ ئاشكراده‌بن‌و داواكراوان ده‌ستگیرده‌كرێن یاخود رووبه‌ڕووی خۆكوژان ده‌بنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ ئۆپراسیۆنه‌كه‌ به‌ كرده‌وه‌ كۆتایی نه‌هاتووه‌‌و تارمیه‌ هێشتا ئارام نییه‌".

 

شێخ سه‌لمان به‌ "نیقاش"ی وت "ئه‌ركی خه‌ڵكه‌كه‌یه‌ هه‌موو كارێك ره‌تبكه‌نه‌وه‌ كه‌ تارمیه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ قۆناغه‌ تاریكه‌كان، ئه‌گه‌ر كه‌سێكیش له‌ ئه‌ندامانی عه‌شیره‌ته‌كانی تارمیه‌دا هه‌بێت سه‌ر به‌ داعش بێت، ئه‌وا پێویسته‌ عه‌شیره‌ته‌كه‌ی خۆی لێ بێبه‌ری بكات".

 

كه‌ عه‌شیره‌تێك بێبه‌ریبوونی له‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی راده‌گه‌یه‌نێت، مانای ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كه‌سه‌ چیتر پێشوازیلێكراو نییه‌ له‌عه‌شیره‌ته‌كه‌دا‌و سه‌ر به‌و عه‌شیره‌ته‌ نییه‌، واته‌ بڕیاری بێبه‌ریبوون وه‌ك ده‌ركردن له‌عه‌شیره‌ت وایه‌.

 

عه‌مید روكن حسێن مالیكی فه‌رمانده‌ی فیرقه‌ی شه‌شه‌م - لیوای بیست‌و دووی پیاده‌ كه‌ به‌رپرسه‌ له‌ ئاسایشی تارمیه‌، له‌هۆڵێكی داخراودا له‌ بنكه‌یه‌كی ئه‌منی سوپای عێراق به‌ شێخی عه‌شیره‌ته‌كانی تارمیه‌ی راگه‌یاند ئه‌و رێنماییانه‌ی له‌ فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌كانی به‌غداوه‌ ده‌رچوون، ئه‌وه‌یان تێدا هاتووه‌ كه‌ هه‌ر شێخی عه‌شیره‌تێك لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت ئه‌گه‌ر مۆڵگه‌یه‌كی داعش له‌ باخه‌كانی عه‌شیره‌ته‌كه‌یدا بدۆزرێته‌وه‌.

 

تارمیه‌ به‌ باخه‌ فراوانه‌كانیه‌وه‌ سروشتێكی كشتوكاڵی لادێیی هه‌یه‌ كه‌ بوار ده‌دات به‌ شانه‌ نووستووه‌كان دوور له‌چاوی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان مۆڵگه‌ له‌و باخانه‌دا دروست بكه‌ن، ئۆپراسیۆنه‌ به‌رده‌وامه‌كانی گه‌ڕان‌و پشكنینیش زیاتر ته‌ركیز ده‌خه‌نه‌ سه‌ر گه‌ڕان به‌دوای ئه‌و مۆڵگانه‌دا به‌ هاوكاری شێخی عه‌شیره‌ته‌كان‌و پیاوماقوڵانی تارمیه‌ به‌ هه‌ردوو ناحیه‌ی قه‌زاكه‌ مه‌شاهده‌‌و عه‌بایچی‌و هه‌موو گونده‌كانیشیانه‌وه‌.

 

وادیاره‌ دانیشتووانی تارمیه‌ خوازیارن هاوكاری هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بكه‌ن تا به‌كرده‌وه‌ شاره‌كه‌یان ئارام بێت، بۆیه‌ 15ی ئه‌م مانگه‌ (ته‌مموز) نوێنه‌رانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ڵگه‌نامه‌ی شه‌ره‌فیان له‌گه‌ڵ شێخی عه‌شیره‌ته‌كان‌و پیاوماقوڵانی تارمیه‌ ئیمزاكرد كه‌ چه‌ندین خاڵی پابه‌ندكه‌ری بۆ شێخی عه‌شیره‌ته‌كان‌و پیاوماقوڵان له‌خۆگرتبوو هه‌موویان به‌ئاڕاسته‌ی هاوكاری ته‌واوی ده‌زگا ئه‌منیه‌كان بوون.

 

هه‌روه‌ها هه‌ردوولا رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك له‌ حاڵه‌تی بوونی یه‌كێك له‌و مۆڵگانه‌ له‌ناو خانوو یاخود باخه‌كاندا، كه‌مته‌رخه‌م به‌رپرسیارێتی لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی‌و عه‌شایری ده‌خرێته‌ ئه‌ستۆ، هه‌روه‌ها له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا ته‌ئكید له‌سه‌ر پێویستی ئاشكراكردنی هه‌موو زانیارییه‌ك له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌.

 

سه‌باره‌ت به‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌، شێخ سه‌عید جاسم مه‌شهه‌دانی كه‌ به‌رپرسی عه‌شایری هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیه‌ له‌ تارمیه‌، ده‌ڵێت "هه‌موو عه‌شیره‌ته‌كان له‌ تارمیه‌ ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌یان ئیمزا كردووه‌‌و هه‌مووان له‌ پاڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا ده‌وه‌ستن بۆ ئازادكردنی شاره‌كه‌یان به‌ شێوه‌یه‌كی یه‌كجاری".

 

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت "هه‌ر كه‌سێك تیرۆریستێك بشارێته‌وه‌ ئه‌وا خۆیشی تیرۆریسته‌‌و هه‌ر كه‌سێكیش پشتیوانی تیرۆر بكات، خۆیشی تیرۆریسته‌، هه‌ر كه‌سێكیش چه‌ك له‌دژی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان هه‌ڵبگرێت، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان وه‌ك تیرۆریست مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن".

 

به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ شێخان‌و پیاوماقوڵانی تارمیه‌ پابه‌ند ده‌كات‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش زۆر پشتی پێ ده‌به‌ستن به‌تایبه‌تی كه‌ باوه‌ڕیان وایه‌ ئه‌وه‌ی له‌ تارمیه‌ رووده‌دات ده‌رئه‌نجامی كاری گرووپی بچووكی په‌یوه‌ندیدار به‌ داعشه‌‌و هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ له‌ شێخان‌و پیاوماقوڵان‌و هاووڵاتیانی چالاكی نێو كۆمه‌ڵگه‌ ئه‌و گرووپانه‌ له‌ناو ده‌بات.

 

له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ عه‌مید حسێن مالیكی فه‌رمانده‌ی فیرقه‌ی شه‌شه‌م – لیوای بیست‌و دووی پیاده‌‌و به‌رپرسی ئاسایشی تارمیه‌ ده‌ڵێت "هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ هاوكاری شێخان‌و پیاوماقوڵان‌و هاووڵاتیان پاشماوه‌ی ئه‌و شانه‌ نووستووانه‌ له‌ناو ده‌به‌ن كه‌ ته‌نیا چه‌ند گرووپێكی بچووكن، بۆیه‌ دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ به‌شێكی دانه‌بڕاون له‌ ئاسایشی تارمیه‌".

 

ئه‌مڕۆ ئۆپراسیۆنه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ تارمیه‌ به‌رده‌وامن وه‌ك چۆن ئۆپراسیۆنه‌كانی هاوشێوه‌یان له‌ شاره‌كانی سه‌ر به‌ پارێزگاكانی نه‌ینه‌وا‌و سه‌ڵاحه‌دین‌و دیاله‌‌و كه‌ركوك‌و ئه‌نبار به‌رده‌وامن، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراقیش پێیانوایه‌ رووداوه‌كانی تارمیه‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌خته‌ بۆیان، به‌ڵام بۆ داعش سه‌ختتره‌‌و سه‌ره‌نجامیش تێچووی كۆتاییهێنان به‌و شه‌ڕه‌ بێده‌نگه‌ زۆر گران له‌سه‌ر هه‌ردوولا ده‌كه‌وێت وه‌كو شه‌ڕه‌كانی دیكه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌