راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

دوای ئازادكردنی‌ موسڵ
چاره‌نووسی خێزانی داعشه‌كان مشتومڕی ناوه‌ته‌وه‌

نەوزەت شەمدین
شه‌ڕی‌ موسڵ كۆتایی‌ هات، به‌ڵام كێشه‌كانی‌ ئه‌و شاره‌ به‌رده‌وامییان هه‌یه‌و گه‌وره‌ترین گرفتی‌ بێچاره‌ش چۆنێتی‌ مامه‌ڵكردنه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سوكاری‌ داعشییه‌كان.
20.07.2017  |  برۆكسل
القوات الامنية العراقية تحتجز عدد من المشتبه بانتمائهم الى داعش  في الموصل في آذار 2017  ( :وێنه مارتين ايم جيتي )
القوات الامنية العراقية تحتجز عدد من المشتبه بانتمائهم الى داعش في الموصل في آذار 2017 ( :وێنه مارتين ايم جيتي )

له‌گه‌ڵ راوه‌ستانی ئه‌و جه‌نگه‌ی بۆ نزیكه‌ی نۆ مانگ له‌شاری موسڵ به‌ڕێوه‌چو‌و، دواجار به‌كۆتاییهاتنی ده‌سه‌ڵاتی داعش‌و روخاندنی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی ته‌واو بوو، مشتومڕێكی به‌رفراوان له‌نه‌ینه‌وا سه‌باره‌ت چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ خێزانی ئه‌ندامانی رێكخراوه‌كه‌ هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، كه‌سانێك داوا ده‌كه‌ن كاروباری ئه‌وانه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری عێراق جێبهێڵرێت‌و ته‌نیا لێپێچینه‌وه‌ له‌و ئه‌ندامانه‌ بكرێت كه‌ تێوه‌گلاون‌و رێگه‌ به‌وانی دیكه‌ بدرێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌‌و به‌ئاسایی بژین.

 

كه‌سانێكی دیكه‌ش داوا ده‌كه‌ن ده‌ست به‌سه‌ر موڵك‌و ماڵیاندا بگیرێت‌و بۆ ده‌ره‌وه‌ی پارێزگاكه‌ ده‌ربكرێن یاخود له‌كامپی چاكسازی تایبه‌تدا دوور له‌موسڵ یان شارۆچكه‌كانی تری نه‌ینه‌وا كۆبكرێنه‌وه‌. كه‌سانی دیكه‌ش دوورتر له‌وه‌ رۆیشتوون‌و داوا ده‌كه‌ن ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقییان لێ بسه‌ندرێته‌وه‌‌و له‌وڵات ده‌ربكرێن.

 

به‌سمه‌ به‌سیم سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری موسڵ یه‌كه‌م كه‌س بوو كه‌ باسی ئه‌و بابه‌ته‌ی كرد ته‌نانه‌ت به‌رله‌وه‌ی ده‌نگی ته‌قه‌ی ئازادكردنه‌وه‌ش رابوه‌ستێت، ئه‌و له‌میانی قسه‌كانیدا بۆ "نیقاش" وتی "خێزانی ئه‌ندامانی داعش له‌خۆیان مه‌ترسیدارترن، چونكه‌ ئه‌وان ئه‌و خاكه‌ن كه‌ تۆوه‌كه‌یان تێدا چێنراوه‌‌و هێشتنه‌وه‌شیان مانای دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و سیناریۆ خوێناوییه‌یه‌ كه‌ له‌موسڵ روویدا".

 

به‌سمه‌ به‌په‌رۆش بوو بۆ ئه‌و كاره‌ی چه‌ند هاوڵاتییه‌ك له‌قه‌زای گه‌یاره‌ (باشووری موسڵ) چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌رێوشوێنێكی خۆڕسكدا به‌بێ ده‌ستوه‌ردانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان كردیان‌و ئه‌و خێزانانه‌یان ده‌ركرد كه‌ باوه‌ڕوایه‌ ئه‌ندامی رێكخراوی داعشیان تێدایه‌، به‌سمه‌ به‌سیم له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ وتی "ئێمه‌ له‌موسڵ پێویستمان به‌هه‌ڵوێستی ئازایانه‌ هه‌یه‌‌و ئه‌مانه‌ش له‌وانه‌ باشتر نین كه‌ خوێنیان رژێندراوه‌‌و ناموسیان حه‌ڵاڵ كراوه‌ یان له‌و بێتاوانانه‌ی راگوێزران‌و ئه‌وانه‌ش كه‌ ته‌نانه‌ت بژێوی رۆژانه‌شیان له‌ده‌ستدا، ئه‌گه‌ر ئه‌م خێزانانه‌ هه‌ستیان به‌به‌رپرسیارێتی بكردایه‌ ده‌بووایه‌ وه‌ك رێزێك بۆ شه‌هیدان‌و شه‌رمكردن له‌هه‌ڵسوكه‌وتی كوڕه‌كانیان، خۆیان بڕۆشتنایه‌".

 

به‌پێچه‌وانه‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریشه‌وه‌، رۆماننووس‌و پزیشك غاده‌ سدیق ره‌سوڵ داواده‌كات ئه‌ندامانی بێتاوانی ئه‌و خێزانانه‌ بهێڵرێنه‌وه‌‌و به‌پێی یاسا جموجوڵیان سنووردار بكرێت‌و مامه‌ڵه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت كه‌ دادگا به‌مه‌رج ئازادیان ده‌كات، ئه‌و رێوشوێنانه‌شی بۆ "نیقاش" ژمارد كه‌ پێویسته‌ بگیرێنه‌به‌ر بۆ خۆبه‌دوورگرتن له‌مه‌ترسییان "تۆماركردنی شوێنی كاریان‌و چاودێریكردنی جموجوڵیان‌و ئاماده‌كردنه‌وه‌یان له‌رووی ده‌روونی‌و ناچاركردنیان به‌خزمه‌تی كۆمه‌ڵگه‌" هه‌روه‌ها وتیشی "دوورخستنه‌وه‌‌و ده‌ركردن برینێكی شێرپه‌نجه‌ییمان له‌كۆمه‌ڵگه‌دا بۆ دروست ده‌كات‌و ده‌بنه‌ بۆمبی ته‌وقیتكراو‌و له‌هه‌ر كاتێكدا بێت ده‌ته‌قنه‌وه‌".

 

 

تۆڵه‌ له‌به‌رامبه‌ر تاواندا

سه‌لام سه‌عید ئه‌ندازیاری مه‌ده‌نیه‌‌و ئێستا هه‌ست به‌هیچ خۆشیه‌ك ناكات له‌به‌رئه‌وه‌ی زیانه‌كانی له‌كۆنترۆڵكردنی موسڵ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ بریتی بوو له‌مردنی برایه‌كی له‌گه‌ڵ هه‌ر چوار ئه‌ندامی خێزانه‌كه‌ی كه‌ له‌ژێرزه‌مینی ئه‌و ماڵه‌دا نێژران كه‌ به‌سه‌ریاندا رووخا، هه‌روه‌ها خانو‌و پاره‌‌و شوێنی كاره‌كه‌شی له‌ده‌ستدا كه‌ بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دروستیكردبوو، ئه‌و جیاوازی نییه‌ له‌گه‌ڵ هه‌زاران هاوڵاتی مه‌ده‌نی دیكه‌ له‌موسڵ كه‌ داوای تۆڵه‌یه‌ك ده‌كه‌ن پێیانوایه‌ دادپه‌روه‌رانه‌یه‌‌و ده‌بێت خێزانی ئه‌ندامانی رێكخراوه‌كه‌ باجه‌كه‌ بده‌ن.

 

سه‌لام توڕه‌یی زۆری پیشاندا به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی به‌ نه‌رمی نواندنی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی خێزانی داعشه‌كان وه‌سفیكرد‌و له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ به‌ "نیقاش"ی وت "ژماره‌یه‌كی زۆریان له‌و رێڕه‌وه‌ پارێزراوانه‌وه‌ رۆیشتن كه‌ هێزه‌ عێراقیه‌كان له‌میانی شه‌ڕه‌كاندا بۆ مه‌ده‌نییه‌كانیان كرده‌وه‌، له‌هه‌واڵه‌كاندا روخساریانمان ده‌بینی تێكه‌ڵ به‌روخساری بێتاوانه‌كان ببوون، ئه‌مه‌ دادپه‌روه‌ری نییه‌، ده‌بێت ئه‌وانیش ئه‌وه‌یان به‌سه‌ردا بێت كه‌ به‌سه‌ر ئێمه‌دا هاتووه‌".

 

روونیشیكرده‌وه‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی عێراق تێڕوانینێكی ته‌واویان سه‌باره‌ت به‌ئه‌ندامانی رێكخراوه‌كه‌‌و هاوكارانیان یاخود لایه‌نگرانیان نییه‌‌و پێویسته‌ له‌ڕووی هه‌واڵگرییه‌وه‌ داوای یارمه‌تی له‌هاووڵاتیان بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وان بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی سێ ساڵ له‌ژێر حوكمی رێكخراوه‌كه‌دا ژیاون‌و به‌چاوی خۆیان هه‌موو شتێك‌و هه‌موو كه‌سێكیان بینیوه‌.

 

عوسمان قاسم چالاكوانی مه‌ده‌نیش به‌هه‌مان توندی ره‌خنه‌ی له‌و كه‌سانه‌ گرت كه‌ به‌وته‌ی ئه‌و نه‌رمیان نواندووه‌‌و داوایان كردووه‌ خێزانی ئه‌ندامانی داعش بۆ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری عێراق به‌جێبهێڵرێن‌و له‌وباره‌یه‌وه‌ ناڕه‌زایی ده‌ربڕی‌و وتی "ئه‌مانه‌‌و خێزانه‌كانیان دڕندانه‌ترین تاوانیان ده‌رهه‌قمان كردووه‌، با سزاكه‌یان وه‌ربگرن، ئێمه‌ به‌كه‌متر له‌تۆڵه‌یه‌كی وه‌ك تاوانه‌كه‌ی ئه‌وان رازی نابین".

 

پێیشی وابوو باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ خێزانی ئه‌ندامانی داعش له‌كامپی تایبه‌تی دابڕاو له‌ده‌ره‌وه‌ی شاری موسڵ كۆبكرێنه‌وه‌ له‌ژێر چاودێری ده‌زگا ئه‌منی‌و دادوه‌رییه‌كان‌و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌‌و تێیدا به‌خولی چڕ‌وپڕ ئاماده‌بكرێنه‌وه‌ به‌ر له‌گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بۆ نێو كۆمه‌ڵگه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌شیان كه‌ به‌كرده‌وه‌ تێوه‌گلاون ره‌وانه‌ زیندانه‌كان بكرێن‌و ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقیش له‌وانه‌یان بسه‌ندرێته‌وه‌ كه‌ عێراقین.

 

نووسه‌ر‌و چالاكوان عه‌لی جومه‌رد پێیوایه‌ كۆكردنه‌وه‌ی خێزانه‌كانی داعش له‌یه‌ك شوێندا مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌یه‌‌و نه‌وه‌یه‌كی ناڕازی‌و كینه‌ له‌دڵیان لێ دروست ده‌كات كه‌ پڕن له‌بیری داعش‌و باوه‌ڕیان پێیه‌تی‌و منداڵه‌كانیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ په‌روه‌رده‌ ده‌بن كه‌ باوانیان "شه‌هید" بوون.

 

ئه‌و له‌میانی قسه‌كانیدا بۆ "نیقاش" پێشنیاری كرد "ئه‌ندامانی ئه‌و خێزانانه‌ ته‌سلیم به‌شێخی عه‌شیره‌ته‌كان بكرێن‌و له‌ناوچه‌ ره‌سه‌نه‌كانیان نیشته‌جێ بكرێن ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی شاری موسڵ بوون، هه‌ر عه‌شیره‌تێكیش پاراستن‌و چاودێریكردنی هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌ئه‌ستۆبگرێت‌و شێخی عه‌شیره‌ته‌كه‌ له‌به‌رده‌م ده‌وڵه‌تدا لێیان به‌رپرسیار بێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌چاودێری حكومی‌و ئاڕاسته‌كردنیان له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و مه‌عریفیه‌وه‌ به‌تایبه‌تیش منداڵه‌كان به‌مه‌به‌ستی پاككردنه‌وه‌ی مێشكیان له‌بیری داعش".

 

سه‌باره‌ت به‌خێزانی ئه‌ندامانی داعش له‌دانیشتووانی شاری موسڵیش، عه‌لی جومه‌رد پێیوایه‌ باشترین رێگای مامه‌ڵه‌كردن ئه‌وه‌یه‌ "له‌رێی موختاره‌كان چاودێری به‌رده‌وام بكرێن‌و بنكه‌كانی پۆلیس‌و لیژنه‌كانی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و به‌دواداچوونی هه‌ر چالاكییه‌كی گوماناوی یان كۆبوونه‌وه‌ یاخود په‌یوه‌ندییه‌كانیان بكه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی چاودێریكردن‌و به‌دواداچوونه‌كه‌ له‌كه‌رامه‌تی بێتاوانان كه‌مبكاته‌وه‌ یاخود دوژمنایه‌تی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ دروست بكات".

 

پێشتریش په‌یامنێری كه‌ناڵی ئاسمانی موسڵیه‌ كه‌ له‌ئه‌ستانبوڵه‌وه‌ په‌خش ده‌كات، له‌میانی رووماڵی جه‌نگی‌و یاوه‌ریكردنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌به‌شی موسڵی كۆن چه‌ند ئه‌ندامێكی رێكخراوی داعشی ده‌ستنیشانكرد كه‌ خۆیان خزاندبووه‌ نێو ئه‌و هاوڵاتیه‌ مه‌ده‌نیانه‌ی به‌هۆی شه‌ڕه‌كانه‌وه‌ ئاواره‌بوون‌و وێنه‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌‌و چالاكوانانیش له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌تووڕه‌ییه‌كی زۆره‌وه‌ ده‌ستاوده‌ستیان پێكردن‌و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانیان به‌وه‌ تۆمه‌تباركرد كه‌ كه‌مته‌رخه‌میان كردووه‌‌و مه‌ترسی خۆیشیان پیشاندا له‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌ندامانی رێكخراوه‌كه‌ یاخود هاوكارانیان دزه‌یان كردبێته‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان كه‌ ئه‌وه‌ش به‌پێی قسه‌ی ئه‌وان مانای وایه‌ ئه‌وانه‌ شانه‌ نووستووی رێكخراوه‌كه‌ن‌و له‌هه‌ر ساتێكدا بێت بۆ وێرانكاریه‌كی دیكه‌ به‌خه‌به‌ر دێن".

 

لێبورده‌یی‌و پێكه‌وه‌ژیان

سه‌ره‌ڕای ئه‌و كاولكاریه‌ گه‌وره‌یه‌ش له‌موسڵ، ئاڕاسته‌یه‌ك له‌و شاره‌دا هه‌یه‌ به‌ره‌و لێبورده‌یی‌و هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی رابردوو بۆ سه‌رله‌نوێ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ به‌بێ رق‌و كینه‌، ده‌شڵێت "ده‌بێت ته‌نیا لێپێچینه‌وه‌ له‌تاوانباران بكرێت‌و واز له‌خێزانه‌كانیان بهێنرێت به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی بژین".

 

پسپۆری یاسایی محه‌مه‌د عوبه‌یدی لایه‌نگری ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌یه‌‌و داوا ده‌كات سزای توندی هه‌موو ئه‌وانه‌ بدرێت كه‌ چوونه‌ته‌ ریزه‌كانی داعش به‌ده‌ر له‌ئه‌ندامانی دیكه‌ی خێزانه‌كانیان‌و ده‌شپرسێت "تاوانی منداڵان‌و ژنان‌و به‌ته‌مه‌نه‌كان چییه‌؟ من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام ئه‌و سزایه‌ی له‌یاسادا هاتووه‌ به‌سه‌ر هه‌ركه‌سێكدا بسه‌پێندرێت كه‌ تاوانه‌كه‌ی ده‌سه‌لمێت به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌سوكاره‌ بێتاوانه‌كه‌ی بگرێته‌وه‌، ده‌ركردن یاخود ده‌ستگیركردنی خێزانی ئه‌ندامانی رێكخراوه‌كه‌ش سزایه‌كی به‌كۆمه‌ڵه‌‌و ره‌نگه‌ شایانی نه‌بن".

 

عوبه‌یدی له‌پاساوی ئه‌وه‌شدا ده‌ڵێت "سزادانی بێتاوانان یاخود دابڕینیان مانای وایه‌ خوێندنگه‌‌و زانكۆ بۆ تیرۆر داده‌مه‌زرێنین‌و به‌رده‌وام تیرۆریستمان بۆ به‌رهه‌م دێنن كه‌ ئامانجیان له‌ناوبردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌، به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر نه‌زانی‌و هه‌ژارییان تێدا كۆببێته‌وه‌، به‌رده‌وامیش هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ چه‌وساون‌و ده‌بێت تۆڵه‌ له‌وانه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌و باره‌یان به‌سه‌ردا هێناون، منیش ئاماده‌نیم كوڕه‌كانم باجی ئه‌و هه‌ڵانه‌ بده‌ن كه‌ من ئه‌نجام داون".

 

عوبه‌یدی ئه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌رووداوه‌كانی دوای 2003 كاتێك رژێمی نوێی عێراق سزای ده‌یان هه‌زار كه‌سی له‌ئه‌ندامانی حزبی به‌عس‌و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی رژێمی سه‌دام حسێن له‌موسڵدا له‌ڕێی ریشه‌كێشكردن‌و ده‌ركردنیان له‌كاره‌كانیان‌و ته‌نانه‌ت به‌راوه‌دوونان‌و له‌ناوبردنی جه‌سته‌ییش، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ ده‌ڵێت "گروپی چه‌كدار دامه‌زرێندران كه‌ ده‌وڵه‌تی عێراق به‌ده‌ستیانه‌وه‌ گیرۆده‌بو‌و ئێستاش به‌ده‌ستیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، ته‌نانه‌ت ئه‌ندامانی ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی رژێمی سه‌دام پایه‌كانی رێكخراوی داعش پێكده‌هێنن".

 

پرۆفیسۆر ئیبراهیم عه‌لاف به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌رێمایه‌تی له‌زانكۆی موسڵ له‌میانی گفتوگۆیدا له‌گه‌ڵ "نیقاش" وتی‌ "كه‌سێك ده‌ناسم به‌ڕێوه‌به‌ری گشتییه‌ له‌دامه‌زراوه‌یه‌كی حكومی، كوڕه‌كه‌ی ماڵه‌وه‌ی به‌جێهێشت‌و له‌گه‌ڵ رێكخراوی داعش كاری كرد‌و كوژرا، ئه‌و باوكه‌ به‌سته‌زمانه‌ش بیركردنه‌وه‌یه‌كی ئاشتیخوازانه‌ی دوور له‌تیرۆری هه‌یه‌‌و عێراقی نیشتمانی خۆشده‌وێت‌و نازانێت كوڕه‌كه‌ی چۆن رۆیشتووه‌‌و بۆ كوێ چووه‌".

 

عه‌لاف وتیشی "ئه‌و پیاوه‌ تاوانی چییه‌ كه‌ خۆی‌و ئه‌ندامانی دیكه‌ی خێزانه‌كه‌ی باجی تاوانێك بده‌ن كوڕه‌ لاده‌ره‌كه‌ی ئه‌نجامی داوه‌" ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد هه‌ر تاوانێك كارێكی كه‌سییه‌‌و پێویسته‌ ته‌نیا ئه‌نجامده‌ره‌كه‌ی سزا بدرێت.

 

له‌ كۆتایی قسه‌كانیشدا وتی "ده‌بێت كار بۆ یه‌كڕیزی موسڵ‌و عێراق بكه‌ین‌و په‌لكێشی بانگه‌شه‌كانی راگواستنی خێزانه‌كان نه‌كرێین، چونكه‌ ئه‌و رێوشوێنه‌ كێشه‌‌و رق‌و كینه‌یه‌كی بێ كۆتایی دێنێته‌ ئاراوه‌‌و ده‌بێته‌ مایه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی رێكخراوێكی خوێنڕێژتر له‌داعش، له‌به‌رئه‌وه‌ باشتره‌ له‌ناوچه‌كانی نیشته‌جێبوونیان له‌ژێر چاودێری حكومیدا بهێڵرێنه‌وه‌".

 

ئه‌دیب‌و میدیاكار مه‌روان یاسین دلێمیش وتی "مرۆڤ له‌سه‌ر ئه‌و نیازانه‌ی له‌مێشكیدا حه‌شاردراون دادگایی ناكرێت" وتیشی "ئه‌گه‌ر په‌لكێش بكرێین بۆ ئه‌و سۆزدارییه‌ هه‌ڵچووه‌ی له‌مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م كه‌یسه‌دا هه‌یه‌، مانای ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو دانیشتووانی موسڵ له‌شاره‌كه‌ ده‌ربكرێن له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موویان "داعشن" به‌گوێره‌ ئه‌وه‌ی له‌ئاستی میللیدا باس ده‌كرێت‌و چه‌ند هێز‌و سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسییش بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ش ململانێی سیاسی‌و تایفی له‌پشته‌وه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌هێنانه‌دی راستیه‌وه‌ نییه‌".

 

به‌رای دلێمی گرنگه‌ كه‌ "ته‌نیا په‌نا ببرێت بۆ ده‌سه‌ڵاتی یاسا‌و دادوه‌ری له‌مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و كێشه‌ ئاڵۆزه‌دا بۆئه‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك مافی خۆی وه‌ربگرێت‌و وه‌ك مێگه‌ل مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ مرۆڤه‌كان نه‌كرێت وه‌ك ئه‌وه‌ی رێكخراوی خه‌لافه‌ت مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كردن، با سوود له‌ئه‌زموونی كورد وه‌ربگرین له‌مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ی چه‌كیان له‌دژی بزووتنه‌وه‌كه‌یان هه‌ڵگرتبوو، هه‌روه‌ها سوود له‌ئه‌زموونی نیلسۆن ماندێلا له‌باشووری ئه‌فریقیا وه‌ربگرین، ئه‌وانه‌ ئه‌زموونی زۆر سه‌ركه‌وتوون".

 

به‌ڵام ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌نگه‌ میانڕه‌وانه‌شدا توڕه‌یی گشتی باڵای به‌سه‌ر موسڵدا كێشاوه‌‌و ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر كارگێڕانی هه‌بووه‌، بۆیه‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری موسڵ له‌ 19ی حوزه‌یرانی رابردوودا له‌باره‌گا جێگره‌وه‌كه‌ی له‌به‌ری چه‌پی شاره‌كه‌ كۆبووه‌وه‌‌و ژماره‌یه‌ك بڕیاری ده‌ركرد كه‌ گرنگترینیان بریتین له‌ "راگواستنی خێزانی ئه‌ندامانی رێكخراوی داعش له‌شاری موسڵ‌و پێشوازینه‌كرد له‌هه‌ڵاتووان یاخود راگوێزراوان له‌قه‌زا‌و ناحیه‌كانی دیكه‌ی سه‌ر به‌موسڵ بۆ ناو شاره‌كه‌‌و دروستكردن‌و ته‌رخانكردنی كامپی تایبه‌ت بۆیان‌و ئاماده‌كردنه‌وه‌یان له‌رووی ده‌روونی‌و فیكرییه‌وه‌‌و تێكه‌ڵكردنه‌وه‌یان به‌كۆمه‌ڵگه‌ دوای دڵنیابوون له‌وه‌ڵامدانه‌وه‌یان بۆ ئاماده‌كردنه‌وه‌كه‌، گێڕانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و خێزانانه‌ی ئێستا له‌موسڵ نیشته‌جێن بۆ شوێنی ره‌سه‌نی نیشته‌جێبوونیان به‌ر له‌ 10ی‌ حوزه‌یرانی‌ 2014 جگه‌ له‌وانه‌ی خانوه‌كانیان له‌ده‌ستداوه‌‌و پشتبه‌ستن به‌كارتی نیشته‌جێبوون وه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی ره‌سمی كه‌ پشتگیری ئه‌و هاووڵاتیه‌ ده‌كات كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا دانیشتووی شاری موسڵ بووه‌".

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌